كەی ئێن ئێن لەبەر ئەم دوو هۆكارە ڕاگیرا

01-02-2018 07:03

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

ڕاگرتنی پەخشی كەی ئێن ئێن پەیوەندیی بە گۆڕینی فریكوێنسیی پەخشی كەناڵەكەو گۆڕانكاریی ناوخۆیی‌و نوێكردنەوەوە هەیە لە ژێر چاودێریی‌و بە "پارە"ی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا، كێشەكانی نێوان گۆڕان‌و جوڵانەوەی نەوەی نوێ كاریگەرییان هەبووە لەسەر بڕیاری گۆڕان بۆ ڕاگرتنی كەناڵەكەی.

 

كەناڵی كەی ئێن ئێن كاتژمێر 12ی شەوی ڕابردوو بۆماوەیەكی نادیار پەخشی ڕاگرت، كەناڵەكە دەستبەرداری سەرجەم ڕۆژنامەنوس‌و كارمەندەكانی بووەو تەواوی گرێبەستەكانی كاركردنی هەڵوەشاندووەتەوە.

 

هەرچەندە كەی ئێن ئێن لە ڕاگەیەندراوێكدا ڕاگرتنی پەخشەكەی بۆ "كێشەی تەكنیكی" گەڕاندووەتەوە، بەڵام پەرەگراف لە زاری سەرچاوە ئاگادارەكانییەوە زانیویەتی دوو هۆكاری سەرەكی هەبوون بۆ ڕاگرتنی ئەو كەناڵە.

 

كەی ئێن ئێن لەسەر فریكوێنسیی كۆمپانیایەك پەخشدەكات كە شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ خاوەنداریی دەكات، گۆڕان بڕیاریداوە ئەو فریكوێنسییە بگۆڕێت‌و لای ئەو كۆمپانیایە نەمێنێت.

 

سەرچاوەیەكی باڵا لە بزووتنەوەی گۆڕان، بە پەرەگرافی وت"بەهۆی ئەو گرژی‌و هێرشانەی شاسوار عەبدولواحیدو نەوەی نوێ دەیكەنەسەر گۆڕان، بزووتنەوەكە پێیباشبوو فریكوێنسییەكە لای ئەو كۆمپانیایەی ئەوان نەمێنێت‌و مەترسی ڕاگرتن‌و كێشە بۆدروستكردنی نەبێت ئەگەر هەڵمەتی هەڵبژاردن دەستیپێكردو گۆڕان وەڵامی هێرشەكانی دایەوە."

 

بەوتەی ئەو سەرچاوەیە هۆكاری سەرەكیی ڕاگرتنەكەی ئەو خاڵەبووەو گۆڕانكاریی ناوخۆیی لە كەناڵەكە بەبێ ڕاگرتنی پەخشیش دەكرا ئەنجامبدرێن، "بەڵام بەرپرسانی گۆڕان وایان بە باش زانی ڕابگیرێت‌و فریكوێنسیەكە بگوازرێتەوەو لەگەڵیشیدا بكرێتە دەرفەتی نوێ كردنەوەی كەناڵەكە."

 

ساڵانە كەناڵە ئاسمانییەكان دەبێت بڕە پارەیەك بدەن بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستی پەخشەكەیان، كەی ئێن ئێن تائێستا پەخشەكەی نوێ نەكردووەتەوە كە دەبوو 31-12-2017 نوێی بكاتەوەو پێویستی بە 300 هەزار دۆلار هەیە.

 

سەرۆكی دامەزراوەی میدیایی نالیا كە كۆمپانیای نوێكردنەوەی پەخشەكە هیی ئەوانە، نوسراوێكی دامەزراوەكەی بڵاوكردووەتەوە كە ئاڕاستەی ڕێكخەری گشتی گۆڕان كراوەو تێیدا ئەوە خراوەتەڕوو، ئەوان تا مانگی 12ی 2018 داوای پارە لە گۆڕان ناكەن‌و هەركات خۆیان ویستیان دەتوانن ئەوكاتە پارەكە بدەن. بەڵام بە پێچەوانەوە بەرپرسەكەی گۆڕان دەڵێت"چەندجارێك داوای پارەیان كردووەو بە تەكلیف‌و برادەرایەتی ماوەكەیان درێژكردووەتەوە."

