كورد بۆ عەفرین دێتەسەر شەقام... لە سلێمانی خۆپیشاندانە

27-01-2018 09:37
خۆپیشاندانی ئەمڕۆ لە شاری كۆڵنی ئەڵمانیا دژی هێرشەكانی توركیا بۆسەر عەفرین.

 

پەرەگراف

 

كوردستانییان لە ناوەوەو دەرەوەی وڵات دەڕژێنەسەر شەقامەكان بۆ دەربڕینی ناڕەزایی دژی هێرشەكانی توركیا بۆسەر عەفرین، داوا لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكەن فشارەكانیان چڕ بكەنەوە بۆ ڕاوەستاندنی هێرش‌و بۆردومانەكان.

 

لەو چوارچێوەیەدا دەستەی پشتیوانيی لە عەفرین، مۆڵەتی لە پارێزگاری سلێمانی وەرگرت بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانی فراوان دژی هێرشەكانی توركیا، دەستەكە داوادەكات سەرجەم چین‌و توێژەكان بەشداریی بكەن‌و پەیامی تووندی ناڕەزایی بگەیەنن.

 

بڕیارە خۆپیشاندانەكە كاتژمێر 11ی ڕۆژی دووشەممە لە شەقامی سالم لە سلێمانی دەستپێبكات، دەستەی پشتیوانيی لە عەفرین ئەمڕۆ دوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی داوایانكرد فەرمانگەكانی حكومەت بەشداریی خۆپیشاندانەكە بكەن‌و ناڕەزایەتییەكی بەرفراوان پیشانبدەن، ڕایانگەیاند"هەركەسێك لە شوێنی فەرمییش كاردەكات، دەتوانێت بەشداریی بكات‌و لێپرسینەوە لە كەس ناكرێت."

 

ئەندامانی دەستەكە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا ئەوەشیان خستەڕوو، خۆپیشاندانەكە مەدەنییەو هیچ پارتێكی سیاسی سەرپەرشتی ناكات‌و بە پێویستیان زانی تەواوی حزبەكان پشتیوانیی بكەن‌و بەشداریی تێدا بكەن، داواشیان كرد"لایەنەكان كەس بە لۆگۆو دروشمی حزبییەوە بەشداریی نەكات، ئاڵای كوردستان‌و وێنەی شەهیدو قوربانییان‌و وێنەی عەفرین بەرزدەكرێنەوەو دروشمەكان بۆ بەرگریكردنە لە عەفرین‌و داواكردن لە ڕایگشتیی بۆ ڕاگرتنی هێرش‌و پەلامارەكان."

 

دەستەی پشتیوانيی لە عەفرین لەلایەن كەسانی سەربەخۆو چالاكی مەدەنییەوە دوای هێرشەكانی توركیا بۆسەر عەفرین پێكهات‌و سەردانی حزب‌و لایەنەكانی كردووەو بەمەبەستی كۆكردنەوەی پشتیوانیی بۆ چالاكییەكانیان، بڕیارە چالاكییەكانیان درێژەی هەبێت‌و شارەكانی دیكەی هەرێمیش بگرێتەوە.

 

هێرشەكانی توركیا بۆسەر عەفرین كە ئەمڕۆ پێینایە هەشتەم ڕۆژ، ناڕەزایی فراوانی كوردی بەدوای خۆیدا هێنا لە سەرتاسەری دونیاو لە زۆربەی وڵاتانی دەرەوەش ڕەوەندی كوردیی بۆ پیشاندانی ناڕەزایی خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە.

 

بۆ پیشاندانی هەڵوێستی فەرمیی پەرلەمانی كوردستانیش بڕیارە كۆبوونەوەی ئەم هەفتەیەی پەرلەمان تایبەت بكرێت بە پرسی هێرشی توركیا بۆسەر عەفرین.

 

هەرچەندە سوپاو هێزە چەكدارەكانی سەربە توركیا لە ئاسمان‌و زەوییەوە بە چەكی پێشكەوتوو ماوەی 8 ڕۆژە بەردەوامن لە بۆردومان‌و هێرشكردنەسەر عەفرین‌و ژمارەیەكی زۆر خەڵكی مەدەنیی كوژراون‌و برینداربوون‌و زیانی مادییان پێگەیشتووە، بەڵام شەڕڤانانی یەپەگە تەئكید دەكەنەوە كە تائێستا ڕێگەیان نەداوە توركیا هیچ پێشڕەوییەك بكات‌و تەنانەت گوندێكیش كۆنتڕۆڵ بكات.

