نەوەیەكی شێخ مەحمودی حەفید ڕێگایەكی جیاواز دەگرێتەبەر

12-03-2018 01:27
شێخ مستەفای حەفید نەوەی شێخ مەحمود، بەرپرسی نوسینگەی سلێمانی ڕەوتی حیكمە. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

نەوەیەكی شێخ مەحمودی حەفید كەسی یەكەمی حزبێكی عەرەبیی عێراقییە لەسلێمانی‌و بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان لیستیان هەیەو بەچڕیی كاربۆ دەرچوونی كاندیدەكانیان دەكەن، ئەو دەڵێت، شانازیی بە كوردایەتییەوە دەكات‌و لەناو ئەو حزبەوە كاربۆ مافەكانی كورد دەكەن لە پەرلەمانی عێراق، تائێستاش چەند هەوڵێكیان داوە بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدا.

 

كاركردن لەناو ڕەوتی حیكمەی نیشتمانی كە عەممار حەكیم كەسایەتیی دیاری شیعەكانی عێراق سەرۆكایەتی دەكات، شێخ مستەفای كوڕی شێخ كاوەی كوڕی شێخ لەتیفی شێخ مەحمودی حەفیدی ڕوبەڕوی ڕەخنە كردووەتەوە، بەڵام ئەو وەڵامی هەیە بۆ ڕەخنەكان.

 

"ڕاستە بەرپرسی مەكتەبی ڕەوتی حیكمەم لە سلێمانی كە حزبێكی عێراقیی عەرەبییە، بەڵام وەك ئەجندای جێبەجێكردنی فكری شیعەگەریی بەدڵنیاییەوە ئەوە لای من نییە، زۆر ڕەخنەم لێگیراوە لەسەر ئەوبابەتە دوای ئەوەی ڕوونكردنەوەم داوە خەڵك بڕوایان بە قسەكانم هێناوەو ئێمە كوردین‌و شانازیی بە كوردایەتییەوە دەكەین" شێخ مستەفا، نەوەی شێخ مەحمودی حەفید لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ پەرەگراف وای وت.

 

پەیوەندییەكی مێژوویی سەد ساڵە لە نێوان بنەماڵەی حەفید‌و حەكیمدا هەیە كە بۆسەردەمی شێخ مەحمودو موحسین حەكیم دەگەڕێتەوە، ئەوەش وایكردووە بنەماڵەی حەكیم كە ناودارن لەناو شیعەكانی عێراقدا داوا لە شێخ مستەفای نەوەی شێخ مەحمود بكەن بچێتە ناو حزبەكەیان‌و ببێتە كەسی یەكەمیان لە پارێزگای سلێمانی.

 

شێخ مستەفا وتی"حزبێكی شیعەگەریی نییە، بەڵێ ماڵی سەید عەممار حەكیم بنەماڵەیەكی شیعە مەزهەبن، بەڵام هیچ كاتێك ڕێنماییەك نەهاتووە فكرو كتێبی شیعەگەریی بڵاوبكەینەوەو بانگەوازی بۆبكەین، وەك هەندێك حزبە ئیسلامییەكان كە كتێب‌و مەنهەجی جۆراوجۆریان لە وڵاتانی دەرەوە بۆدێت."

 

ئەو نەوەیەی شێخ مەحمود باسیلەوەشكرد، ڕەوتەكەیان حزبێكی عێراقییەو دەیەوێت سەرلەنوێ دەوڵەت بونیادبنێتەوەو بیكاتە دامەزراوە، وتی"ئەوەش كاری بۆدەكرێت‌و حزبێكی تەقلیدی نین‌و ئەتوانم بڵێم لەسەدا 80ی مەكتەبی سیاسی ڕەوتی حیكمە جیلی گەنجن لە هەموو ڕەنگ‌و بیروباوەڕە جیاوازەكان، بوونی منیش لێرە بۆئەوەیە ببینە ئامرازێكی خێر بۆ میللەتەكەمان‌و تائێستاش كاری باشمان كردووە."

 

شێخ مستەفای حەفید ئەوەی خستەڕوو، چەند جارێك لەگەڵ عەممار حەكیم دانیشتنیان كردووە سەبارەت بەكێشەكانی نێوان هەولێرو بەغداو بە كردار كاریان بۆ كردووە، "بۆنمونە، داوامانكردووە بەزوترین كات كێشەی مووچە چارەسەر بكرێت، ناكرێت كەسێك لە بەسرە مانگی ملیۆنێك وەربگرێت‌و مامۆستایەكی ئێمە بەسێ مانگ جارێك 400 هەزار وەربگرێت، ئەگەر ئێمە هەموو عێراقین‌و خزمەت بەم وڵاتە دەكەین پێویستە یەكسان بین، بەڵێ كێشە هەیە لە نێوان سیاسییەكان بەڵام بۆ میللەت باجەكەی بدات؟."

 

بەرپرسی نوسینگەی سلێمانی ڕەوتی حیكمە باسیلەوەشكرد، عەممار حەكیم بەڵێنیداوە بۆ چارەسەری كێشەكان‌و لە چەند ڕۆژی ڕابردوشدا لەگەڵ حەیدەر عەبادی كۆبووەتەوە سەبارەت بە كێشەی فڕۆكەخانەكان‌و ناردنی بودجەی هەرێم، "داواشم لێكرد سەردانی كوردستان بكات، وتی كاتێك دێین بە دەستێكی پڕەوە كە ئەو بودجەیە بۆ خوشك‌و براكانمان لە هەرێمی كوردستان بهێنین."

