پەرەگراف زانیاریی ورد لەسەر كۆبوونەوە فراوانەكەی یەكێتی ئاشكرا دەكات

15-02-2018 05:46
كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی سەركردایەتی‌و ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی. وێنە؛ میدیای یەكێتی.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

كۆبوونەوەی هاوبەشی سەركردایەتی‌و ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی بۆ دیاریكردنی ڕۆژی كۆنگرەی حزبەكەیان بە پێشنیارێك كۆتایی هات كە 5-3ی دیاریكردووە بۆ ئەو پرسە، تۆپەكە خراوەتەوە گۆڕەپانی ئەنجومەنی سەركردایەتی بۆ بڕیاری كۆتایی‌و پابەند كراوە بەوەی بۆی هەیە تەنها بۆ 10 ڕۆژ دوای بخات.

 

لە كۆبوونەوەكەدا چەند بەرپرسێكی باڵای ئەو حزبە بەشدارییان نەكردووە، پەرەگراف لە زاری سەرچاوەیەكی باڵای ناو كۆبوونەوەكەوە زانیویەتی، بەشداریی نەكردنی هەندێكیان بە هۆی نیگەرانیی‌و ناڕەزاییەكانیانەوە بووە، وتەبێژی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتیش بۆ پەرەگراف چەند هۆكارێكی دیكەی بەشدار نەبوونی بەرپرسەكانی دیكە ئاشكرا دەكات.

 

سەرچاوەكەی پەرەگراف كە بەرپرسێكی باڵای یەكێتییەو خۆی بەشداربووە لە كۆبوونەوەكە دەڵێت"مەلا بەختیارو حاكم قادرو شێخ جەعفەرو مەحمود سەنگاوی بەشدارییان نەكردووە، جگە لە كاك مەحمود كە بەهۆی كاری تایبەتەوە بووە، ئەو سێ بەرپرسەی دیكە بەهۆی ناڕەزاییەكانیانەوە بەشدار نەبوون‌و ئەوان ئامادەنین لە ژێر ناوی ئەندامی سەركردایەتی بەشداریی بكەن‌و پێیانوایە هێشتا ئەندامی مەكتەبی سیاسین لە كاتێكدا مەكتەبی سیاسی نەماوەو هەڵوەشاوەتەوە."

 

سەرچاوەكە زیاتر لە بارەی نیگەرانیی ئەو بەرپرسانەوە زانیاریی ئاشكراكرد، وتی"كاك بەختیار لەگەڵ ئەنجامدانی كۆنگرەش نییەو ئەو پرسە بە پیلانگێڕی دەزانێت بەبێئەوەی ڕوونی بكاتەوە كێ پیلانگێڕی دژی كێ دەكات؟ ترسێكیشی هەیە كە لە كۆنگرە دەرنەچێت‌و دەسەڵاتی نەمێنێت."

 

كۆبوونەوەكە دوو باڵە سەرەكییەكەی حزبەكەی كۆكردەوە كە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدو كۆسرەت ڕەسوڵ سەرۆكایەتییان دەكەن، وەك وتەبێژی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی بە پەرەگرافی وت"بەكۆی دەنگ كە كاك كۆسرەت‌و هێرۆخان‌و ئەوانیش دەنگیان پێدا پێیان باش بوو 5-3 ڕۆژی كۆنگرە بێت، ئەم پێشنیارە دەخرێتە بەردەم ئەنجومەنی سەركردایەتی بۆئەوەی ئەوان بیكەن بە بڕیار."

 

سەرچاوە باڵاكەی پەرەگراف دەڵێت"ئەنجومەنی سەركردایەتی پابەندكرا بەوەی ئەگەر ئەو ڕێكەوتەی پەسەند نییە نابێت كۆنگرە بخاتە دوای 15-3‌و تەنها بۆ 10 ڕۆژ بۆی هەیە دوای بخات" پەرەگراف بۆ پشتڕاست كردنەوەی ئەو زانیارییە پرسیاری لە وتەبێژەكەی ئەنجومەنی ناوەند كرد، بەڵام وتی"لەسەر ئەوە قسە ناكەم."

