حكومەتی هەرێم تەنها "نیگەرانە" لە بۆردومانەكەی توركیا كە 4 گەنجی شەهید كرد

22-03-2018 05:50
دواین وێنەی ئەو 4 گەنجەی لە گوندی سەركان بە بۆردومانی فڕۆكەكانی توركیا شەهیدبوون.

 

پەرەگراف

 

حكومەتی هەرێم تەنها وشەی "نیگەرانیی" بەكاردەهێنێت بەرامبەر هێرشی ئاسمانیی فڕۆكەكانی توركیا كە بوونەهۆی شەهیدبوونی 4 گەنج لە گوندێكی قەزای چۆمان، هاوكات داوا لە پەكەكە دەكات لەو ناوچانە دووربكەوێتەوە.

 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆكەكانی توركیا گوندەكانی سەركان، ماونان‌و وەسان-یان لە دۆڵی باڵەیانی قەزای چۆمان بۆردومانكرد، لە بۆردومانەكەدا 4 گەنج كە بۆ گەشتوگوزرا چووبونە گوندی سەركان‌و لە خانویەكدا مابوونەوە، كرانە ئامانج‌و شەهید كران.

 

لە كاردانەوەی ئەو هێرشەی توركیادا، سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەتی هەرێم لە بەیاننامەیەكدا تەنها "نیگەرانیی"دەربڕی لە بەئامانجگرتنی دێهات‌و ئاوەدانییەكانی هەرێمی كوردستان، وتی"چوار گەنجی هەرێمی كوردستان لە ئەنجامی بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆ پێگەكانی پەكەكە لە ناوچەی باڵەكایەتی، شەهید بوون."

 

سەفین دزەیی سەرباری سەرەخۆشی لە خانەوادەو كەسوكاری ئەو شەهیدانە، وتیشی"نیگەرانیی خۆمان لە بەئامانجگرتنی دێهات و ئاوەدانییەكانی هەرێمی كوردستان دەردەبڕین كە بەداخەوە بەهۆی بوونی پێگەكانی پەكەكە و نزیكییان لە دێهات و ئاوەدانییەكانی ئەو ناوچانە، بەردەوام مەترسییان لەسەرە و ئەمە بۆ چەندەمین جارە هاووڵاتیان دەبنە قوربانی. داوا لە پەكەكە دەكەین دەوروبەری دێهات و ئاواییەكان چۆڵ بكات تا چیتر هاووڵاتیان نەبنە قوربانی."

 

وتەبێژەكەی حكومەتی هەرێم هیچ داواكارییەكی لە توركیا نییە بۆ ڕاگرتنی هێرشەكان‌و دووبارە نەكردنەوەیان، یاخود قەرەبووكردنەوەی زیان لێكەوتوان، تەنانەت وشەی "ئیدانە" كردنیشی بۆ هێرشەكەی توركیا بەكارنەهێناوە.

 

ئەو چوار گەنجەی بە بۆردومانەكەی توركیا شەهیدبوون خزم‌و هاوڕێی یەكترن بە ناوەكانی؛ مستەفا وەرتی، ئیسماعیل وەرتی، شەرۆ مەحمودو دەرباز سماقوڵی، پێكەوە لە خانووی یەكێكیاندا ماونەتەوە لە گوندی سەركان كە بۆ گەشت‌و سەیران چوونەتە ئەو گوندە.

 

هەرێم مەحمود برای شەرۆ كە یەكێكە لە شەهیدەكان، بە دەنگی ئەمەریكای وتووە، براكەی بۆ ئاهەنگی نەورۆز سەردانی قەندیلی كردووەو دواتر لە گەڕانەوەیاندا لە دۆڵی باڵەیان لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی توركیاوە كراونەتە ئامانج.

 

ئەو برایەی شەرۆ، باسلەوەدەكات چەكدارانی پەكەكە لە دەوروبەری ئەو گوندانە بوونیان هەیە كە بۆردومان كراون، قائیمقامی چۆمانیش دەڵێت"پەكەكە بوونیان هەیەو هاتووچۆ دەكەن ئەوەش هۆكاری بۆردومانەكانی توركیایە."

