چۆنیەتی ڕفاندنی عەبدوڵا ئۆجەلان لە زاری بەشداربوویەكی پڕۆسەكەوە

18-02-2018 09:30
دەستگیركردنی ئۆجەلان.

 

پەرەگراف

 

دوای 19 ساڵ لە دەستگیركردن‌و ڕفاندنی عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری پەكەكە، بەشداربوویەكی پڕۆسەكە چۆنییەتی دەستگیركردنی لە كینیا‌و گەیاندنی بە خاكی توركیا دەگێڕێتەوە كە لە كردەوەیەكی نهێنیی هەواڵگرییدا ئەنجامدراوە.

 

حەسەن ئیشگوزار، ئێستا پڕۆفیسۆرە لە زانكۆی ئەنقەرە، كاتی ڕفاندنی ئۆجەلان ڕاوێژكاری وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی توركیا بووەو یەكێك بووە لە جێبەجێكارانی پڕۆسەی ڕفاندنەكە، بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵی توركیا وردەكاریی‌و چۆنییەتی پلان‌و پڕۆسەی ڕفاندنی ئۆجەلانی باسكردووە.

 

ئیشگوزار ئەوەی خستووەتەڕوو، سەرەتای پڕۆسەكە لەوەوە دەستیپێكردووە كە چەند ئەفسەرێكی هەواڵگریی توركیا چوونەتە وەزارەتی گواستنەوەی وڵاتەكەیان‌و داوای ڕێكخستنی مامەڵەی فڕینی فڕۆكەیەكی توركییان كردووە، بەبێ ئەوەی مەبەست‌و ئامانجی ئەو كارە ئاشكرا بكەن.

 

حەسەن ئیشگوزار دەڵێت"هەندێك زانیاری گەیشتبوونە دەست دەزگای هەواڵگریی توركیا، كە یۆنان فڕۆكەیەكی بە كرێگرتووە بۆ گواستنەوەی ئۆجەلان بۆئەوەی بە نهێنیی لە كینیاوە بچێتە هۆڵەندا."

 

دوای دەستكەوتنی ئەو زانیارییانە، دەزگای هەواڵگریی توركیا پلانی ئەوە دادەڕێژێت كە فڕۆكەیەك لە هەمان جۆرو ڕەنگی ئەو فڕۆكەیە ئامادە بكات بۆئەوەی بەكاری بهێنن لە ڕفاندنی ئۆجەلاندا.

 

وەك ئەو بەشداربووەی پڕۆسەكە دەیگێڕێتەوە، لەو جۆرە فڕۆكەیەو بەو تایبەتمەندییانەی هەی بووە لە توركیا نەبووە، تەنها خاوەنكارێكی توركیا لەو جۆرە فڕۆكەیەی هەبووەو دواتر قەسەیان لەگەڵدا كردووەو ڕێككەوتوون لەسەر بەكرێ گرتنی فڕۆكەكەی بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەك لای خاوەنی فڕۆكەكە بدركێنن.

 

دوای جێبەجێكردنی كارە پێویستەكان‌و گۆڕانكاریی لە شێوەی فڕۆكەكە، بۆ ئەوەی لەو فڕۆكە هۆڵەندییە بچێت كە یۆنان بەكرێی گرتووە بۆ گواستنەوەی ئۆجەلان، فڕۆكە ئامادەكراوەكەی دەزگای هەواڵگریی توركیا خاكی وڵاتەكەی بەجێدەهێڵێت بە سەرپەرشتی تیمێكی فڕۆكەوانیی‌و 4 بۆ 5 ئەفسەری میت.

 

هەواڵگریی توركیا بە تیمی فڕۆكەوانیی دەڵێت، فڕۆكەكە سەرەتا بەرەو میسرو دواتر ئۆگەندا دەچێت، زانیاریی فڕینیش دەدات بە فڕۆكەوانیی مەدەنی وڵاتەكەی، بەڵام تەواوی ئەو زانیارییانە ساختەبوون‌و میت وای دەرخستووە ئەو فڕۆكەیە بۆ بازرگانیی مۆز دەچێت.

 

"لە فڕۆكەخانەی ئۆگەندا نیشتینەوە، دواتر كە زانیارییمان پێگەیشت لە بارەی فڕینی فڕۆكە هۆڵەندییەكە، فڕۆكەكەمان بەرەو فڕۆكەخانەی كینیا فڕی‌و 2 كاتژمێر بەرلە فڕۆكە هۆڵەندییەكە گەیشتینە فڕۆكەخانەكەی كینیا"ئیشگوزار وادەڵێت.

