دادگای چیك بڕیار لە دۆسیەی ساڵح موسلیم دەدات

26-02-2018 06:26
ساڵح موسلیم، هاوسەرۆكی پێشووی پەیەدەو ئەندامی ئێستای كۆمیتەی دیپلۆماسیی تەڤدەم.

 

پەرەگراف

 

دادگای چیك سبەینێ بڕیار لە دۆسیەی دەستبەسەركردنی ساڵح موسلیم دەدات‌و توركیا لە هەوڵەكانی بەردەوامە تاوەكو ڕادەستیان بكرێت، هاوكات خۆپیشاندان‌و ناڕەزایی دەربڕینی كوردان لە چەند ناوچەیەكی جیاواز ئەنجامدران‌و داوای ئازادكردنی دەكەن.

 

ساڵح موسلیم، هاوسەرۆكی پێشووی پەیەدەو ئەندامی ئێستای كۆمیتەی دیپلۆماسیی تەڤگەری كۆمەڵگەی دیموكرات(تەڤدەم) لە پراگ-ی پایتەختی چیك لەسەر سكاڵایەكی توركیا دەستبەسەر كراو تائێستا لای پۆلیسی ئەو وڵاتەیە.

 

تۆماس پەلیكان، پارێزەری ساڵح موسلیم ڕایگەیاند، دوێنێ چاوی بە ساڵح موسلیم كەوتووەو ڕەوشی باشە‌و هێشتا پۆلیس دۆسیەكەی نەگەیاندووەتە دەست داواكاری گشتی چیك، بەو هۆیەشەوە كات‌و ساتی دادگاییكردنەكەی نازانرێت، بەڵام باڵیۆزی توركیا لە چیك دەڵێت، سبەینێ دادگایی دەكرێت.

 

پارێزەرەكەی موسلیم ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی یاسای بنەڕەتی وڵاتی چیك، دەبێت پۆلیس هەتا كاتژمێر 23ی ئەمشەو، دۆسیەكەی ساڵح موسلیم ڕادەستی داواكاری گشتی بكات. ئەگەر ئەوە پێكبێت، سبەینێ موسلیم دەبرێتە بەردەم دادگا، ئەگەریش هەتا ئەو وادە دیاریكراوە پۆلیس دۆسیەكەی نەنێرێتە داواكاری گشتی، ئەو كات داواكاری گشتی خۆی لەو بارەیەوە بڕیار دەدات.

 

ساڵح موسلیم كە یەكێكە لە بەرپرسە باڵاو دیارەكانی ڕۆژئاوای كوردستان بە مەبەستی بەشداریكردن لە كۆنفرانسێك سەردانی چیكی كردووە، توركیا بە تۆمەتی "تیرۆر" ساڵح موسلیمی خستووەتە ناو لیستی داواكراوانی وڵاتەكەیەوەو داوای لە پۆلیسی ئینتەرپوڵ كردووە دەستبەسەری بكەن.

 

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستبەسەركردنی ساڵح موسلیم، توركیا داوایكرد ڕادەستی ئەوان بكرێت‌و بۆئەو مەبەستە هەوڵەكانی چڕ كردەوە، ئەمڕۆش هەریەكە لە سەرۆك كۆماری توركیاو وتەبێژی حكومەت‌و باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە چیك لەو بارەیەوە لێدوانیاندا.

 

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند، وەزارەتی دەرەوەو ناوخۆی وڵاتەكەی لە نزیكەوەو هەنگاو بە هەنگاو چاودێری كەیسی ساڵح موسلیم دەكەن تاوەكو ڕادەستی وڵاتەكەی بكرێت.

 

هاوكات بەكر بۆزداغ، جێگری سەرۆك وەزیران‌و وتەبێژی حكومەتی توركیا، ئەوەی خستەڕوو، وڵاتەكەی‌و چیك دوو لایەنی دۆسیەكەن، وتی"ئەمە پەیوەندیدارە بە هەردوولاوە. هەموارەكانی ڕادەستكردنەوەی تاوانباران لەنێوانماندا، لەو چوارچێوەیەدا جێبەجێ دەكرێت. دادگای چیك لەم چوارچێوەیەدا داواكارییەكانی توركیا هەڵدەسەنگێنێت‌و بڕیار لەبارەی ڕادەستكردنەوەكەوە دەدات."

 

بۆزداغ بە "زۆر گرنگ"ی دانا كە ساڵح موسلیم بە خێرایی ببرێتە بەردەم دادگای چیك.