 

ئەحمەد قادر قائیمقامی قەزای چۆمان داوای لە پەكەكە كرد لەو ناوچانە دووربكەونەوە، وتی "بنكەو بارەگاكانیان بەرنەوە وڵاتی خۆیان كە توركیایە، با لەوێ خەباتی خۆیان بكەن نەك لێرە 20 گوندیان داگیركردووەو سەرئێشەو مەترسیان بۆ سەر هاوڵاتیانی ئەو گوندانە دروست كردووە."

 

توركیا پەكەكە بە "ڕێكخراوێكی تیرۆریستی" لەقەڵەم دەدات‌و بۆردومانی هەر ناوچەیەك بە مافی خۆی دەزانێت كە گەریلاكانی پەكەكەی تێدابن، هەرچەندە بۆردومانی توركیا بۆ خاكی هەرێمی كوردستان شتێكی نوێ نییەو بەتایبەت بناری قەندیل بەردەوام لە ژێر بۆردوماندایە، بەڵام ئەوە یەكەمجارە دۆڵی باڵەیان بۆردومان بكرێت، ئەوەش بەوتەی لوقمان ئەحمەد كە خەڵكی گوندی سەركانە.

 

لوقمان باسلەوەدەكات بۆردومانەكە زیانێكی زۆری بە گوندەكەیان گەیاندووەو سەرباری ئەو 4 شەهیدە، تەواوی ئەو خانووانەی لێدراون‌و ئەوانەشی نزیكیان بوون خاپووركراون.

 

لوقمان ئەحمەد كە گوندەكەیان لەلایەن توركیاوە بۆردومان كراوە، ڕەتیدەكاتەوە هیچ بنكەو بارەگایەكی پەكەكە لەو گوندە هەبن‌و دەڵێت، پەكەكە لە چیاكان بوونیان هەیەو مەگەر بۆ هاتووچۆ بەو گوندانەدا تێپەڕبنن.

 

بۆردومانەكەی توركیا لە كاتێكدایە ئەو وڵاتە دوێنێ بە فەرمی وێنەی ژمارەیەك لە سەربازەكانی لە ناوچەكانی خواكوڕك‌و كانی ڕەش بڵاوكردەوە كە ئۆپەراسیۆن دژی پەكەكە ئەنجامدەدەن.

 

تائێستا هەرێمی كوردستان هیچ هەڵوێستێكی نییە لەبارەی بەزاندنی سنورەكانی لەلایەن توركیاوە، بەرپرسانی باڵای هەرێم گوێ بە داواكاریی ژمارەیەك پەرلەمانتاری كوردستانیش نادەن كە لە ماوەی ڕابردوودا چەند جارێك داوایانكردووە سوپای توركیا لە خاكی هەرێم بكرێتە دەرەوە.

 

توركیا لە 1995وە بنكەی سەربازیی لە هەرێمی كوردستان دامەزراندو ساڵی ڕابردوو ژمارەی بنكەكانی زیادكردو ئەمساڵیش هێزێكی زۆری زەمینیی هێنایە ناو خاكی هەرێم.

 

بێهەڵوێستیی هەرێم لە كاتێكدایە، حكومەتی عێراق ڕەتیدەكاتەوە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لەگەڵ توركیا ئەنجامبدات دژی پەكەكەو داوای چوونەدەرەوەی سوپای توركیا دەكات لە خاكی وڵاتەكەی، بەڵام توركیا گوێ بەو داواكارییە نادات‌و بەردەوامە لە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لە هەرێمی كوردستان.

 

هەرچەندە ئامارێكی وردو فەرمیی لەبەردەستدا نییە دەربارەی ژمارەی بنكەو سەربازانی توركیا لە خاكی هەرێم، بەڵام زیاتر لە 10 بنكەو هەزاران سەرباز دەبن‌و لە ناوچەكانی بادینانن لە پارێزگای دهۆك.

 

توركیا بە پاساوی شەڕ دژی پەكەكە خاكی هەرێمی كوردستانی بەزاندووە، ئەو وڵاتە چەندین تۆپ‌و تانك‌و فڕۆكەی جەنگیی‌و چەك‌و پێداویستی دیكەی سەربازیی هێناوەتە خاكی هەرێم.