 

كۆبوونەوەكە لەسەر پێشنیاری ئەنجومەنی ناوەند بووەو بانگهێشتنامە بۆ سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنەكەو ئەندامانی سەركردایەتی نێردراوە، لەتیف نێروەیی ئەوەی خستەڕوو، ئامادەنەبوونی هەندێك لە بەرپرسانی یەكێتی لە كۆبوونەوەكە بەهۆكاری جیاواز بووە، وتی"هەندێكیان وەزیرن لە بەغدا، هەندێكیان سەرقاڵی لیستی كاندیدەكانی یەكێتین كە ئەمڕۆ دوا وادەبوو، هەندێك لە دەرەوەن‌و بەشێكیش داوای مۆڵەتیان كردووە، بەشێوەیەكی گشتی هیچ سەركردەیەك دژی ئەنجامدانی كۆنگرە نییەو بابەتەكەش پەیوەست بوو بە دیاریكردنی ڕۆژێك بۆ كۆنگرە."

 

لە وەڵامی پرسیارێكدا دەربارەی ئەوەی هەریەكە لە مەلا بەختیار، حاكم قادرو شێخ جەعفەر بەهۆی نیگەرانییەكانیانەوە بەشدارییان نەكردووە، وتەبێژی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی وتی"نازانم، زانیارییم نییە، ئەوان لەگەڵ ئێمە هیچ كێشەیەكیان نییە وەكو ئەنجومەنی ناوەند، هیچ سەركردەیەكی یەكێتی لەگەڵ ئەنجومەن كێشەی نییە، هەر هۆكارێك هەبێت هۆكارەكە ئەنجومەنی ناوەند نییە."

 

وەك لەتیف نێروەیی ڕوونیكردەوە، لە كۆبوونەوەكەدا چەند ئەگەرێكیان تاوتوێ كردووە، لەوانەش ئایا ئەنجامدانی كۆنگرە گونجاوە یاخود بەستنی پلنیۆم؟ ئەگەر كۆنگرە بكرێت پێش هەڵبژاردنەكانی عێراق بێت كە مانگی 5ی ئەمساڵە یاخود دواتر؟.

 

"دواجار هەمووان گەشتینە ئەو بۆچوونە هاوبەشە كە بەبێ كۆنگرە كێشەكان چارەسەر نابن، كۆنگرەش پێش هەڵبژاردن بكرێت بۆئەوەی یەكێتی بە بەرنامەیەكی نوێوە بتوانێت جەماوەری خۆی ئاشت بكاتەوەو دەنگێكی باش بەدەستبهێنێت‌و خۆی ڕێكبخاتەوەو ئامادەبێت بۆ ڕووداوەكان‌و گۆڕانكارییەكانی دوای هەڵبژادنی پەرلەمانی عێراق" لەتیف نێروەیی وای وت.

 

بەرپرسانی یەكێتی تائێستا سەركەوتوو نەبوون لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان، بەڵام هەوڵی چڕیان خستووەتەگەڕ بۆ ئەنجامدانی كۆنگرەی حزبەكەیان كە بە ڕۆژی گۆڕانكاریی‌و نوێ بوونەوەی دادەنێن.

 

گرژیی‌و ناكۆكییەكانی ناو یەكێتی بەجۆرێك تووند بوونەتەوە مانەوەی ئەو حزبەی بە یەكپارچەیی خستوەتەبەردەم هەڕەشە، بەرپرسانی یەكێتی بە هەستیارییەكی زۆرەوە مامەڵە لەگەڵ كۆبوونەوەكانی حزبەكەیان دەكەن.

 

ناكۆكییەكان بەجۆرێكن هەر گروپەو دەیەوێت لە بەرژەوەندیی خۆی گۆڕانكاریی بكرێت‌و جومگە سەرەكییەكانی دەسەڵاتی حزبیی لای خۆی بێت وەك؛ پۆستی یەكەمی حزب، پارەو دەسەڵاتی میدیا.