 

 

خۆپیشاندانی ئەمڕۆ لە شاری كۆڵنی ئەڵمانیا دژی هێرشەكانی توركیا بۆسەر عەفرین.

 

گرنگیی‌و پێگەی عەفرین

 

عەفرین شارێكی ڕۆژئاوای كوردستانەو لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای حەلەب-ی سوریایەو هاوسنورە لەگەڵ توركیا بە درێژایی 100 كیلۆمەتر.

 

عەفرین نزیكترین ناوچەی كوردستانە لە دەریای سپییەوە، توركیا ترسی ئەوەی هەیە كورد ڕاڕەوێك دروست بكات كە ڕۆژئاوای كوردستان بگەیەنێتە دەریای سپی، بەڵام بۆئەوەی كورد بگاتە دەریای سپی دەبێت ئیدلب لە دەستی بەرەی نوسرە ڕزگار بكات، ئەوەش یەكدەگرێتەوە لەگەڵ پلانی ڕوسیا كە هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند، ئامانجی سەرەكییان لە سوریا لە 2018دا لەناوبردنی بەرەی نوسرە دەبێت كە ئێستا بە(دەستەی ڕزگاریی شام) ناسراوە.

 

بەپێی ڕێككەوتنی توركیا لەگەڵ ڕوسیاو ئێران لە ئاستانە، دەبێت شاری ئیدلب هاوشێوەی شارەكانی دیكەی سوریا وەكو حەلەب، حومس‌و حەماو دەوروبەری دیمەشق ڕادەستی حكومەتی سوریا بكرێن بەسەرپەرشتی ڕوسیا، بەڵام توركیا مەرجی ئەوەیە كە یەپەگەش عەفرین ڕادەست بكات.

 

بەگوێرەی یاساكانی پاراستن‌و ڕێككەوتنەكان دەربارەی دۆخی سوریا، ڕۆژهەڵاتی ئاوی فورات ناوچەی ئەمەریكایەو ڕۆژئاواش هی ڕوسیایە‌و كانتۆنی عەفرین دەكەوێتە ڕۆژئاواو دەبوو ڕوسیا بیپارێزێت لە هەر هێرشێكی ئاسمانیی، بەڵام ئەوەی نەكردو ڕێگەیدا توركیا بۆردومانی چڕی بكات.

 

عەفرین بە (بووكی كوردستان) ناودەبرێت، ناوچەیەكی شاخاویی‌و گەشتیارییە، داهاتی سەرەكی لە سەر زەیتون‌و میوەو سەوزە‌و گەنمە، لە 360 گوند پێكدێت‌و لە سەرەتای شۆڕشی سوریا لەلایەن شەڕڤانانی كوردەوە كۆنتڕۆڵكراوەو لەو كاتەوە سەرباری هەموو گەمارۆو هێرشی گروپە چەكدارەكان، كورد توانیویەتی بیپارێزێت‌و پێشكەوتن لە كەرتی جۆراوجۆر لە ناوچەكە بەدیهاتووە.

 

باكوری عەفرین توركیایە، شاری حەلەب دەكەوێتە باشورییەوە كە بەدەست حكومەتی سوریاوەیە، لە ڕۆژهەڵاتییەوە ناوچەكانی عەزازو باب هەن كە لەژێر كۆنتڕۆڵی هێزەكانی سەر بە توركیان، لە ڕۆژئاوای عەفرین شاری ئیدلب هەیە كە بەرەی نوسرە بەهێزترین گروپی ئەو شارەیەو چەندین گروپی دیكەش هەن كە تێیاندایە سەربە توركیان.

 

ئێستا تەنها ڕێڕەوێك كە كوردانی ڕۆژئاوا بتوانن لێیەوە بچنە عەفرین بۆهەر مەبەستێك ڕێگای حەلەبە كە بەدەست حكومەتی سوریاوەیەو ڕێككەوتن لە نێوان كوردو سوریا هەیە بۆ هاتووچۆكردن‌و ئاستەنگی دروست نەكردن، ڕێگای مەنبەج-حەلەب‌و حەلەب-عەفرین لە ژێركۆنتڕۆڵی حكومەتی سوریاو شەڕڤانانی كورددایە.

 

هەتا عەفرین لەژێر دەستی هێزی كوردیدا بێت ئەو خەونەی ئەردۆغان نایەتەدی‌ بۆ یەكخستنی ئەو ناوچانەی لە ژێر كۆنتڕۆڵی گروپە چەكدارەكانی سەربە توركیادان‌و ناوچەكان لە یەكتر دابڕاو دەبن.