ڕیفراندۆم؛ چەكی دەستی یارو نەیار بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن

21-02-2018 03:14
بانگەشەی لایەنگرانی دەنگی بەڵێ بۆ ڕیفراندۆم، دهۆك 16-9-2017. وێنە؛ كوردستان 24.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

پڕۆسەی ڕیفراندۆم‌و دەرئەنجامەكانی دەبێتە كارتێكی گرنگ بۆ گەرمكردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی حزبە كوردییەكان، لایەنگران‌و دژانی پڕۆسەكە، ڕیفراندۆم بەكاردەهێنن بۆ ڕاكێشانی خەڵك‌و هێرشكردنەسەر ڕكابەرەكانیان.

 

وەك چۆن سەرەتا بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم حزب‌و كۆمەڵگای كوردیی دابەشی دوو بەرە كرد، دەرئەنجامەكانیشی بەهەمان شێوە ئەو دابەشكارییەی دروست كرد، نەیارانی پڕۆسەكە دەڵێن، شكستیهێناوەو زیانی بە كوردستان گەیاندووە، بەڵام پارتی كە ئاڵا هەڵگری سەرەكی پڕۆسەكە بوو، بە پێچەوانەوە دەڵێت، دەرئەنجامەكەی هەڵگیراوەو كارپێكردنی پلانی دووەمی ئەو حزبەیە.

 

"پڕۆسەی ڕیفراندۆم دەرئەنجامەكەی كۆتایی نەهاتووەو هەڵنەوەشاوەتەوە، بەڵكو لەناو فرێزەردایەو هەركاتێك بمانەوێت گەرمی دەكەینەوە" كارزان سەباح هەورامی كاندیدی پارتی لە سلێمانی بۆ پەرلەمانی عێراق وای بە پەرەگراف وت.

 

پارتی‌و لایەنگرانی دیكەی ڕیفراندۆم، پێیانوایە ئەنجامدانی ئەو پڕۆسەیە پیادەكردنی مافێكی گرنگ‌و دەستكەوتێكی مێژووییەو گروپێكی ناو لایەنێك "خیانەت"یان لە دەرئەنجامەكانی كردووە، نەیارانی پڕۆسەكەش پێیانوایە ڕیفراندۆم بۆخۆی "خیانەت"بووە، بەو پێیەی دوای پڕۆسەكە نیوەی خاكی كوردستان لەدەستدراو حكومەتی ناوەندیی سزای قورسی بەسەر هەرێمدا سەپاند.

 

ئاڕاستەكردنی تۆمەتی قوورسی "خیانەت" بۆیەكتر لەلایەن حزبەكانەوە هاوكاتە لەگەڵ هاتنەپێشەوەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق كە بڕیارە 12-5 ئەنجامبدرێن، بەپێی ئەزموونی بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی ڕابردوو، حزبی كوردیی‌و كاندیدەكان دەست بۆ چەندین تۆمەتی قورس دەبەن‌و هێرشی تووند دەكەنەسەر یەكتر تا ئاستی پێشێلكردنی بنەما ئەخلاقیی‌و یاساییەكان.

 

"بۆ لایەنە سیاسییەكان‌و كاندیدەكانی هەڵبژاردنی عێراق‌و لە داهاتووشدا بۆ پەرلەمانی كوردستان، بە دڵنیاییەوە دۆسیەی ڕیفراندۆم یەكێك دەبێت لە دۆسیە گرنگەكان بۆ ڕاكێشانی سۆزی خەڵك بۆ دەنگدان بە لایەنێك یاخود دەنگ پێنەدانی، چونكە هەردوو لایەنەكەی تێدایە، ئیجابی‌و سلبی"د.ئەمین فەرەج، مامۆستای زانستە سیاسییەكان لەزانكۆی سەڵاحەدین بۆ پەرەگراف وای وت.

 

ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە 25ی ئەیلولی 2017 بۆ وەرگرتنی ڕای خەڵك بوو سەبارەت بە مانەوە یاخود جیابوونەوە لە عێراق، زیاتر لەسەدا 92ی دەنگدەران جیابوونەوەیان هەڵبژارد، بەڵام پارتی كە لایەنگری سەرسەختی پڕۆسەكەبوو، ئێستا بەشدارە لە هەڵبژاردنی پەرلەمان‌و بەشداریكردن لە پڕۆسەی سیاسی عێراق.

 

كاندیدەی پارتی لە سلێمانی، بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردنەكانی عێراق وەكو پێدانی درەفەتێك بە حكومەتی ناوەندیی ناودەبات بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی لەگەڵ كورد بەتایبەت پرسی بودجە.