 

دامەزراوەی میدیایی نالیا كە خاوەنی كەناڵەكانی ئێن ئاڕتییە، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ خاوەنی "بوو"، هەرچەندە خۆی پڕوپاگەندەی ئەوەدەكات دەستبەرداریان بووەو ئێستا خاوەندارێتییان ناكات، بەڵام كەناڵەكانی ئێن ئاڕتی زیاتر لە جاران بایەخ بە خۆی‌و جوڵانەوەكەی دەدەن‌و ئەو هێرشانەی ئێستا لە ئێن ئاڕتییەوە دەكرێنەسەر لایەنەكانی دیكە بە "سیاسەتی شاسوار" دادەنرێت لەلایەن بەرپرسانی ئەو لایەنانەوە.

 

شاسوار عەبدولواحید لە دوای دامەزراندنی جوڵانەوەكەی كە بڕیارە بەشداریی هەڵبژاردنەكانی داهاتوو بكات، لە ڕێی كەناڵی ئێن ئاڕتی-یەوە هێرشی زۆری كردووەتەسەر لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان بەتایبەت بزووتنەوەی گۆڕان.

 

لە ڕاگەیەندراوێكدا كە بەهۆی ڕاگرتنی كەناڵەكەوە بڵاوكراوەتەوە، كەی ئێن ئێن دەڵێت، ڕاگرتنەكە كاتییەو "بەڵێن دەدەین لە داهاتوویەكی نزیكدا بە وەرزێكی نوێوە دەستپێدەكەیەنەوە" پەرەگراف بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر پەیوەندی بە د.ئاكۆ حەمەكەریم، بەڕێوەبەری گشتیی كەناڵەكەوە كرد، بەڵام ڕەتیكردەوە بەدەر لەو ڕاگەیەندراوە هیچ قسەیەكی دیكە بكات.

 

لەگەڵ ڕاگرتنی پەخشی كەناڵەكەدا، بەڕێوەبەری گشتیی كەی ئێن ئێن، بە فەرمانێك كە لە كەناڵەكە هەڵواسراوە، سەرجەم گرێبەستی كارمەندو بەڕێوەبەرو بەرپرسی بەشەكانی كەناڵەكەی هەڵوەشاندووەتەوەو بڕیارە بەپێی گرێبەستی نوێ‌و لە پڕۆسەیەكی نوێدا كارمەند وەربگرێتەوە.

 

پەرەگراف زانیویەتی ڕاگرتی پەخشی كەی ئێن ئێن بەهۆی نەبوونی پارەوە نەبووە، بەپێچەوانەوە بڕیارە بەپێی پلانێك كەناڵەكە نوێ بكرێتەوەو ئاستی بەرزبكرێتەوە "لە هەموو ڕوویەكەوە، بۆئەو مەبەستەش لەلایەن كوڕەكانی نەوشیروان مستەفاوە پارەی بۆ تەرخانكراوە" سەرچاوەیەكی ئاگادار لە گۆڕانكارییەكان وادەڵێت.

 

ئەو سەرچاوەیە وتیشی"بڕیارە گۆڕانكاریی لە هەموو ئاستەكاندا بكرێت هەرلە گرافیك‌و ستۆدیۆوە تا شێوازی كاركردن‌و هەواڵ‌و بەرنامەكان."

 

ڕاگرتنی پەخشی كەی ئێن ئێن لەكاتێكدایە ئەو كەناڵە مووچەی سێ مانگی ساڵی ڕابردوو و مانگێكی ئەمساڵی كارمەندەكانی قەرزارە، بەرپرسانی كەناڵەكە دڵنیایی ئەوەیانداوە كە مووچەی كارمەندەكانیان نافەوتێت.

 

گۆڕانكارییەكان دوای ئەوەدێن كە ڕێكخەری گشتی گۆڕان بە بڕیارێك د.ئاكۆ حەمەكەریمی وەك بەڕێوەبەری كەی ئێن ئێن دەستنیشانكرد بە شێوەی هەمیشەیی، ناوبراو كەسێكی نزیكی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفایەو گۆڕانكارییەكە بە سەرپەرشتی ئەو دەكرێت.

