نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتە یان شەقاوە؟

28-03-2018 04:58
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

"ئەگەر چەقۆیان بەدەستەوە بێت‌و دەمانچەیان پێبێت‌و بێن ئەو شتانە بكەن، ئێمەش عەینەن ڕەفتاری وا، بیلموقابیل لەگەڵیان دەكەین" ئەمە دەقی وەڵامی نێچیرڤان بارزانییە بۆ پرسیارێك دەربارەی هێرشكردنەسەر ڕۆژنامەنوسان‌و بەشداربووانی خۆپیشاندانەكانی هەولێرو دهۆك‌و ئازاردانیان.

 

وەڵامەكەی نێچیرڤان بارزانی ڕوبەڕوی كاردانەوەی فراوان بووەوە‌و ڕەخنەی ئەوەی ئاڕاستە دەكەن، ئەو جۆرە قسەكردنە وەك هی شەقاوە وایە نەك سەرۆكی حكومەت، ڕەخنەگران ئەو وتانە بە شەرعیەتدان بە شەقوەشاندن لە قەڵەم دەدەن.

 

نێچیرڤان بارزانی لە كاتێكدا ئەو قسەیە دەكات، ماوەی چوار ڕۆژە خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە هەرێمی كوردستان دژی پاشەكەوتی مووچە بەردەوامەو لە هەولێرو دهۆك دەیان خۆپیشاندەر‌و ڕۆژنامەنوس، ڕوبەڕوی لێدان‌و ئەشكەنجەدان، دەستگیركردن‌و ڕفاندن بوونەتەوە لەلایەن كەسانی سەربە دەزگا ئەمنییەكانەوە.

 

كاتێك ئەمڕۆ لە میانی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا كە دەستكاریكردنی پاشەكەوتی مووچەی تێدا ڕاگەیەندرا، ڕۆژنامەنوسێك پرسیاری لە نێچیرڤان بارزانی كرد دەربارەی ئەوەی لێدان‌و دەستگیركردنی ڕۆژنامەنوس‌و خۆپیشاندەران ڕەوشی مافی مرۆڤ لە هەرێم ناخاتە ژێر پرسیارەوە؟ حكومەت چی دەكات بۆئەوەی ئەو كارانە نەهێڵێت؟.

 

لە وەڵامدا، نێچیرڤان بارزانی وتی"ئەگەر ئاژاوە نەنێنەوەو بە ئاسایی شتەكە بڕوات ئێمەش بە ئاسایی مامەڵەیان لەگەڵ دەكەین، ئەگەر چەقۆیان بەدەستەوە بێت‌و دەمانچەیان پێبێت‌و بێن ئەو شتانە بكەن، ئێمەش عەینەن ڕەفتاری وا، بیلموقابیل لەگەڵیان دەكەین."

 

هەرچەندە سەرۆكی حكومەت باسیلەوەكرد دژی دەستگیركردن‌و ئازاردانی ڕۆژنامەنوسانە، بەڵام زیاتر ئاڕاستەی قسەكانی تۆمەتباركردنیان بوو بە ئاژاوە نانەوە.

 

نێچیرڤان بارزانی وتی"بەنیسبەت ڕۆژنامەنوسەكان ئەوانەی كە گیراون، ئێمە دژی ئەوەین خەڵك بگیرێ‌و ئازار بدرێت، لەپاڵ ئەوەشدا ئێمە بەهیچ شێوەیەك دروستكردنی ئاژاوە قبوڵ ناكەین، مومكین نییە قبوڵ بكەین ئەحزابی سیاسی لە كوردستان هەوڵبدەن ئیستغلالی داواكاریی مامۆستایان‌و كەرتی تەندروستی بكەن بۆ مەرامی سیاسی خۆیان، ئێمە ئەمە قبوڵ ناكەین."

 

ئەو وتانەی سەرۆكی حكومەت هاوكاتە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی چەندین وێنەو گرتەی ڤیدیۆیی كە تێیدا ئەشكەنجەدانی خۆپیشاندەران‌و ڕۆژنامەنوسان دەردەكەون لەلایەن دەزگای ئەمنییەكانەوە، بەڵام هیچ بەڵگەیەك نییە خۆپیشاندەران توندوتیژییان بەكارهێنابێت‌و ئامڕازی توندوتیژییان پێبووبێت وەك؛ چەقۆو دەمانچە كە نێچیرڤان بارزانی ناوی هێنان.