 

ئەو بەشداربووەی ڕفاندنی ئۆجەلان دەشڵێت"ئۆجەلان لە كینیا پەنای بردبووە بەر باڵیۆزخانەی یۆنان، لەوێوە بە كاروانێكی 4 ئۆتۆمبێلیی بەرەو فڕۆكەخانە جووڵەی كردووە، ئۆتۆمبێلی یەكەم پۆلیسی كینیای تێدابووە، دووەمیش تیمی پاسەوانانی باڵیۆزخانەی یۆنان، ئۆجەلان لە ئۆتۆمبێلی سێیەمدا بووەو ئۆتۆمبێلی چوارەمیش ئەندامانی ڕێكخراوەكەی تێدابووە(مەبەستی پەكەكەیە)."

 

حەسەن ئیشگوزار ساتی دەركەوتنی ئۆجەلان‌و ڕفاندنی بەم شێوەیە دەگێڕێتەوە، "كارەكە شێوازێكی زۆر ئاسایی وەرگرتبوو، ئۆتۆمبێلەكەی ئۆجەلان بەر لە ئۆتۆمبێلەكانی دیكە هاتەژوورەوە... لە ماوەی 60 چركەدا، دەرگای فڕۆكەكە كرایەوەو راستەوخۆ لەگەڵ هاتنە ناو فڕۆكەكە ئۆجەلان دەستگیركرا، بە خێرایی دەرگای فڕۆكەكە داخرایەوە، بەرلەوەی ئۆتۆمبێلەكانی دیكە بگەنە شوێنەكە."

 

كاتێك فڕۆكەكە بەرەو توركیا دەگەڕێتەوەو دەگاتە ئاسمانی وڵاتی قوبرس، مەترسیی بۆ دروست دەبێت، بەو پێیەی پێوستە ڕەچاوی یاسای نێودەوڵەتی بكات‌و زانیاریی تەواو ژمارەی گەشت‌و فڕۆكەكە بداتە ئەو وڵاتەی بەسەریدا تێدەپەڕێت، بەڵام وەك ئیشگوزار دەیگێڕێتەوە بە فێڵكردن خۆیان دەرباز كردووە.

 

"بەرپرسانی قوبرس داوای كۆدی فڕۆكەكەیان كرد ئێمەش پێمان وتن، بەڵام نەیانتوانی دڵنیاببنەوە لە دۆسیەی فڕۆكەكەو زانیاریی دروست وەربگرن، دوامانخستن‌و دۆسیەی هەڵەمان پێوتن، بیانووی ئەوەشمان هێنایەوە كە زمانی ئینگلیزی بە باشی نازانین تا 18 خولەك تێپەڕی‌و دوای ئەوە گەیشتینەوە سنوری ئاسمانی توركیا."

 

عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە، 15-2-1999 لە كینیا ڕفێندراو گواسترایەوە بۆ بنكەیەكی سەربازیی توركیا لە ناوچەی بندرما لە باكووری ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە.

 

ئۆجەلان 19 ساڵە لە دوورگەی ئیمراڵی دەریای مەڕمەڕە لە زینداندایە، هەرچەندە سەرەتا سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا، بەڵام دواتر ئەو سزایە گۆڕدرا بە زیندانی هەتاهەتایی.

 

ڕفاندنی ئۆجەلا كاردنەوەی تووندی كوردی بەدواداهات لەسەرتاسەری دونیاو چەندین خۆپیشاندانی ناڕەزایی ئەنجامدران.

 

ئۆجەلان لە هاوینی 2011وە گۆشەگیركراوەو ڕێگە نادرێت پارێزەرەكانی بیبینن‌و خێزانەكەشی بۆ دواینجار ساڵی 2013 بینیویانەو ڕێگە بەوانیش نادرێت سەردانی بكەن، تائێستا زیاتر لە 700 جار داوای بینینی لەلایەن دەسەڵاتدارانی توركیاوە ڕەتكراوەتەوە.

 

ئەو ماوەیەی لە زیندانی ئیمراڵی بووە، ئۆجەلان 10 كتێبی نوسیوەو كاریگەریی بەسەر سیاسەتەكانی توركیاو بڕیارەكانی پەكەكەوە هەبووە.

 

هاوكات ئۆجەلان ئەندازیاری پڕۆسەی ئاشتیی نێوان توركیاو پەكەكە بوو كە دوای 2 ساڵ گفتوگۆی نێوانیان لە هاوینی 2015دا كۆتایی هات‌و شەڕی چەكداریی دەستیپێكردەوەو تائێستا بەردەوامە.

 

ساڵانە لە ساڵیادی دەستگیركردن‌و ڕفاندنی ئۆجەلاندا كوردان لە سەرتاسەری دونیا بە خۆپیشاندان‌و چالاكیی جۆراوجۆر ئیدانەی ڕفاندنی دەكەن‌و داوای ئازادكردنی دەكەن.