 

هەرچەندە لەدوای نەخۆشكەوتنی مام جەلال(كۆتایی 2012) ناكۆكییەكانی ناو حزبەكەی تەشەنەیان سەند‌و ئەو حزبە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوویدا بە زەحمەت بڕیارێكی داوە كە كۆدەنگیی لەسەر بووبێت‌و وەكخۆی جێبەجێ كرابێت، هاوكات ئەو كۆبوونەوەیەی ساڵی ڕابردووی سەركردایەتی كە مەكتەبی سیاسی حزبەكەی هەڵوەشاندەوە ناكۆكی نوێی دروست كرد.

 

سەركردایەتی یەكێتی(4-11-2017) لە دۆخێكی پڕ لە ئاڵۆزیدا مەكتەبی سیاسی هەڵوەشاندەوە، ئەوەش ناڕەزایی بەشێك لە بەرپرسانی باڵای لێكەوتەوە، بەهۆی ناكۆكییەكانەوە هێشتا جێگرەوەی مەكتەبی سیاسی دیاری نەكراوەو ناڕازییەكانی ناو مەكتەبی سیاسیش دان بەو هەڵوەشاندنەوەیەدا نانێن.

 

بۆشایی مام جەلال‌و پڕكردنەوەی شوێنەكەی

 

بۆ یەكێتییەكان مام جەلال ڕەمزی یەكگرتوویی ناوخۆیی بوو، كە بە سیاسەتی "چەپكە گوڵەكە" ناویان دەبرد، بەواتای توانای كۆكردنەوەی لایەنە ناكۆكەكان‌و یەكخستنیان، زۆری نەبرد لە دوای دوركەوتنەوەی تاڵەبانی كە بەرهەم ساڵح جێگری دووەمی لە حزبەكەی دابڕاو دواتر حزبێكی نوێی ڕاگەیاند‌و بڕیارە لە دەرەوەی یەكێتی بەشداریی هەڵبژاردنی داهاتوو بكات.

 

یەكێتی بەدرێژایی تەمەنی چەندین سەركردەی لێجیابووتەوە كە حزب‌و گروپی دیكەی سیاسییان پێكهێناوە، دیارترینیان نەوشیروان مستەفاو هاوڕێكانی بوون كە ساڵی 2006 جیابوونەوەو لە 2009دا گۆڕانیان دروستكردو بەشدارییان لە هەڵبژاردن كرد، بەڵام ئەوە كاتێك ڕوویدا تاڵەبانی خۆی لە گۆڕەپانەكەدا بوو.

 

ئێستا كە چەند مانگێك بەسەر كۆچی دوایی تاڵەبانیدا تێپەڕیوە، پڕكردنەوەی شوێنەكەی‌و دانیشتنی كەسێكی دیكە لەسەر كورسییەكەی‌و وەرگرتنی دەسەڵاتەكانی، بووەتە خاڵی جەوهەریی ناكۆكییەكانی نێوان باڵە جیاوازەكان.

 

تاڵەبانی كە لە كۆتایی 2012 بەهۆی نەخۆشییەوە لە سیاسەت دابڕا، لە مانگی 3ی ئەو ساڵەدا لە میانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ڕۆژنامەی هاوڵاتی(ژمارە 814‌و 815 ڕێكەوتی 4-7/3/2012) باسلە دۆخی ناخۆیی‌و گۆڕانكاریی لە حزبەكەیدا دەكات‌و پێشبینی دەكات یەكێتی لە نەبوونی ئەویشدا ئایندەیەكی باشی هەبێت.

 

مام جەلال كە ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرو كەسی یەكەمی یەكێتی بووە لە دامەزراندنیەوە تا دووركەوتنەوەی لە سیاسەت، لە چاوپێكەوتنەكەیدا پێیوایە، كاتی ئەوەهاتووە یەكێتی گۆڕانكاریی لەكاری خۆی‌و ڕەفتارو پەیوەندییەكانی خۆی، هەروەها سەركردایەتی‌و دروشمەكانی خۆیدا بكات.

