نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانی لە پەیامی نەورۆزدا باسی عەفرینیان نەكرد

20-03-2018 06:13
نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی‌.

 

پەرەگراف

 

هەریەكە لە نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانی لە پەیامی نەورۆزدا باسی دۆخی عەفرینیان نەكرد، ئەوەش پێچەوانەی پەیامی سەركردەو حزبەكانی كورد هەرێمی كوردستانە بە مەسعود بارزانیشەوە.

 

باسنەكردنی دۆخی عەفرین لەكاتێكدایە گەلی كورد لەو كانتۆنەی ڕۆژئاوای كوردستان لە ژێر داگیركاریی توركیادایەو بۆ خۆپاراستن لە كۆمەڵكوژیی سەدان هەزاركەس ئاوارەبوون‌و لە دۆخێكی دژواردان.

 

لە هەرێمی كوردستان خەڵك‌و حزبەكان هاوسۆزی عەفرینن‌و تائێستا دەیان خۆپیشاندان‌و چالاكیی جۆراوجۆر دژی هێرشەكانی توركیا ئەنجامدراون، هاوكات پارێزگای سلێمانی سێ ڕۆژ ماتەمینی ڕاگەیاندووەو چالاكییە شادیی‌و خۆشییەكانی نەورۆزی ڕاگرتووە، لەچەند شوێنێكیش یادی نەورۆز تایبەت كرا بە عەفرین، هەندێكیش بە نەورۆزی ماتەم، دڵتەنگی‌و كۆڵنەدان ناوی نەورۆزی ئەمساڵ دەبەن.

 

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، لە پەیامی نەورۆزیدا سڵاو دەنێرێت بۆ گەلی عێراق‌و هەموو گەلانی دراوسێی كوردستان، بەبێ ئەوەی ناوی عەفرین‌و كوردانی ڕۆژئاوای كوردستان بهێنێت.

 

بە پێچەوانەی نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانی، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی بەشێك لە پەیامی نەورۆزی تەرخانكردووە بۆ دۆخی عەفرین‌و دەڵێت"جێگەی داخێكی زۆرە كە عەفرین تووشی شەڕ و ڕووداوی ناخۆش بووەتەوە و ژیان و ئاسودەیی خەڵك كەوتووەتە بەر مەترسی. ئەو دیمەنانەی لە عەفرین دەبینرێن ناخهەژێنن، شەر لەنێوان هێزە چەكدارەكان شتێكە و سووكایەتیكردن بە ئافرەت و منداڵ و هێما نەتەوەییەكانی میللەتێك و كوشتن و بڕینی هاووڵاتیانی بێ تاوان شتێكی ترە كە نامرۆڤانەیە و پێویستە ڕێگا لەو ڕەفتارە نامرۆڤانەیە بگیرێت."

 

بارزانی داواشدەكات كۆتایی بە كوشتن‌و ئاوارەكردنی خەڵك بێت‌و كێشەكان بە ئاشتی و ڕێكاری سیاسییانە چارەسەر بكرێن، "ئومێد دەكەم لایەنە سیاسییە كوردەكانی سووریا بە یەكڕیزی و ڕێكاری ئاشتییانە و كوردانە بتوانن مافە سیاسییەكانی خۆیان مسۆگەر بكەن و هەموو لایەك ڕێز لە مافی گەلی كورد لە سووریا بگرن."

 

سوپای توركیاو گروپە چەكدارە توندڕەوەكانی سەربەو وڵاتە كە لەناویاندا پاشماوەكانی داعش هەن، 18ی ئەم مانگە چوونە ناو عەفرین، ئەوەش دوای بۆردومانێكی چڕی ئاسمانیی‌و زەمینیی بۆ ماوەی 2 مانگ.

 

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا، هەڕەشەی ئەوەدەكات هێرشەكانی وڵاتەكەی لە ڕۆژئاوای كوردستان بەردەوام دەبێت‌و دوای عەفرین دەچنە شارەكانی دیكە، هەروەها هەڕەشەی دەركردنی پەكەكەش لە شەنگال دەكات‌و دەڵێت، بە عێراقیان وتووە ئەگەر چارەسەری نەكەن شەوێك لەناكاو سوپای وڵاتەكەی دەچێتە شەنگال.

 

دانیشتووانی عەفرین بۆ ڕزگاربوون لە كۆمەڵكوژیی لەسەر دەستی سوپای توركیاو گروپە چەكدارەكانی سەربەو وڵاتە شارەكەیان جێهێشت‌و ئاوارە بوون، كانتۆنی عەفرین تەئكید دەكاتەوە، بە داگیركردنی عەفرین، خەباتیان دەچێتەن قۆناغێكی نوێ‌و تا سەركەوتن بەردەوام دەبن‌و شێوازی شەڕكردن دەگۆڕن‌و دوای دورخستنەوەی هاوڵاتیانی مەدەنی لە ناوچەكانی شەڕ، شەڕڤانان هێرشیان دەستپێكردووە.

 

دۆخی عەفرین‌و داگیركارییەكانی توركیا كاردانەوەی بەردەوامی كوردانی بەدواداهاتووە لەسەرتاسەری دونیاو چەندین چالاكیی جۆراوجۆر ئەنجامدراون، بەڵام كۆمەڵگای نێودەوڵەتی هێشتا بێدەنگە.

 

ئەمڕۆش بەشێك لە پەیامی نەورۆزی زۆربەی حزب‌و سەركردەكانی هەرێمی كوردستان تایبەت بوو بە دۆخی عەفرین.

