بۆ تەرمەكەی چوون بەزیندویی دۆزییانەوە

چیرۆكی ئەو ژنەی دوجار ڕێگای مەرگی هەڵبژارد
15-02-2017 08:14
8-12ی 2016 كەركوك/ گەیشتنی ژمارەیەك ئاوارەی حەویجە بۆ مەكتەب خالید. فۆتۆ: كەركوك ناو

 

پەرەگراف- كەركوك ناو

 

لە شەوێكی تاریكی مانگی یەكی زستاندا، ژن‌و پیاوە ڕێبوارەكە تەنها فرمێسك میوانیان بوو، دەگریان‌و نزایان بۆ خوا دەكرد.

 

ڕێگاكە مەترسیدارە شوێنەواری جەنگ‌و بۆمبی چێنراوو تەقەمەنییە، بەڕادەیەكیش تاریكە ساجیدەو سەعید كە پێج مانگ بوو هاوسەرگیرییان كردبوو، بەرپێی خۆیان نەدەبینی. بەرەو گردو تەپۆلكە خۆڵاوییەكانی چیای حەمرین لە باشوری كەركوك دەڕۆیشتن.

 

ئەو دوو هاوسەرە دوای بانگی خەوتنان، ماڵی خۆیان لە ناحیەی عەباسی سەر بە قەزای حەویجەی ژێر دەسەڵاتی داعش جێهێشت‌و بڕیاریاندا چیتر چاوەڕێی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی قەزاكە نەكەن‌و خۆیان بگەیەننە ناوچە ئارامەكان.

 

ساجیدە یادگارییەكانی‌ تایبەت بە پڕۆسەی‌ هاوسەرگیرییەكەی‌ كۆكردەوەو سەعیدی هاوسەریشی دەستیكرد بەشاردنەوەی بەڵگەنامەكانی‌ تایبەت بەسەربازی، چونكە ترسی هەبوو بكەوێتە دەست داعش‌و لەكاتی دەستگیركردنی لەڕێگادا بیكوژن.

 

سەعید بە(كەركوك ناو)ی وت لە ناوەڕاستی ساڵی 2014ەوە ئەوكاتەی داعش هات، هەر چاوەڕێین حكومەت بە زوویی رزگارمان بكات، "بەڵام ئەوە رووینەدا، خەڵك لەچاوەڕوانیدا‌ بێزاربووە."

 

وەك هەزاران خێزانی تری ناوچەكانی حەویجەو ڕەشادو ڕیازو عەباسی، كە سەدا 32ی پارێزگای كەركوك پێكدەهێنن، گرتنەبەری رێگای مەرگ تاكە بژاردەی بەرەم سەعید‌و ساجیدە بووە، بۆ ئەوەی لەژێر دەستی داعش ڕزگاریان بێت.

 

حكومەتی عیراق زیاتر لەجارێك پارێزگاری كەركوكی تۆمەتباركردووە بەهۆكاری دواخستنی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی ناوچەكانی ژێر دەستی داعش لە پارێزگاكە، هەرچەندە پارێزگار ئەو تۆمەتانە ڕەتدەكاتەوە.

 

سەعید وتی‌ "بۆ ماوەی‌ چەندین كاتژمێر بەپێ بەرەو زنجیرە چیاكانی‌ حەمرین ڕۆیشتین، لەو شەوە تاریكەدا تەنها فرمێسك‌و نزاكانمان هاوڕێمان بوو، ترسێكی‌ زۆرمان لەچەكدارانی‌ داعش هەبوو كە دەستگیرمان بكەن."

 

زنجیرە چیاكانی حەمرین سنووری هەردوو پارێزگای كەركوك‌و سەڵاحەدین لێكجیادەكاتەوە، ناوچەیەكی مەترسیدارو چۆڵە، تەنانەت بەر لەهاتنی داعش بۆ عێراق شوێنی نهێنی چالاكیی‌و مەشقی گروپە توندڕەوەكان بووە.

