بەرهەم ساڵح براوەی نزیكبوونەوەیانەو دەنگی ناڕازیی لەناو گۆڕان دروستبووە

05-02-2018 06:23
بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانیی دیموكراسی‌و دادپەروەری و عومەری سەید عەلی ڕێكخەری گشتی گۆڕان.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

گفتوگۆو پەیوەندیی نێوان گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح بەردەوامە بۆ فراوانكردنی بازنەی كاری پێكەوەییان‌و دروستكردنی بەرەیەكی سیاسیی هاوبەش، بەرهەم ساڵح تائێستا چەند ئامانجێكی گرنگی بۆ حزبەكەی بەدیهێناوە كە كاریگەرییان دەبێت بۆسەر پێگەو دەنگەكانی لە هەڵبژاردندا، ئەوەش وای لە هەندێك بەرپرسی ناو گۆڕان كردووە بە گومان‌و نیگەرانییەوە لە هاوكێشەكان بڕوانن.

 

بەردەوامیی ئەو هەنگاوانە بۆ كاری هاوبەش، گۆڕانی دابەشی دووبەرە كردووە كە گەورەترین حزبی نێوان ئەو سێ لایەنەیە، بەرەی لەگەڵ‌و بەرەی دژی پێكهێنانی هاوپەیمانێتیی‌و نزیك بوونەوەی پێش هەڵبژاردن‌و دەركەوتنی سەنگی هەقیقیی لایەنەكان، ناڕازییەكان بە مەرجی ئاشكرانەكردنی ناوەكانیان نیگەرانیی‌و ڕاوبۆچوونەكانیان بۆ پەرەگراف دەخەنەڕوو.

 

هەرچەندە زۆرینەی گۆڕان لەگەڵ نزیكبوونەوەكەدان، بەڵام ئەوانەی دژن چەند هۆكارێكیان هەیە بۆ دژ وەستانەوەیان، هۆشداریش دەدەن كە گڵۆپی سەوزی ئەوان بۆ حزبەكەی بەرهەم ساڵح "كاریگەریی دەبێت" لەسەر دەنگەكانی بزووتنەوەكەیان لە هەڵبژاردندا.

 

بەرهەم ساڵح چەند ئامانجێكی بەدیهێناوە

 

هاوپەیمانیی دیموكراسی‌و دادپەروەری(ھەدەدە) بە سەرۆكایەتی بەرهەم ساڵح هەرلە سەرەتاوە ئەوەی ڕاگەیاندووە، بڕوای بە پێكهێنانی بەرەیەكی فراوان هەیە لەو حزب‌و كەسایەتییانەی ئامانجیان چاكسازی‌و گۆڕانكارییە، بۆئەو مەبەستەش لەگەڵ هەریەكە لە گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و ئەو حزب‌و گروپانەی نزیكن لە پەكەكە گفتوگۆی دەستپێكرد.

 

سەرەتای مانگی 10ی ساڵی ڕابردوو پەرەگراف ئاشكرایكرد لە كۆبوونەوەیەكی نهێنیی نێوانیاندا، بەرهەم ساڵح پێشنیاری دروستكردنی هاوپەیمانێتییەكی لەگەڵ گۆڕان خستووەتەبەردەم عومەری سەید عەلی ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەكە.

 

دوای ئەو كۆبوونەوەیە گفتوگۆو نزیكبوونەوەی نێوانیان بەردەوام بوو، سەرئەنجام ئەو دوو حزبە لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامیی پێكهاتن‌و دواجار یەك لیستییان ڕاگەیاند بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنی عێراق لە ناوچە دابڕاوەكان.

 

كاری پێكەوەیی نێوان ئەو سێ حزبە لەكاتێكدایە گۆڕان خاوەنی 24 كورسییە لە پەرلەمانی كوردستان‌و كۆمەڵ 6 كورسی، بەڵام هێشتا حزبەكەی بەرهەم ساڵح بەشداریی نەكردووە لە هیچ هەڵبژاردنێكداو قەبارەی هەقیقیی نازانرێت، ئەمە یەكێكە لەو خاڵانەی بەدەست دەنگە ناڕازییەكانی گۆڕانەوەیە، ئەوان دەڵێن"بەبێ ئەوەی قەبارەی بزانین هاوتامانكردووە بە حزبێكی گەورەو هاوشانی خۆمان."

 

بەرهەم ساڵح كە پێشتر بەرپرسیارێتی باڵای حزبیی‌و حكومیی هەبووەو لە لوتكەی دەسەڵاتدابووەو سەرۆكی حكومەتی هەرێم بووە، بە نزیكبوونەوەی لە گۆڕان ئەوەشی مسۆگەر كردووە كە حزبەكەی پارێزراو دەبێت لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی گۆڕان‌و میدیای ئەو بزووتنەوەیە، ئەمەش خاڵێكی جەوهەریی‌و گرنگە بەلای بەرپرسانی هاوپەیمانیی دیموكراسی‌و دادپەروەرییەوە.