 

ئەو ڕێگایەی شێخ مستەفای نەوەی مەلیك مەحمود گرتویەتییەبەر لە كاتێكدایە، حزبە كوردییەكان تائێستا لە بۆنەی جیاوازدا كوردایەتیی بە یەكتر دەفرۆشنەوەو عێراقچێتی كردن وەك تۆمەت ئاڕاستەی یەكتر دەكەن، پەیوەندییەكانی هەرێم‌و بەغدادیش لە دۆخێكی خراپدان‌و بەغداد چەندین سزای بەسەر هەرێمدا سەپاندووە كە كاریگەریی تەواویان لەسەر خەڵك دروست كردووە.

 

لە كاتێكدا شێخ مەحمود سەدەیەك لەمەوبەر حكومەتی كوردیی لە سلێمانی دامەزراندووەو كاری بۆ سەربەخۆیی كردووەو بووەتە مەلیكی كوردستان، ئێستا بۆچی نەوەیەكی كار بۆ یەكپارچەیی عێراق دەكات لەچوارچێوەی حزبێكی عەرەبیدا؟

 

لە وەڵامدا شێخ مستەفا وتی"ئێمەش هەمان هەستی شێخی نەمرمان هەیەو خۆمان بە خزمەتكاری میللەتەكەی خۆمان دەزانین، حەزدەكەین هەموو تاكێكی ئەم میللەتە خۆش بژی‌و هەست بە بوونی خۆی بكات، ئەمڕۆ هەموو عێراق وێران بووەو دەبێت چارەسەری ئەم برینانە بكەین، حزبە كوردستانییەكان هەموو هەوڵدەدەن لەگەڵ عێراق نزیك ببنەوە كە تادوێنێ باسی ڕیفراندۆم بوو، من خۆم وەكو نەوەیەكی شێخ مەحمود بە شانازییەوە دەیڵێم، بە بەڵێ دەنگمداوە بۆ ڕیفراندۆم‌و ئێستاش بكرێت هەردەڵێم بەڵێ، بەڵام دەشمزانی كە سەرناگرێت‌و ئەم سەردەمە هیچ كەسێك دۆستمان نییە."

 

شێخ مستەفا پێیوایە ئەو ڕێگایەی ئەو گرتویەتییەبەر شێوازێكی دیكەی كاركردنە بۆ هەرێمی كوردستان‌و مافەكانی گەلی كورد لە عێراق هاوشانی حزبە كوردستانییەكان، دەربارەی ئەگەری دروستبوونی دەوڵەتی كوردی‌و هەڵوێستی ئەو لە دۆخێكی یەكلایی كەرەوەدا لەسەر ئەو پرسە، وتی"ئەوە زۆر دوورە بكرێت، چونكە هیچ وڵاتێك لەوەدا دۆستمان نییە، ئەگەر هاتەسەر ئەوە ئەوكات قسەی خۆمان دەبێت."

 

لە سلێمانی لیستیان هەیە بۆ هەڵبژاردن

 

ڕەوتی حیكمەی نیشتمانی لە هەولێرو سلێمانی بارەگای هەیە، بەڵام لە هەولێر چالاك نییە، بەپێچەوانەوە لە سلێمانی لیستی هەیە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە 12-5 ئەنجامدەدرێت‌و مانگی داهاتوو هەڵمەتی بانگەشە دەستپێدەكات.

 

چەندین كەسایەتیی جیاواز لە پارێزگای سلێمانی كاندیدی ڕەوتی حیكمەن، شێخ مستەفا دەڵێت، لە پرسە كوردستانییەكان‌و مافەكانی گەلی كورددا لە بەغداد جیاوازییان نابێت لەگەڵ حزبە كوردستانییەكان.

 

"ئەمە قسەی شەخسی عەممار حەكیمە كە بە كاندیدەكانی ئێمەی وتووە، ئێوە دێن شەڕی داهاتی میللەتی خۆتان دەكەن لە پەرلەمانی عێراق، ئەگەر كاندیدی ئێمە بچێتە پەرلەمان كە ئومێدم وایە، دەبێت وەك كاندیدی هەموو حزبە كوردییەكان چۆن بەرگری لە مافی كورد دەكەن ئەمانیش ئەو بەرگرییە بكەن، ئەگەر نەیكەن خیانەتە لە میللەتی خۆیان" شێخ مستەفای حەفید وای وت.

 

باسیلەوەشكرد، ڕۆژانە چین‌و توێژە جیاوازەكان پەیوەندییان پێوەدەكەن‌و كاریان لەگەڵدا دەكەن بەتایبەت چینی گەنجان‌و خوێندكارانی زانكۆكان.

 

دامودەزگا حكومیی‌و حزبە كوردییەكانیش هیچ ئاستەنگێكیان بۆ دروست ناكەن‌و ڕێزیان دەگرن، شێخ مستەفا سوپاسیان دەكات، دەشڵێت"خەڵك بەگشتی لە هەموو حزبەكان بێزارە، ئێمە نوێین‌و كارەكانمان دەبینن. لە هەڵمەتی بانگەشەشدا بەچڕیی دەكەوینە كاركردن بۆ دەرچوونی كاندیدەكانمان."

 

لەپاڵ حزبەكانی؛ هاوپەیمانیی دیموكراسی‌و دادپەروەری‌و نەوەی نوێ، ڕەوتی حیكمەش یەكەمجارە لە هەرێمی كوردستان‌و پارێزگای سلێمانی بەشداریی هەڵبژاردنی عێراق دەكات، هەربۆیە چاوەڕوان دەكرێت هەڵمەتی بانگەشەو كێبڕكێی بەدەستهێنانی دەنگ بەتایبەت لە سلێمانی گەرموگوڕتربێت لە ناوچەكانی دیكەی هەرێم.