توركیا تۆمەتبار دەكرێت بە بەكارهێنانی هەزاران چەكداری داعش بۆ هێرشكردنەسەر عەفرین

08-02-2018 09:46
سێ چەكداری جیهادیی كە لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا گۆرانی بۆ شەڕەكانی پێشوویان‌و هێرشی سەر عەفرین دەڵێن.

 

پەرەگراف

 

ڕۆژنامەیەكی بەریتانی لە ڕاپۆرتێكی تایبەتدا ئەوە دەخاتەڕوو، توركیا لە هێرشەكانی بۆسەر عەفرین چەكدارانی داعش بەكاردەهێنێت، بۆئەو مەبەستە ڕاهێنانی پێكردوون‌و داوای لێكردوون تاكتیكی هێرشەكانیان بگۆڕن‌و خۆیان نەتەقێننەوە بۆئەوەی دەرنەكەوێت كە داعشن.

 

"زۆربەی ئەوانەی دژی یەپەگە لە عەفرین شەڕ دەكەن داعشن‌و توركیا ڕاهێنانی پێكردوون بۆئەوەی تاكتیكی هێرشكردنیان بگۆڕن" فەرەج كە لە باكوری سوریایەو پێشتر داعش بووە‌و ئێستاش پەیوەندیی لەگەڵ جیهادییەكان ماوە، وای بە ڕۆژنامەی ئیندیپێندنت وتووە.

 

ئەو چەكدارەی پێشووی داعش، لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئەو ڕۆژنامە بەریتانییە باسیلەوەشكردووە، "توركیا سەرەتای ئۆپەراسیۆنەكە هەوڵیداوە خەڵك چەواشە بكات‌و وا پیشانبدات كە شەڕی داعش دەكات، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوان خەریكن ڕاهێنان بە داعش دەكەن‌و دەیاننێرن بۆ عەفرین."

 

ماوەی 20 ڕۆژە 6 هەزار سەربازی توركیاو 10 هەزار چەكداری میلیشیای سوپای سوریای ئازاد بەردەوامن لە هێرشكردنەسەر كانتۆنی عەفرین لە ڕۆژئاوای كوردستان‌و دەیانەوێت یەكینەكانی پاراستنی گەل لەو ناوچەیە دەربكەن.

 

بەپێی ڕاپۆرتەكەی ئیندیپێندنت كە لەلایەن پاتریك كۆكبرن ڕۆژنامەنوسی بەناوبانگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامادەكراوە، زۆربەی ئەوانەی لە ئۆپەراسیۆنەكەی توركیادا بەشدارن تا ئەم دواییانەش ئەندامی داعش بوون‌و ژمارەیەك ئەندامی سوپای سوریای ئازاد بە ئاشكرا دەڵێن پەیوەندییان لەگەڵ ڕێكخراوی قاعیدە هەیە.

 

ڕاپۆرتەكە باسی ڤیدیۆیەك دەكات كە 3 چەكداری جیهادیی دەردەكەون‌و گۆرانی دەڵێن‌و باسی شەڕەكانی پێشوویان دەكەن لە چیچان، باكوری قەوقازو تۆرابۆرای ئەفغانستان، هەرچەندە داعش ساڵی ڕابردوو شكستی گەورەی هێنا لەسەر دەستی شەڕڤانانی یەپەگە لە سوریا، بەڵام ڕۆژنامە بەریتانییەكە دەڵێت، ئەو نیشانانە دەركەوتوون كە ئەوە پیشاندەدەن ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستییە دەیەوێت دەسەڵات بگرێتەوە دەست.

 

داعشەكان لە ژێر فشاری توركەكاندا دەچنە ناو سوپای سوریای ئازاد بۆ هێرشكردنەسەر عەفرین، بۆ توركیا ئەو داعشانە هێزێكی پڕۆفیشناڵ‌و بە ئەزمونن كە ئەو وڵاتە بەكاریاندەهێنێت دژی كوردو ئەگەر بشكوژرێن لەبەرئەوەی تورك نین كاریگەریی نابێت لەسەر ناوخۆی توركیا.