 

خاوەندارێتیی میدیای گۆڕان‌و بەتایبەت كەناڵی كەی ئێن ئێن یەكێكە لەو پرسانەی لەناو گۆڕاندا زۆرترین مشتومڕی لەسەرە، هەریەكە لە نماو چیا كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا چاویان لەسەر ئەوەیە میدیاكە بخەنەژێر ڕكێفی خۆیانەوە بۆئەوەش كاریان بۆئەوە دەكرد بخرێتەسەر كۆمپانیای وشە كە بەناوی خۆیانەوەیە.

 

هەرچەندە پێشتر میدیاكانی گۆڕان‌و ژووری ڕۆژنامەوانیی بزوتنەوەكە یەكخرابوون‌و عەبدولڕەزاق شەریف وەك بەرپرسیان دیاریكرابوو، بەڵام لە 28-12-2017 بە بڕیاری عومەر سەید عەلی، د.ئاكۆ حەمەكەریم لە شوێنی عەبدولڕەزاق شەریف وەك بەرپرسی میدیای گۆڕان دانرا، ئەوەش ناڕەزایی لێكەوەو دوای كەمتر لە مانگێك عەبدولڕەزاق شەریف بۆ چەند ڕۆژێك گەڕایەوە سەر كارەكەی‌و لە ئێستاشدا بووەتە ڕێكخەری ژووری ڕۆژنامەوانیی‌و د.ئاكۆ حەمەكەریم وەك بەڕێوەبەری كەی ئێن ئێن جێگیركراوە.

 

دواتر پەرەگراف ئەوەی ئاشكراكرد، دانانی ئاكۆ حەمەكەریم وەك بەرپرسی میدیای گۆڕان ناڕەزایی لەناو بزوتنەوەكەدا دروست كردبوو، بە پێچەوانەی دەستووری ناوخۆیی گۆڕان لە قەڵەمدەدار.

 

لە وەڵامی پرسیارێكی پەرەگراف دەربارەی ئەوەی لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانكارییانەدا ئایا خاوەندارێتی میدیای گۆڕان دەگوازرێتەوە بۆ كۆمپانیای وشە، ئاكۆ حەمەكەریم ڕۆژی دەستبەكاربوونی وەك بەرپرسی میدیای گۆڕان(18-12-2017) وتی"خاوەندارێتی كەناڵەكە هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە لەساڵی 2007ەوە كۆمپانیای وشە بووە، تا ئێستاش كەی ئێن ئێن‌و سایتی سبەی هەر سەر بە كۆمپانیای وشەن."

 

ئاكۆ حەمەكەریم ئەوكات وتیشی"كەی ئێن ئێن‌و میدیاكانی تر بەشێكن لە بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵام وەكو خاوەندارێتی، دەگەڕێتەوە بۆ كۆمپانیای وشە كە كاك نەوشیروان خاوەنی بووە."

 

خاوەندارێتی میدیای گۆڕان پێشتر بەرپرسانی ئەو بزوتنەوەیەی دابەشی دووبەرە كردبوو، هەندێكیان سووربوون لەسەرئەوەی میدیاكەیان هی گۆڕانە نەك كۆمپانیای وشە، ناوەڕاستی مانگی 12ی ساڵی ڕابردوو پەرەگراف وردەكاریی ئەو پرسەی بڵاوكردەوەو ئەوەی خستەڕوو، ئەو قەیرانە داراییەی ڕوبەڕوی گۆڕان‌و میدیاكەی بووەتەوە هاوكارە بۆئەوەی بخرێنەسەر كۆمپانیای وشەو ژێر ڕكێفی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا، بەوپێیەی ئەوان "پارەیان بەدەستەوەیەو دەتوانن پشتیوانیی دارایی بكەن" ئەوەش دوای ئەوەی لە دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، گردی زەرگەتەو كۆمپانیای وشەو پشكەكانی لە كارگەیەكی چیمەنتۆدا كران بەناوی كوڕەكانییەوە.