كوژراو و بریندارانی مەدەنی لە عەفرین بەرزدەبنەوەو ئەمەریكا پێشنیارێكی نوێ دەخاتەبەردەم توركیا

24-01-2018 08:25
سەربازانی توركیا لەسەر سنوری سوریا نزیك عەفرین.

 

پەرەگراف

 

هێرشی توركیا بۆسەر كانتۆنی عەفرین بەردەوامەو ژمارەی كوژراو و بریندارانی مەدەنی بەرزبوونەوە، هاوكات فشارەكان بۆسەر توركیا بەردەوامن بۆ وەستاندنی هێرشەكانی‌و ئەمەریكا پێشنیارێكی نوێی خستووەتەبەردەم ئەو وڵاتە.

 

سەرباری زیادبوونی فشارەكان، بەڵام ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆككۆماری توركیا سوورە لەسەر بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنەكەی عەفرین‌و دەستپێكردنی هێرش بۆسەر مەنبەج، ئەمڕۆ ڕایگەیاند"ئینشائەڵڵا لە مەنبەجەوە دەست پێدەكەین‌و بە درێژایی سنوورەكانمان ئەم پیلانە تێكدەدەین و ناوچەكەمان لەم بەڵایە پاك دەكەینەوە."

 

عەفرین‌و مەنبەج تاكە دوو ناوچەی ژێردەستی كوردن كە دابڕاون لە ناوچەكانی دیكەی ڕۆژئاوای كوردستان‌و لە یەكتریش دابڕاون، جەرابلوس كە بەدەست هێزەكانی سەربە توركیاوەیە مەنبەج‌و كۆبانی لە یەكتر دادەبڕێت‌و عەزازو باب كە بەدەست هەمان هێزەوەن عەفرین لە مەنبەج دادەبڕن.

 

ڕزگاركردنی ئەو ناوچانەی عەفرین‌و مەنبەج-یان دابڕیوە لە خاكی ڕۆژئاوای كوردستان بۆ كورد ستراتیژییەو بەمافی خۆی دەزانێت لەو ناوچانەوە بەرەی شەڕ بكاتەوە بە مەبەستی كۆنتڕۆڵكردنیان.

 

بەپێی دواین ئاماری قوربانییانی مەدەنی لە سەرەتای هێرشەكانی توركیاوە بۆسەر عەفرین(20ی ئەم مانگە) تا ئێوارەی ئەمڕۆ 35 هاوڵاتی كوژراون‌و 106ی دیكە بریندار بوون، ئەمەش بەوتەی ئەنجلا ڕەشۆ هاوسەرۆكی ئەنجومەنی تەندروستی كانتۆنی عەفرین.

 

ئەنجلا ڕەشۆ ئەوەشی خستەڕوو، بریندارەكان لە نەخۆشخانەكانی كانتۆنی عەفرین چارەسەر وەردەگرن، بەڵام زۆربەیان ژن و منداڵن و برینەكانیشیان سەختە، داوای لە ڕێكخراوە مرۆییەكان‌و نێونەتەوەییەكان كرد، كە هاوكاری نەخۆشخانەكانی عەفرین بكەن‌و هەروەها دژی هێرشەكانی توركیا هەڵوێستیان هەبێت.

 

توركیاو شەڕڤانانی كورد ئاماری جیاواز دەخەنەڕوو دەربارەی قوربانییانی سەربازیی‌و چەكدار.

 

هێرشەكانی سەر عەفرین بوونەتە پرسێكی گەرمی میدیای جیهانیی‌و هەوڵەی بەردەم هەن بۆ فشارخستنەسەر توركیا بەمەبەستی ڕاگرتنی هێرشەكان، لەو چوارچێوەیەدا وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا پێشنیارێكی نوێی وڵاتەكەی خستوەتەبەردەم هاوتا توركییەكەی.

 

ڕێكس تیلرسن لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیی دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ مەولود چاوشئۆغڵو لە پاریس بە میدیاكانی ڕاگەیاند، پێشتر بیرۆكەی 10 كیلۆمەتر لە "سەیف زۆن" یاخود " ناوچەی ئارام" لەخەیاڵیاندا بووە، بەڵام بۆ ئەوەی توركیا زیاتر دڵنیابێت لە ئاسایشی سنوورەكانی، پێشنیاری 30 كیلۆمەتر ناوچەی ئارامی كردووە.

 

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بە هاوتا توركەكەی وتووە"پێشبینی 30 كیلۆمەتر دەكەین‌و پێموایە ئەمە نیگەرانییەكانی ئێوە لە هێرشی تیرۆریستان بۆ سەر خاكی ئێوە دەڕەوێنێتەوە."

 

لەبەرامبەر ئەو پێشنیارەی ئەمەریكا، چاوشئۆغڵو ڕاستەوخۆ ڕەزامەندی نیشان نەداوە، بەڵام بە تیلرسنی وتووە، تیمەكەی ئەوان هەڵسەنگاندن بۆ ئەم پرسە دەكەن‌و دواتر بڕیاری كۆتایی لەسەر دەدەن.

 

ئەمڕۆ 5 هەمین ڕۆژی هێرشی توركیابوو بۆسەر عەفرین، ئەو وڵاتە بە چڕیی لە ئاسمان‌و زەوییەوە بەردەوامە لە بۆردومان، بەڵام شەڕڤانانی كورد دەڵێن، ڕێگەیان نەداوە سوپای توركیاو ئەو هێزانەی شەڕی بۆ دەكەن بچنە ناو تاكە گوندێكیشەوە.

