پەرلەمانی عێراق شكستیهێنا لە دواخستنی هەڵبژاردنەكان

18-01-2018 06:30
كۆبوونەوەیەكی پەرلەمانی عێراق. وێنە؛ ڕاگەیاندنی پەرلەمان.

 

پەرەگراف

 

پەرلەمانی عێراق سەركەوتوو نەبوو لە پڕۆسەی دەنگدان دەربارەی وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان كە سوننەكان‌و زۆرینەی كورد داوای دواخستنی دەكەن‌و شیعە سوورە لەسەر ئەنجامدانی لە وادەی خۆیدا كە 12-5ی ئەمساڵە.

 

لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا یەكلاییكردنەوەی وادەی هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمان‌و ئەنجومەنی پارێزگاكان‌و داوایەكی سوننەكان بۆ دواخستنیان تاوتوێكرا، بەهۆی ڕێكنەكەوتنی لایەنەكان ئاڵۆزیی لەناو هۆڵی پەرلەمان دروستبوو، بڕیاردرا بە دەنگدانی نهێنی پرسەكە یەكلایی بكرێتەوە.

 

دوابەدوای دەستپێكردنی دەنگدانی پەرلەمانتاران، بەشێك لە فراكسیۆنەكان بە تایبەت هاوپەیمانی نیشتمانی شیعەكان-زۆرینەی فراكسیۆنە شیعەكانن- بایكۆتی دانیشتنەكەیان كردو پڕۆسەكەیان پەكخست‌و بەوهۆیەوە ڕێژەی یاسایی پەرلەمانتاران ئامادەنەبوون‌و دەنگدانەكە هەڵوەشێنرایەوە، دانیشتنەكە بۆ ڕۆژی شەممەی داهاتوو دواخرا.

 

فراكسیۆنی یەكێتیی هێزەكانی عێراق كە گەورەترین فراكسیۆنی سوننەیە لە پەرلەمان بە فەرمی داوای داخستنی هەڵبژاردنەكان دەكات، سوننەكان ئاوارەبوونی زیاتر لە یەك ملیۆن‌و 500 هەزار كەس لە پارێزگا سوننە نشینەكان بەهۆی شەڕی داعشەوە بە هۆكاری سەرەكیی داواكەیان دادەنێن‌و خراپیی ڕەوشی خزمەتگوزاریی ناوچەكان بە ئاستەنگی بەردەم گەڕانەوەی ئاوارەكان ناودەبەن.

 

هەربۆیە داوا دەكەن هەڵبژاردن لە سەرتاسەری عێراق دوا بخرێت بۆ كۆتایی ئەمساڵ، یاخود ئەگەر هەڵبژاردن لە تەواوی وڵات دوانەخرێت، سوورن لەسەر ئەوەی لەو پارێزگایانەی پێشتر داعش كۆنتڕۆڵی كردبوون‌و خەڵكەكەی ئاوارەبوون، هەڵبژاردن نەكرێت.

 

زۆرینەی كورد لەگەڵ دواخستنە

 

فراكسیۆنە كوردییەكانیش یەك بۆچوون نین‌و زۆرینەیان پشتگیری دواخستنی هەڵبژاردن دەكەن بەهۆی ڕەوشی ناوچە جێناكۆكەكان لە دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەیان لەلایەن عێراق لە 16ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو.

 

محەمەد عوسمان، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان باسلەوەدەكات لەكاتی پڕۆسەی دەنگدان بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، تەنیا 120 پەرلەمانتار ئامادەبوون، ئەوەش كەمترە لەو ڕێژە یاساییەی پێویستە ئامادەی دانیشتنەكە ببێت.

 

"جگە لە فراكسیۆنی گۆڕان، هەموو فراكسیۆنە كوردییەكان داوای دواخستنی هەڵبژاردنەكانیان كرد، چونكە لە ئێستا كورد لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنەكانە بەهۆی ئەو دۆخەی بەسەریدا هاتووە" ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی بۆ كەركوك ناو وای وتووە.

 

پارتی دیموكراتی كوردستان دۆخی ناوچە جێناكۆكەكان بە "داگیركراو" لە قەڵەم دەدات‌و لە كەركوك، دیالەو سەڵاحەدین بایكۆتی هەڵبژاردنەكانی كردووە، بەڵام لە موسڵ بەشداریی دەكات.