 

فەرەج كە تەمەنی 32 ساڵەو عەرەبەو خەڵكی حەسەكەیە كە ناوچەیەكی تێكەڵە لە كورد‌و عەرەب، باسلەوەدەكات ئەو یەپەگەی خۆشناوێت، بەڵام ئەوكارەی توركیا دەیكات گوماناوییەو دەیەوێت داعش بەكاربهێنێت، دەڵێت"توركیا داعش وەكو كلێنسی تەوالێت بەكاردەهێنێت‌و دوای ئەوەی بەكاری هێنان فڕێیان دەدات."

 

فەرماندە توركەكان بە داعشەكانیان وتووە نابێت تاكتیكی پێشوویان بەكاربهێنن وەك خۆتەقاندنەوە، چونكە ئەوكارە ئەوە پیشاندەدات كە پەیوەندیی داعش‌و توركیا بەهێزەو پێكەوە شەڕ دژی كورد دەكەن.

 

ئەو چەكدارانەی توركیا بەكاریاندەهێنێت بۆ هێرشكردنەسەر عەفرین بە توانان لە هێرشكردن بە ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو، پێشتر لەگەڵ ئەزموونیان هەبووە لەگەڵ داعش لە موسڵ‌و ڕەققە.

 

ڕۆژنامەكە بۆ وەرگرتنی ڕای فەرمیی توركیا پەیوەندی كردووە بە باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتەوە لە لەندەن، بەڵام تاكاتی بڵاوكردنەوەی ڕاپۆرتەكە ئامادەنەبوون قسە بكەن.

 

یەپەگە كە هێزی چەكداری كوردەو ئێستا بەرگری لە عەفرین دەكات دژی هێرشەكانی توركیا، بەهێزترین هێزی شەڕكەر بووە لە چەند ساڵی ڕابردوودا دژی تیرۆریستان‌و داعش لەسەر دەستی شەڕڤانان گورزی كوشندەی بەركەوتووەو چەندین ناوچەی لە دەستداوە.

 

پشتیوانیی ئەمەریكا لە چەند ساڵی شەڕی سوریا بۆ یەپەگە شاراوە نەبووە، سەرباری ناڕەزایی بەردەوامی توركیا، بەڵام واشنتۆن سیاسەتی خۆی نەگۆڕی لەگەڵ شەڕڤانان‌و تائێستا كورد نزیكترین هێزی شەڕكەری دژی تیرۆرە لە ئەمەریكاوە لەسەر خاكی سوریا.

 

هەرچەندە لە بۆردومان‌و هێرشەكانی توركیادا بۆ سەر عەفرین ژمارەیەكی زۆر خەڵكی مەدەنی كوژراون‌و برینداربوون‌و زیانی مادییان پێگەیشتووە، لە چەندین گوندو ناحیەش خانووی هاوڵاتیان كراونەتە ئامانجی بۆردومانەكان‌و خاپووركراون، بەڵام خەڵك سوورن لەسەر مانەوەو بەجێنەهێشتنی ماڵ‌و زەوی‌و زارەكانیان.

 

گرنگیی‌و پێگەی عەفرین

 

عەفرین شارێكی ڕۆژئاوای كوردستانەو لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای حەلەب-ی سوریایەو هاوسنورە لەگەڵ توركیا بە درێژایی 100 كیلۆمەتر.

 

عەفرین نزیكترین ناوچەی كوردستانە لە دەریای سپییەوە، توركیا ترسی ئەوەی هەیە كورد ڕاڕەوێك دروست بكات كە ڕۆژئاوای كوردستان بگەیەنێتە دەریای سپی، بەڵام بۆئەوەی كورد بگاتە دەریای سپی دەبێت ئیدلب لە دەستی بەرەی نوسرە ڕزگار بكات، ئەوەش یەكدەگرێتەوە لەگەڵ پلانی ڕوسیا كە ئامانجی سەرەكیی لە سوریا لە 2018دا لەناوبردنی بەرەی نوسرە دەبێت كە ئێستا بە(دەستەی ڕزگاریی شام) ناسراوە.

