عومەری سەید عەلی بەرپرسی پێشووی میدیای گۆڕان دەگەڕێنێتەوەسەر كارەكەی

25-01-2018 06:03

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

دوای كەمتر لە مانگێك لە دیاریكردنی بەرپرسێكی نوێ بۆ میدیای گۆڕان، عەبدولڕەزاق شەریف بەرپرسی پێشوو گەڕایەوەسەر كارەكەی، ئەوەش بە بڕیاری عومەر سەید عەلی ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان.

 

ئەو گۆڕانكارییە لە كاتێكدایە 28-12-2017 هەر بە بڕیاری عومەر سەید عەلی، د.ئاكۆ حەمەكەریم لە شوێنی عەبدولڕەزاق شەریف وەك بەرپرسی میدیای گۆڕان دانرا، پەرەگراف ئاشكرایدەكات لابردنی عەبدولڕەزاق شەریف نیگەرانیی دروست كردووەو پێچەوانەی دەستووری ناوخۆیی گۆڕان بووە.

 

گۆڕانكاریی لە میدیای گۆڕان‌و خاوەندارێتیی میدیاكە یەكێكە لەو پرسانەی لەناو گۆڕاندا زۆرترین مشتومڕی لەسەرە، هەریەكە لە نماو چیا كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا چاویان لەسەر ئەوەیە میدیاكە بخەنەژێر ڕكێفی خۆیانەوە بۆئەوەش كاریان بۆئەوە دەكرد بخرێتەسەر كۆمپانیای وشە كە بەناوی خۆیانەوەیە، دانانی ئاكۆ حەمەكەریم وەك بەرپرسی میدیای گۆڕان كە كەسێكی نزیكی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفایە ناڕەزایی لەناو بزووتنەوەكەدا دروست كردبوو.

 

سەرچاوەیەكی بەرپرس لە بزوتنەوەی گۆڕان بە پەرەگرافی وت"دانانی د.ئاكۆ ناڕەزایی زۆری لێكەوتەوەو ناڕەزاییەكان بە شەفەیی‌و بە نوسراو گەیەندرانە بەرپرسانی باڵای گۆڕان، تەنانەت هەندێك لە ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندنیش ناڕازیی بوون."

 

ئەو سەرچاوەیە باسیلەوەشكرد، ڕێكاری لابردنی عەبدولڕەزاق شەریف‌و دانانی ئاكۆ حەمەكەریم لەگەڵ دەستووری ناوخۆیی گۆڕان گونجاو نەبووە، وتی"كاك عەبدولڕەزاق ئەندامی جڤاتی نیشتمانییە ڕێكخەری گشتی ناتوانێت لای بدات دەبێت بە بڕیاری جڤات لاببرێت‌و هەر بەبڕیاری جڤات كەسێكی دیكە لە شوێنی دابنرێت، د.ئاكۆ تائێستاش ڕاوێژكارە لە ئەنجومەنی وەزیران بۆی نییە لەناوخۆی گۆڕاندا پۆستی هەبێت."

 

كۆتایی مانگی ڕابردوو كاتێك ئاكۆ حەمەكەریم وەك بەرپرسی میدیای گۆڕان دانرا، عەبدولڕەزاق شەریف لە دەرەوەی وڵات بوو، دوای گەڕانەوەی بۆ هەرێم، لەسەر كارەكەی دەستبەكاربووەوە.

 

سەرچاوەكەی پەرەگراف وتی"كاك عەبدولڕەزاق سەردانی كاك عومەری سەید عەلی كردووەو كاك عومەر بڕیاریداوە بچێتەوەسەر كارەكەی، ئەویش دوێنێ چووەوە كەی ئێن ئێن" پەرەگراف لە چەند سەرچاوەیەكی دیكەوە ئەوەی پشتڕاست كردەوە كە عەبدولڕەزاق شەریف دوێنێ‌و ئەمڕۆش چووەتەوە كەناڵی كەی ئێن ئێن.

 

هەرچەندە لەكاتی دەستبەكاربوونیدا ئاكۆ حەمەكەریم بۆ پەرەگراف باسیلەوەكرد، دانانی لەو پۆستەدا بەشێوەیەكی "كاتییە"‌و بەشێكە لەو گۆڕانكارییەی كە خانەی ڕاپەڕاندن‌و جڤاتی نیشتمانی بەنیازن لە میدیای گۆڕان‌و هەندێك لە دامەزراوەكانی تر ئەنجامی بدەن، بەڵام پەرەگراف زانیویەتی لەماوەی كەمتر لە یەك مانگی دەستبەكاربوونیدا لەكۆبوونەوەی لەگەڵ بەشە جیاجیاكانی كەناڵی كەی ئێن ئێن ئاكۆ حەمەكەریم باسی لە پلانی دوورمەودای كەناڵەكە كردووە كە "بە سەرپەرشتی خۆی" جێبەجێ بكرێن.

