"ڤیدیۆكەم هێزی ژن نیشاندەدات و هەڕەشەم لەسەرە"

ئەو ژنەی روبەڕوی هێزە ئەمنییەكانی هەولێر وەستایەوە
27-03-2018 05:45
هه‌ولێر/25ی ئازاری 2018/ كه‌سێك به‌ جلی مه‌ده‌نی-يه‌وه‌ كه‌ ده‌مانچه‌ی به‌كه‌مه‌ره‌وه‌ بوو هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ خۆپیشانده‌ران ده‌كرد. وێنە؛ له‌ ڤیدیۆكه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌.

 

پەرەگراف- كەركوك ناو

 

لەوكاتەی دوو كەس بە دەمانچەو جلی مەدەنی-یەوە لە ‌بەردەم هێزە ئەمنییەكان هەڕەشەیان لە خۆپیشاندەرانی فەرمانبەرانی هەولێر دەكرد، شایەن كاكە ساڵح(37ساڵ) پزیشك، بە مۆبایلەكەی ڤیدیۆی دەگرتن‌و داوای لێدەكردن وازیان لێبێنن و بێنە ڕیزی خۆپیشاندەران، بەڵام ڕوبەڕوی سوكایەتی‌و پەلاماردان بوەوەو ئێستاش دەڵێت هەڕەشەی لەسەرە.

 

"لۆ دەیشكێنی، لۆ نایەنە بەرەی ئێمە، چ ئیشتان بەو حزبانەیە، بۆچی مۆبایلەكەم بكوژێنمەوە! با هەموو عالەم بیبینێت"، ئەمە دەنگی شایەن كاكە ساڵح-ە لەناو ڤیدیۆكەیدا‌ بەر لەوەی یەكێك بە چەپۆكێك مۆبایلەكەی بكەوێنێت. هەر لەناو ڤیدیۆكەدا دەنگی ژنێكی تر دێت"لەگەڵ ژنان ئاوا دەكەیت شەرمێ بكە."

 

ئەوەش دوای ئەوە هات كە چەند كەسێك بە جلی مەدەنی-ەوە سوكایەتیان بە خۆپیشاندەران دەكرد و شایەن-یش دەیوسیت ئەو پێشێلكارییانە بگوازێتەوە.

 

شایه‌ن كاكه‌ ساڵح (37ساڵ) پزیشك له‌ نه‌خۆشخانه‌ی نانه‌كه‌لی هه‌ولێر.

 

ڤیدیۆكە هەرزوو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی تەنی، بەشێك لە پەیج و ئەكاونتی هاوڵاتیان و ڕاگەیاندنەكان بە "گەڕانەوەی" دەنگ و هێز بۆ ژنان وەسفیانكرد و ئیدانەی ئەو پەلاماردانەش كرا. شایەن-یش وەك پاڵەوانی خۆپیشاندانەكە وەسفكرا.

 

خۆپیشاندانەكە 25ی ئازار لە پاركی شانەدەر ناوەندی شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستانی عێراق بەڕێوەچوو، فەرمانبەران دژایەتی پەیڕەوكردنی سیستمی پاشەكەوتكردنی موچەیان دەكرد،‌ لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، كە بەهۆیەوە موچەكانیان بۆ نیوە یان زیاتر لە نیوە كەمیكردوە، لەگەڵئەوەشدا لەكاتی خۆی نادرێت‌و هێشتا موچەی مانگەكانی 12ی ساڵی ڕابردو و سێ مانگی ئەمساڵیشیان وەرنەگرتوە.

 

شایەن (37ساڵ) پزیشكە لە نەخۆشخانەی نانەكەلی هەولێر كە تایبەتە بە نەخۆشییەكانی شێرپەنجە، دوای ئەوەی ڕۆژی پێشتر ڕاگەیەنراوێكی خوێندەوە لەبارەی خۆپیشاندان بۆ داواكردنی مافەكانی فەرمانبەران، بایكۆتی دەوامەكەی كردو چوە ناو خۆپیشاندەران.

 

 

ڕۆژی دوای ڕوداوەكە كاتێك قسەی بۆ (كەركوك ناو) دەكرد، شایەن هێشتا ماندو بوو، توڕەش بوو لەوەی ئەو بۆ مافی خۆی ڕۆیشتوە، بەڵام سوكایەتی پێكراوە.