 

لە پەیامی بزووتنەوەی گۆڕاندا هاتووە"بەداخەوە ئەم نەورۆزە؛ بۆ گەلی كورد پڕە لە ئاڵنگاریی و مەترسی، بەشێوەیەك كوردستان دەرگیری دەیان و بگرە سەدان كێشەیە، دەوڵەتە شكستخواردوەكانی ناوچەكە كوردیان خستووەتە بەردەم شەڕێكی نەخوازراوو داگیركردنی عەفرین‌و ئاوارەكردنی سەدان هەزار سڤیلی بێوەی، یەكێك لەو دەیان دیمەنە جەرگبڕانەیە كە كوردانی ناچاركردووە لە جەژنی نەورۆزدا ماتەم بگێڕن و دڵتەنگ بن."

 

هەروەها مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەژێر ناوی "نەورۆزی كۆڵنەدان" پەیامێكی بڵاوكردووەتەوە كە بەشی زۆری تەرخانكراوە بۆ دۆخی عەفرین‌و تێیدا دەڵێت"كانتۆنی عەفرین و گەلی رۆژئاوای كوردستان رووبەروی داگیركاری و كۆمەڵكوژی سوپای توركیاو ملیشیا توندڕەوەكان و پیلانێكی ڕەشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دەبێتەوە، بەمەش پێدەچێت مێژوو راستی گووتبێت "گەلی كوردستان تەنها چیاكان دۆستیانن"."

 

هاوكات د.بەرهەم ساڵح، سەرۆكی هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەری، لە پەیامی پیرۆزباییدا بۆ نەورۆز، دەڵێت"نەورۆز ئەكەینەوە كاتێ بەناهەق لە عەفرین خوینی كورد دەڕژێت، و ئاوارە و دەربەدەر دەكرێن. بەرگری و بەرخۆدانی عەفرین پەیامی بەردەوامی خەباتە بۆ ئازادی گەلی كوردستان."

 

لە ماوەی 2 مانگی هێرش‌و بۆردومانەكانی توركیادا، 500 كەسی مەدەنی لە عەفرین شەهیدبوون كە چەندین ژن‌و منداڵیان لەناودایە‌و زیاتر لە هەزاری دیكەش برینداربوون، هەروەها 820 شەڕڤانی هێزەكانی سوریای دیموكرات شەهیدبوون كە یەپەگە پێكهێنەری سەرەكییەتی.

 

لەگەڵ چوونەناو عەفرین، چەكدارە جیهادییەكان كە توركیا پشتیوانییان دەكات دەستیانكرد بە دزیی‌و تاڵانكردنی ماڵ‌و دوكانەكانی شارەكە، ئەوەش بووە جێی بایەخی ڕاگەیاندنەكانی جیهان.

 

توركیا كە هێرشكەری سەر عەفرینەو داگیركاریی كردووە، پەیوەندییەكی بەهێزی ئابوریی لەگەڵ هەرێمی كوردستان‌و بەتایبەت خودی نێچیرڤان بارزانی هەیە.

 

دیارترین مەلەف كە نێچیرڤان بارزانی بە ئەندازیارو كەسی یەكەمی دادەنرێت پرسی ئابوریی سەربەخۆو هەناردەی نەوتی هەرێمە لەڕێی بۆریی سەربەخۆی خۆیەوە بۆ توركیا، ئەم پرسە گرژییەكانی نێوان هەولێرو بەغدای گەیاندە بەرزترین ئاست‌و وایكرد حكومەتی ناوەندیی بودجەی هەرێم ببڕێت.

 

حكومەتەكەی نێچیرڤان بارزانی 4 ساڵە نەیتوانیوە موچەی فەرمانبەران لەكاتی خۆیدا بدات، سەرباری پاشەكەوتكردنی بەشێكی زۆر لە موچە هاوكات چەند مانگێكیش قەرزاری فەرمانبەرانە، لەگەڵ قەرزی كۆمپانیا ناوخۆیی‌و بیانییەكان كە بە زیاتر لە 16 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.

 

هەرچەندە هەناردەی سەربەخۆی نەوتی هەرێم، وایكرد پەیوەندییەكی بەهێزی ئابوری لەنێوان هەرێم‌و وڵاتانی دەرەوە بەتایبەت توركیا دروست ببێت‌و ساڵی 2013 گرێبەستێكی 50 ساڵە لە نێوان هەولێرو ئەنقەرە واژۆكراو زۆر كۆمپانیای زەبەلاحی جیهانیی هاتنە كوردستان، بەڵام ئەمانە لە پرسێكی وەك ڕیفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی ساڵی ڕابردوودا كاریگەرییان نەبوو لە كەمكردنەوەی فشارەكانی سەر هەرێم.

 

توركیا نەك هەر پشتیوانیی هەرێمی نەكرد، بەڵكو چەندینجار ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە هەڕەشەی داخستنی سنورو ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كرد كە تاكە سەرچاوەی حكومەتە بۆ موچە، ئەردۆغان وتی"با بزانین ئیدارەی خۆجێی باكووری عێراق لە چ كەناڵێكەوە نەوت بۆ كوێ دەگوازێتەوەو بە كوێی دەفرۆشێت؟ كلیلەكە بەدەست ئێمەوەیە، هەر كە قوفڵی بدەین ئەو كارە تەواو دەبێت."