 

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە گفتوگۆی نێوانیان دەڵێت"لەلایەن هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵحەوە هیچ بەربەستێك نەهێنراوەتەپێش لە گفتوگۆكانداو بە هەموو شتێك ڕازیی بوون، بۆنمونە؛ لە پێكهێنانی لیستە هاوبەشەكەدا سەرۆكی قەوارەكەو سەرۆكی لیستەكە لە شاری كەركوك بۆ گۆڕانە ئەمەش لە پێناو بێدەنگیی بزووتنەوەكە بەرامبەر حزبەكەی كاك بەرهەم لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا."

 

هەرچەندە لیستی هاوبەشی نێوانیان بۆ ناوچە دابڕاوەكان‌و هەڵبژاردنی عێراقە، بەڵام هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح پێیوایە ناكرێت گۆڕان لە بانگەشەی هەڵبژاردندا لە هەرێم هەڵمەتی لە دژ بكات، پێیانوایە یەك لیستییان لە ناوچە دابڕاوەكان كاریگەریی دەبێت لەسەر هەڵمەتی هەڵبژاردنی گۆڕان لە سەرتاسەری كوردستان.

 

ئەو بەرپرسانەی گۆڕان كە لەگەڵ پێكهێنانی بەرەو كاری هاوبەشن، باسلەوەدەكەن بەو كارەیان ئومێد دەبەخشنەوە بە خەڵكی بێزارو ناڕازیی كە ئەگەری ئەوەهەیە بەشداریی هەڵبژاردن نەكەن، ئەوەشدەخەنەڕوو لە نزیكبوونەوەیاندا ڕەچاوی بەرژەوەندیی حزبییش دەكەن‌و هەوڵی پاراستنی دەنگەكانیان دەدەن، چونكە دواجار دەنگی جەماوەرو كورسیی بەدەستهاتوو یەكلایی كەرەوەن بۆ قەبارەو كاریگەریی هەر حزبێك.

 

خاڵێكی دیكەی ئەو بەرپرسانەی گۆڕان ئەوەیە، پێیانوایە لەبەرئەوەی بەرهەم ساڵح لە یەكێتی جیابووەتەوەو هەندێك جەماوەرو بەرپرسی حزبەكانی دیكەشی لەگەڵدایە، گرنگە بەرەو بەرەی چاكسازیی ڕابكێشرێت نەك پاڵی پێوەبنرێت بە پێچەوانەی ئەو بەرەیەوە.

 

دەنگە ناڕازییەكانی گۆڕان هەرچەندە كەمینەن، وەڵامیان بۆ سەرجەم خاڵەكانی ئاڕاستەكەی دیكەی حزبەكەیان هەیە، بەڵام هێشتا نەیانتوانیوە كاریگەرییان لەسەر بڕیاری بزووتنەوەكەیان هەبێت.

 

ناڕازییەكان پێیانوایە حزبەكەی بەرهەم ساڵح هێشتا تاقی نەكراوەیەو بەوپێیەی لە دامودەزگا فەرمییەكاندا بوونی نییە، نازانرێت هەڵوێستی چۆن دەبێت لەسەر ئەو پرسە گرنگانەی لە كوردستان جێگای ناكۆكی تووندی حزبەكانن، لەگەڵئەوەشدا كەسانێك هەن هێشتا گومانیان هەیەو بەرهەم ساڵح وەك بەشێك لە یەكێتی دەبینن‌و بە كەسێكی "چاكسازیخوازی نازانن."

 

"هەوڵێكەو دەیدەین ئەگەری سەركەوتن‌و شكستیشی هەیە، هەروەك چۆن ڕێككەوتنی سیاسیمان لەگەڵ یەكێتی واژۆكرد لە كاتێكدا دەمانزانی شەریكە لە تەواوی خراپەكاریی‌و نەهامەتییەكان‌و دواجار هیچ خاڵێكی ڕێككەوتنە جێبەجێ نەكراو شكستیهێنا، ئەوەی بەرهەم ساڵحیش هەمان نیەتە" ئەمە وتەی بەرپرسێكی گۆڕانە كە لایەنگری نزیكبوونەوەی حزبەكەی‌و بەرهەم ساڵحە.

 

وەڵامی ناڕازییەكان بۆ ئەو هەوڵ‌و نیەت باشییەی گۆڕان ئەوەیە، پێیانوایە بزووتنەوەكەیان چۆن لە ڕێككەوتنەكەی لەگەڵ یەكێتی زیانی كردو یەكێتی سوودمەندبوو بە جێبەجێ نەكردنی خاڵەكانی‌و بێدەنگیی گۆڕان، ڕەنگە هەمان سیناریۆش بۆ حزبەكەی بەرهەم ساڵح دووبارە ببێتەوەو "دوای سوود مەندبوونی لەسەر حسابی گۆڕان، ئەوكات هەست بە هەڵەكە بكرێت."

