عەفرین لەبەردەم هێرشی ئەردۆغاندا؛ لە 24 كاتژمێری یەكەمدا چی ڕوویدا؟

21-01-2018 08:36
بەهاناوەچوونی قوربانییانی بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا لە گوندێكی نزیك عەفرین. 21-1-2018. وێنە؛ هاوارنیوز.

 

پەرەگراف

 

24 كاتژمێر بەسەر هێرشی توركیا بۆ سەر عەفرین تێپەڕی، توركیا بە 72 فڕۆكەی جەنگیی زیاتر لە 100 ناوچەی بە چڕیی بۆردومان كرد، یەپەگە دەڵێت، ناوچە بۆردومانكراوەكان شوێنی مەدەنیی‌و نیشتەجێ بوونن‌و بەهۆیانەوە 3 شەڕڤان‌و 7 كەسی مەدەنی شەهید بوون‌و زیاتر لەو ژمارەیەش بریندار هەن.

 

هەرچەندە هێرشەكانی توركیا بۆسەر عەفرین ناڕەزایی وڵاتانی زلهێزی جیهانی بەدوای خۆیدا هێناو داوای ڕاگرتنی دەكرێت، بەڵام ئەردۆغان سوورە لەسەر بەردەوامیدان بە ئۆپەراسیۆنەكەی.

  

هێزی سەربازیی توركیاو ئەو گروپە چەكدارانەی سەربەو وڵاتەن‌و لە خاكی سوریادان نزیك لە عەفرین، لە چەند قۆڵێكەوە هێرشی زەمینییان كردووە، هەرچەندە توركیا ڕایگەیاند چوونەتەناو عەفرین، بەڵام یەپەگە دەستبەجێ ئەوەی ڕەتكردەوەو دەڵێت، ڕێگەیان نەداوە هیچ پێشڕەوییەك بكرێت.

 

فەرمانداریی یەپەگە لە كانتۆنی عەفرین لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، لە شەڕو پێكدادانەكاندا "4 سەربازی توركیاو 10 چەكداری گروپەكانی سەربەو وڵاتە" لە ناوچەكانی نزیك عەفرین كوژراون‌و چەند تانكێكی سەربازیی تێكشكێندراون.

 

ڤیدیۆی تێكشكاندنی تانكێكی سوپای توركیا كە میدیاكانی نزیك لە یەپەگە بڵاویانكردووەتەوە.
 

 

هێرشەكانی توركیا كاردانەوەی فراوانی كوردانی لێكەوتەوەو لە هەرێمی كوردستان‌و چەند وڵاتێكی ئەوروپا خۆپیشاندانی ناڕەزایی ئەنجامدران‌و داوای دەستبەجێ ڕاگرتنی هێرشەكان‌و هەڵوێست وەرگرتنی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرا.

 

كاردانەوەی وڵاتان

 

زۆر وڵات كاردانەوەیان پیشاندا بەرامبەر هێرشەكانی توركیاو هیچ وڵاتێك بە ئاشكرا پشتیوانیی ئەنقەرە ناكات، هەندێكیان بەتووندی دژی هێرشەكان وەستانەوە.

 

هەریەكە لە ئەڵمانیا، میسر، ئێران‌و ئەمەریكا نیگەرانییان لە هێرشەكان پیشانداوەو داوای ڕاگرتنی شەڕ دەكەن، فەڕەنساش داوای ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنەكە لە توركیا دەكات‌و هاوكات داوای كۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەكات دەربارەی عەفرین، بڕیارە ئەنجومەنەكە سبەینێ كۆببێتەوەو دۆخەكە تاوتوێ بكات.

 

بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریاش هێرشەكانی توركیای بۆسەر عەفرین بە "دوژمنكارانە" وەسفكردو حكومەتی ئەنقەرەی تۆمەتباركرد بە "پشتیوانیكردنی تیرۆر."

 

توركیا گوێ بە داواكاریی وڵاتان نادات بۆ ڕاوەستاندنی ئۆپەراسیۆنەكەی دژی هێزە كوردییەكان لە عەفرین كە ناوی ناوە (ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتون)، سەرۆك كۆمارو سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە ئەمڕۆ قسەیان دەربارەی ئەو دۆخە كردو تەئكید لە بەردەوامیی پڕۆسەكە دەكەنەوە.