 

لەبارەی ڕێگریی لە گۆڕانكاریی لەلایەن ئەو بەرپرسانەی حزبەكەی كە لە بەرژەوەندییان نییە، تاڵەبانی پێیوانییە بتوانن ڕێگریی بكەن ئەگەر گۆڕانكارییەكە ببێت بە بڕیاری حزب، ئەوەشدەخاتەڕوو، ئەو لەگەڵ ئەنجامدانی گۆڕانكارییدایەو لایەنگری ئەوەیە كەسی یەكەمی حزب بۆ دووخول زیاتر دەسەڵاتی نەبێت.

 

تاڵەبانی بەو پێیەی چەندین خول كەسی یەكەم بووە، لە چاوپێكەوتنەكەیدا پێیباش بووە تەنها یەك خولی دیكە بمێنێتەوە، مام جەلال دەڵێت"ئەگەر ترس لەوە هەیە یەكێتی كارەكانی خۆی پێڕانەپەڕێت بەبێ من، ئەوا دەڵێم ئەگەر ڕێكخستنێك، حزبێك بەبێ مام جەلال نەتوانێ بەڕێوەبچێت، وەڵڵا حەقی مانەوەی نییەو با زووتر بڵاوەی لێبكات."

 

هەروەها مام جەلال دەرباری جیابوونەوەی نەوشیروان مستەفا، دەڵێت"بۆ یەكەمجاربوو ئێمە ڕوبەڕوی ئینشقاقێكی گەورەی وا ببینەوە، ئەو ئینشقاقە كاریگەری زۆری هەبوو بۆسەر وەزعی ئێمە."

 

تاڵەبانی دەشڵێت"دڵنیام كۆنگرەی داهاتوو كۆنگرەی گۆڕانكاریی بنەڕەتی دەبێت لەڕووی كۆمەڵایەتی‌و عەدالەتی كۆمەڵایەتییەوە، چونكە یەكێتی بەتەمایە ئەمجارە بەرەو پێشەوە بچێت، چونكە ئەو برینانەی لەشی ساڕێژ بووەو چاك بووەتەوە، ماوەتەوە ئەوەی پەیڕەوێكی پێشكەوتووی ئەوتۆ نیشان بدات كە سۆسیال دیموكراتییانە بێت."

 

پێشبینییەكانی مام جەلال بۆ ئایندەی یەكێتی

 

حزبە كوردییەكان بەدەگمەن لە پڕۆسەیەكی دیموكراتیدا كەسی یەكەمیان دەگۆڕن، مەگەر نەخۆشیی یاخود مردن ببێتەهۆی گۆڕانكاریی لە لوتكەی دەسەڵاتی حزبدا، هەربۆیە نەمانی كەسی یەكەم كاریگەریی زۆری دەبێت، بەڕادەیەك زۆرێك مانەوەی حزب‌و بەهێزییەكەی بە كەسی یەكەمەوە گرێ دەدەن.

 

مام جەلال لە چاوپێكەوتنەكەی لەگەڵ هاوڵاتی، لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا نییە كە پێیوایە یەكێتی واتە مام جەلال‌و مام جەلال واتە یەكێتی، لەبارەی ئەوەی دوای مام جەلال یەكێتی چی لێدێت؟ تاڵەبانی دەڵێت"هیوادارم یەكێتی دوای مام جەلال باشتر بێت‌و زیاتر دیموكراسی تێبكەوێت‌و زیاتر ئاڵوگۆڕی بەرەو پێشكەوتن تێبكەوێت، ئومێدیش دەكەم ئەو كەموكوڕییانەی لەسەردەمی سەركردایەتی مام جەلال هەبووە ئەو كات نەمێنێت."

 

تاڵەبانی لەوبڕوایەدایە یەكێتی دەتوانێت بەردەوام بێت‌و بەرەوپێشەوەبچێت، دەڵێت"یەكێتی دەمێنێتەوە وەك هێزێكی گەورە، مومكینە خەڵكی لی َجیاببێتەوە، خۆ نزیكترین كەس لە مام جەلال كاك نەوشیروان مستەفا بووە ئەوە جیابووەوەو گۆڕانی دروستكرد، وابزانم هەموو خەڵكی كوردستان دەزانێت ئەو كەسانەی لەناو یەكێتی ماونەتەوە نزیكترین كەس نەبوون لە مام جەلال لەناو یەكێتیدا لەچاو كاك نەوشیروان ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە یەكێتی مایەوەو نەشفەوتا."