 

"شەوێكی‌ زۆر تاریك بوو، زۆر دەترساین لە بۆسەی چەكدارانی داعش، دەترساین لەتەقینەوەی بۆمبی چێنراو، بۆیە خۆمان لەو خێزانانە دوردەخستەوە كە وەكو ئێمە ناوچەكانیان جێدەهێشت."

 

سەعید پێشتر پۆلیسی وەزارەتی ناوخۆ بووە، ئەوەش ترسی ئەوانی زیاتر كردووە، چونكە داعش مامەڵەی توندی لەگەڵ ئەو كەسانە دەكرد كە پێشتر كارمەندی دەزگا ئەمنییەكانی عێراق بوون‌و هەوڵی هەڵاتنیان دەدا.

 

مانگی 1ی 2017/ پارێزگای سەلاحەدین، ساجیدە لە نەخۆشخانەی عەلەم چارەسەر وەردەگرێت. فۆتۆ: كەركوك ناو.

 

ترسی ئەو دوو هاوسەرە، لەجێی خۆیدا بوو، لەناكاو دەنگی تەقینەوەو ئاگرێكی‌ زۆر بەرزبووەوەو ساجیدە كەوت. "ئەوە بۆمب بوو، لە ژێر پێیەكانماندا تەقییەوەو ساجیدە بەسەختی‌ برینداربوو، لە باوەشمكرد"، سەعید وای وت.

 

سەعید لەوكاتەدا هەوڵدەدات خۆی ئارامبكاتەوە، "داوای‌ بەزەییم لە خوا كرد، چونكە وامزانی‌ هاوسەرەكەم مردووە، خوێنێكی‌ زۆری‌ لەبەر ڕۆیشتبوو، منیش هیچ دەسەڵاتێكم نەبوو."

 

تا بەرەبەیان سەعید لەگەڵ ساجیدە لە شوێنی تەقینەوەی بۆمبەكە دەمێننەوەو جوڵە ناكەن، لەترسی تەقینەوەی بۆمبی تر.

 

داعش تەواوی ناوچە سنوورییەكانی خۆی بۆمبڕێژكردووە، بۆ ڕێگریی لەپێشڕەوی هێزە ئەمنییەكانی عێراق‌و بەئامانجگرتنی ئەوانەی لە ناوچەكانیان هەڵدێن.

 

عەمید خەڵەف ئیبراهیم جبوری‌، فەرماندە لە هێزەكانی‌ حەشدی‌ حەویجە بە (كەركوك ناو)ی وت "چەكدارانی‌ داعش بە هەڕەمەكی ناوچە سنوورییەكانیان بۆمبڕێژكردووە"، ڕێگای‌ هەڵاتنی هاوڵاتیان لەحەویجەوە بەئاڕاستەی‌ ناحیەی‌ عەلەم‌و پارێزگای‌ سەڵاحەدین، یەكێكە لەناوچە بۆمبڕێژكراوەكان.

 

سەعید كاتێك خۆر نزیكدەبێتەوە لە هەڵهاتن، دەبینێت سەجادە "مردووە"، وتی"چاوی‌ هاوسەرەكەمم داخست‌و دوای‌ خوێندنەوەی‌ سورەتی‌ فاتیحە بۆ دواینجار تەماشامكردو شوێنەكەم بە ئاڕاستەی‌ هێزە ئەمنییەكان جێهێشت."

 

ساجیدە، كە تەمەنی‌ نەگەیشتووەتە 20 ساڵ، لە ناوچەیەكی چۆڵی پڕ میندا تەنیا دەمێنێتەوە‌و سەعیدیش دەگاتە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزە ئەمنییەكان‌و بەتەلەفون هەواڵی مردنی هاوسەرەكەی دەداتە باوك‌و براكانی ساجیدە.

