گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و هاوپەیمانیی كار بۆ "سەركردایەتییەكی هاوبەش" دەكەن

07-02-2018 04:38
بەرهەم ساڵح‌و عومەری سەید عەلی‌و عەلی باپیر.

 

 پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و هاوپەیمانیی بازنەی كاری پێكەوەییان فراوان دەكەن‌و دوێنێ بۆ دووەم ڕۆژ لەسەر یەك، هەریەكە لە عومەری سەید عەلی‌و عەلی باپیرو بەرهەم ساڵح كەسانی یەكەمی ئەو سێ حزبە دوور لە چاوی میدیاكان كۆبوونەتەوە.

 

ئەو سێ حزبە لە ماوەی ڕابردوودا لەسەر چەند پرسێك هەڵوێستی هاوبەشیان هەبووەو گەیشتنە ئەوەی بە یەك لیست بەشداریی هەڵبژاردنەكانی عێراق بكەن لە ناوچە جێناكۆكەكان، ئێستاش لەسەر چەند پرسێك گەیشتوونەتە ڕێككەوتن‌و پەرەگراف زانیویەتی كار بۆ دروستكردنی "سەركردایەتییەكی هاوبەش" دەكەن لە نێوان هەرسێ حزبەكەدا.

 

كۆبوونەوەكەی ئێوارەی دوێنێ كە لە مەكتەبی سیاسی كۆمەڵ بووە لە سلێمانی، وتەبێژی هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح ئەنجامدانی بۆ پەرەگراف پشتڕاست دەكاتەوە. بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار تەوەری سەرەكیی گفتوگۆكانیان دروستكردنی ئەو سەركردایەتییە هاوبەشە بووە.

 

سەرچاوەكەی پەرەگراف كە ئاگاداری وردەكاریی كۆبوونەوەكەیە دەڵێت"لێكتێگەیشتنی تەواو هەیە لە نێوانیاندا بۆ دروستكردنی ئەو سەركردایەتییە كە نوێنەری كەسی یەكەمی هەرسێ حزبەكە ئەندام بن تێیداو ناوەندێك بێت بۆ هەماهەنگیی‌و كاری هاوبەشیان لەسەر زۆربەی پرسەكان."

 

هاوكات د. ڕێبوار كەریم، وتەبێژی هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەری(هەدەدە) لەگەڵئەوەی ئەنجامدانی كۆبوونەوەكەی پشتڕاست كردەوە، ئەوەشی خستەڕوو، بۆ درێژەدان بووە بەو هەماهەنگییەی لە نێوان سێ حزبەكەدا هەیە.

 

"لێك نزیكبوونەوەی باش دروست بووەو بۆ گرنگیدانی زیاتر بەو هەماهەنگییە ئەو كۆبوونەوەیە كراوە بەتایبەت كە دەچینە پڕۆسەی هەڵبژاردنەوە بۆ دۆزینەوەی ڕێگایەكی نەوعیی باش كە خزمەت بە هاوپەیمانێتییەكەمان بكات" وتەبێژەكەی هەدەدە وای وت.

 

لە وەڵامی پرسیارێكی پەرەگراف دەربارەی دروستكردنی سەركردایەتیی هاوبەشی نێوان ئەو سێ حزبە، د.ڕێبوار كەریم وتی"هەندێك نزیكبوونەوەهەیە هەرشتێك پێویست بكات دەیكەین‌و خۆشبەختانە شتێكی دیاریكراو گرفت نییە لە بەردەمماندا، هەرشتێك پێویست بكات بۆ گرنگیدانی زیاتر بە لێكنزیكبوونەوەكە دەیكەین."

 

كۆبوونەوەكەی دوێنێی نێوان كەسی یەكەمی ئەو سێ حزبە لە كاتێكدایە ڕۆژی پێشتر بە ئامادەبوونی چەند ڕۆشنبیرێك لە ماڵی جەلالی سام ئاغا كەسایەتیی دیاری سلێمانی كۆبوونەوە.

 

پەرەگراف لە زاری سەرچاوە ئاگادارەكانیەوە زانیویەتی لەو كۆبوونەوەیەی ماڵی جەلالی سام ئاغادا گەیشتوونەتە ڕێككەوتنێكی زارەكی بۆ هەماهەنگیی لەسەر پرسی هەڵبژاردنەكانی هەرێم‌و عێراق، ڕاگەیاندن، پەیوەندییە ناوخۆیی‌و عێراقی‌و نێودەوڵەتییەكانیان.