 

دەربارەی ئەوەی ئەودۆخە بە ودجودی خودی مام جەلال بووە، تاڵەبانی دەڵێت"ڕاستە ئەوەی ئێستا هەمووی بەوجودی مام جەلال، جا دوای مام جەلال خۆیان بیربكەنەوە ئەگەر توانییان یەكێتییەكەیان بەڕێوەبەرن زۆرباشە، ئەگەر نەیانتوانی خۆ كاركردن بەزۆر بەڕێوەناچێت."

 

مام جەلال بەمجۆرە پێشبینی ئایندەی حزبەكەی دەكات"پێشبینییەكەم ئەوەیە كە یەكێتی دەبێت خۆی بكاتە پارتێكی سۆسیال دیموكراتی ڕاستەقینە، هەندێك كەموكورتی هەیە موجامەلات دەكرێت، خاتری فڵان‌و فڵان دەگرن، ئەوە نەهێڵن.. هەروەها ئەو گۆڕانكارییانەی كە پێویستە بەپێی هەلومەرجی تایبەتی‌و بابەتی هەم لە پڕۆگرام‌و پەیڕەودا هەم لە ڕەفتارەكانیدا، كە بەلای منەوە ڕەفتارەكانی زۆر گرنگە ئەنجامبدرێن."

 

زۆرێك لە سەركردەكانی یەكێتی هاوڕای مام جەلالن بۆ پێویستی گۆڕانكاریی لەناو حزبەكەیان، بەڵام بۆئەوكارە پێویستیان بە بەستنی كۆنگرەیە‌و ئەوەش یەكێكە لە بڕیارە قوسەكان‌و ڕەنگە ببێتە ساتی كۆتایی هاتنی ژیانی سیاسیی هەندێكیان، هەربۆیە چەند ساڵێكە لەسەر ئەوپرسە ڕێكناكەون.

 

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی كۆنگرە باڵاترین دەسەڵاتی ئەو حزبەیە‌و هەر 3 ساڵ جارێك دەبەسترێت‌و پێویستبوو كۆنگرەی چوارەم لە مانگی 10ی 2013دا ببەسترایە، بەڵام تائێستا ئەو كۆنگرەیە نەك نەبەستراوە، بەڵكو وادەی بەستنیشی دیاریی نەكراوە.

 

هەر بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی "لەكاتی لە كار نەمانی سكرتێری گشتی بە هەر هۆیەك بێت، لە ماوەی (2) مانگدا دەبێت كۆنگرەی نا ئاسایی ببەسترێت" جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتی 3-10-2017 كۆچی دوایی كرد، واتە بەپێی پەیڕەو دەبوو یەكێتی مانگی 12ی ساڵی ڕابردوو كۆنگرەی ببەستایە.

 

هەرچەندە مام جەلال ماوەی 5 ساڵ بەهۆی نەخۆشییەوە نەیتوانی كارەكانی ڕابپەڕێنێت، یەكێتی لەو ماوەیەدا كۆنگرەی نەبەست‌و بەرپرسانی یەكێتی ئەو ماددەیەی پەیڕەوی ناوخۆی حزبەكەیان وا لێكدەدایەوە كە "لە كار نەمان" مەبەستی مردنەو نەخۆشیی ناگرێتەوە.

 

ڕۆژانی داهاتوو وەڵامدەرەوەی یەكێتییەكان دەبێت كە ئاخۆ پێشبینی‌و بۆچوونەكانی مام جەلال لەبارەی ئایندەی حزبەكەیان دێتەدی‌و یەكێتی بە بەهێزیی‌و گەورەیی دەمێنێتەوە؟ یاخود بەرپرسان، ئەو حزبە بە ئاڕاستەیەكی دیكەدا دەبەن‌و لەتبوونێكی دیكە ڕووی تێدەكات، هەروەك تاڵەبانی دەڵێت"ئەگەر توانییان یەكێتییەكەیان بەڕێوەبەرن زۆرباشە، ئەگەر نەیانتوانی خۆ كاركردن بەزۆر بەڕێوەناچێت."