لە كاردانەوەی شەق وەشێنەكاندا؛ حوكمڕانیی هەرێم بە "درێژكراوەی بەعس" ناودەبرێت

26-03-2018 08:38
لێدانی خۆپیشاندەرێك لە هەولێر كە كاردانەوەی فراوانی لێكەوتەوە، 25-3-2018.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

دیمەنی شەق تێهەڵدانی خۆپیشاندەرێك لە هەولێر كاردانەوەی فراوانی لێكەوتەوەو ڕەخنەی تووند ئاڕاستەی حكومەت‌و حزبە دەسەڵاتدارەكان دەكرێت، بە ڕادەیەك حوكمڕانیی هەرێم وەك "درێژكراوەی سەردەمی بەعس" ناودەبرێت.

 

پسپۆڕێكی سیاسی پێیوایە، ئەو شەق وەشاندنە دەرئەنجامی پەروەردەی توندوتیژی 27 ساڵی حكومەتی كوردییەو نیشانەی ئەوەیە دۆخەكە گەیشتووەتە قۆناغێك كە خاڵی كۆتایی دانراوەو دەبێت دەسەڵات بڕوات‌و كۆتایی پێبێت.

 

ئەوە یەكەمجار نییە خەڵكانێك بە جلی مەدەنی‌و بە بەرچاوی هێزە ئەمنییەكانەوە پەلاماری خۆپیشاندەر بدەن لە هەرێمی كوردستان، ئەو كەسانە لەناو خودی هێزە ئەمنییەكانەوە بەرەو ڕووی خۆپیشاندەران دەچن، ئەوەش دەرخەری ئەوەیە خۆیان سەربە هێزە ئەمنییەكانن.

 

هەرچەندە دوێنێ‌و ئەمڕۆش لە خۆپیشاندانەكانی هەولێرو دهۆكدا توندوتیژی بەرامبەر خۆپیشاندەران‌و ڕۆژنامەنوسان بەكارهێنرا، بەڵام دیارترینیان كە كاردانەوەی فراوانی لێكەوتەوە، شەق تێهەڵدان بوو لەلایەن دوو كەسەوە لە خۆپیشاندەرێك كە بۆ داواكردنی مووچەكەی چووەتە سەر شەقام، ڤیدیۆی ڕووداوەكە بە خێرایی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبووەوە.

 

د. كامەران مەنتك، مامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی سەڵاحەدین باسلەوەدەكات، ئەو ڕەفتارە دەرئەنجامی 27 ساڵ پەروەردەكردنە لەسەر توندوتیژی‌و بێبەهاكردنی مرۆڤ، كە ئەوەش ئەو جۆرە مرۆڤە بەرهەم دەهێنێت، پێشیوایە ئەو ڕەفتارە تەنها لێدان نەبوو لەو خۆپیشاندەرە، بەڵكو لێدان بوو لە خەڵكانی ڕۆشنبیر‌و لە پێشكەوتن‌و لە هەرێمی كوردستان.

 

كامەران مەنتك بۆ پەرەگراف وتی"كەسێك بگاتە ئەو ئاستەی بەوشێوەیە مامەڵە لەگەڵ مامۆستایەك بكات كە تەنها داوای مافی ڕەوای خۆی دەكات، ئەوە گەیشتنە قۆناغێكە كە خاڵی كۆتایی دانراوەو دەبێت چاوەڕوانی ئەوەبكەین ئەو دەسەڵاتە بڕوات."

 

لێدانی هەمان خۆپیشاندەر لەلایەن كەسێكی دیكەوە لە هەمانكاتدا.

 

ئەو پسپۆڕە سیاسییە پێیوایە، كێشەكە مووچە نییەو ئەوە ڕووە ڕوكەشەكەیەتی، "ڕووە ئەساسییەكەی ئەوەیە ئەو دەسەڵاتە بەسەر چووەو قۆناغی كۆتاییەتی‌و دەبێت چاوەڕوانی ئەوەبكەین كە بڕوات، ئەو ڕۆیشتنەش ڕەنگە بەداخەوە ئەزمونی هەرێمیش ببێتە قوربانی، چونكە هاوكات لەگەڵ بەرزبوونەوەی ناڕەزایی هێزەكانی عێراق دێنەشەنگال‌و هێزەكانی توركیا دێنە هەرێم، گۆڕانكارییەك هەیەو پێموایە ئەو دەسەڵاتەو ئەوانەی شەق دەوەشێنن قوربانیی یەكەمن."