 

حكومەتی توركیا هێرشی تووند دەكاتەسەر ئەو وڵاتانەی ڕەخنە لە لەشكركێشییەكەی دەگرن، لەناو خۆی وڵاتەكەشیدا ئەوكەسانە دەستگیردەكات كە سەركۆنەی ئەو كارەی توركیا دەكەن، هەتا ئەمڕۆ دەسەڵاتداران 150 كەسیان دەسـتگیركردووە.

 

بەپێی ئامارەكانی ئاژانسی ئانادۆڵوی توركی كە لە زاری كاربەدەسـتانی پـۆلیسەوە بڵاویكردووەتەوە، لە 31 ناوچەی وڵاتەكەیان خەڵكیان دەسـتگیركردووەو 11 كەسیان بەرەو زیندان بردووە هەتا دادگایی دەكرێن و 7 كەسیان ئازادكردووە، بەڵام 132 كەسی دیكە هێشتا لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت.

 

كاربەدەسـتەكان وتویانە بەبێ وەستان تۆڕەكانی پەیوەندی كۆمەڵایەتییان خستووەتەژێر چاودێری‌و بە وتەی خۆیان هەركەسێك پـڕوپاگەندە بۆ "گروپە تیرۆرستیـیەكان" بكات ئەوا دادگایی ‌دەكرێت، توركیا یەپەگە بە "گروپی تیرۆریستی" ناودەبات‌و تۆمەتی پـڕوپاگەندە بۆ تێرۆر ئاڕاستەی ئەو كەسانە دەكات كە لە ڕێگەی تویتەر و فەیسبوكەوە هێرشی سەر عەفرین شەرمەزار دەكەن.

 

پارتی دیموكراتی گەلان HDP كە دووەم گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنە لە پەرلەمانی توركیا‌و گەورەترین پارتی كوردییە ڕایگەیاندووە، لەنێو دەسـتگیركراوەكاندا كەسانی سیاسی‌و ڕۆژنامەوان‌و چالاكوانان هەن.

 

گرنگیی‌و پێگەی عەفرین

 

عەفرین شارێكی ڕۆژئاوای كوردستانەو لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای حەلەب-ی سوریایەو هاوسنورە لەگەڵ توركیا بە درێژایی 100 كیلۆمەتر.

 

عەفرین نزیكترین ناوچەی كوردستانە لە دەریای سپییەوە، توركیا ترسی ئەوەی هەیە كورد ڕاڕەوێك دروست بكات كە ڕۆژئاوای كوردستان بگەیەنێتە دەریای سپی، بەڵام بۆئەوەی كورد بگاتە دەریای سپی دەبێت ئیدلب لە دەستی بەرەی نوسرە ڕزگار بكات، ئەوەش یەكدەگرێتەوە لەگەڵ پلانی ڕوسیا كە هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند، ئامانجی سەرەكییان لە سوریا لە 2018دا لەناوبردنی بەرەی نوسرە دەبێت كە ئێستا بە(دەستەی ڕزگاریی شام) ناسراوە.

 

بەپێی ڕێككەوتنی توركیا لەگەڵ ڕوسیاو ئێران لە ئاستانە، دەبێت شاری ئیدلب هاوشێوەی شارەكانی دیكەی سوریا وەكو حەلەب، حومس‌و حەماو دەوروبەری دیمەشق ڕادەستی حكومەتی سوریا بكرێن بەسەرپەرشتی ڕوسیا، بەڵام توركیا مەرجی ئەوەیە كە یەپەگەش عەفرین ڕادەست بكات.

 

عەفرین بە (بووكی كوردستان) ناودەبرێت، ناوچەیەكی شاخاویی‌و گەشتیارییە، داهاتی سەرەكی لە سەر زەیتون‌و میوەو سەوزە‌و گەنمە، لە 360 گوند پێكدێت‌و لە سەرەتای شۆڕشی سوریا لەلایەن شەڕڤانانی كوردەوە كۆنتڕۆڵكراوەو لەو كاتەوە سەرباری هەموو گەمارۆو هێرشی گروپە چەكدارەكان، كورد توانیویەتی بیپارێزێت‌و پێشكەوتن لە كەرتی جۆراوجۆر لە ناوچەكە بەدیهاتووە.

 

باكوری عەفرین توركیایە، شاری حەلەب دەكەوێتە باشورییەوە كە بەدەست حكومەتی سوریاوەیە، لە ڕۆژهەڵاتییەوە ناوچەكانی عەزازو باب هەن كە لەژێر كۆنتڕۆڵی هێزەكانی سەر بە توركیان، لە ڕۆژئاوای عەفرین شاری ئیدلب هەیە كە بەرەی نوسرە بەهێزترین گروپی ئەو شارەیەو چەندین گروپی دیكەش هەن كە تێیاندایە سەربە توركیان.

 

ئێستا تەنها ڕێڕەوێك كە كوردانی ڕۆژئاوا بتوانن لێیەوە بچنە عەفرین بۆهەر مەبەستێك ڕێگای حەلەبە كە بەدەست حكومەتی سوریاوەیەو ڕێككەوتن لە نێوان كوردو سوریا هەیە بۆ هاتووچۆكردن‌و ئاستەنگی دروست نەكردن، ڕێگای مەنبەج-حەلەب‌و حەلەب-عەفرین لە ژێركۆنتڕۆڵی حكومەتی سوریاو شەڕڤانانی كورددایە.

 

هەتا عەفرین لەژێر دەستی هێزی كوردیدا بێت ئەو خەونەی ئەردۆغان نایەتەدی‌ بۆ یەكخستنی ئەو ناوچانەی لە ژێر كۆنتڕۆڵی گروپە چەكدارەكانی سەربە توركیادان‌و ناوچەكان لە یەكتر دابڕاو دەبن.