ئەردۆغان هەوڵەكانی چڕدەكاتەوە بۆئەوەی ساڵح موسلیم ڕادەستی وڵاتەكەی بكرێت

25-02-2018 07:50
ساڵح موسلیم، ئەندامی كۆمیتەی دیپلۆماسیی تەڤدەم - ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا.

 

پەرەگراف

 

ڕۆژئاوای كوردستان بانگەواز بۆ خۆپیشاندانی فراوانی گەلی كورد لە سەرتاسەری دونیا دەكات لە دژی دەستبەسەركردنی ساڵح موسلیم‌و ئەو كارە بە هەوڵێكی ئەردۆغان دادەنێت بۆ شاردنەوەی شكستەكانی لە عەفرین، ئەوە لەكاتێكدایە توركیا هەوڵەكانی چڕ كردووەتەوە تاوەكو ساڵح موسلیم لە چیكەوە ڕادەستی وڵاتەكەی بكرێت.

 

ساڵح موسلیم، هاوسەرۆكی پێشووی پەیەدەو ئەندامی ئێستای كۆمیتەی دیپلۆماسیی تەڤگەری كۆمەڵگەی دیموكرات(تەڤدەم) شەوی ڕابردوو لە پراگ-ی پایتەختی چیك لەسەر سكاڵایەكی توركیا دەستبەسەر كرا.

 

موسلیم كە یەكێكە لە بەرپرسە باڵاو دیارەكانی ڕۆژئاوای كوردستان بە مەبەستی بەشداریكردن لە كۆنفرانسێك سەردانی چیكی كردووە، دەستبەسەر كردنی لەلایەن پۆلیسەوە كاردانەوەی فراوانی گەلی كوردی بەدواداهات.

 

توركیا بە تۆمەتی "تیرۆر" ساڵح موسلیمی خستووەتە ناو لیستی داواكراوانی وڵاتەكەیەوەو داوای لە پۆلیسی ئینتەرپوڵ كردووە دەستبەسەری بكەن.

 

دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤدەم لە بەیاننامەیەكدا دەستگیركردنی ساڵح موسلیم بە "نایاسایی"‌و كارێكی دوور لە "ئەخلاق‌و پێچەوانەی بەهاو بنەما نێونەتەوەییەكان" لە قەڵەم دەدات‌و داوای خۆپیشاندانی فراوان دەكات.

 

تەڤدەم ئەوەی خستووەتەڕوو، توركیا مافی ئەوەی نییە داوای دەستگیركردنی هاوڵاتیی وڵاتێكی دیكە بكات، دەڵێت"ئەم ڕووداوە دەستدرێژییەكی ئاشكرایە لە قانوونەكانی دەوڵەتی چیك‌و سەرەنجام دەوڵەتی چیك لە بەرانبەر گرتنیدا بەرپرسیارە."

 

هەروەها داوا لە گەلی كورد لە ناوەوەو دەرەوەی وڵات دەكات دەستبەجێ بڕژێنەسەر شەقامەكان‌و بە خۆپیشاندان ئیدانەی دەستگیركردنی ساڵح موسلیم بكەن، تەڤدەم داواش لە دەوڵەتان، كەسایەتی، ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دەكات هەڵوێستی خۆیان ڕوون بكەنەوە دەربارەی ئەو ڕووداوە، "بەگشتی داوای لە جیهان كرد‌ ڕێ لە سیاسەتە نائەخلاقی و نایاساییەكانی توركیا بگرن."

 

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستبەسەركردنی ساڵح موسلیم، چالاكانی كورد لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەڵمەتێكیان بۆ ئیدانەكردنی ئەو ڕووداوە دەستپێكردو داوای ئازادكردنی دەكەن.

 

"ئەردۆغان دەخوازێت شكستی خۆی لە عەفرین، بە دەستگیركردنی بەڕێز ساڵح موسلیم بشارێتەوە" ئەمە وتەی ئاڵدار خەلیل هاوسەرۆكی دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤدەمە لە كاردانەوەی دەستگیركردنی ساڵح موسلیم.

 

توركیا 37 ڕۆژە بەردەوامە لە هێرشی ئاسمانیی‌و زەمینیی بۆسەر كانۆتنی عەفرین لە ڕۆژئاوای كوردستان، بەرپرسانی كورد دەڵێن، بەجۆرێك شكستیان بە هێرشەكان هێناوە كە لە پێشبینیی توركیادا نەبووە.

