ئێن ئاڕتی "بێلایەنیی" لە دەستدەدات‌و دەچێتە خزمەتی حزبەكەی شاسوار عەبدولواحید

03-02-2018 07:55

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

چیدی دروشمی "تاكە كەناڵی ئەهلیی بێلایەن" دادی ئێن ئاڕتی نادات‌و ئێستا جگە لە ڕەخنەی نەیارەكانی، ڕۆژنامەنووسانی ناو كەناڵەكەش بەهۆی كاركردن بە پێچەوانەی ئەو دروشمەوە نیگەرانن‌و هەندێكیان لە كەناڵەكە دووردەكەونەوە.

 

نیگەرانییەكان بە جۆرێكن لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەندێك ڕۆژنامەنووس لە ئێن ئاڕتی وازیانهێناوەو خاڵی سەرەكیی وازهێنانیان لایەنداریی كەناڵەكەیە، بەجۆرێك پەیامەكانی چوونەتە خزمەتی حزبیی نەوەی نوێ، شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی حزبەكە بە ئاشكرا داوای لە ڕۆژنامەنووسانی كەناڵەكە كردووە پشتیوانیی بكەن.

 

"نە كێشەی شەخسیم هەیە نە كێشەی موچە، بەڵكو ئەوەی هەیە ئێستا كەناڵەكە خراوەتە خزمەتی پڕۆژەیەكی سیاسییەوە، منیش ناتوانم لەگەڵ میدیای وادا كار بكەم" ئەمە بەشێكە لە نامەی وازهێنانی كاوە شێخ عەبدوڵا كە چوار ڕۆژ لەمەوبەر كۆتا ڕۆژی كاركردنی بوو دوای دووساڵ لە ئێن ئاڕتی، وەك بەرپرسی پەیامنێران‌و بەشی پلاندانانی ژووری هەواڵ‌و ماوەیەكیش سەرنووسەر كاری كردووە.

 

دامەزراوەی میدیایی نالیا كە خاوەنی كەناڵەكانی ئێن ئاڕتییە، شاسوار عەبدولواحید خاوەنی "بوو"، هەرچەندە خۆی پڕوپاگەندەی ئەوەدەكات دەستبەرداریان بووەو ئێستا خاوەندارێتییان ناكات، بەڵام كەناڵەكانی ئێن ئاڕتی زیاتر لە جاران بایەخ بە خۆی‌و جوڵانەوەكەی دەدەن‌و ئەو هێرشانەی ئێستا لە ئێن ئاڕتییەوە دەكرێنەسەر لایەنەكانی دیكە بە "سیاسەتی شاسوار" دادەنرێن لەلایەن بەرپرسانی ئەو لایەنانەوە.

 

شاسوار عەبدولواحید لە دوای دامەزراندنی جوڵانەوەكەی كە بڕیارە بەشداریی هەڵبژاردنەكانی داهاتوو بكات، لە ڕێی كەناڵی ئێن ئاڕتی-یەوە هێرشی زۆری كردووەتەسەر حزبەكان بەتایبەت ئۆپۆزسیۆنەكان، ئێن ئاڕتی لە هەندێك ڕاپۆرتی سیاسییدا بەناوی "چاودێران‌و نووسەران وادەڵێن" پەیامەكانی ئاڕاستە دەكات كە ڕەخنەن لە حزبەكان‌و لەبەرژەوەندیی جوڵانەوەی نەوەی نوێ-دان.

 

پەرەگراف لە زاری سەرچاوەكانییەوە لەناو ئێن ئاڕتی زانیویەتی، شاسوار عەبدولواحید لە كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ ڕۆژنامەنووسانی كەناڵەكە وتویەتی"ئەوەی چەند ساڵێكە بۆ گۆڕانی دەكەن ئەم چەند مانگە بۆمنیشی بكەن."

 

لە وەڵامی نیگەرانیی ڕۆژنامەنوسانی كەناڵەكە دەربارەی ئەوەی ئەو شێوازی كاركردنەی ئێستایان لەسەر ڕاستگۆییان دەكەوێت، شاسوار عەبدولواحید وتویەتی"كوا وتومە شتێك بكەن لەسەر ڕاستگۆیی كەناڵەكە بكەوێت؟ من تائێستا وتومە ئەو وشەیەم بۆدابنێن لەو ڕاپۆرتەدا؟."

 

ڕۆژنامەنووسێكی ئێن ئاڕتی دەڵێت، ئەو ڕاپۆرتە سیاسییانەی هێرش بوون بۆسەر حزبەكانی دیكە لەژێر ناوی چاودێران‌و نووسەران وادەڵێن، "سەرجەمیان بە فلتەری بەڕێوەبەری كەناڵەكەدا تێپەڕیوون‌و زۆربەیان ئەو بەوجۆرەی ویستوویەتی دەستكاریی كردوون، ئیتر نازانین سیاسەتی خۆی بووە یان كاك شاسوار."

 

شاسوار عەبدولواحید دوای ئەوەی ڕایگەیاند دەستبەرداری میدیاكەی بووە، پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە ڕۆژنامەنووسانی كەناڵەكەوە نەماوە، "لەسەرجەم گروپ چاتەكانی ئێن ئاڕتی چووەتە دەرەوە كە لێیەوە ڕۆژنامەنووسەكان پەیوەندییان بەیەكەوە دەكرد، سەردانی ئێن ئاڕتیش ناكات كە پێشتر سەردانی دەكرد، تەنها لەگەڵ كەسی یەكەم پەیوەندیی هەیە."