 

هەرلەسەر هەمان پرس، ئەحمەت نەجاتی بیگالی باڵیۆزی توركیا لە چیك، ڕایگەیاند"ئەمڕۆ داواكاری گشتیی پراگ دۆسیەكە تاوتوێ دەكات‌و لەبەرئەوە بڕیارە سبەی دانیشتنی دادگا ئەنجامبدرێت."

 

باڵیۆزەكەی توركیا ئەوەشی خستەڕوو، داواكاریی دەستگیركردنی كاتیی موسلیم پێشكەشی بەرپرسانی كۆماری چیك كراوە، وتی"وەزارەتی دادی توركیا بەزووترین كات بەڵگەنامەی پێویست بۆ ڕادەستكردنەوەی بە توركیا پێشكەشی كۆماری چیك دەكات."

 

ساڵح موسلیم ناوی لە "لیستی سووری تیرۆر"ی وەزارەتی ناوخۆی توركیادایەو خەڵاتی چوار ملیۆن لیرەی لەسەر دانراوە بۆ دەستگیركردنی.

 

وەزارەتی دادی توركیا دەڵێت"بەهۆی ئەنجامدانی هێرشە تیرۆریستییەكەی گوڤەنپاڕكی شاری ئەنقەرە، ساڵح موسلیم بە "هەوڵدان بۆ تێكدانی یەكڕیزی دەوڵەت و یەكپارچەیی وڵات"، "كوشتنی مرۆڤ بە مەبەست"، "هەوڵدان بۆ مرۆڤ بە مەبەست"، "زیانگەیاندن بە موڵكی گشتی" تۆمەتبار كراوە."

 

دەستبەسەركردنی ساڵح موسلیم كاردانەوەی فراوانی گەلی كوردی بەدواداهات، هەر دوێنێ ڕِۆژئاوای كوردستان بانگەوازی بۆ خۆپیشاندانی فراوانی گەلی كورد لە سەرتاسەری دونیا كرد‌و ئەو كارەی بە هەوڵێكی ئەردۆغان ناوبرد بۆ شاردنەوەی شكستەكانی لە عەفرین.

 

ئەمڕۆش، لە زۆرێك شارەكانی وڵاتانی ئەوروپا لە ناویاندا پراگ-ی پایتەختی چیك خۆپیشاندانی ناڕەزایی ئەنجامدران‌و داوای ئازادكردنی ساڵح موسلیم كراو تاوەكو ئازاد دەكرێت چالاكیی بەردەم دەبێت.

 

هاوكات لە هەرێمی كوردستانیش ناڕەزایی پیشاندراو لە شاری هەولێر خۆپیشاندان لەبەردەم نەتەوەیەكگرتووەكان بەڕێوەچوو، هەروەها چەند پەرلەمانتارێك سەردانی كونسوڵخانەی چیك-یان كرد لە هەولێرو ناڕەزاییان گەیاندە ئەو وڵاتە.

 

لەسەر ئاستی بەرپرسانی سیاسیش هەریەكە لە یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان‌و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت داوای ئازادكردنی ساڵح موسلیمیان كرد.

 

یوسف محەمەد(دەستلەكار كێشانەوەی لە پۆستەكەی پێشكەشكردووەو هێشتا قبوڵنەكراوە)، لە پەیامێكدا ڕایگەیاند، دەست بەسەركردنی ساڵح موسلیم "شەرمەزارییەكی گەورەیە بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی"، وێڕای ئیدانەكردنی ئەو كارە داوایكرد چیك بە زوترین كات ساڵح موسلیم ئازاد بكات‌و یەكێتیی ئەوروپاو ئەمەریكا فشار بكەن لەم پێناوەدا.

 

دەستگیركردن، ڕفاندن‌و تەنانەت تیرۆركردنی بەرپرسانی باڵای كورد لە وڵاتانی ئەوروپا شتێكی نامۆ نییە، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستبەسەركردنی ساڵح موسلیم، چالاكانی كورد ڕووداوەكانی ڕابردوویان وەبیر هێنایەوە، بەتایبەت ڕفاندنی عەبدوڵا ئۆجەلان لە كینیاوە بۆ توركیا.

 

عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە ساڵی 1999 لە كردەوەیەكی نهێنیی هەواڵگرییدا لەلایەن میتی توركیاوە لە كینیا ڕفێندراو گەیەندرایە توركیا، دوای 19 ساڵ لەو ڕووداوە، هەفتەی ڕابردوو بەشداربوویەكی ئەو كردەوەیە وردەكاریی‌و چۆنییەتی پلان‌و پڕۆسەی ڕفاندنی ئۆجەلانی ئاشكرا كرد.