 

"ئەگەر بارودۆخی دارایی فەرمانبەران ئاوا نەبوایە هەرگیز نەخۆشەكانم بەجێنەدەهێشت و لەگەڵیاندا دەمامەوە، ئەوان ژیانیان لە مەترسیدایەو دەكرێت بە هۆی كەمتەرخەمیی ئێمەوە لەهەر سەعاتێك ژمارەیەك بچێتە سەر ژمارەی گیانلەدەستدراوەكان"، شایەن وای وت.

 

شایەن لە ڤیدیۆكەدا داوا لە هێزە ئەمنیی و چەكدارە مەدەنییەكانیش دەكات، بێنە ڕیزی خۆپیشاندەران‌و داوای مافی خۆیان بكەن.

 

تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەرزوو چەند وێنەیەكی ئەو دوو كەسەیان بڵاوكردەوە كە بەجلی مەدەنیی‌و بە بەرچاوی پۆلیس-ەوە سوكایەتی-یان بە ژنە خۆپیشاندەرەكان دەكرد، بەشێك لە وێنەكانیان لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای هێزە ئەمنییەكانی هەولێر بوو.

 

شایەن وتی "بەهۆی كەمی موچەكانمان و دواكەوتنی، بەشێكی زۆری كارمەندانی نەخۆشخانەی نانەكەلی ناڕازیی بون، بەڵام من تاكەكەس بوم كە بایكۆتم ڕاگەیاند و ویستم هەموو دەنگە ناڕازییەكان بگەیەنمە دەسەڵات."

 

لە خۆپیشاندانەكە چەند مامۆستایەكی تریش ڕوبەڕوی سوكایەتی بونەوە، بەپێی گرتەیەكی ڤیدیۆیی كەسێكی مەدەنی بە شەق دەكەوێتە وێزەی مامۆستایەكی بە تەمەن، ئەوەش یەكێكی تر بوو لەو گرتە ڤیدۆییانەی كە زوو لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبۆوە.

 

هەمان ڕۆژ خۆپیشاندان شارەكانی سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە و كەركوك و چەندین قەزاو ناحیەی تری گرتەوە، بەڵام ئەوەی لە هەولێر جیاوازبوو ژنان لەپێشی خۆپیشاندەرانەوە دەبینران و پێكهێنەری سەرەكی بون.

 

شایەن وتی "هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە بەشێكی زۆری خۆپیشاندەرە پیاوەكان هەر زوو دەستگیردەكرێن"، لە دوەم ڕۆژی خۆپیشاندانەكەی هەولێر 26ی ئازار هێزە ئەمنییەكان چەند كەسێكیان دەستگیركرد.

 

حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕۆژی خۆپیشاندانەكە كۆبویەوە و بڕیاریدا لە ڕۆژانی داهاتودا بەپێی داهات خشتەی نوێی موچە ئامادەبكات تاكو موچە بەو خشتەیە بدرێت.

 

حكومەت باسی خۆپیشاندەران و پێشیلكارییەكانی نەكرد، تەنیا لە ڕاگەیەنراوەكەیاندا‌ هاتوە "لە سەختیی دۆخی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان تێدەگەین و سوپاسی خۆڕاگری و دانبەخۆداگرتنیان دەكەین."

 

پۆلیسی هەولێر ڕۆژی دوای ڕوداوەكە ڕایگەیاند كە هەڵمەتی لێكۆڵینەوەیان دەستپێكردوە بۆ ئەو پێشێلكارییانەی لە خۆپیشاندانەكاندا كراون، بەڵام ئەمڕۆش لە ڕۆژی سێیەمی خۆپیشاندانەكاندا چەندین پێشێلكاریی دیكە لە هەولێرو دهۆك بەرامبەر خۆپیشاندەران‌و ڕۆژنامەنوسان ئەنجامدران.

 

بۆ شایەن كاكە ساڵح ڤیدیۆكە گرنگی خۆی هەبوو "دەنگ و هێزی ژنی لە ناوچەكەدا نیشاندا"، هەرچەندە وتی "مەترسی خستۆتە سەر ژیانم، بە تەلەفۆنی نەناسراو هەڕەشەم لێكراوە، بەڵام داواكردنی ماف‌و ئازادی ئاوایەو ئەمەشی دەوێت."