 

هەرچەندە تاریق نوری بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر بە ئێن ئاڕتی ڕاگەیاندووە"ئەو كەسەی شەقی وەشاندووە هەر كەسێك بێت‌و هەر پلە و پۆستێكی هەبێت ڕووبەڕووی یاسای دەكەینەوەو دەبێت سزای خۆی وەربگرێت"، بەڵام لەماوەی ڕابردوودا ئەو كەسانەی لە خۆپیشاندەرانیانداوەو تەنانەت ئەوانەشی خۆپیشاندەرانیان شەهید كردووە یاسا بەسەریاندا جێبەجێ نەكراوە. 

 

كاردانەوەو ناڕەزاییەكان بەرامبەر شەق تێهەڵدان لەو خۆپیشاندەرە بە جۆرێك بوون زۆر كەس لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، وێنەی ئەو ڕەفتارەیان لە تەنیشت وێنەی ئەشكەنجەدانی كورد دانا لەسەردەمی ڕژێمی بەعس، ئەوەش وەك پیشاندانی لێكچوون لەنێوان هەردوو سەردەمەكەدا.

 

"ئەو شەقانە لە 27 ساڵی ڕابردوو لەنێو زیندانەكان پیادەكراوەو تەنها هاتووەتە دەرەوە، ئێستا هاتە دەرەوە بۆیە خەڵك بینی، ئەگەرنا ئەو شەقانە لەماوەی شەڕی ناوخۆ و سوكایەتی بەیەكتر لە پشت پەردەوە ئەنجامدراوە، ئێستا هاتوەتە بەرچاوی خەڵك، ئێمە بینیمان ڕژێمی سەدام هەموو جۆرە تیرۆرو كوشتنێكی دەكرد، بەڵام لە پشتەوەی دیوارەكان بوو، پاشان لە ڕێی داعشەوە ئەو نمونە مرۆڤ كوشتنە هاتە دەرەوە خەڵك ئەوكات دیمەنەكەی بەشێوەیەكی تەواو بینی، ئێستا ئەو شەقە كەلتورێكە لەناو ئەوان بڵاوەو پەروەردەیەكە كە تەمەنی زیاتر لە 50 ساڵەو درێژكراوەی بەعسە" كامەران مەنتك وای وت.

 

ئەم وێنەیە بە فراوانی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاوبووەتەوە.

 

خۆپیشاندەران كە داوای پێدانی موچەی تەواو دەكەن مانگانە لەكاتی خۆیدا، دروشمی "بڕوخێ دز، بڕوخێ دز"یان دەوتەوەو ڕەخنەی تووندیان لە حكومەتی هەرێم دەگرت كە ناتوانێت مانگانە نیو مووچەش لەكاتی خۆیدا دابەشبكات.

 

"لە هەموو وڵاتێك حكومەت بۆئەوە دانراوە كە دز بگرێت، كەچی خەڵك خۆی دەڵێت بڕوخێ دز، حكومەت وەكو دز تەماشا دەكرێت، ئینجا حكومەتەكە بێدەنگە وەكو ئەوەی نە بای دیبێت نە باران، ئێمە لە دۆخێك دەژین چینێك كە لە هەموو بەهاكان داماڵدراوە حوكمی ئەم وڵاتە دەكات‌و شەرمی لە هیچ شتێكیش نییەو هەر ڕۆژەی دەستی وڵاتێك دەگرێت" كامەران مەنتك وای وت.

 

لە كاتی وتنەوەی دروشم‌و قسەكردنیان بۆ ڕۆژنامەنوسان خۆپیشاندەران ئاماژەیان بەوەدەكرد كە متمانەیان بە حكومەتی هەرێم نەماوەو پێیانوایە "حكومەت پارەی هەیە، بەڵام دابەشی ناكات."

 

هەندێك لە خۆپیشاندەران داوای ئەوەیان دەكرد ئەگەر حكومەت ناتوانێت مووچە دابەشبكات، با وازبهێنێت‌و بڕوات، ئەوان توڕەیی خۆیان دەردەبڕی لە خراپیی گوزەران‌و پاشكەوتی مووچەكانیان‌و ئەو گەندەڵی‌و نادادپەروەرییانەی لە هەرێمی كوردستان هەیە.