 

هەریەكە لە بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی‌و هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەری(هەدەدە) بە لیستێكی هاوبەش بەشداریی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەكەن لە پارێزگاكانی كەركوك، نەینەواو دیالە، ئەو سێ حزبە داواكارییەكی پارتی‌و یەكێتییان ڕەتكردەوە بۆ پێكهێنانی لیستێكی هاوبەشی سەرجەم حزبە كوردستانییەكان بۆ ئەو ناوچانە.

 

جگە لە پەرلەمانی عێراق، كەركوك لە بەردەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانیشدایە كە بەهۆی ناكۆكی پێكهاتەكانەوە لە ساڵی 2005وە ئەنجامنەدراوە، ئەو دوو هەڵبژاردنەكە پێكەوە لە یەك ڕۆژدا ئەنجامدەدرێن بۆ كورد گرنگییان زۆرە بەتایبەت لە كەركوك.

 

پارێزگای كەركوك 12 كورسی لە پەرلەمانی عێراق بۆ دانراوە، لەو ژمارەیە لە هەڵبژاردنی نیسانی 2014دا حزبە كوردییەكان هەشت كورسی، توركمانی دوو كورسی و عەرەب دوو كورسی بە دەستهێنا، كورد چاوی لەوەیە پێگەی هەڵبژاردنەكانی ڕابردوو لە دەست نەدات لە پەرلەمان‌و بە تایبەتتر لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك.

 

حزبە كوردییەكان، لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017و گەڕانەوەی هێزە عێراقییەكان بۆ ناوچەكانی جێناكۆك‌و كۆنتڕۆڵكردنەوەیان، وەكو پێشتر چالاكییان نەماوەو هێشتا پارتی نەگەڕاوەتەوە بۆ كەركوك‌و ناوچەكانی دیكەش.

 

ئەمەریكا دژی دواخستنی هەڵبژاردنەكانە

 

دواخستنی هەڵبژاردنەكانی عێراق پێچەوانەی دەستوورەو ئەمەریكا دژایەتی تووندی لەوبارەیەوە ڕاگەیاندو دواخستنی بە "ڕووداوێكی ترسناك" ناودەبات.

 

باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا ئەمڕۆ پشتگیریی خۆی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە 12-5ی ئەمساڵ ڕاگەیاند.

 

لە ڕاگەیەندراوێكی باڵیۆزخانەكەدا هاتووە"ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا زۆر پاڵپشتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە نیشتمانییەكانی عێراقە لە مانگی ئایاری ساڵی 2018 وەك چۆن دەستوور جەختی لەسەر كردووەتەوە."

 

باڵیۆزخانەی ئەمەریكا ئەوەشی خستوەتەڕوو، دواخستنی هەڵبژاردنەكان دەبێتە"ڕووداوێكی ترسناك‌و دەستوور پێشێل دەكات و لە ئایندەی دوور زیان بە پێشكەوتنی دیموكراتی لە عێراق دەگەیەنێت."

 

باڵیۆزخانەكە وەك چارەسەرێك بۆ پاساوەكانی سوننە دەربارەی بەشداریی ئاوارەكان لە هەڵبژاردن، ئاماژەی بەوەكردووە ئەمەریكا هاوكاریی پێشكەش دەكات بۆ گەرەنتیكردنی هەژماركردنی دەنگی نزیكەی 2 ملیۆن‌و 600 هەزار عێراقیی كە هێشتا ئاوارەن‌و نەگەڕاونەتەوە ناوچە ڕزگاركراوەكانیان.

 

پەرلەمانی عێراق لە 328 كورسی پێكهاتووە، بە سەر پارێزگاكاندا دابەشكراوەو هەڵبژاردن بە فرە بازنەیی بەڕێوەدەچێت‌و هەر پارێزگایەك ژمارەیەك كورسیی بۆ دیاریكراوە بەپێی ڕێژەی دانیشتوان، لە سەرتاسەری وڵاتدا 24 ملیۆن كەس مافی دەنگدانیان هەیە‌و زیاتر لە 200 حزب‌و هاوپەیمانیی بۆ پڕۆسەكە تۆماركراون.