 

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا، ڕایگەیاند"ئۆپەراسیۆنی زەمینی بەردەوامەو وەستان نییە" هەڕەشەی سەركوتكردنی هەرجۆرە خۆپیشاندان‌و ناڕەزاییەكیشی كرد كە كوردانی باكوری كوردستان بیانەوێت دژی ئۆپەراسیۆنەكە ئەنجامی بدەن.

 

 

خۆپیشاندان لە سلێمانی دژی هێرشەكانی توركیا بۆسەر عەفرین، 21-1-2018. وێنە؛ پەرەگراف.

 

ئەردۆغان بۆچی عەفرینی كردووەتە ئامانج‌و چیی دەوێت؟

 

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا زیاتر لە هەفتەیەكە بە چڕیی هەڕەشەی هێرشكردنەسەر عەفرین دەكات‌، كاتژمێر 5ی ئێوارەی دوێنێ(20-1) هەڕەشەكان بوونە كردارو هێرش دەستیپێكرد، بەدرێژایی شەوی ڕابردوو فڕۆكەی جەنگیی توركیا بۆردومانی عەفرینی كردووە، ئەردۆغان بە ئاشكرا ئەوەی خستوەتەڕوو، وڵاتەكەی تەنها چاوی لە عەفرین نییەو بەڵكو دواتر هێرشدەكاتەسەر مەنبەج‌و ناوچەكانی دیكەش.

 

شەڕڤانانی یەكینەكانی پاراستنی گەل(یەپەگە) ئامادەكاریی تەواویان كردووە بۆ بەرگریی كردن‌و وەڵامدانەوەی هەر هێرشێك‌و دەڵێن، ڕێگەیان بە هیچ پێشڕەوییەك نەداوە، یەپەگە كە هێزی سەربازیی كوردە لە ڕۆژئاوا، بەهێزترین هێزی شەڕكەر بووە دژی تیرۆریستانی داعش‌و توانیویەتی تەواوی خاكی ڕۆژئاوای كوردستان‌و هەندێك ناوچەی دیكەش لە تیرۆریستان پاكبكاتەوە، ئەوەش بە هاوكاریی ئەمەریكاو هاوپەیمانان‌و واشنتۆن بەردەوامە لە پڕچەككردن‌و ڕێكخستنی هێزەكانی یەپەگە.

 

ئەنقەرە یەپەگە بە درێژكراوەی پەكەكە دادەنێت‌و تەئكید لەوە دەكاتەوە ڕێگەنادات لەسەر سنورەكانی جێگیر ببن، ئەردۆغان بوونی یەپەگەی كردووەتە پاساو تاوەكو هەنگاوبنێت بۆ مسۆگەركردنی بەشی خۆی لە خاكی سوریا، ئەنقەرە دەیەوێت سنورەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ سوریا(ڕۆژئاوای كوردستان) بەدەست ئەو هێزانەی ئۆپۆزسیۆنی سوریاوەبن كە سەربەخۆین، وەك دەستپێكی ئەوكارە چاوی بڕیوەتە عەفرین.

 

 

بۆردومانی عەفرین لە پارێزگای هاتای توركیاوە كە دەكەوێتە سەر سنوری سوریا.

 

گرنگیی‌و پێگەی عەفرین

 

عەفرین شارێكی ڕۆژئاوای كوردستانەو لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای حەلەب-ی سوریایەو هاوسنورە لەگەڵ توركیا بە درێژایی 100 كیلۆمەتر.

 

باكوری عەفرین توركیایە، حەلەب دەكەوێتە باشورییەوە كە بەدەست حكومەتی سوریاوەیە، لە ڕۆژهەڵاتییەوە ناوچەكانی عەزازو باب هەن كە لەژێر كۆنتڕۆڵی هێزەكانی قەڵغانی فوراتدان‌و سەر بە توركیان، لە ڕۆژئاوای عەفرین شاری ئیدلب هەیە كە بەرەی نوسرە بەهێزترین گروپی ئەو شارەیەو چەندین گروپی دیكەش هەن كە تێیاندایە سەربە توركیان.

 

توركیا دەیەوێت بە كۆنتڕۆڵكردنی عەفرین ئەو گروپە چەكدارانەی تێدا جێگیر بكات كە سەربەخۆین(وەك سوپای سوریای ئازاد)‌و بیانكاتە ناوچەیەك كە لە ژێر هەژموونی ئەنقەرەدابن، بەڵام هەتا عەفرین لەژێر دەستی هێزی كوردیدا بێت ئەو خەونەی توركیا نایەتەدی‌و ناوچەكان لە یەكتر دابڕاو دەبن.

