لێبوردنی نێودەوڵەتی: ئەوكەسانەی ڕەخنە لە پارتی دەگرن ڕوبەڕوی هەڕەشە دەبنەوە

22-02-2017 12:55
لۆگۆی ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی

 

پەرەگراف

 

ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، ئەو ڕۆژنامەنوس‌و چالاكوان‌و سیاسییانەی ڕەخنە لە پارتی دیموكراتی كوردستان دەگرن ڕوبەڕی هەڕەشە لێكردن بوونەتەوە، ئەوەشدەخاتەڕوو هیچ بەرەوپێش چوونێك نییە لە بەدواداچوون لەبارەی ئەو ڕۆژنامەنوسانەی لە هەرێمی كوردستان كوژراون.

 

ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئەمڕۆ ڕاپۆرتی خۆی بۆ ساڵی 2016 – 2017 بڵاوكردەوەو لەبەشی هەرێمی كوردستاندا بەتایبەت ناوی پارتی دیموكراتی كوردستانی هێناوەو دەڵێت"ئەوكەسانەی كە لە ڕاگەیاندنەكان كاردەكەن لەگەڵ چالاكوانان‌و سیاسییە ڕەخنەگرەكان كاتێك ڕەخنە لە پارتی دیموكراتی كوردستان دەگرن كە یەكێكە لە پارتە حوكمڕانەكان، ڕوبەڕوی ئیزعاج كردن‌و هەڕەشە لێكردن دەبنەوەو ژمارەیەكیشیان لە هەولێر دەركراون."

 

ئەو ڕێكخراوە نێَودەوڵەتییە، ساڵانە ڕاپۆرتی تایبەت بە ڕەوشی مافی مرۆڤ لە جیهاندا بڵاودەكاتەوەو پێشێلكارییەكان دەخاتەڕوو، لە ڕاپۆرتەكەیدا باسلەوەشدەكات"هیچ بەرەوپێش چوونێك نەبووە لە بەدواداچوون لەبارەی كوشتنی ئەو ڕۆژنامەنوسانەی ساڵانی پێشووتر لەهەرێمی كوردستان كوژراون، ئەو كەسانەش بە ڕەخنەگر سەیركراون‌و ڕەخنەگربوون لە دەسەڵاتی كوردی."

 

ئەو ڕێكخراوە باسلە كەیسی كوژرانی ویدات حسێن دەكات كە ڕۆژی 13-8-2016 تەرمەكەییان وەرگرتەوە كە ڕۆژنامەنوسێك بوو بۆ شوێنێك كاری دەكرد كە دەوترێت نزیكە لە پەكەكە، لێبوردنی نێودەوڵەتی دەڵێت"جەستەی شوێنەواری برینداربوونی پێوەدیاربووە كە ئەوەش نیشانەیەكە كە ئەشكەنجەدراوە‌و برینی قوڵ لەسەریدا بووە، شایەتحاڵەكان وتویانە ئەو كاتێك دۆزراوەتەوە هێشتا زیندوبووە لە گوندێكی ڕۆژئاوای دهۆك، دوای ئەوەی چەند كەسێكی نەناسراو ئەویان دەستبەسەر كردووە."

 

لێبوردنی نێودەوڵەتی دەشڵێت"كەسوكاری ویدات وتویانە پێَشتر لەلایەن ئاسایشەوە لە دهۆك چەندجارێك لێپرسینەوەی لەگەڵ كراوەو هەڕەشی كوشتنی لێكراوە، دەسەڵاتی كوردی دوو ڕۆژ دوای كوژرانی بەدواداچونێكیان دەستپێكردووە، بەڵام تا كۆتایی ساڵی ڕابردوو هیچ ئەنجامێكی نەبووە."