 

ئەوانە لەكاتێكدان بەردەوام شاسوار عەبدولواحید ڕەتیدەكاتەوە ئێن ئاڕتی خستبێتە خزمەتی حزبەكەیەوە، هەرچەندە لە حزبەكەشیدا لە ڕووی سیاسی‌و كاری ڕێكخستنەوە پشتی بە ڕۆژنامەنووسەكانی ئێن ئاڕتی بەستووە‌و هەرلە سەرەتاوە هەندێكیانی گواستەوە بۆ دونیای سیاسەت.

 

ڕۆژنامەنووسێكی ئێن ئاڕتی كە قسەی بۆ پەرەگراف كرد، بێزاریی ڕۆژنامەنووسانی كەناڵەكەی خستەڕوو لەو دۆخەی لەناو كەناڵەكەدا دروست بووەو لە سیاسەتی كاركردن، وتیشی"هەرچەندە زۆرێك بە ناچاری ماوەتەوە، بەڵام ئەویش بەزۆر كەسی ڕانەگرتووە."

 

ئەو ڕۆژنامەنووسانەی ئێستا لە ئێن ئاڕتی ماون، خۆیان دانبەوەدا دەنێن لە كەناڵێكی بێلایەن نین، ئاماژە بەوەشدەكەن خۆیان بەڕوونی ئەوەدەبینن كە سیاسەتی كاركردن‌و لایەنداریی كەناڵەكە "كاریگەریی لەسەر متمانەمان دروستكردووەو بینەرمان كەمبووەتەوە."

 

هەرچەندە لە ماوەی ڕابردوودا پەیوەندییە كەسییەكانی شاسوار عەبدولواحید لەگەڵ حزبەكان‌و بەرپرسانی حزبی‌و حكومیی كاریگەرییان لەسەر سیاسەتی كاركردنی ئێن ئاڕتی هەبووەو ئەوەش لە هەواڵ‌و ڕاپۆرت‌و بایەخپێدانی بابەتێك‌و پشتكردنە بابەتێكی دیكە ڕەنگیداوەتەوە، بەڵام بۆ زۆرێك لە ڕۆژنامەنووسانی ناو دەزگاكەو بینەرانیش، ئێن ئاڕتی سەربەخۆترین كەناڵی ئاسمانیی بووە.

 

ئێن ئاڕتی دەیەوێت بە بەكارهێنانی دروشمی "بێلایەنیی" بینەرانی متمانەی پێبكەن كە ئەو زانیاریی‌و ڕاوبۆچوونانەی لە چوارچێوەی هەواڵ‌و ڕاپۆرتدا بڵاویاندەكاتەوە لەلایەن ڕۆژنامەنووسانی سەربەخۆوە بەبێ لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی هیچ حزبێك‌و دژایەتیی هیچ حزبێك ئامادەكراون، بەڵام ڕاستییەكە شتێكی دیكەیەو هەندێك لەو زانیاریی‌و ڕاوبۆچوونانە كاری ڕۆژنامەوانیی بێلایەنانە نین‌و ڕای بەرپرسانی نەوەی نوێ-ن‌و لەبەرژەوەندی ئەو جوڵانەوەیە بەوجۆرە بڵاودەكرێنەوە.

 

وەك خۆی دەڵێت، شاسوار خەونی گرتنەدەستی دەسەڵاتی هەیەو بۆئەوەش لە بازرگانییەوە بەرەو سیاسەت هەنگاوی ناوە، یەكەم دەركەوتنی سیاسییانەی شاسوار ڕاگەیاندنی جوڵانەوەی "نەخێر لە ئێستادا" بوو كە داوای دواخستن یاخود دەنگدانی بە نەخێر دەكرد بۆ ڕیفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی كوردستان.

 

هەرچەندە لەلایەن بەشێك لە دەسەڵاتدارانەوە لایەنگرانی نەخێر بە "خیانەتكار" دادەنران، بەڵام ئەوان دەیانوت، دەربڕینی ڕای خۆیان سەرەتاییترین مافیانە‌و بە كەسانی دڵسۆز بۆ كوردستان‌و ناڕازی لە دۆخی حوكمڕانیی خۆیان دەناساند.

 

دوای كۆتایی هاتنی ڕیفراندۆم، شاسوار عەبدولواحید لەگەڵ هەمان ئەوكەسانەی جوڵانەوەی "نەخێر لە ئێستادا"یان ڕاگەیاند، خۆیان ڕێكخست‌و نەوەی نوێیان وەك حزب ڕاگەیاند بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنەكانی هەرێم‌و عێراق‌و مۆڵەتی فەرمییان وەرگرت، لە یەكەم هەنگاوی خۆ ڕێكخستنی حزبیی‌و ئەنجامدانی كۆنگرە، ژمارەیەك كەسایەتیی دیاری نەوەی نوێ لێی جیابوونەوە.

 

ئەو كەسایەتییانەی لە حزبەكەی شاسوار وازیانهێناـ لە كۆمسیۆن تانەیان لێداو داوای هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتەكەییان كرد، لە یەكێك لە خاڵەكانی تانەكەیاندا تۆمەتی ئەوەی ئاڕاستە دەكەن كۆمەڵێك لە فەرمانبەرانی كۆمپانیای نالیاو چاڤی لاندو كەناڵی ئێن ئاڕتی بردووەتە ژوورەوە بۆ هۆڵی بەستنی كۆنگرەی دامەزراندنی بزوتنەوەی نەوەی نوێ "ئەمەش بۆ تەواوكردنی ڕێژەی یاسایی، لەبری كادرەكانی بزوتنەوەی نەوەی نوێ كە پێشتر ناویان لە لیستی ناوەكاندا هەبووە."