عەفرین لەژێر گەمارۆی ئەردۆغاندا؛ برسێتی‌و بێ ئاوی هەڕەشە لەژیانی خەڵك دەكەن

14-03-2018 06:47
ئاوارەبوونی گوندنشینە كوردەكان لە عەفرین بەهۆی هێرشەكانی توركیاوە.

 

پەرەگراف

 

هەفتەیەكە سوپای توركیا دەستیگرتووە بەسەر سەرچاوەی سەرەكیی ئاوی خواردنەوەی عەفرینداو ئاوی لە خەڵكی شارەكە بڕیوە، هاوكات بە هۆی گەمارۆكانی توركیاوە ژیانی خەڵك لە دۆخێكی دژواردایەو برسێتی هەڕەشەیان لێدەكات.

 

ئەوە لەكاتێكدایە ژمارەیەكی زۆر لە دانیشتوانی ناوچەكانی شەڕ ڕوویان لە ناوەندی شاری عەفرین كردووە، بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ئەو دۆخە ناهەموارە، ئەنجومەنی گەلی عەفرین بڕیاریدا فڕنەكانی شارەكە بێ بەرانبەر نان بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش بكەن.

 

54 ڕۆژە هێرشی ئاسمانی‌و زەمینی توركیا بۆسەر عەفرین بەردەوامەو ژیانی خەڵكی مەدەنیی ناوچەكە لەوپەڕی خراپیدایە، ماڵ‌و خانووی هاوڵاتیان‌و شوێنەوارە مێژووییەكان وێران كراون‌و سەدان هەزار كەس لە ناوەندی شارەكە لەبەردەم ڕوبەڕوبوونەوەی كارەساتی مرۆییدان.

 

"ئاو بەشێوەیەكی تەواوەتی بڕاوە بەهۆی كۆنتڕۆڵكردنی وێستگەی دابەشكردنی ئاوەكە لەلایەن سوپای توركیاوە" بروسك حەسەكە وتەبێژی یەكینەكانی پاراستنی گەل(یەپەگە) لە عەفرین وا دەڵێت، وتیشی"خەڵك پشت بە بیرەكانی شارەكە دەبەستن بۆ دەستكەوتنی ئاو كە ئەوەش بەشیان ناكات‌و شیاویش نییە بۆ خواردنەوە."

 

سەرچاوەی دابەشكردنی ئاوی عەفرین لە گوندی مەتینای ناوچەی شێرایەو پێشتر توركیا لە چوارچێوەی هێرشەكانیدا تۆپبارانی كردووەو هەفتەیەكیشە كۆنتڕۆڵی كردووە.

 

نوسینگەی كاروباری مرۆیی نەتەوەیەكگرتووەكان ئەمڕۆ ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی بڕانی ئاوی خواردنەوەی عەفرین بڵاوكردەوەو ئاماژە بەوەدەكات، چەند كرێكارێكی ناوخۆیی شكستیان هێناوە لە كارپێكردنەوەی ئامێرێك بۆ پاڵپێوەنانی ئاوەكە هەربۆیە ئاو بڕاوە.

 

نەتەوەیەكگرتووەكان ئەوەشی خستووەتەڕوو، خەڵكی ناوچەكە ئاوی ژێر زەویی بەكاردەهێنن كە ڕەنگە زیانی بۆیان هەبێت‌و ببێتەهۆی تووشبوونیان بە نەخۆشی.

 

هاوكات میدیایەكی نزیك لە یەپەگە بڵاویكردەوە، توركیا هەوڵدەدات ئاوی عەفرین بدات بە ناوچەی عەزاز كە پێشتر كۆنتڕۆڵی كردووە، ئەوەش ژیانی خەڵكی مەدەنیی خستووەتە مەترسییەوە.