 

بەلای هەندێك لە دەنگە ناڕازییەكانی گۆڕانەوە هەڵكردنی گڵۆپی سەوزی بزووتنەوەكەیان بۆ بەرهەم ساڵح، وادەكات بەدەر لە دەنگی یەكێتی، بەرهەم ساڵح دەنگی گۆڕانیش ببات لە هەڵبژاردنەكاندا، بەوپێیەی زۆرینەی دەنگەكانیان لە یەك سەرچاوەوەیە كە "خەڵكی ناڕازی‌و دژە پارتی‌و یەكێتییەكانن."

 

پێشتریش بەرپرسانی گۆڕان نیگەرانیی بزوتنەوەكەیان پیشاندا لە مامەڵەی هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح لەگەڵ ئەندام‌و هەڵسوڕاوەكانیان‌و ڕایانگەیاند، كار لەسەر ڕاكێشانیان دەكات بۆناو قەوارەكەی، بەڵام هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح ئەوەی ڕەتكردەوەو ڕایگەیاند، گۆڕان بە هاوخەبات‌و هاوپەیمان دەزانن.

 

گۆڕان دركی بە خاڵی بەهێزی بەرهەم ساڵح كردووە كە پەیوەندییە فراوانە دیبلۆماسییەكانیەتی لەسەر ئاستی ناوخۆی عێراق‌و دەرەوە، بزووتنەوەكە دەیەوێت لە ڕێی هاوپەیمانێتیی نێوانیانەوە سوود لەو پەیوەندییانە وەربگرێت، بەلایەوە ئاساییە ئەگەر بەرهەم ساڵحیش ئامانجی تایبەتی خۆی هەبێت لە وەرگرتنی پۆستدا لە بەغداد بۆنموونە؛ سەرۆك كۆماریی لە عێراقی دوای هەڵبژاردنی داهاتوو.

 

دەنگە ناڕازییەكانی گۆڕان وەڵامیان بۆئەو خاڵە بەهێزەی بەرهەم ساڵحیش هەیەو هەرچەندە ئەوانیش هاوڕان كە ناوبراو پەیوەندییەكی بەهێزی دیبلۆماسیی فراوانی هەیە، بەڵام پێیانوایە ئەگەر ئەوان لە ناوخۆی بزووتنەوەكەیاندا كارلەسەر دروستكردنی پەیوەندیی‌و كادری بواری دیبلۆماسیی نەكەن، ناتوانن سوودمەندبن لە بەهێزیی پەیوەندییەكانی حزبی دیكە‌و دەڵێن"بە پێچەوانەوە لەسەر شانی ئەو پەیوەندیی دروستكردن، ئەگەری كەوتنەخوارەوەی بە دواوەدەبێت."

 

ئامانجی هاوبەش

 

ئەوەی گۆڕان‌و بەرهەم ساڵح‌و كۆمەڵ پێكەوە كۆدەكاتەوە دروستكردنی بەرەی چاكسازییە كە گۆڕان خۆی بە سەرمەشقی ئەو بەرەیە دەزانێت، كۆمەڵ‌و هاوپەیمانییش هەمان خواستیان پیشانداوە.

 

ئەوەش وایكرد ئەو سێ حزبە لە یەكەم هەنگاوی كاری پێكەوەییدا داوای هەڵوەشاندنەوەی حكومەتی هەرێمیان كرد، هەرچەندە تائێستا ئەو كارتە سیاسییەیان سەركەوتوو نەبووە، بەڵام ئەوان ڕانەوەستان‌و پێكەوە وەفدی هاوبەشیان ناردە بەغداد لە دەرەوەی حزبەكانی دیكە، دواجار یەك لیستییان ڕاگەیاند لە ناوچە دابڕاوەكان.

 

ئامانجی هاوبەشی ئەو لایەنانە كاركردنە بۆ پێكهێنانی بەرەیەك كە بتوانێت گۆڕانكاریی ڕیشەیی ئەنجامبدات، بەڵام ئەو هەوڵانە لە كاتێكدان گۆڕان‌و كۆمەڵ ئۆپۆزسیۆنن‌و هەدەدەش هەمان پەیامی هەڵگرتووە‌و لە دەرەوەی سیستمی حوكمڕانیی داوای ئەو گۆڕانكارییانە دەكەن، هێشتا ئەوە تاقی نەكراوەتەوە ئایا لە دوای هەڵبژاردن‌و هاتنە پێشەوەی بەرژەوەندییە حزبییەكان‌و ئەو پرسانەی دەبێت هەڵوێستی یەكلایی كەرەوەی تێدا دەرببڕن پێكەوە دەمێننەوە؟ یاخود نزیكایەتیی ئێستایان تەنها بۆ جۆش‌و خرۆشدانە بە هەڵبژاردن‌و لەو كاتەشدا لایەك لەسەر حسابی لایەكی دیكە قازانج دەكات؟.

 

وەڵامی ئەم پرسیارانە وای لە بەرەی ناڕازیی ناو گۆڕان كردووە پێیانباش بێت دوای هەڵبژاردن‌و دەركەوتنی سەنگی هەقیقیی‌و هەڵوێستی حزبەكان، كاربۆ نزیكبوونەوەو كاری پێكەوەیی بكرێت.