هیومان ڕایتس ۆوچ هێزەكانی هەرێم تۆمەتباردەكات بە "گوللەبارانی بەكۆمەڵ"ی دەستگیركراوان

09-02-2018 03:19
شوێنی گۆڕە بە كۆمەڵەكە لە ڕۆژئاوای دیجلە، بەپێی هیومان ڕایتس ۆوچ.

 

پەرەگراف

 

ڕێكخراوی هیومان ڕایتس ۆوچ هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان تۆمەتباردەكات بە ئەنجامدانی گوللەبارانی بەكۆمەڵی چەند دەستگیركراوێك كە گوایە چەكداری داعش بوون، ئەوەش بە "تاوانی جەنگ" لەقەڵەم دەدات، بەرپرسێكی حكومەتی هەرێمیش ڕەتیدەكاتەوە.

 

هیومان ڕایتس ۆوچ ڕێكخراوێكی نێودەوڵەتییەو چاودێری ڕەوشی مافەكانی مرۆڤ دەكات لە سەرانسەری دونیا، لە نوێترین ڕاپۆرتیدا باسلەوەدەكات لە نێوان 28ی ئاب‌و 3ی ئەیلولی 2017 هێزەكانی ئاسایشی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەشی ڕۆژئاوای دیجلە هەستاون بە ئەنجامدانی گوللەبارانی بەكۆمەڵی چەند دەستگیركراوێك كە گوایە چەكداری داعش بوون.

 

بەپێی ڕاپۆرتەكە، هێزەكانی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەو پیاوانەیان دەستگیركردووە كە عێراقی‌و بیانی بوون لە قوتابخانەی گوندی سهل الملحە كە بە دووری 70 كیلۆمەتر دەكەوێتە باكوری ڕۆژئاوای موسڵ. بەپێی وتەی ئەندامێكی هێزە ئەمنییەكان كە ئێستا خانەنشین بووە، هێزەكانی ئاسایش ئەو پیاوانەیان گواستوەتەوە بۆ زیندانێك لە شلگیا(زیندانی شلگیا گەورەترین زیندانە لە ناوچەكەو لەژێر فەرماندەیی ئاسایشی زوومماردایە) كە 45 كیلۆمەتر لەو شوێنەوە دوور بووەو لەوێشەوە بردوویانن بۆ دوو شوێن لە دەوروبەری شارۆچكەی زوومارو لەوێ گوللەبارانیان كردوون.

 

هیومان ڕایتس ۆوچ دەڵێت، توانیویەتی گۆڕێكی بە كۆمەڵ لەوشوێنە بدۆزێتەوە كە بەپێی وتەی ئەندامە خانەنشین بووەكەی ئاسایش‌و شەش دانیشتووی ئەو گووندە، ئاسایش هەندێك لە لاشەكانی تێدا كردوون بەژێر خۆڵەوە لە دوای گوللەباران كردنەكە.

 

ئەو ڕێكخراوە نێودەوڵەتییە دەشڵێت"دەبێت بەرپرسانی دادوەری تاوانەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لێكۆڵینەوە لەم تاوانە ئاشكرایەی جەنگ بكەن و لێپرسینەوە لەوانەش بكەن بە بەزرترین ئاستی باڵاشەوە كە بەرپرسیار بوون لە ئەنجامدانی ئەم تاوانە."

 

لەما فەقیە، جێگری بەڕێوەبەری هیومان ڕایتس ۆوچ لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، وتی"بەڵگەكان پێشنیازی ئەوە دەكەن كە هێزەكانی ئاسایش هەستاون بە گوللەبارانكردنی دەستگیركراوانی گومانلێكراوانی داعش شەو لەدوای شەو بۆ ماوەی یەك هەفتە كە ڕەنگە ژمارەی گوللەباران كراوە دەستگیركراوەكان زۆربێت و بگاتە سەدان پیاو. دەبێت دەسەڵاتدارانی عێراقی‌و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستبەجێ و بەشێوەیەكی شەفاف لێكۆڵینەوە لە تۆمەتەكانی گوللەبارانی بە كۆمەڵ بكەن و لێپرسینەوە لە بەرپرسیارانی بكەن."

 

هیومان ڕایتس ۆوچ ئەوەشدەخاتەڕوو، لەبەرئەوەی شوێنی گۆڕە بەكۆمەڵەكە دەكەوێتە ناوچەی لافاوی سەدی موسڵ، زۆر گرنگە بەخێرایی ڕێگە بە شارەزایانی نێودەوڵەتی گۆڕی بە كۆمەڵ بدرێت هەستن بە پشكنینێكی تێروتەسەل‌و هەڵدانەوەی ئەو گۆڕە بەرلەوەی وەرزی باران دووبارە ڕووباری بەر سەدەكە پڕبكات‌و گۆڕەكە بكەوێتە ژێر ئاو كە ئەوەش ناسینەوەی ناسنامەی لاشەكان ئاڵۆز دەكات.