 

 

ئاسەواری لێدان بە جەستەی ڕۆژنامەنوس‌و خۆپیشاندەرانەوە.

 

وتەكەی نێچیرڤان بارزانی كاردانەوەی فراوانی لێكەوتەوە، ساڵح هەركی، ڕۆژنامەنوس، كە ئامادەی كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەی سەرۆكی حكومەت بوو، پرسیاری دەربارەی پێشێلكارییەكان كرد، لە كاردانەوەی وتەكەی نێچیرڤان بارزانیدا لە فەیسبوك نوسیویەتی"بەهەموو پێوەرێك ئێدی یاسا و دادگا نەما .. چەقۆ بەچەقۆ.. دم بدم... قال .. رئیس حكومەت."

 

هەروەها ڕێبین فەتاح چالاكوان‌و بەشدار لە خۆپیشاندانەكانی هەولێر، ڕەخنەی تووند لە وتەكەی نێچیرڤان بارزانی دەگرێت‌و دەڵێت"ئەوە ڕووی ڕاستەقینەی دەوڵەتمەدارە، قەڵەمی مامۆستایەك و چەكی دەستی شەقوەشێنێك لەیەكتر جیا ناكاتەوە. ئەوە دەوڵەتمەدارە و شەرعیەت بە بەكارهێنانی توندوتیژی و زەبروزەنگ لە دژی هاووڵاتیانی مافخوراو دەدات. سوێندی خواردووە تا كاولتری نەكات، ناڕوات!."

 

هاوكات فەرمان ڕەشاد، چالاكوان‌و بەشداربووی خۆپیشاندانەكانی هەولێر پێیوایە، وتەكەی نێچیرڤان بارزانی شەرعیەتدانە بە "توندوتیژی و ڕەشبگیری و شەقوەشاندن."

 

 هانا چۆمانی، ڕۆژنامەنوس، ئەمڕۆ لە هەولێر ڕفێندراو ئەشكەنجەدرا، دواتر ئازادكرا.

 

یەكەمجارە هەولێرو دهۆك‌و ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پارتی بەو شێوە فراوانە ناڕەزایی بەخۆوە ببینن دژی پاشەكەوتی مووچە‌و خۆپیشاندانیان تێدا ئەنجامبدرێت، لەماوەی ئەم چوار ڕۆژەشدا توندوتیژی‌و پێشێلكارییەكان لەو دوو پارێزگایە بوون.

 

لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەرزوو وێنەی ئەو كەسانە بڵاوكرانەوە كە توندوتیژییان بەكارهێناو سوكایەتییان بە خۆپیشاندەران كرد، بەپێی بەشێك لە وێنەكان، ئەو كەسانە خۆیان سەربە دەزگا ئەمنییەكانن‌و وێنەشیان لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای هێزە ئەمنییەكان هەیە.

 

دیمەنی شەق تێهەڵدانی مامۆستایەكی خۆپیشاندەر لە هەولێر كاردانەوەی فراوانی لێكەوتەوەو ڕەخنەی تووند ئاڕاستەی حكومەت‌و حزبە دەسەڵاتدارەكان كرا، بە ڕادەیەك حوكمڕانیی هەرێم وەك "درێژكراوەی سەردەمی بەعس" ناوبرا.

 

 

لێدانی مامۆستاكەی هەولێر كە كاردانەوەی فراوانی لێكەوتەوە، 25-3-2018.

 

لە كاردانەوەی شەق هەڵدان لەو مامۆستایە، سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەتی هەرێم، بە دەنگی ئەمەریكای وتووە"من خۆم وەك وتەبێژی حكومەتی هەرێم،وە وەك وەزیری پێشوی پەروەردە كەپەیوەندییەكی باشم لەگەڵ داودەزگاكانی پەروەردە هەیە، داوام لێكردوون وە داوام لە یەكێتی مامۆستایان كردووە كە ئەو مامۆستایەم بۆ بدۆزنەوەو دەیبینم و داوای لێبوردنیشی لێدەكەم."

