عەبادی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی ئاشكرا دەكات

20-01-2018 05:41
كۆبوونەوەی ئەمڕۆی عەبادی‌و شاندی هەرێم. وێنە؛ ماڵپەڕی سەرۆك وەزیرانی عێراق.

 

پەرەگراف

 

دوای چوار مانگ لە وەڵامنەدانەوەی هەرێمی كوردستان بۆ كۆبوونەوە لەسەر كێشەكانی نێوانیان، ئەمڕۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق پێشوازیكرد لە شاندی هەرێم بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی، عەبادی تەئكیدی لەوە كردووەتەوە نەوت‌و فڕۆكەخانەو دەروازە سنورییەكان بخرێنە ژێردەستی حكومەتی ناوەندیی.

 

ئەوە یەكەم كۆبوونەوەی حكومیی باڵای نێوان هەولێرو بەغدایە لە دوای ڕیفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی ساڵی ڕابردووی كوردستان كە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم‌و عێراقی گەیاندە ئەوپەڕی گرژیی‌و ئاڵۆزیی.

 

حەیدەر عەبادی دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەكەی كوردستان چەندین ڕێكاری دژی هەرێم گرتەبەر، لەڕێی هێزی سەربازییەوە دەسەڵاتەكانی سەپاند بەسەر ناوچە جێناكۆكەكان‌و كۆنتڕۆڵی كردنەوە، لە ماوەی 4 مانگی ڕابردوودا ئامادەی گفتوگۆ نەبوو لەگەڵ هەرێم، حكومەتی هەرێم پێشتر ڕایگەیاند، عەبادی لە ڕێی پڕۆژەی بودجەی 2018ی عێراقەوە هەوڵی هەڵوەشانەوەی هەرێمی كوردستان دەدات.

 

گرنگترین پرسی كێشەلەسەر لەنێوان هەرێم‌و بەغدا نەوت‌و بودجەیە، یەكەمیان بۆ عەبادی‌و دووەمیان بۆ حكومەتی هەرێم گرنگن، بەپێی ڕاگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، عەبادی لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی تەئكیدی لە چارەسەری كێشەكان كردووەتەوە بەپێی دەستوری عێراق، هاوكات هەڵوێستی بەغدای خستوەتەڕوو كە پابەندی سنووری هەرێمی كوردستانە كە لە دەستوردا دیاریكراوە.

 

نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەڵێت، عەبادی بە گرنگی زانیوە نەوتی هەرێمی كوردستان ڕادەستی دەسەڵاتی ناوەندیی بكرێت‌و هەناردەكردنی لە ڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆی عێراقییەوە بێت، دەربارەی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، عەبادی بەپێویستی زانیوە لیژنەكانی وردبینی كارەكانیا تەواوبكەن بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێردرێت‌و تەئكیدی لە پەلەكردن لەو پرسەدا كردووەتەوە.

 

سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەوەشی دووپاتكردووەتەوە كە فڕۆكەخانەكان‌و دەروازە سنوورییە نێودەوڵەتییەكانی هەرێم بگەڕێنەوە ژێردەسەڵاتی حكومەتی ناوەندیی‌و ئەو لیژنانەی بۆئەو مەبەستە پێكهاتوون كارەكانیان تەواو بكەن، لەگەڵ جەختكردنەوە لەسەر یەكپارچەیی‌و سەروەریی خاكی عێراق.

 

هەرچەندە ڕاگەیەندراوی نوسینگەكەی عەبادی باسیلە وەڵامی شاندی حكومەتی هەرێم نەكردووە بۆ ئەو داواكارییانە، بەڵام پێشتر نێچیرڤان بارزانی چەند جارێك ئەوەی ڕاگەیاندووە كە نەوت‌و فڕۆكەخانەو دەروازەسنورییەكان‌و هەموو شتێك ڕادەستی بەغدا دەكەن لەبەرامبەر ناردنی 17%ی بودجەی عێراق وەك پشكی هەرێم.

 

چوونی شاندی باڵای هەرێم(سەرۆك حكومەت‌و جێگرەكەی‌و سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم) بۆ بەغدا لە كاتێكدایە، بڕیارە شاندی باڵای هەرێم بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی سبەینێ لە تاران لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران كۆببێتەوە، ئەو سەردانانە لە چوارچێوەی هەوڵەكانی ئاساییكردنەوەی پەیوەندیی نێوان هەرێم‌و بەغداو وڵاتانی ناوچەكەیە كە لەدوای ڕیفراندۆمەوە كەوتنە دۆخێكی نائاسایی.

 

هەرچەندە هەوڵەكانی نێچیرڤان بارزانی بۆ ڕاستكردنەوەی باری لاری حكومەتەكەی لەسەر ئاستی وڵاتانی دەرەوە بەردەوامەو بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام لەسەر ئاستی ناوخۆ ڕوبەڕوی تەنگژەی زیاتر بووەتەوەو 16ی ئەم مانگە یەكگرتووی ئیسلامی وەك سێیەم حزب لە كابینەكەی كشایەوە.