 

 

شوێنی گوللەبارانەكە لەسەر نەخشە، سەرچاوە؛ هیومان ڕایتس ۆوچ.

 

ئەو ڕێكخراوە نێودەوڵەتییە لە ڕاپۆرتەكەیدا پشتی بەستووە بە لێدوانی ئەندامێكی خانەنشینی هێزەكانی ئاسایش لەگەڵ بەدواداچونی مەیدانیی‌و وتەی شایەتحاڵ‌و دانیشتووانی گوندەكانی ئەو ناوچەیەو كەسوكاری ئەو كەسانەی بە تۆمەتی ئەندامێتی داعش دەستگیركراون.

 

هیومان ڕایتس ۆوچ نەیتوانیوە قسە لەگەڵ شایەتحاڵانی گوللەبارانەكان بكات، بەڵام ئەوەی خستووەتەڕوو، بەڵگەی تر پێشنیازی ئەوە دەكەن كە هێزەكانی ئاسایش هەستابن بە گوللەبارانكردنی ئەو گومانلێكراوانەی داعش.

 

هیومان ڕایتس ۆوچ قسەی لەگەڵ (نازم) كردووە كە ئەندامێكی هێزەكانی ئاسایش بووەو ئێستا خانەنشینەو لەپەیوەندی بەردەوامدا بووە لەگەڵ ئەو ئەندامانەی ئاسایش كە پێیان وتووە بەشدارییان لە گوللەبارانەكان كردووە، هەروەها توێژەران هەستاون بە شیكاركردنی گرتەی ڤیدیۆیی‌و وێنەی بەڵگەنامەیی كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بڵاوكراونەتەوەو وێنەی مانگە دەستكردەكان كە "نیشانی دەدەن گۆڕە بەكۆمەڵەكە لە نێوان 5ی تەمووز و 3ی ئەیلول بە بلدۆزەر هەڵكەنراوە، لەگەڵ چاوپێكەوتن لەگەڵ دانیشتوانی گووندێكی دراوسێ ئەو دەوروبەرە."

 

نازم چووەتەسەر یەكێك لە گۆرە بە كۆمەڵەكان لە 29ی ئاب‌و وتی"لەوێ‌ 30 لاشەی بەدیكردووە كە باوەڕوایە چەند كاتژمێرێك پاش گوللەبارانكردنی گرووپی یەكەم بووە. هیومان ڕایتس ۆوچ سەردانی گۆڕێكی بە كۆمەڵی كرد كە نازم و گووندنشینەكان وتیان لەوێ‌ لاشە نێژراوە لە ڕێكەوتی 30 كانوونی دووەمی 2018 و هەروەها بۆ جاری دووەم لە 6ی شوبات."

 

"نازم وتی لە 29ی ئاب هاوڕێیەكی لە ئاسایش ووتویەتی كە ئە و وئەندامانی تری ئاسایش كە هەموویان بەشێك بوون لە ئاسایشی ڕۆژئاوای دیجلە شەوێك بەرلەو ڕێكەوتە نزیكەی 80 دەستبەسەری گومانلێكراوی داعشیان لە زیندانی شلگیاوە بردووەو نزیكەی 50 كەسیان لێ گولەباران كردوون لەدەرەوەی گووندی تل ئەحمەد ئاغا الكبیر، باقیەكەی تریان لە دەرەوەی گووندی باردیە گولەبارانكراون كە توێژەران سەردانی شوێنەكەیان كرد."

 

هەربەپێی ڕاپۆرتەكەی هیومان ڕایتس ۆوچ، نازم كە ئەندامێكی هێزەكانی ئاسایش بووەو ئێستا خانەنشینەو لەپەیوەندی بەردەوامدا بووە لەگەڵ ئەو ئەندامانەی ئاسایش كە پێیان وتووە بەشدارییان لە گوللەبارانەكان كردووە، وتویەتی"چەند كاتژمێرێك دواتر سەردانی ئەو شوێنەی لە نزیك باردیە كردووە. وتیشی لەسەر بنەمای زانیاری گووندنشینەكان كە پێیان گووتوە لاشەیان لەوێ دۆزیوەتەوە شوێنەكەی دۆزیوەتەوە. لەوێ، نزیكەی 30 لاشەی نەنێژراو دەژمێرێ كە هەموویان گوللە بەسەریانەوە بووەو سێ وێنەی لاشەكان و دوو گرتەی ڤیدیۆیی دەگرێت."