 

كارزان سەباح هەورامی، وتی"بەغدا نە پارە دەنێرێت نە لەگەڵ كوردستان دەگاتە ڕێككەوتن، دڵنیام ڕۆژێك دێت پارتی‌و لایەنەسیاسییەكانی دیكەی كوردستان بایكۆتی پڕۆسەی سیاسی لە عێراق دەكەن، ئەم دەرفەتەمانداوە بەشداریی لە هەڵبژاردنەكانی عێراق بكەین، چونكە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی، هەوڵیانداو داوایانكرد ئەمجارە دەرفەتێك بدرێتە عێراق، بەڵام بە دڵنیاییەوە عێراق ئەو دەرفەتە بۆخۆی ناهێڵێتەوە."

 

هەرچەندە دادگای فیدڕاڵی عێراق، ڕیفراندۆمی بە نادەستوریی لەقەڵەمداو بڕیاری هەڵوەشانەوەیدا، بەڵام هەرێمی كوردستان تائێستا بە ڕوونی دانی بە هەڵوەشانەوەكەدا نەناوەو سەرۆكی حكومەتی هەرێم تەنها ئەوەندەی وتووە، ڕێز لە بڕیارەكەی دادگا دەگرن، بە پێچەوانەوە پەرلەمانی كوردستان‌و مەسعود بارزانی سەرۆكی پێشووی هەرێم، سوورن لەسەر ئەوەی هیچ دەسەڵاتێك ناتوانێت ڕیفراندۆم هەڵبوەشێنێتەوە.

 

د.ئەمین فەرەج ئەوە ڕووندەكاتەوە كە چۆن دژان‌و لایەنگرانی ڕیفراندۆم، ئەو پڕۆسەیە بەكاردەهێنن، وتی، ئەو لایەنانەی دەیانەوێت سۆزی خەڵك ڕابكێشن بە پیشاندانی ڕیفراندۆم وەكو دەستكەوتێكی سیاسی لە ڕووی ڕاكێشانی سۆزی نەتەوەییەوە كاری لەسەر دەكەن، "كە ئەمە وەكو مافێكی خەڵكی كوردستان‌و دەستكەوتێكی مێژوویی سەیری بكەن‌و لە هەركاتێكی داهاتوودا بێت وەكو بەڵگەیەكی یاسایی ڕای خەڵك، پیشانی بدەن بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەت‌و سەربەخۆیی."

 

ئەو پسپۆڕە سیاسییە ئەوەشی خستەڕوو، لایەنی بەرامبەریش كە دەیانەوێت ڕیفراندۆم وەكو پڕۆسەیەكی سلبیی پیشانبدەن، ئەوانیش هەربۆ ڕاكێشانی سۆزی خەڵكە، "بەوەی ئەم پڕۆسەیە شكستی هێنا، ڕیفراندۆم بووەهۆی ئەوەی كۆمەڵێك كێشە سەرهەڵبدات بەتایبەت ئەو سزایانەی حكومەتی عێراقی بەرامبەر هەرێم گرتیەبەر."

 

ئەمین فەرەج باسلەوەشدەكات، ململانێی سیاسی‌و پڕۆسەی سیاسی لە كوردستان‌و عێراق تەندروست نییە تاوەكو بانگەشەی هەڵبژاردن تەندروست بێت، "بنەمایەكی یاسایی هەیە كە ئەوەی لەسەر بەتاڵ بنیاتنرابێت دەرئەنجامەكانیشی بەتاڵە، بانگەشەكانیش لەسەر ئەو بنەمایە ناتەندروست دەبن، ئەوەش دەكەوێتەسەر ئاكاری هەر كاندیدو حزبێك كە پابەندی پرەنسیپە ئەخلاقی‌و یاساییەكان بێت."

 

حكومەتی عێراق دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەكەی كوردستان چەندین ڕێكاری دژی هەرێم گرتەبەر، فڕۆكەخانەكانی داخست‌و ئابڵوقەی دیبلۆماسیی خستەسەر هەرێم، لەڕێی هێزی سەربازییەوە دەسەڵاتەكانی سەپاند بەسەر ناوچە جێناكۆكەكان‌و كۆنتڕۆڵی كردنەوە كە دەكاتە نیوەی خاكی كوردستان.

 

كاندیدەی پارتی لە سلێمانی باسلەوەشدەكات، ڕیفراندۆم پڕۆسەیەكی گرنگ بووەو نەك تەنها ڕای پارتی، بەڵكو ڕای خەڵكی كوردستان ئەوەبووە كە دەبێت چارەنووسی خۆیان لەگەڵ بەغداد یەكلایی بكەنەوە، تاكە چارەسەریش بۆئەوە ڕیفراندۆم بووە.

 

"دەرئەنجامی پڕۆسەی ڕیفراندۆممان هەڵگرتووەو هەركاتێك بەغدا نەتوانێت داواكارییەكانی كورد جێبەجێ بكات بەدڵنیاییەوە دەرئەنجامەكەی زیندوو دەكەینەوە، ئاگاداری فەڕەنساو ئەمەریكامان كردووەتەوەو ئەوان ئاگاداری پلان (بی) ئێمەن" كارزان هەورامی دەڵێت ئەمە ڕای پارتییەو ئاگاداری ناوەندی بڕیاری حزبەكەیەتی.