 

هەرچەندە وتەبێژەكەی حكومەت باسلەوەشدەكات، ئەو كەسەی هێرشی كردۆتەسەر ئەو مامۆستایە دیار نییە سەر بەدەزگا ئەمنییەكانە، یاخود نا، ڕێوشوێنی یاسایی لەدژ دەگرنەبەر. بەڵام هەرزوو وێنەی ئەو كەسە لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان بڵاوكرایەوە كە پلەدارێكی ئەمنییە.

 

خۆپیشاندەری دیكەش ڕوبەڕوی توندوتیژی‌ بوونەوە، لەوكاتەی دوو كەس بە دەمانچەو جلی مەدەنی-یەوە لە ‌بەردەم هێزە ئەمنییەكان هەڕەشەیان لە خۆپیشاندەرانی هەولێر دەكرد، شایەن كاكە ساڵح كە پزیشكەو بەشداربوو لە خۆپیشاندانەكە، بە مۆبایلەكەی ڤیدیۆی دەگرتن‌و داوای لێدەكردن وازیان لێبێنن و بێنە ڕیزی خۆپیشاندەران، بەڵام ڕوبەڕوی سوكایەتی‌و پەلاماردان بوەوەو ئێستاش دەڵێت هەڕەشەی لەسەرە. ڤیدیۆكەی شایەن بە خێرایی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبووەوە.

 

 

ڤیدیۆكەی شایەن كاكە ساڵح.

 

ئەوە یەكەمجار نییە خەڵكانێك بە جلی مەدەنی‌و بە بەرچاوی هێزە ئەمنییەكانەوە پەلاماری خۆپیشاندەر بدەن لە هەرێمی كوردستان، ئەو كەسانە لەناو خودی هێزە ئەمنییەكانەوە بەرەو ڕووی خۆپیشاندەران دەچن، ئەوەش دەرخەری ئەوەیە خۆیان سەربە هێزە ئەمنییەكانن.

 

پێشتر د. كامەران مەنتك، مامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی سەڵاحەدین بۆ پەرەگراف باسیلەوەكرد، شەق هەڵدان لە خۆپیشاندەران، دەرئەنجامی 27 ساڵ پەروەردەكردنە لەسەر توندوتیژی‌و بێبەهاكردنی مرۆڤ، ئەوەش ئەو جۆرە مرۆڤە بەرهەم دەهێنێت، وتی"كەسێك بگاتە ئەو ئاستەی بەوشێوەیە مامەڵە لەگەڵ مامۆستایەك بكات كە تەنها داوای مافی ڕەوای خۆی دەكات، ئەوە گەیشتنە قۆناغێكە كە خاڵی كۆتایی دانراوەو دەبێت چاوەڕوانی ئەوەبكەین ئەو دەسەڵاتە بڕوات."

 

كەمەران مەنتك وتیشی"ئەو شەقانە لە 27 ساڵی ڕابردوو لەنێو زیندانەكان پیادەكراوەو تەنها هاتووەتە دەرەوە، ئێستا هاتە دەرەوە بۆیە خەڵك بینی، ئەگەرنا ئەو شەقانە لەماوەی شەڕی ناوخۆ و سوكایەتی بەیەكتر لە پشت پەردەوە ئەنجامدراوە، ئێستا هاتوەتە بەرچاوی خەڵك، ئێمە بینیمان ڕژێمی سەدام هەموو جۆرە تیرۆرو كوشتنێكی دەكرد، بەڵام لە پشتەوەی دیوارەكان بوو، پاشان لە ڕێی داعشەوە ئەو نمونە مرۆڤ كوشتنە هاتە دەرەوە خەڵك ئەوكات دیمەنەكەی بەشێوەیەكی تەواو بینی، ئێستا ئەو شەقە كەلتورێكە لەناو ئەوان بڵاوەو پەروەردەیەكە كە تەمەنی زیاتر لە 50 ساڵەو درێژكراوەی بەعسە."