 

كامەران مەنتك ئاماژەبەوەدەكات، شتێك نەماوە بەناوی حكومەتی هەرێم، وتی"دوو حزبمان هەیەو دوای 16ی ئۆكتۆبەر ئیدارەكە بەتەواوی هەڵوەشاوەتەوەو لە پاشاگەردانیدا دەژین، بەڵام دەبینین ئەو حزبانە بەو شێوەیە مامەڵە دەكەن كە شەڕكردنە لەسەر مانەوەو هیچ بەهایەكی كۆمەڵایەتی‌و ڕۆشنبیری‌و سیاسی نەماوە، پێویستە خەڵك بەهای نوێ بدۆزێتەوە كە لەگەڵ قۆناغەكە بگونجێت ئەوانەی ئێستا حوكم دەكەن هەموو بەهاكانیان لەدەستداوە."

 

دوای بڵاوبوونەوەی دیمەنەكانی لێدان‌و هەڕەشكردن لە خۆپیشاندەران، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك وێنەی ڕوونی شەق هەڵدەرو هەڕەشەكارەكان بڵاوكرانەوەو بە ڕەخنەی تووندو توانجی زۆری خەڵك كەوتن.

 

خۆپیشاندانەكە كە ئەمڕۆش بەردەوام بوو زیاتر مامۆستاو پزیشك‌و كارمەندانی تەندروستی بەشداربوون تێیدا، سەرتاسەری هەرێمی كوردستانی گرتەوە، ئەوەش یەكەمجارە هەولێرو دهۆك‌و ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پارتی بەو شێوە فراوانە ناڕەزایی بەخۆوە ببینن دژی پاشەكەوتی مووچە.

 

حكومەتی هەرێم لەسەرەتای ساڵی 2016وە كاربە سیستمی پاشەكەوتی مووچە دەكات، بەڵام هێشتا ناتوانێت مانگانە نیو مووچەش دابەشبكات، ئەوكاتەی حكومەت كاركردنی بەو سیستمە ڕاگەیاند نرخی بەرمیلێك نەوت 27 دۆلار بوو، بەڵام ئێستا ئەو نرخە بەرزبووەتەوە بۆ نزیكی 70 دۆلار.

 

فرۆشتنی نەوت سەرچاوەی سەرەكی داهاتی هەرێمە كە مووچەی پێدەدرێت، حكومەتی هەرێم تائێستا ڕوونكردنەوەی لەبارەی ئەوەوە نەداوە كە بۆچی سەرباری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، بەڵام هێشتا ئامادەنییە دەستكاری سیستمی پاشەكەوتی مووچە بكات؟.

 

بەردەوامیی سیستمی پاشەكەوت لە كاتێكدایە بەغداد بڕی 317 ملیارو 540 ملیۆن‌و 465 هەزار دیناری بۆ هەرێمی كوردستان ناردووە تاوەكو مووچەی پێبدات لەگەڵ داهاتی نەوت‌و ناوخۆی هەرێم، هەرچەندە پارەكە گەیشتووەو سەرەتا وا بڵاوكرایەوە بۆ وەزارەتەكانی تەندروستی‌و پەروەردەیە، بەڵام دواتر حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند بۆسەرجەم وەزارەتەكانەو بەشی ئەوە ناكات بەبێ پاشەكەوت مووچە دابەشبكرێت، ئەوەش توڕەیی‌و ناڕەزایی مووچەخۆرانی ئەو دوو وەزارەتەی زیاتر كرد.

 

كاتێك دوێنێ چین‌و توێژە جیاوازەكان لە سەرتاسەری هەرێم بۆ مووچەكانیان لەسەر شەقام بوون، حكومەتی هەرێم لە ئاستی باڵادا كۆبووەوەو پرسی مووچەو دەستكاریكردنی پاشەكەوتی تاوتوێ كردو ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە كە تێیدا نیازی خۆی پیشانداوە بۆ دەستكاریكردنی سیستمی پاشەكەوتی مووچە، بەڵام بەستویەتییەوە بە بەردەوامیی ناردنی پارە لە بەغداوە.