 

كەسوكاری ساجیدە، كە هێشتا لەژێر دەسەڵاتی داعشدان، دوای سێ ڕۆژ، بۆ دۆزینەوەی تەرمی كچەكەیان هەمان ئەو ڕێگا پڕ مەترسییە دەگرنەبەر، بەڵام تووشی‌ سەرسوڕمان بوون.

 

عەبدوڵڵا جاسم كە بە (ئەبو عەلی‌) ناسراوەو مامی‌ ساجیدەیە بە تەلەفون بە (كەركوك ناو)ی وت "ویستمان تەرمەكەی‌ بەخاك‌ بسپێرین، بەڵام تووشی شۆك بووین، كاتێك ساجیدە لە نێو ناوچەیەكی‌ مینڕێژكراودا زیندووە، لەخۆشیدا نەماندەزانی چی بكەین"، ئەوە دوای سێ ڕۆژ لە تەقینەوەی بۆمبەكە.

 

"یەكێك لەكوڕەكانم بەوریاییەوە چوو ساجیدەی لەباوەشگرت‌و لەو شوێنە هێنایە دەرەوە"، هەرچەندە ساجیدە هاواری كردووە "ئەم ناوچەیە"، هەمووی مینە.

 

ساجیدە دەبردرێتە نەخۆشخانەی‌ حەویجە بۆ وەرگرتنی چارەسەر، بەڵام داعش ڕێگریی دەكات لەپێدانی چارەسەر، بەهۆی ئەوەی "هەوڵیداوە لە زەوی‌ خیلافەت هەڵبێت."

 

ئەوەش ئەركی ساجیدە قورس دەكات، چونكە دەبێت لەنێوان مەرگی خۆیی‌و ڕێگای مەرگ جارێكی تر یەكێكیان هەڵبژێرێت.

 

كەسوكارەكەی ناتوانن مەرگی ساجیدە بەچاوی خۆیان ببینن، بۆیە بەبرینداریی‌‌و بەپێ هەمان ڕێگای پڕ مەترسی دەگرنەبەر، بەڵام ئەمجارە سەركەوتوو دەبن‌و ساجیدە دەگوزارێتەوە بۆ نەخۆشخانەی عەلەم‌و ئێستا لەوێ چارەسەر وەردەگرێت.

 

ساجیدە لە نەخۆشخانەوە بەتەلەفون قسەی لەگەڵ (كەركوك ناو) كردو باسی ئەو سێ ڕۆژەی كرد كە چۆن بەئازارەوە كاتەكانی لێ ڕۆیشتووە، وتی"ئەوكاتەی بەهۆش خۆم هاتمەوە، بینیم سەعید لام نەماوە، توانای‌ جوڵەكردنم نەبوو، بەناچاری‌ بەپارچەیەك لەجلەكانم برینەكەی قاچی‌ چەپم بەست تاوەكو خوێنی‌ جەستەم نەمبینم‌و دەستم كرد بەهاواركردن، بەڵام كەس گوێی لێم نەبوو."

 

ئەو سێ ڕۆژە بۆ ساجیدە ساڵێك بووە، هیچ شتێك نەبووە بیخوات، "شەوان پێڵاوەكانم‌ دادەنا تاوەكو بەهۆی‌ سەرماوە كەمێك ئاوی‌ تێدا كۆببێتەوەو لێوەكانمی‌ پێ تەڕبكەم"، ئەوكاتەی ئەم قسانەی كرد، دڵخۆشبوو بەوەی كە جارێكی تر بە سەعیدی هاوسەری ئاشنا بۆتەوە.

 

تێبینی: ناوی‌ راستەقینەی‌ سەعیدو ساجیدە لای‌ (كەركوك ناو) پارێزراوە، بەهۆی‌ ئەوەی‌ تاوەكو ئێستا بەشێكی‌ زۆر لە ئەندامانی‌ خانەوادەكەیان لەژێر دەسەڵاتی‌ داعش ماونەتەوە.

 

باری دەروونی ساجیدە ئێستا خراپەو قاچی چەپیشی شكاوە.