توركیا داوا لە ئەمەریكا دەكات دەستبەجێ پشتبكاتە كوردانی ڕۆژئاوا

27-01-2018 07:48
سەربازانی ئەمەریكا لە نزیك مەنبەج. وێنە؛ ئەی ئێف پی.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

توركیا لە هەشتەم ڕۆژی هێرشەكەیدا بۆسەر عەفرین نەیتوانیوە هیچ ناوچەیەك كۆنتڕۆڵ بكات، بەڵام داوای دەستبەجێ كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا دەكات لە مەنبەج بۆئەوەی پەلاماری بدات، ئەوە لەكاتێكدایە دۆناڵد ترەمپ هۆشدارییدا بە ئەردۆغان خۆی بە دوور بگرێت لە ڕوبەڕوبوونەوە لەگەڵ سەربازانی ئەمەریكی.

 

ئەمڕۆ هێرشی توركیا بۆسەر عەفرین پێینایە ڕۆژی هەشتەم، هەرچەندە سوپاو هێزە چەكدارەكانی ئەو وڵاتە لە ئاسمان‌و زەوییەوە بە چەكی پێشكەوتوو بەردەوامن لە بۆردومان‌و هێرشكردن‌و ژمارەیەكی زۆر خەڵكی مەدەنی كوژراون‌و برینداربوون‌و زیانی مادییان پێگەیشتووە، بەڵام شەڕڤانانی یەپەگە تەئكید دەكەنەوە كە تائێستا ڕێگەیان نەداوە توركیا هیچ پێشڕەوییەك بكات‌و تەنانەت گوندێكیش كۆنتڕۆڵ بكات.

 

لە نوێترین پێشهاتدا‌و لەگەڵ بەردەوامیی هێرشەكان، ئەمڕۆ مەولود چاوشئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی توركیا، دەربارەی هاوكارییەكانی ئەمەریكا بۆ یەكینەكانی پاراستنی گەل(یەپەگە) ڕایگەیاند"ئیدی بێ گوتن چاوەڕوانی هەنگاوی زۆر بەرجەستە لە دەوڵەتێكی جددی دەكەین كە شیاوی بێت. پێویستە بیبینین كە چەك نادەن. پێویستە ئەمەریكا پەیوەندی لەگەڵ ڕێكخراوێكی تیرۆریستیدا تێكبچێت. پێویستە ئەوانیش بەتەواوی چەك دابنێن. پێویستە ئەو چەكانەی خۆیان پێیانداون وەربگرنەوە. پێویستە دەستبەجێ لە مەنبەج بكشێنەوە."

 

وەزیری دەرەوەی توركیا ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵ ئەمەریكا بەردەوامن لە پەیوەندیی‌و گفتوگۆو "گروپی كار"یان پێكهێناوە، نیگەرانیی وڵاتەكەشی پشاندا لە هەڵوێستی جیاوازی بەرپرسانی ئەمەریكا دەربارەی هاوكارییەكانیان بۆ یەپەگە.

 

"هەیە دەڵێت 'چەكیان پێ نادەین' هەشە دەڵێت 'چەكیان پێ دەدەین'. كێشەی متمانە هەیە. سەرۆك(ترەمپ) شتێك دەڵێت پنتاگۆن شتێكی دیكە. لەو ناوچەیە سەربازانی ئەمەریكی هەن كە لەگەڵ ئەوان وا تێكەڵاو بوون لێكجیاناكرێنەوە لە گۆڕەپانەكە. ئەوان شتی دیكە دەڵێن" چاوشئۆغڵۆ وای وت.

 

پشتیوانیی ئەمەریكا لە چەند ساڵی شەڕی سوریا بۆ هێزە كوردییەكان شاراوە نەبووە، سەرباری ناڕەزایی بەردەوامی توركیا، بەڵام واشنتۆن سیاسەتی خۆی نەگۆڕی لەگەڵ شەڕڤانان‌و تائێستا كورد نزیكترین هێزی شەڕكەری دژی تیرۆرە لە ئەمەریكاوە لەسەر خاكی سوریا.

 

ئەو داواكارییەی وەزیری دەرەوەی توركیا دوای ئەوەهات سەرۆكایەتی كۆماری توركیا ڕایگەیاند، ئیبراهیم كاڵن وتەبێژی سەرۆكی توركیاو جەنەڕاڵ مەكماستەر راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریكا لەبارەی عەفرینەوە پەیوەندییەكی تەلەفۆنییان ئەنجامداوەو بەوتەی توركیا "لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا ئەمەریكا بەڵێنیداوە چیدی چەك بە یەپەگە نەدات."

