چەكدارێكی كوردی ناو داعش‌و بەریتانییەك‌و دوو عێراقیی لە موسڵ خۆیان تەقاندەوە

20-02-2017 04:17

 

پەرەگراف

 

ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش ڕایگەیاند، چەكدارێكی كوردی ئەو ڕێكخراوەو بەریتانییەك‌و دوو عێراقی خۆیان بە سەربازانی سوپای عێراق‌و میلیشاكاندا تەقاندووەتەوە لە گوندێكی باشوری خۆرئاوای موسڵ.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوێكی داعش كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تەلەگرام بڵاویكردووەتەوە، هەریەكە لە "عومەر كوردی، ئەبو زەكەریا بەریتانی، ئەبو ئەنەس عێراقی‌و ئەبو هاجەر عێراقی" لە چوار كردەوەی خۆكوژیی جیاوازدا خۆیان تەقاندوەتەوە بە سوپای عێراق‌و میلیشاكاندا لە گوندی (تل كیسوم) لە باشوری خۆرئاوای موسڵ.

 

ئەو چەکدارە کوردەی داعش کە خۆی تەقاندەوە 

 

بەپێی ڕاگەیەندراوەكەی داعش هەر چوار خۆكوژەكە"ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژكراوەكانیان تەقاندووەتەوە بە دەبابەی ڕوسیی سوپای عێراق‌و میلیشیاكاندا‌و بەهۆیانەوە دەبابەكان تێكشكێندراون‌و چەندین قوربانی لەناو سوپا‌و میلیشیاكاندا هەن."

 

هەرچەندە ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستییە گرنگیی ئەو گوندەی ڕوون نەكردووەتەوە كە ئەمڕۆ ئەو چوار خۆكوژە خۆیان تێدا تەقاندووەتەوە، بەڵام سوپای عێراق لەو سنورەوە لەپێشڕەوییدایە.

 

گوندەكە لەسەر نەخشە


خۆ تەقاندنەوەی ئەو چەكدارانەی داعش دوای زیادبوونی فشارەكانی سەر ئەو ڕێكخراوەو دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی‌ كۆنتڕۆڵكردنەوەی‌ بەری‌ خۆرئاوای موسڵە كە سەرلەبەیانی‌ دوێنێ دەستیپێكردو هێزەكانی‌ سوپاو پۆلیس‌و حەشدی‌ شەعبی‌ بەشدارن تێیدا.

 

ئەوە یەكەمجار نییە چەكدارانی كوردی ناو داعش خۆیان بتەقێننەوە پێشتریش داعش خۆتەقاندنەوەی چەكداری كوردی ناو ڕیزەكانی‌و كوژرانی چەندینی دیكەی ڕاگەیاندووە.

 

 

وێنەیەکی دیکەی چەکدارە کوردەکە کە ناوی عومەر کوردییە

 

لەسەرەتای شۆڕشی سوریا لە ساڵی 2011و دواتریش دروستبوونی داعش ژمارەیەكی زۆر گەنجی كورد لە باشورو خۆرهەڵاتی كوردستانەوە پەیوەندییان بەو ڕێكخراوەوە كردووە.

 

هەرچەندە ڕێكخراوی داعش لە 2 ساڵی ڕابردوودا ژمارەیەكی خاكی ژێر دەستی لەدەستداوە لەعێراق‌و سوریا لەسەر دەستی هێزەكانی پێشمەرگەو شەڕڤانان، بەڵام هێشتا لەعێراق بەشێكی شاری موسڵی بەدەستەوە ماوە كە دووەم گەورەترین شاری عێراقەو پێشبینی دەكرێت هێشتا زیاتر لە 600 هەزار كەس لەناوچەكانی ژێردەستی داعشدا بن.

 

پێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنەوەی موسڵ لەلایەن هێزە عێراقییەکان، شەش هەزار چەکداری داعش لەو شارەبوون، تا ئێستا هەزاریان کوژراون و پێنج هەزاری دیکەشیان ماون کە ئێستا لەبەشی خۆرئاوای موسڵن، ئەوەش بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی سەربازی بۆ رۆیتەرز.

 

چەكدارانی‌ داعش ئێستا لە خۆرئاوای موسڵ گەمارۆدراون كە مەزەندە دەكرێت 650 هەزار كەسی‌ مەدەنی‌ لێبێت، ئەوەش دوای‌ دەركردنی‌ رێكخراوەكە لەقۆناغی‌ یەكەمی‌ ئۆپەراسیۆنی‌ رزگاركردنی‌ شارەكە لەسەر دەستی‌ هێزە عیراقییەكان بە پاڵپشتی‌ هاوپەیمانان كە مانگی‌ رابردوو كۆتایی هات.

 

یەکێکی دیکە لەخۆکوژەکان کە بەڕەگەز عێراقییە

 

قۆناغی یەكەمی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ لەژێر دەستی داعش لە 17ی‌ تشرینی یەكەمی‌ ساڵی‌ ڕابردوو دەستیپێكرد‌و مانكی ڕابردوو بە دەركردنی داعش لە خۆرهەڵاتی شارەكە كۆتایی هات.

 

ئێستا ئۆپەراسیۆن بۆ ئازادكردنی بەشی‌ خۆرئاوای‌ موسڵ بەردەوامە كە كەمتر لەنیوەی ڕوبەری شارەكە پێكدەهێنێت‌و زۆربەی‌ بارەگا حكومییەكان لەو بەشەدان.

 

 

وێنەی ئەو چەکدارە بەریتانیەی خۆی تەقاندەوە

 

چاوەڕواندەكرێت ئۆپەراسیۆنی ڕزگاركردنی خۆرئاوای شاری موسڵ، شەڕێكی سەختتر بەخۆیەوە ببینێت بەهۆی ئەوەی كۆڵان‌و شەقامەكانی ئەو بەشەی موسڵ باریكن‌و سوپای عێراق ناتوانێت بەپێی پێویست تانك‌و زرێپۆش بەكاربهێنێت لە شەڕەكەدا.

 

شەڕی‌ موسڵ بە گەورەترین هێرشی‌ وشكانیی دادەنرێت لەدوای‌ ڕوخانی‌ رژێمی‌ سەدام لەساڵی‌ 2003، لەسەرەتای شەڕەكەوە هێزەكانی پێشمەرگەش بەشدارییان تێداكردو دوای كۆنتڕۆڵ كردنەوەی چەند ناوچەیەك، پێشڕەوییەكانیان ڕاگرت.