 

ویدات حسێن عەلی، تەمەن 29 ساڵ، كاتێك ماڵی خۆیان لەگەڕەكی ماڵتەی دهۆك چووەتە دەرەوە دیارنەماوە‌و دوای‌ چەند كاتژمێرێك، تەرمەكەی‌ لەسەر رێگای گوندی سیجێ نێوان قەزای سێمێل‌و دهۆك دۆزرایەوە‌و‌، ئاسەواری‌ زۆری‌ ئەشكەنجەدان بەجەستیەوە هەبوو.

دوابەدوای‌ رووداوەكە، ماڵپەڕی هەواڵی‌ ڕۆژنیوز-بە نزیك لە پەكەكە دادەنرێت-، دۆسیەی‌ كوژرانی‌ پەیامنێرەكەی‌ بە "تیرۆر" ناوبرد‌و لە ڕاگەیەندراوێكدا داوایانكرد"هێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان- عێراق، بە زووترین كات هۆكاری تیرۆركردنی پەیامنێرەكەی ڕۆژنیوز ئاشكرا بكات، چوونكە لە ژێر دەسەڵاتی ئەواندا تیرۆركراوە."

 

لێبوردنی نێودەوڵەتی لەبەشێكی دیكەی ڕاپۆرتەكەیدا باسلە‌و كەسانە دەكات كە بەتۆمەتی تیرۆر لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە دەستگیركراون‌و پێشێلكارییان بەرامبەر كراوە.

 

"ئاسایش‌و هێزە كوردییەكانی دیكە ژمارەیەكی زۆر گومانلێكراویان بە تیرۆر دەستگیركردووە كە زۆربەیان سوننەی عەرەبن، ماوەیەكی زۆری پێچووە تا ناردویانن بۆ دەزگای دادوەریی‌و خێزانەكانیان نەیانتوانیوە تاماوەیەكی زۆر بیان بینن‌و پێشێلكاری دیكەی دادوەریی كراوە."

 

حكومەتی هەرێم لە مانگی 10ی 2016 ڕایگەیاند لەسەرەتای ئەو ساڵەوە 2 هەزارو 801 گومانلێكراویان دەستگیركردووە كە تۆمەتی تیرۆریان خستوونەتە پاڵ.

 

لێبوردنی نێودەوڵەتی، باسلە كەیسی باسیمە دەروێش دەكات ئەوژنە ئێزدییەی لەنزیك زوممار لەدەست داعش ئازادكرا، بەڵام حكومەتی هەرێم لە مانگی 10ی 2014 دەستگیریكرد بە تۆمەتی ئەوەی دەستی هەبووە لە كوشتنی 3 پێشمەرگەدا، لێبوردنی نێودەوڵەتی دەڵێت"بەدواداچوونی سەربەخۆ لەوكەیسە نەكراوە." هەرچەندە باسیمە دوێنێ لە هەولێر ئازادكرا دوای ئەوەی بێتاوان دەرچوو. 


لێبوردنی نێودەوڵەتی بەگشتی ڕەخنە لە ڕەوشی مافی مرۆڤ دەگرێت لەساڵی 2016و پێیوایە دۆخەكە بەرەو خراپبوون ڕۆیشتووەو حكومەت‌و پەرلەمان لە زۆر وڵات دەستیان بەوەكردووە دژی مافی مرۆڤ هەنگاو بنێن ئەوەش قەیران‌و كاردانەوەی خراپی لێدەكەوێتە، ڕەخنەشی لە چەند سەركردەیەكی وڵاتان گرتووە بۆ خراپی مامەڵەیان.

 

ڕێكخراوەكە ناوی هەریەكە لە دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمەریكا‌و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا‌و ناریندرا مۆدی سەرۆك وەزیرانی هیندستانی هێناوە كە بە وتەو سیاسەتەكانیان دووبەرەكی لە وڵاتەكانیان زیاد دەكەن.

 

"ئێمە ناتوانین پشت بە حكومەتەكان ببەستین بۆئەوەی مافی مرۆڤ بپارێزن‌و دەبێت خەڵك لەوبارەوە هەنگاو بنێت." لێبوردنی نێودەوڵەتی وادەڵێت.