 

پەرەگراف بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر پەیوەندیكرد بە هەریەكە لە عەبدولڕەزاق شەریف‌و ئاكۆ حەمەكەریم، بەڵام هیچیان وەڵامیان نەدایەوە.

 

 

یەكێك لە پرسەكانی ناو بزوتنەوەی گۆڕان لە ماوەی ڕابردوودا خاوەندارێتی میدیاكەی بووە، لە وەڵامی پرسیارێك دەربارەی ئەوەی لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانكارییانەدا ئایا خاوەندارێتی میدیای گۆڕان دەگوازرێتەوە بۆ كۆمپانیای وشە، ئاكۆ حەمەكەریم ڕۆژی دەستبەكاربوونی، وتی"خاوەندارێتی كەناڵەكە هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە لەساڵی 2007ەوە كۆمپانیای وشە بووە، تا ئێستاش كەی ئێن ئێن‌و سایتی سبەی هەر سەر بە كۆمپانیای وشەن."

 

وتیشی"كەی ئێن ئێن‌و میدیاكانی تر بەشێكن لە بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵام وەكو خاوەندارێتی، دەگەڕێتەوە بۆ كۆمپانیای وشە كە كاك نەوشیروان خاوەنی بووە."

 

خاوەندارێتی میدیای گۆڕان پێشتر بەرپرسانی ئەو بزوتنەوەیەی دابەشی دووبەرە كردبوو، هەندێكیان سووربوون لەسەرئەوەی میدیاكەیان هی گۆڕانە نەك كۆمپانیای وشە، ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو پەرەگراف وردەكاریی ئەو پرسەی بڵاوكردەوەو ئەوەی خستەڕوو، ئەو قەیرانە داراییەی ڕوبەڕوی گۆڕان‌و میدیاكەی بووەتەوە هاوكارە بۆئەوەی بخرێنەسەر كۆمپانیای وشەو ژێر ڕكێفی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا، بەوپێیەی ئەوان "پارەیان بەدەستەوەیەو دەتوانن پشتیوانیی دارایی بكەن."

 

دانانی ئاكۆ حەمەكەریم وەك بەرپرسی نوێی میدیای گۆڕان دوای چەند ڕۆژێك بوو لە دابینكردنی بڕە پارەی پێویست بۆ نوێكردنەوەی بەشداربوونی كەناڵی كەی ئێن ئێن لە مانگی دەستكرد، ئەو پرسە كەناڵەكەی ڕوبەڕوی ئەگەری داخستن كردبووەوە، بەڵام بەرپرسانی گۆڕان چارەسەریان كرد.

 

لەگەڵ دەستبەكاربوونی ئاكۆ حەمەكەریم لە میدیای گۆڕان، پەرەگراف لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردەوە بڕیاری ئەو گۆڕانكارییە "تاك لایەنە لەلایەن عومەر سەید عەلی دەركراوەو هەندێك لە ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان ئاگادار نەبوون"، ئەو سەرچاوەیە وتیشی"پێموایە ئەمە یەكەم هەنگاوە بۆئەوەی میدیاكە بخرێتە ژێر ڕكێفی كوڕەكانی كاك نەوشیروان."

 

ئێستا كە سەرلەنوێ عەبدولڕەزاق شەریف دانراوەتەوە وەك بەرپرسی میدیای گۆڕان، پێدەچێت گۆڕانكاریی بێت لە ململانێ ناوخۆییەكانی بزووتنەوەكەو بەهەند وەرگرتنی ئەو نیگەرانییانەبێت كە بەهۆی لابردنیەوە دروست بوون.

 

میدیای گۆڕان كە لە كەناڵی ئاسمانی كەی ئێن ئێن، ڕادیۆی گۆڕان‌و سایتی سبەی پێكهاتووە، میدیاكە گرنگترین بەشی بزوتنەوەكەیە‌و لە دەرەوەی كۆمپانیای وشە ماوەتەوە كە نەوشیروان مستەفا خاوەندارێتیی دەكردو ئێستا بەناوی كوڕەكانیەوەیە، دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا هەوڵێكدرا كە میدیاكە بخرێتەسەر ئەوكۆمپانیایە‌، بەڵام لە ئاستی باڵای بزوتنەوەی گۆڕاندا ئەو هەوڵە ڕاگیرا.