 

هاوكات ئەنجومەنی گشتیی پارتی یەكێتی دیموكرات(پەیەدە) لە بەیاننامەیەكدا ڕەخنەی تووند لە وڵاتی چیك دەگرێت‌و داوادەكات ساڵح موسلیم ئازاد بكات‌و "لە بەرانبەر ئەو كردەوە ناقانوونی‌و نائەخلاقییەدا‌ داوای لێبووردن بكات."

 

پەیەدە سەرباری ئیدانەكردنی ئەو كارەی چیك، دەشڵێت"دەبوایە دەوڵەتی چیك پێشەنگی هەموو ئەو ئازادیخوازانە بوایە كە داوای دیموكراتی دەكەن‌و لە دژی بڵاوبوونەوەی تێرۆر كە دەوڵەتی توركیا هەوڵدەدات لە ئەوروپا بڵاوی بكاتەوە،‌ وەستابوایەوە."

 

پەیەدە كە هاوپەیمانی ئەمەریكایە لە سوریا، لەلایەن توركیاوە بە درێژكراوەی پەكەكە دادەنرێت‌و ئەنقەرە وەك ڕێكخراوێكی "تیرۆریستی" مامەڵەی لەگەڵدا دەكات، هەروەها توركیا تۆمەتی "تیرۆر"ی خستووەتە پاڵ ساڵح موسلیم‌و هەوڵی چڕی خستووەتەگەڕ بۆ ڕادەستكردنی لەلایەن وڵاتی چیكەوە.

 

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستبەسەركردنی ساڵح موسلیم، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان وتی، داوایان لە چیك كردووە ڕادەستیان بكات.

 

هاوكات وەزارەتی دادی توركیا ڕایگەیاند، دەستیان كردووە بە هەوڵەكانیان بۆ ڕادەستكردنی ساڵح موسلیم، وەزارەتی داد كردنەوەی دۆسیەی هۆبەی چواری دادگای سزا قورسەكانی ئەنقەرەی وەبیرهێناوەتەوە كە "بەهۆی ئەنجامدانی هێرشە تیرۆریستییەكەی گوڤەنپاڕكی شاری ئەنقەرە، ساڵح موسلیم-ی بە "هەوڵدان بۆ تێكدانی یەكڕیزی دەوڵەت و یەكپارچەیی وڵات"، "كوشتنی مرۆڤ بە مەبەست"، "هەوڵدان بۆ مرۆڤ بە مەبەست"، "زیانگەیاندن بە موڵكی گشتی" تۆمەتبار كردووە."

 

لە ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دادی توركیادا، ئاماژە بەوەكراوە دادگا بڕیاری دەستگیركردنی بۆ ساڵح موسلیم دەركردووەو لەمیانی فەرمانی دەستگیركردنەكەدا ناوبراو لە لیستی سووری داواكراواندایە.

 

وەزارەتی داد ئەوەشی خستوەتەڕوو، دوای ئەوەی موسلیم لە چیك بووە، كەوتوونەتە خۆ و دوای پەیوەندیكردن بەمەبەستی ڕادەستكردنەوەی بە توركیا داوای دەستگیركردنی كراوە‌و بەپێی حوكمی "پەیماننامەی ئەوروپا بۆ ڕادەستكردنەوەی تاوانباران"، داواكاریی ڕادەستكردنەوەی موسلیم-یان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكانی ئەو وڵاتە ڕەوانە كردووەو هەوڵی چڕیان خستووەتەگەڕ.

 

دەستگیركردن، ڕفاندن‌و تەنانەت تیرۆركردنی بەرپرسانی باڵای كورد لە وڵاتانی ئەوروپا شتێكی نامۆ نییە، ئەمڕۆش لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستبەسەركردنی ساڵح موسلیم، چالاكانی كورد ڕووداوەكانی ڕابردوویان وەبیر هێنایەوە، بەتایبەت ڕفاندنی عەبدوڵا ئۆجەلان لە كینیاوە بۆ توركیا.

 

عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە ساڵی 1999 لە كردەوەیەكی نهێنیی هەواڵگرییدا لەلایەن میتی توركیاوە لە كینیا ڕفێندراو گەیەندرایە توركیا، دوای 19 ساڵ لەو ڕووداوە، هەفتەی ڕابردوو بەشداربوویەكی ئەو كردەوەیە وردەكاریی‌و چۆنییەتی پلان‌و پڕۆسەی ڕفاندنی ئۆجەلانی ئاشكرا كرد.