 

بە پێچەوانەوە، لەبارەی ڕاستیی ئەو هەواڵەی توركیا دەربارەی چەك نەدان بە یەپەگە، ڕایان دیلن، وتەبێژی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، دەڵێت"هاوپەیمانان بەردەوامدەبن لە پشتگیریكردنی هێزەكانی سوریای دیموكرات(یەپەگە پێكهێنەری سەرەكییەتی) دژ بە داعش، پێشتر وتوومانەو ئێستاش دەیڵێینەوە ئەو ئامڕازو چەكانەی بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی داعش پێویستن بۆیان دابین دەكەین، ئەمەشمان بەڕاشكاوی بە توركیا ڕاگەیاندووە."

 

دوای "خیانەت" كردنی ڕوسیا لە كوردانی ڕۆژئاوای كوردستان‌و هەڵكردنی گڵۆپی سەوز بۆ فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا تا بۆردومانی عەفرین بكەن، ئێستا چاوەكان لەسەر هەڵوێستی ئەمەریكان، ئایا ئیدارەی ترەمپ كورد هەڵدەبژێرێت كە چەند ساڵێكە لایەنێكی هەرە نزیك‌و پشتیوانییەتی لە شەڕی تیرۆر یاخود توركیای هاوپەیمانی لە ناتۆ یاخود ڕێگایەك دەگرێتەبەر هەردوولایان كە تەواو دژی یەكن ڕازییان بكات؟.

 

هەرچەندە كورد خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ نییەو لە ڕووی سیاسی، ئابوری، دیبلۆماسی‌و سەربازیی هێندەی توركیا بەهێز نییە، بەڵام پشتكردنە كوردانی ڕۆژئاوا لەلایەن ئەمەریكاوە كارێكی هەروا ئاسان نییەو كەم نین ئەو دەنگانەی بە سووربوونەوە دەڵێن، ئێستا كاتی هەڵبژاردنی كوردو كێشانی هێڵێكی سوورە لەبەردەم سەركێشییەكانی توركیا كە پێدەچێت كۆتاییەكی تاڵی بۆ ئەردۆغان هەبێت.

 

ئیدارەی واشنتۆن لە ڕۆژانی سەرەتای هێرشی ئەردۆغان بۆسەر عەفرین، هەڵوێستێكی ڕوون‌و یەكلایی كەرەوەی پیشان نەدا، هەرچەندە پشتیوانیی كورد نەبووە دژی توركیا، بە پێچەوانەوە پشتیوانی توركیاش نەبووە، بەڵام لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا تاڕادەیەك گۆڕانكاریی لە هەڵوێستی ئەمەریكا ڕوویدا لە بەرژەوەندیی كورد.

 

ئەوەش كاتێك وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ڕەخنەی لە هێرشەكانی توركیا گرت‌و دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئەردۆغان داوای لە توركیا كرد زۆر ئاگادار بێت‌و كارێك نەكات كە ببێتە هۆی دروستبوونی ناكۆكیی‌و شەڕ لەنێوان هێزەكانی توركیاو ئەمەریكا كە لە مەنبەج بوونیان هەیە.

 

لە عەفرین‌و دەوروبەری كە هەشت ڕۆژە هێرشی چڕی توركیای لەسەرە، هێزی سەربازیی ئەمەریكا بوونی نییە، بنكەیەكی سەربازیی ڕوسیا هەبوو، بەڵام لەگەڵ هێرشەكانی توركیادا ڕوسیا سەربازەكانی لەو ناوچەیە كشاندەوەو ئەوەش وەك هەڵكردنی گڵۆپی سەوز بۆ ئەنقەرە خوێندنەوەی بۆكراو كورد ڕووسیای بە "خیانەت" كردن تۆمەتبار كرد.

 

 

بەرزبوونەوەی دووكەڵ لە ئەنجامی بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا لە عەفرین.

 

بەگوێرەی یاساكانی پاراستن‌و ڕێككەوتنەكان دەربارەی دۆخی سوریا، ڕۆژهەڵاتی ئاوی فورات ناوچەی ئەمەریكایەو ڕۆژئاواش هی ڕوسیایە‌و كانتۆنی عەفرین دەكەوێتە ڕۆژئاواو دەبوو ڕوسیا بیپارێزێت لە هەر هێرشێكی ئاسمانیی، بەڵام ئەوەی نەكردو ڕێگەیدا توركیا بۆردومانی چڕی بكات.

 

ڕوسیا هێزەكانی لەعەفرین كشاندەوە، بەڵام هێشتا كۆنتڕۆڵی ئاسمانی ئەو شارەی كردووەو لەهەر كاتێكدا بێت دەتوانێت دەستێوەردان بكات. مەنبەج لە ژێر كۆنتڕۆڵی هێزی كورددایەو ئەردۆغان چەندجارێك هەڕەشەی ئەوەی كردووە هێرشی دەكاتەسەر، حكومەتی سوریاش هەڕەشەی وەڵامدانەوەی سەربازیی كردووە لە ئەگەری هێرشی توركیا بۆ مەنبەج.