 

لێكنزیك بوونەوەی نێوان گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و هەدەدە لەسەر داواكاریی‌و دەستپێشخەریی ژمارەیەك ڕۆشنبیرو نوسەرو كەسایەتیی سەربەخۆیە لە ناوخۆی هەرێم، ئەو كەسایەتییانە پڕۆژەیەكی نوسراویان ئاڕاستەی كەسی یەكەمی ئەو سێ حزبە كردووە.

 

لە پڕۆژەكەیاندا كە وێنەیەكی دەست پەرەگراف كەوتووە، باسیانلەوەكردووە پێشنیارەكانیان بەرهەمی زیاتر لە ساڵێك گفتوگۆی داخراوی نێوان خۆیانەو بۆ دۆزینەوەی دەریچەی قوتاربوونە لەم هەلومەرجە سەختەی هەرێمی كوردستانی تێكەوتووە.

 

ئەو كەسایەتییانە لە پڕۆژەكەیاندا پێیانوایە، دۆخەكە پێویستی بەكاری هەماهەنگی و پێكەوەیی هەیە، "لەهەمبەر ئەم دۆخە كە كۆمەڵگا توشی دابەشبوون بووە، ئەم پەرت بوونە كە بەقازانجی درێژەكێشانی ئەو دەسەڵاتە شكسخواردوەیە، بەشێكی بەرنامەی دەسەڵاتەو بەشەكی تریشی بەهۆی نەبوونی چەترێكەوە بووە بۆ كاری هاوبەش."

 

هەربۆیە پێشنیاریانكردووە، بزووتنەوەی گۆڕان، هاوپەیمانیی دیموكراسی‌و داپەروەری‌و كۆمەڵی ئیسلامی، بەهەماهەنگی كەسایەتی‌و ئەو لایەنانەی كە بەشیاوی ئەوكارەی دەزانن، بە بەرنامەیەكی دیارو ڕۆشن پێكەوە كاری هەماهەنگی دەستپێبكەن‌و ببنە چەتری كۆكردنەوەی هەموو ئەو دەنگ‌و ڕەنگانەی دەیانەوێت فۆڕمی حوكمڕانێتی كوردستان بەرەو ئاڕاستەیەكی سەركەوتووانەتر بەرن.

 

پڕۆژەكەی ئەو كەسایەتییانە، ناوەڕۆكەكەی لە 3 خاڵدا خراوەتەڕوو، هەروەها لایەنە باشەكانی كاری پێكەوەیی‌و دروستكردنی بەرەیەكی نێوان ئەو سێ حزبە لە 8 خاڵی دیكەدا باسكراوە.

 

ئەوان پێیانوایە، دەكرێت ئەو هاوپەیمانییەی سێ حزبەكە بۆ ناوچە جێناكۆكەكان كردوویانە فراوانتری بكەن‌و شوێنەكانی دیكەش بگرێتەوە، باسیانلەوەشكردووە ئەگەر ئەوكارە ناكرێت لەبەر هەر هۆكارێك، "ئەوا پێویستە پێكەوە بەرەی هەماهەنگی ڕاگەیەنن كە دوای هەڵبژاردنەكان پێكەوە وەك فراكسیۆنێك لەبەغداد و كوردستان بەهاوبەشی كاردەكەن‌و پێكەوە دەبن."

 

گۆڕان‌ (24 كورسی)‌و كۆمەڵ(6 كورسی) هەیە لە پەرلەمانی كوردستان‌و پێكەوە ئۆپۆزسیۆنن، هەدەدە بەهەمانشێوە پەیامی ئۆپۆزسیۆنی هەڵگرتووەو یەكەمجارە بەشداریی هەڵبژاردن دەكات، ئەو سێ حزبە لە زۆر پرسی سیاسیدا هاوهەڵوێستن‌و پێكەوە سەردانی بەغدایانكرد‌و پێكیشەوە داوای هەڵوەشانەوەی حكومەتی هەرێم‌و پێكهێنانی حكومەتی كاتییان كرد.

 

هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمان‌و ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق كە ئەو سێ حزبە لە ناوچەكانی جێناكۆك بە یەك لیست بەناوی (نیشتیمان) بەشداریی تێدا دەكەن 12ی ئایار(5)ی ئەمساڵ ئەنجامدەدرێن، بەڵام هێشتا وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمان‌و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دیاریی نەكراوە.