 

"نازم وتی، ئەو ئەندامەی ئاسایش پێشی وتووە كە لە ئێوارەی 30ی ئاب تا بەرەبەیانی ڕۆژی دواتر خۆیی و چەند ئەندامێكی تری ئاسایش 100 تا 150 پیاویان باركردۆتە ناو بارهەڵگرێكی گەورەی سەلاجەیی و بۆماوەی 7 كاتژمێر لە فرێزەرەكەیدا هێشتویاننەتەوە. پاشان بردویانن بۆ شوێنی گۆڕە بەكۆمەڵەكەی پێشتر لە نزیك باردیە و لەوێ لاشەی پیاوەكانیان كە بەهۆی سەرمای فرێزەرەكەو خنكانی پاڵەپەستۆی ناوچاڵەكەوە مردوون‌ خستۆتە ناو گۆڕە بەكۆمەڵەكەو ئەوانەشیان گولەباران كردووە كە هێشتا زیندبوون."

 

ئەو ڕێكخراوە نێودەوڵەتییە ئەوەشدەخاتەڕوو، وێنە بەڵگەییەكان كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بڵاوكرابوونەوەو وتەی شایەتحاڵانی تر بەشێك لە وتەكانی (نازم)یان پشتڕاستكردووەتەوە.

 

هیومان ڕایتس ۆوچ داوای لێدوانی حكومەتی هەرێمی كردوووە سەبارەت بەو گوللەبارانانە، د.دیندار زێباری ڕێكخەری حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ داكۆكی نێودەوڵەتی، نكۆڵی كردووە لەوەی كە گوللەباران ئەنجام درابێت.

 

دیندار زێباری دەڵێت"بەپێی وتەی بەرپرسی هێزەكانی ئاسایش، پێشمەرگە بەدرێژای 71 كیلۆمەتر لەگەڵ داعش لەبەرەی جەنگدا بووە لەكاتێكدا ئەندامانی گرووپەكە لە هەوڵی دەربازبووندا بوون بۆ ناو سووریا. لە شەڕەكاندا، ژمارەیەكی زۆر لە چەكدارانی داعش و هێزەكانی پێشمەرگە كوژراون‌و ڕەنگە لاشەی هەموو كوژراوانی داعش هێنرابن‌و لەیەك شوێندا نێژرابن."

 

ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكە ئەوەدەخاتەڕوو، ئەو بەرەیەی شەڕ كە لە وەڵامەكەی حكومەتی هەرێمدا باسكراوە 40 كیلۆمەتر لەو شوێنەوە دوورە كە توێژەران گۆڕە بە كۆمەڵەكەیان تێدا دۆزیوەتەوە، دەڵێت"ئەم ڕوونكردنەوەیە هاوتا نییە لەگەڵ شێوەی لاشەكان بە دۆزراوی، كە بەپێی وتەی نازم و سێ گووندنشینی باردیە گوللە بەسەریانەوە بووەو لە ناوچەیەكی گۆشەگیری بیابانی و دوور لە هەر شوێنێك كە شەڕی تێدا بووە كراون بەژێر خۆڵەوە. هەروەها ئەو وێنانەی لە 2ی ئەیلول لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بڵاوكرابوونەوە نیشانی دەدەن دەستی هەندێك لە پیاوەكان بەستراو بووە. زووممارو باردیە لە كۆتایی ساڵی 2014 بۆماوەی كەمتر لە مانگێك لەلایەن داعشەوە داگیركرا و لەدوای ئەو كاتەوە هیچ شەڕێك لەوێ نەبووە، بەپێی ووتەی چەندین ئەفسەری ئەمنیی‌و سووپا كە توێژەران چاوپێكەوتنیان لەگەڵ كردوون."

 

هیومان ڕایتس ۆوچ دەڵێت، دەبێت بەرپرسانی دادوەریی تاوانەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەستن بە ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەیەكی خێراو شەفاف و كاریگەر لەبەرزترین ئاستی باڵادا لە هەموو تۆمەتەكانی ئەنجامدانی ئەم تاوانانە، بە كووشتنی نایاساییشەوە كە لەلایەن هەر لایەنێكی شەڕەكەو ئەنجامدرابێ. ئەوانەی دەستیان لەم تاوانانە هەبووە دەبێت ڕوبەڕوی سزای گونجاو ببنەوە. گولەباران و ئەشكەنجەی كوێرانەو لەدەرەوەی یاسا لەكاتی شەڕو جەنگدا بە تاوانی جەنگ لەقەڵەم دەدرێت. هەروەها دەبێت بەرپرسان لێكۆڵینەوە لە چارەنووسی بێسەروشوێنەكانیش بكەن.

 

لەما فەقیە وتی''چەندین مانگە بێدەنگی هەیە، پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان شەفاف بێت لە ئاست ئەم كوشتارانەو سزای هەركەسێك بدات كە بەرپرسیار بووە لە كووشتنی نایاسایی."