 

لەگەڵ زیادبوونی هێرشەكانی توركیاو گروپە چەكدارەكانی سەربەو وڵاتە، ژمارەی ئاوارەكان زیادیان كردووەو خەڵك ڕوودەكەنە ناوەندی شاری عەفرین، ئەوەش بووەتەهۆی كەمبوونەوەی پێداویستییە سەرەكییەكانی خواردن‌و خواردنەوە.

 

هەربۆیە، ئەنجومەنی گەلی عەفرین بڕیاریدا فڕنەكان بێ بەرانبەر نان بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش بكەن.

 

لە شارەكەدا فڕنێكی سەر بە ئەنجومەنی گەلی عەفرین‌و دوو فڕنی تایبەت هەن كە هەماهەنگییان لەگەڵ ئەنجومەنی گەل هەیە‌و"دەستیان بە خزمەتی گەل كردو بێ پارە نان دابەش دەكەن."

 

ئەو دۆخە لەكاتێكدایە ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەریی عەفرین، سێ ڕۆژ لەمەوبەر پەیامێكی ئاڕاستەی ڕای گشتی‌و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كرد‌و تێیدا دەڵێت"سیاسەتی فاشیزمی توركیا ئیرادەی گەلی هەرێمەكە دەكاتە ئامانج‌و دەیەوێت گەلی ڕەسەن لە هەرێمەكە دەربكات. ئەگەر دۆخی عەفرین گەیشتبێتە ئەو ئاستە، ئەمەش لە ئەنجامی بێدەنگیی ڕای گشتییە."

 

عوسمان شێخ عیسا، هاوسەرۆكی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری عەفرین وتیشی"ئێمە وەك خۆبەڕێوەبەری كانتۆنی عەفرین هۆشداری دەدەینە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەكگرتووەكان‌و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كە ئەگەر بێدەنگی نەشكێنن، عەفرین ڕووبەڕووی كارەساتێكی مرۆیی دەبێتەوە."

 

هاوسەرۆكی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری عەفرین، بانگەوازی بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەكگرتووەكان‌و ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ كرد كە لە بەرانبەر كردەوەكانی ئەردۆغان بێدەنگن نەبن‌و هێرشی سەر كانتۆنی عەفرین بوەستێنن.

 

سەربازانی توركیاو چەكدارانی میلیشیای سوپای سوریای ئازاد، دەیانەوێت یەكینەكانی پاراستنی گەل(یەپەگە) لە عەفرین دەربكەن، توركیا سەرباری هێرشی چڕی ئاسمانیی، لە هێرشی زەمینیشدا پەنای بۆ پاشماوەی چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش بردووەو بەكاریان دەهێنێت، بۆئەو مەبەستە ڕاهێنانی بە داعشەكان كردووەو داوای لێكردوون تاكتیكی هێرشەكانیان بگۆڕن‌و خۆیان نەتەقێننەوە بۆئەوەی دەرنەكەوێت كە داعشن.

 

یەپەگە كە هێزی چەكداریی كوردەو ئێستا بەرگری لە عەفرین دەكات دژی هێرشەكانی توركیا، بەهێزترین هێزی شەڕكەر بووە لە چەند ساڵی ڕابردوودا دژی تیرۆریستان‌و داعش لەسەر دەستی شەڕڤانان گورزی كوشندەی بەركەوتووەو چەندین ناوچەی لە دەستداوە.

 

هەرچەندە لە بۆردومان‌و هێرشەكانی توركیادا بۆ سەر عەفرین ژمارەیەكی زۆر خەڵكی مەدەنی كوژراون‌و برینداربوون‌، لە چەندین گوندو ناوچەش خانووی هاوڵاتییان كراونەتە ئامانجی بۆردومانەكان‌و خاپووركراون‌و زیانی مادییان پێگەیشتووە، بەڵام زۆرێك لە خەڵكی ناوچەكە سوورن لەسەر مانەوەو بەجێنەهێشتنی ماڵەكانیان، ئەمەش ڕوبەڕوی كارەساتی مرۆیی كردوونەتەوە.