 

بەپێی ڕێككەوتنی توركیا لەگەڵ ڕوسیاو ئێران لە ئاستانە، دەبێت شاری ئیدلب هاوشێوەی شارەكانی دیكەی سوریا وەكو حەلەب، حومس‌و حەماو دەوروبەری دیمەشق ڕادەستی حكومەتی سوریا بكرێن بەسەرپەرشتی ڕوسیا، بەڵام توركیا مەرجی ئەوەیە كە یەپەگەش عەفرین ڕادەست بكات.

 

بەگوێرەی یاساكانی پاراستن‌و ڕێككەوتنەكان دەربارەی دۆخی سوریا، ڕۆژهەڵاتی ئاوی فورات ناوچەی ئەمەریكایەو ڕۆژئاواش هی ڕوسیایە‌و كانتۆنی عەفرین دەكەوێتە ڕۆژئاواو دەبوو ڕوسیا بیپارێزێت لە هەر هێرشێكی ئاسمانیی، بەڵام ئەوەی نەكردو ڕێگەیدا توركیا بۆردومانی چڕی بكات.

 

بەرلەوەی توركیا هێرش بكاتەسەر عەفرین، ڕوسیا كە پاراستنی ئەو ناوچەیەی لە ئەستۆیە فشاری خستووەتەسەر كورد عەفرین ڕادەستی سوریا بكات، بەڵام كورد ئەوەی ڕەتكردووەتەوەو ڕێگای بەرخۆدان‌و پاراستنی ناوچەكەی هەڵبژاردووە، ئەمەش بەوتەی وەزیری دەرەوەی كانتۆنی جەزیرە لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ پەرەگراف.

 

عەفرین بە (بووكی كوردستان) ناودەبرێت، ناوچەیەكی شاخاویی‌و گەشتیارییە، داهاتی سەرەكی لە سەر زەیتون‌و میوەو سەوزە‌و گەنمە، لە 360 گوند پێكدێت‌و لە سەرەتای شۆڕشی سوریا لەلایەن شەڕڤانانی كوردەوە كۆنتڕۆڵكراوەو لەو كاتەوە سەرباری هەموو گەمارۆو هێرشی گروپە چەكدارەكان، كورد توانیویەتی بیپارێزێت‌و پێشكەوتن لە كەرتی جۆراوجۆر لە ناوچەكە بەدیهاتووە.

 

باكوری عەفرین توركیایە، شاری حەلەب دەكەوێتە باشورییەوە كە بەدەست حكومەتی سوریاوەیە، لە ڕۆژهەڵاتییەوە ناوچەكانی عەزازو باب هەن كە لەژێر كۆنتڕۆڵی هێزەكانی سەر بە توركیان، لە ڕۆژئاوای عەفرین شاری ئیدلب هەیە كە بەرەی نوسرە بەهێزترین گروپی ئەو شارەیەو چەندین گروپی دیكەش هەن كە تێیاندایە سەربە توركیان.

 

ئێستا تەنها ڕێڕەوێك كە كوردانی ڕۆژئاوا بتوانن لێیەوە بچنە عەفرین بۆهەر مەبەستێك ڕێگای حەلەبە كە بەدەست حكومەتی سوریاوەیەو ڕێككەوتن لە نێوان كوردو سوریا هەیە بۆ هاتووچۆكردن‌و ئاستەنگی دروست نەكردن، ڕێگای مەنبەج-حەلەب‌و حەلەب-عەفرین لە ژێركۆنتڕۆڵی حكومەتی سوریاو شەڕڤانانی كورددایە.

 

هەتا عەفرین لەژێر دەستی هێزی كوردیدا بێت ئەو خەونەی ئەردۆغان نایەتەدی‌ بۆ یەكخستنی ئەو ناوچانەی لە ژێر كۆنتڕۆڵی گروپە چەكدارەكانی سەربە توركیادان‌و ناوچەكان لە یەكتر دابڕاو دەبن.