 

لە دوای كشانەوەی یەكگرتوو كە دوو وەزیرو سەرۆكی دەستەیەكی هەبوو، ئێستا تەنها پارتی‌و یەكێتی لە حكومەتدا ماون، گۆڕان بە چوار وەزیر(پێشمەرگە، دارایی، پیشەسازی، ئەوقاف)و سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان‌و كۆمەڵ بە وەزیری كشتوكاڵ‌و وەزیری هەرێم بۆ كاروباری ژینگە‌و سەرۆكی دەزگای مین بەشداربوون لە حكومەتی هەرێم‌و 20-12-2017 پێكەوە كشانەوە.

 

كابینەی ئێستای نێچیرڤان بارزانی

 

كابینە یەك لەدوای یەكەكانی هەرێم، ئەوەندەی پەنجەی شكستیان بۆ درێژ دەكرێت زۆر بەكەمی ستایش دەكرێن، هەربۆیە دوای 26 ساڵ لەئەزموونی حوكمڕانی‌و ئیدارەدان، پرسی جارێكیتر پێكهێنانەوەی حكومەت بۆ تێپەڕاندنی كێشەكان‌و چاكسازیی، بووەتەوە بەبابەتی گەرمی گۆڕەپانی سیاسی كوردستان، بەتایبەت دوای دەرئەنجامەكانی ڕیفراندۆم‌و پێشڕەویی هێزە عێراقییەكان‌و كۆنتڕۆڵ كردنەوەی كەركوك‌و ناوچە جێناكۆكەكان لە ناوەڕاستی مانگی 10ی ساڵی ڕابردوو.

 

كابینەی ئێستای حكومەت، پێنج حزبی خاوەن زۆرینەی كورسیەكانی پەرلەمان(پارتی، یەكێتی، گۆڕان، كۆمەڵ‌و یەكگرتوو)، دوای ساڵانێك لە ململانێ‌ لەناوەڕاستی ساڵی 2014 پێكەوە پێكیانهێنا، بەڵام ئەم حكومەتە تەنیا ساڵێك بەو هاوبەشییە مایەوە‌و ناكۆكییەكانیان جارێكیتر تەقینەوەو گۆڕان لە حكومەت دوورخرایەوە.

 

گەیشتنە لوتكەی ناكۆكی حزبەكان بەتایبەت گۆڕان‌و پارتی، دوابەدوای بێئەنجامبوونی نۆ كۆبوونەوەی پێنجقۆڵی‌و دەیان دیداری تر بەنێوەندگیری وڵاتانی هەرێمی‌و نێودەوڵەتی هات، لەسەر پۆستی سەرۆكی هەرێم، كاتێك مەسعود بارزانی لە مانگی 11ی ساڵی ڕابردوو وازی لە پۆستەكەی هێنا، هەوڵەكانی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەهێزكردنەوەی حكومەتەكەی دەستیپێكرد، بەڵام قەیران‌و كێشەی نوێ دروستبوون.

 

نێچیرڤان بارزانی كە هاوكات جێگری سەرۆكی پارتی‌و برازای مەسعود بارزانییە، بە درێژایی تەمەنی حكومەت زۆرترین ماوە سەرۆك وەزیران بووەو 20 ساڵە لە لوتكەی دەسەڵاتی هەرێمدایە(3 ساڵ جێگری سەرۆك وەزیران‌و 17 ساڵ سەرۆك وەزیران)، ئەو ئەزمونێكی زۆری هەیە لە سیاسەت‌و حوكمڕانی‌و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان بەوپێیەی لەتەمەنی 23 ساڵیداو لە 1989وە بووەتە ئەندامی سەركردایەتی پارتی كە حزبی گەورەو باڵادەستی كوردستانە، بەڵام حكومەتداریی‌و سیاسەتی بەڕێوەبردنی ڕوبەڕوی زۆرترین ڕەخنە بووەتەوەو زۆرێك بە "شكستخواردوو" ناوی دەبەن.

 

دیارترین مەلەف كە نێچیرڤان بارزانی بە ئەندازیارو كەسی یەكەمی دادەنرێت پرسی ئابوریی سەربەخۆو هەناردەی نەوتی هەرێمە لەڕێی بۆریی سەربەخۆی خۆیەوە، ئەم پرسە گرژییەكانی نێوان هەولێرو بەغدای گەیاندە بەرزترین ئاست‌و وایكرد حكومەتی ناوەندیی بودجەی هەرێم ببڕێت.

 

حكومەتەكەی نێچیرڤان بارزانی چوار ساڵە نەیتوانیوە موچەی فەرمانبەران لەكاتی خۆیدا بدات، سەرباری پاشەكەوتكردنی بەشێكی زۆر لە موچە هاوكات چەند مانگێكیش قەرزاری فەرمانبەرانە، لەگەڵ قەرزی كۆمپانیا ناوخۆیی‌و بیانییەكان كە بە زیاتر لە 16 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.

 

هەرچەندە هەناردەی سەربەخۆی نەوتی هەرێم‌و ئابوریی سەربەخۆ، یەكێك بوو لە شانازییەكانی نێچیرڤانی بارزانی، بەڵام دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی نەوتی كەركوك لەلایەن بەغداو گەڕانەوەی عێراق بۆ ناوچەكانی جێناكۆك، نێچیرڤانی بارزانی چەند جارێك ڕایگەیاند، هەناردەی نەوتی هەرێم زیاتر لە نیوە كەمیكردووەو ئامادەن نەوت‌و فڕۆكەخانەو دەروازە سنورییەكان‌و سەرجەمی داهات ڕادەستی بەغدا بكەن لە بەرامبەر ناردنی پشكی سەدا 17 لە بودجەی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان.