توركیا وێنەی سەربازەكانی لەكاتی ئۆپەراسیۆن دژی پەكەكە لە خاكی هەرێم بڵاوكردەوە

21-03-2018 05:46
سەربازانی توركیا لە خاكی هەرێم. وێنە؛ تویتەری سوپای توركیا.

 

پەرەگراف

 

توركیا بە فەرمی وێنەی ژمارەیەك لە سەربازەكانی لە ناوچەكانی خواكوڕك‌و كانی ڕەش بڵاوكردەوە كە ئۆپەراسیۆن دژی پەكەكە ئەنجامدەدەن، هەروەها ئەردۆغان دەڵێت، لە شەنگالیش هێرشیان كردووەتەسەر پەكەكە.

 

هاوكات حكومەتی عێراق ڕەتیدەكاتەوە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لەگەڵ توركیا ئەنجامبدات دژی پەكەكەو داوای چوونەدەرەوەی سوپای توركیا دەكات لە خاكی وڵاتەكەی، بەڵام توركیا گوێ بەو داواكارییە نادات‌و بەردەوامە لە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لە خاكی هەرێمی كوردستان.

 

لەگەڵ بڵاوكردنەوەی وێنەی سەربازانی توركیا لە خاكی هەرێم، هەر ئەمڕۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا ڕایگەیاند"لە شەنگال 38 ئەندامی پەكەكەمان لە چالاكی خست. ئەگەر ئەمە بەردەوام بێت، بەرەوپێشتریش دەچین."

 

سەربازانی توركیا لە خاكی هەرێم. وێنە؛ تویتەری سوپای توركیا.

 

ئەردۆغان دوو ڕۆژ لەمەوبەریش وتی"ئەگەر پێویست بكات كەمپەكانی تیرۆریستان لە باكووری عێراق دەخەینە ژێر چاودێری بەردەوامەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بە حكومەتی ناوەندیی عێراقمان وت سەیركەن لێرە هەمان سیناریۆكانی قەندیل ڕوودەداتەوە. ئەو قەندیلی دووەمە شەنگالە، ئەگەر ئەو كارە بەخۆتان چارەسەری دەكەن، بیكەن. ئەگەر پێتان چارەسەر ناكرێ ئێمە ڕاستەوخۆ شەوێك دەچینە ناو شنگال و ئەوێ لە پەكەكە پاكدەكەینەوە."

 

وەزیری دەرەوەی عێراق ڕەتیدەكاتەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەگەڵ توركیا ئەنجامبدەن‌و داوای چوونەدەرەوەی سوپای ئەو وڵاتە لە خاكی عێراق دەكات.

 

ئیبراهیم جەعفەری، وەزیری دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ لەگەڵ ئەحمەد یەڵدز، بریكاری وەزارەتی دەرەوەی توركیا كۆبووەتەوە، بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، جەعفەری بە یەڵدزی وتووە، ڕێگە بە دەستوەردان لە عێراق نادەن‌و ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیش لەگەڵ هیچ وڵاتێكدا ئەنجام نادەن، تەئكیدی لەوەشكردووەتەوە پێوستە سوپای توركیا هێزەكانی لە باشیك بكێشێتەوە.

 

سەربازانی توركیا لە خاكی هەرێم. وێنە؛ تویتەری سوپای توركیا.

 

تائێستا هەرێمی كوردستان هیچ هەڵوێستێكی نییە لەبارەی بەزاندنی سنورەكانی لەلایەن توركیاوە، بەرپرسانی باڵای هەرێم گوێ بە داواكاریی ژمارەیەك پەرلەمانتاری كوردستانیش نادەن كە لە ماوەی ڕابردوودا چەند جارێك داوایانكردووە سوپای توركیا لە خاكی هەرێم بكرێتە دەرەوە.

 

توركیا لە 1995وە بنكەی سەربازیی لە هەرێمی كوردستان دامەزراندو ساڵی ڕابردوو ژمارەی بنكەكانی زیادكردو ئەمساڵیش هێزێكی زۆری زەمینیی هێنایە ناو خاكی هەرێم.

 

سەربازانی توركیا لە خاكی هەرێم. وێنە؛ تویتەری سوپای توركیا.

 

هەرچەندە ئامارێكی وردو فەرمیی لەبەردەستدا نییە دەربارەی ژمارەی بنكەو سەربازانی توركیا لە خاكی هەرێم، بەڵام زیاتر لە 10 بنكەو هەزاران سەرباز دەبن‌و لە ناوچەكانی بادینانن لە پارێزگای دهۆك.

 

توركیا بە پاساوی شەڕ دژی پەكەكە خاكی هەرێمی كوردستانی بەزاندووە، ئەو وڵاتە چەندین تۆپ‌و تانك‌و فڕۆكەی جەنگیی‌و چەك‌و پێداویستی دیكەی سەربازیی هێناوەتە خاكی هەرێم.

 

ئەو ناوچانەی توركیا ئۆپەراسیۆنی تێدا ئەنجامدەدات شاخاویی‌و سەختن، ئۆپەراسیۆنەكە بە پاڵپشتی هێزی ئاسمانی توركیایەو لەلایەن فەرماندەیی لیوای 34 هەمینی سنوور لە شارۆچكەی یوكسەكۆڤا سەر بە پارێزگای هەكاری‌و فەرماندەیی لیوای جەندرمەی كۆماندۆی شاخ دەستی پێكردووە.

 

سەربازانی توركیا لە خاكی هەرێم. وێنە؛ تویتەری سوپای توركیا.

 

پەلاماری توركیا بۆسەر پەكەكە لە خاكی هەرێمی كوردستان، هاوكاتە لەگەڵ هێرشەكانی ئەو وڵاتە بۆسەر یەپەگە لە كانتۆنی عەفرین لە ڕۆژئاوای كوردستان.

 

سوپای توركیاو گروپە چەكدارە توندڕەوەكانی سەربەو وڵاتە كە لەناویاندا پاشماوەكانی داعش هەن، 18ی ئەم مانگە چوونە ناو عەفرین، ئەوەش دوای بۆردومانێكی چڕی ئاسمانیی‌و زەمینیی بۆ ماوەی 2 مانگ.

 

دانیشتووانی عەفرین بۆ ڕزگاربوون لە كۆمەڵكوژیی لەسەر دەستی سوپای توركیاو گروپە چەكدارەكانی سەربەو وڵاتە شارەكەیان جێهێشت‌و ئاوارە بوون، كانتۆنی عەفرین تەئكید دەكاتەوە، بە داگیركردنی عەفرین، خەباتیان دەچێتەن قۆناغێكی نوێ‌و تا سەركەوتن بەردەوام دەبن‌و شێوازی شەڕكردن دەگۆڕن‌و دوای دورخستنەوەی هاوڵاتیانی مەدەنی لە ناوچەكانی شەڕ، شەڕڤانان هێرشیان دەستپێكردووە.

 

دۆخی عەفرین‌و داگیركارییەكانی توركیا كاردانەوەی بەردەوامی كوردانی بەدواداهاتووە لە سەرتاسەری دونیاو چەندین چالاكیی جۆراوجۆر ئەنجامدراون‌و نەورۆزی ئەمساڵ لە زۆر ناوچە تایبەت كرا بە عەفرین، بەڵام كۆمەڵگای نێودەوڵەتی هێشتا بێدەنگە‌و هەڵوێستی كرداریی نییە.

 

لە ماوەی 2 مانگی هێرش‌و بۆردومانەكانی توركیادا، 500 كەسی مەدەنی لە عەفرین شەهیدبوون كە چەندین ژن‌و منداڵیان لەناودایە‌و زیاتر لە هەزاری دیكەش برینداربوون، هەروەها 820 شەڕڤانی هێزەكانی سوریای دیموكرات شەهیدبوون كە یەپەگە پێكهێنەری سەرەكییەتی.

 

لەگەڵ چوونەناو عەفرین، چەكدارە جیهادییەكان كە توركیا پشتیوانییان دەكات دەستیانكرد بە دزیی‌و تاڵانكردنی ماڵ‌و دوكانەكانی شارەكە، ئەوەش بووە جێی بایەخی ڕاگەیاندنەكانی جیهان.

 

توركیا كە هێرشكەری سەر عەفرینەو داگیركاریی كردووە‌و لە هەرێمی كوردستانیش سنووری بەزاندووەو ئۆپەراسیۆن ئەنجامدەدات، پەیوەندییەكی بەهێزی ئابوریی لەگەڵ هەرێمی كوردستان‌و بەتایبەت نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت هەیە، دوێنێش نێچیرڤان بارزانی لە پەیامی نەورۆزیدا بە پێچەوانەی زۆربەی سەركردەو حزبە كوردییەكان، باسی عەفرینی نەكرد.

 

سەربازانی توركیا لە خاكی هەرێم. وێنە؛ تویتەری سوپای توركیا.

 

دیارترین مەلەف كە نێچیرڤان بارزانی بە ئەندازیارو كەسی یەكەمی دادەنرێت پرسی ئابوریی سەربەخۆو هەناردەی نەوتی هەرێمە لەڕێی بۆریی سەربەخۆی خۆیەوە بۆ توركیا، ئەم پرسە گرژییەكانی نێوان هەولێرو بەغدای گەیاندە بەرزترین ئاست‌و وایكرد حكومەتی ناوەندیی بودجەی هەرێم ببڕێت.

 

هەرچەندە هەناردەی سەربەخۆی نەوتی هەرێم، وایكرد پەیوەندییەكی بەهێزی ئابوری لەنێوان هەرێم‌و وڵاتانی دەرەوە بەتایبەت توركیا دروست ببێت‌و ساڵی 2013 گرێبەستێكی 50 ساڵە لە نێوان هەولێرو ئەنقەرە واژۆكراو زۆر كۆمپانیای زەبەلاحی جیهانیی هاتنە كوردستان، بەڵام ئەمانە لە پرسێكی وەك ڕیفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی ساڵی ڕابردوودا كاریگەرییان نەبوو لە كەمكردنەوەی فشارەكانی سەر هەرێم.

 

توركیا نەك هەر پشتیوانیی هەرێمی نەكرد، بەڵكو چەندینجار ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە هەڕەشەی داخستنی سنورو ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كرد كە تاكە سەرچاوەی حكومەتە بۆ موچە، ئەردۆغان وتی"با بزانین ئیدارەی خۆجێی باكووری عێراق لە چ كەناڵێكەوە نەوت بۆ كوێ دەگوازێتەوەو بە كوێی دەفرۆشێت؟ كلیلەكە بەدەست ئێمەوەیە، هەر كە قوفڵی بدەین ئەو كارە تەواو دەبێت."