كۆنگرەی یەكێتی بۆ كاتێكی نادیار دواخراو مەكتەبی سیاسی نوێ هەڵبژێردرا

17-03-2018 01:54
كۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەركردایەتی یەكێتی. وێنە؛ پیوكەی میدیا.

 

پەرەگراف

 

كۆنگرەی یەكێتی بۆ كاتێكی نادیار دواخراو سەركردایەتی ئەو حزبە مەكتەبی سیاسی نوێی هەڵبژارد كە ئەندامەكانی هەمان ئەندامانی پێشووی مەكتەبی سیاسین.

 

كێشەی سەرەكی یەكێتی شێوازی بەستنی كۆنگرەی حزبەكەیە، هەریەكە لە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدو كۆسرەت ڕەسوڵ كە سەرۆكایەتی دوو باڵە جیاوازەكەی یەكێتی دەكەن بۆچوونی پێچەوانەیان هەیە لەوبارەیەوە، هێرۆ ئیبراهیم لەگەڵ بەستنی كۆنگرەدایە لە نزیكترین كاتداو كۆسرەت ڕەسوڵ پێیوایە بەو دۆخەی ئێستاوە كۆنگرە لەبەرژەوەندی یەكڕیزیی حزبەكەیان نییە.

 

ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی باڵەجیاوازەكانی ئەو حزبە كۆبووەوەو پرسی بەستنی كۆنگرەو مەكتەبی سیاسی نوێ‌و ئامادەكاریی بۆ هەڵبژاردن تاوتوێ كرد.

 

سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەكێتی دوای كۆبوونەوەكە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دەستەیەكیان بۆ سەرپەرشتیكردنی هەڵبژاردنەكان پێكهێناوە بە سەرپەرشتی كۆسرەت ڕەسوڵ.

 

وتەبێژەكەی یەكێتی ئەوەشی خستەڕوو، بە تێكڕای دەنگ مەكتەبی سیاسی هەڵبژێردراوەتەوە‌و تا كۆنگرەی داهاتوو بەردەوام دەبن، كە سەرجەمیان ئەندامانی مەكتەبی سیاسی پێشوون.

 

هەریەكە لە بەرهەم ساڵح‌و ئازاد جوندیانی كە پێشتر وازهێنانیان لە یەكێتی ڕاگەیاندبوو ناویان لە لیستی نوێی مەكتەبی سیاسی ئەوحزبەدا نییە، هاوكات نەجمەدین كەریم كە هێشتا خۆی بە یەكێتی دەزانێت‌و پێشتر ئەندامی مەكتەبی سیاسی بوو بەهەمانشێوە ناوی نییەو هەڵنەبژێردراوەتەوە.

 

دەربارەی بەستنی كۆنگرەی یەكێتی، سەعدی پیرە وتی"ڕای دامەزراوەكانی یەكێتی وەردەگیرێ بۆئەوەی كەی گونجاوە لەساڵی 2018 كۆنگرە بكرێ، مەكتەبی سیاسی چەند پێشنیارێك ئامادە دەكات‌و سەركردایەتی بڕیاری لەسەر دەدات" وتیشی، كۆسرەت ڕەسوڵ بڕیاردەری ژمارە یەكی حزبەكەیان دەبێت تا كۆنگرە.

 

ئاڵۆزیی‌و كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی لەكاتێكدایە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەبەردەم ئەو حزبەدایەو مانگی داهاتوو هەڵمەتی بانگەشە دەستپێدەكات، ئەوەش وایكردووە یەكێتییەكان لە خەمی ئەوەدابن كێشە ناوخۆییەكانیان كاریگەریی نەكاتەسەر دەنگە‌و پێگەی جەماوەریی حزبەكەیان.

 

بەدەر لە كێشە ناوخۆییەكانی، هەڵبژاردنی داهاتوو بۆ یەكێتی تاقیكردنەوەیەكی گرنگە بەوپێیەی بەرهەم ساڵح كەسی دووەمی ئەو حزبە جیابووەتەوەو بە لیستێكی جیا بەشداریی هەڵبژاردن دەكات.

 

ناكۆكیی باڵەكانی یەكێتی بەجۆرێكن هەر گروپەو دەیەوێت لە بەرژەوەندیی خۆی گۆڕانكاریی بكرێت‌و جومگە سەرەكییەكانی دەسەڵاتی حزبیی لای خۆی بێت وەك؛ پۆستی یەكەمی حزب، پارەو هێزو دەسەڵاتی میدیا.

 

هەرچەندە لەدوای نەخۆشكەوتنی مام جەلال(كۆتایی 2012) ناكۆكییەكانی ناو حزبەكەی تەشەنەیان سەند‌و ئەو حزبە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوویدا بە زەحمەت بڕیارێكی داوە كە كۆدەنگیی لەسەر بووبێت‌و وەكخۆی جێبەجێ كرابێت، هاوكات ئەو كۆبوونەوەیەی سەركردایەتی كە مەكتەبی سیاسی حزبەكەی هەڵوەشاندەوە ناكۆكی نوێی دروست كرد.

 

سەركردایەتی یەكێتی(4-11-2017) لە دۆخێكی پڕ لە ئاڵۆزییدا مەكتەبی سیاسی هەڵوەشاندەوە، ئەوەش ناڕەزایی بەشێك لە بەرپرسانی باڵای لێكەوتەوە، بەهۆی ناكۆكییەكانەوە نەتوانرا جێگرەوەی مەكتەبی سیاسی دیاریی بكرێت‌و ناڕازییەكانی ناو مەكتەبی سیاسیش دانیان بەو هەڵوەشاندنەوەیەدا نەدەنا، تا ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی نوێیان لە هەمان مەكتەب سیاسییەكەی پێشوو هەڵبژاردەوە.

 

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی كۆنگرە باڵاترین دەسەڵاتی ئەو حزبەیە‌و هەر 3 ساڵ جارێك دەبەسترێت‌و پێویستبوو كۆنگرەی چوارەم لە مانگی 10ی 2013دا ببەسترایە، بەڵام تائێستا نەبەستراوە. 

 

ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە ئەمڕۆ هەڵبژێردران بریتین لە:

 

1- كۆسرەت ڕەسوڵ عەلی

 

2- هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد

 

3- مەلا بەختیار

 

4- حاكم قادر حەمە جان

 

5- عومەر فەتاح

 

6- سەعدی ئەحمەد پیرە

 

7- مەحمود سەنگاوی

 

8- شێخ جەعفەر شێخ مستەفا

 

9- رەفعەت عەبدوڵڵا

 

10- ڕزگار عەلی

 

11- ئاسۆ ئەڵمانی

 

12- قادر عەزیز

 

13- عەدنان موفتی

 

14- شۆڕش ئیسماعیل

 

15- ئەرسەلان بایز