 

عەفرین‌و مەنبەج تاكە دوو ناوچەی ژێردەستی كوردن كە دابڕاون لە ناوچەكانی دیكەی ڕۆژئاوای كوردستان‌و لە یەكتریش دابڕاون، جەرابلوس كە بەدەست هێزەكانی سەربە توركیاوەیە مەنبەج‌و كۆبانی لە یەكتر دادەبڕێت‌و عەزازو باب كە بەدەست هەمان هێزەوەن عەفرین لە مەنبەج دادەبڕن.

 

ڕزگاركردنی ئەو ناوچانەی عەفرین‌و مەنبەج-یان دابڕیوە لە خاكی ڕۆژئاوای كوردستان بۆ كورد ستراتیژییەو بەمافی خۆی دەزانێت لەو ناوچانەوە بەرەی شەڕ بكاتەوە بە مەبەستی كۆنتڕۆڵكردنیان.

 

 

لە نەخشەكەدا كۆبانی، مەنبەج‌و عەفرین هێڵی سەوزیان بە ژێردا هاتووەو بەدەست یەپەگەوەن، جەرابلوس‌و باب‌و عەزاز هێڵی سوریان بە ژێردا هاتووەو بەدەست توركیاوەن.

 

گرنگیی‌و پێگەی عەفرین

 

عەفرین شارێكی ڕۆژئاوای كوردستانەو لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای حەلەب-ی سوریایەو هاوسنورە لەگەڵ توركیا بە درێژایی 100 كیلۆمەتر.

 

عەفرین نزیكترین ناوچەی كوردستانە لە دەریای سپییەوە، توركیا ترسی ئەوەی هەیە كورد ڕاڕەوێك دروست بكات كە ڕۆژئاوای كوردستان بگەیەنێتە دەریای سپی، بەڵام بۆئەوەی كورد بگاتە دەریای سپی دەبێت ئیدلب لە دەستی بەرەی نوسرە ڕزگار بكات، ئەوەش یەكدەگرێتەوە لەگەڵ پلانی ڕوسیا كە هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند، ئامانجی سەرەكییان لە سوریا لە 2018دا لەناوبردنی بەرەی نوسرە دەبێت كە ئێستا بە(دەستەی ڕزگاریی شام) ناسراوە.

 

بەپێی ڕێككەوتنی توركیا لەگەڵ ڕوسیاو ئێران لە ئاستانە، دەبێت شاری ئیدلب هاوشێوەی شارەكانی دیكەی سوریا وەكو حەلەب، حومس‌و حەماو دەوروبەری دیمەشق ڕادەستی حكومەتی سوریا بكرێن بەسەرپەرشتی ڕوسیا، بەڵام توركیا مەرجی ئەوەیە كە یەپەگەش عەفرین ڕادەست بكات.

 

عەفرین بە (بووكی كوردستان) ناودەبرێت، ناوچەیەكی شاخاویی‌و گەشتیارییە، داهاتی سەرەكی لە سەر زەیتون‌و میوەو سەوزە‌و گەنمە، لە 360 گوند پێكدێت‌و لە سەرەتای شۆڕشی سوریا لەلایەن شەڕڤانانی كوردەوە كۆنتڕۆڵكراوەو لەو كاتەوە سەرباری هەموو گەمارۆو هێرشی گروپە چەكدارەكان، كورد توانیویەتی بیپارێزێت‌و پێشكەوتن لە كەرتی جۆراوجۆر لە ناوچەكە بەدیهاتووە.

 

باكوری عەفرین توركیایە، شاری حەلەب دەكەوێتە باشورییەوە كە بەدەست حكومەتی سوریاوەیە، لە ڕۆژهەڵاتییەوە ناوچەكانی عەزازو باب هەن كە لەژێر كۆنتڕۆڵی هێزەكانی سەر بە توركیان، لە ڕۆژئاوای عەفرین شاری ئیدلب هەیە كە بەرەی نوسرە بەهێزترین گروپی ئەو شارەیەو چەندین گروپی دیكەش هەن كە تێیاندایە سەربە توركیان.

 

ئێستا تەنها ڕێڕەوێك كە كوردانی ڕۆژئاوا بتوانن لێیەوە بچنە عەفرین بۆهەر مەبەستێك ڕێگای حەلەبە كە بەدەست حكومەتی سوریاوەیەو ڕێككەوتن لە نێوان كوردو سوریا هەیە بۆ هاتووچۆكردن‌و ئاستەنگی دروست نەكردن، ڕێگای مەنبەج-حەلەب‌و حەلەب-عەفرین لە ژێركۆنتڕۆڵی حكومەتی سوریاو شەڕڤانانی كورددایە.

 

هەتا عەفرین لەژێر دەستی هێزی كوردیدا بێت ئەو خەونەی ئەردۆغان نایەتەدی‌ بۆ یەكخستنی ئەو ناوچانەی لە ژێر كۆنتڕۆڵی گروپە چەكدارەكانی سەربە توركیادان‌و ناوچەكان لە یەكتر دابڕاو دەبن.