 

عەفرین نزیكترین ناوچەی كوردستانە لە دەریای سپییەوە، توركیا ترسی ئەوەی هەیە كورد ڕاڕەوێك دروست بكات كە ڕۆژئاوای كوردستان بگەیەنێتە دەریای سپی، بەڵام بۆئەوەی كورد بگاتە دەریای سپی دەبێت ئیدلب لە دەستی بەرەی نوسرە ڕزگار بكات، ئەوەش یەكدەگرێتەوە لەگەڵ پلانی ڕوسیا كە هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند، ئامانجی سەرەكییان لە سوریا لە 2018دا لەناوبردنی بەرەی نوسرە دەبێت كە ئێستا بە(دەستەی ڕزگاریی شام) ناسراوە.

 

بەپێی ڕێككەوتنی توركیا لەگەڵ ڕوسیاو ئێران لە ئاستانە، دەبێت شاری ئیدلب هاوشێوەی شارەكانی دیكەی سوریا وەكو حەلەب، حومس‌و حەماو دەوروبەری دیمەشق ڕادەستی حكومەتی سوریا بكرێت بەسەرپەرشتی ڕوسیا، بەڵام توركیا مەرجی ئەوەیە كە یەپەگەش عەفرین ڕادەست بكات.

 

عەفرین بە (بووكی كوردستان) ناودەبرێت، ناوچەیەكی شاخاویی‌و گەشتیارییە، داهاتی سەرەكی لە سەر زەیتون‌و میوەو سەوزە‌و گەنمە، لە 360 گوند پێكدێت‌و لە سەرەتای شۆڕشی سوریا لەلایەن شەڕڤانانی كوردەوە كۆنتڕۆڵكراوەو لەو كاتەوە سەرباری هەموو گەمارۆو هێرشی گروپە چەكدارەكان، كورد توانیویەتی بیپارێزێت‌و پێشكەوتن لە كەرتی جۆراوجۆر لە ناوچەكە بەدیهاتووە.

 

پشتیوانیی ئەمەریكا لە چەند ساڵی شەڕی سوریا بۆ هێزە كوردییەكان شاراوە نەبووە، سەرباری ناڕەزایی بەردەوامی توركیا، بەڵام واشنتۆن سیاسەتی خۆی نەگۆڕی لەگەڵ شەڕڤانان.

 

بەهێزی‌و یەكگرتوویی شەڕڤانانی یەپەگەو خۆگونجاندنیان لەگەڵ پێكهاتەكانی دیكەی ڕۆژئاوای كوردستان‌و بەشداریی پێكردنیان لە خۆبەڕێوەبەریی ناوچەكان، لە خاڵە جەوهەرییەكانی هێزی كوردن كە ئەمەریكای بەلای خۆیدا ڕاكێشاوە.

 

عەفرین‌و مەنبەج كە ئەردۆغان چاوی تێبڕیون‌و دەیەوێت كۆنتڕۆڵیان بكات، تاكە دوو ناوچەی ژێردەستی كوردن كە دابڕاون لە ناوچەكانی دیكەی ڕۆژئاوای كوردستان‌و لە یەكتریش دابڕاون، جەرابلوس كە بەدەست هێزەكانی سەربە توركیاوەیە مەنبەج‌و كۆبانی لە یەكتر دادەبڕێت‌و عەزازو باب كە بەدەست هەمان هێزەوەن عەفرین لە مەنبەج دادەبڕن.

 

تەنها ڕێڕەوێك كە كوردانی ڕۆژئاوا بتوانن لێیەوە بچنە عەفرین بۆهەر مەبەستێك ڕێگای حەلەبە كە بەدەست حكومەتی سوریاوەیەو ڕێككەوتن لە نێوان كوردو سوریا هەیە بۆ هاتووچۆكردن‌و ئاستەنگی دروست نەكردن، ئەوەش لە ژێر چاودێریی ڕوسیا، ڕێگای مەنبەج-حەلەب‌و حەلەب-عەفرین لە ژێركۆنتڕۆڵی حكومەتی سوریاو شەڕڤانانی كورددایە.

 

 

خۆپیشاندان لە سلێمانی دژی هێرشەكانی توركیا بۆسەر عەفرین، 21-1-2018.