بەوێنە؛ ئاوارەكانی عەفرین لە ڕەوشێكی سەختدان‌و داوای ناوچەی ئارام دەكەن

29-03-2018 09:29
ئاوارەكانی عەفرین لە گوندێكی كانتۆنی شەهبا.

 

پەرەگراف

 

خەڵكی عەفرین كە بەهۆی هێرشەكانی توركیاوە ئاوارەی كانتۆنی شەهبا بوون لە ڕەوشێكی سەختدا ژیان بەسەر دەبەن، ئێستا داواكاریی ئەوان ئەوەیە، شەهبا كە ئاوارەكانی لە خۆگرتووە بكرێتە ناوچەیەكی ئارام تا جارێكی دیكە هێرشەكانی توركیا لەو ناوچەیەش ئاوارەیان نەكاتەوە.

 

دوای داگیركردنی عەفرین لەلایەن توركیاو چەكدارە ئۆپۆزسیۆنەكانی سەربەو وڵاتەوە، 150 بۆ 200 هەزار كەس لە عەفرین ئاوارەی كانتۆنی شەهبا بوون، ئەوان ئێستا لەناو قوتابخانەو ئەو بینایانەدا دەژین كە بەهۆی شەڕی داعشەوە وێران بوون.

 

نازلی نەبۆ كە ئاوارەی عەفرینە لەگەڵ منداڵەكانی لە خانوویەكی ڕووخاودان لە گوندی ئووم ئەلخۆش-ی شەهبا، ئەو خێزانە دوای دەستپێكردنی شەڕی ناوخۆیی سوریا لە 2011 بۆ ماوەی 4 ساڵ لەناو شەڕدا ماونەتەوە لە شاری حەلەب، دواتر چوونەتە گوندی شێخورزێ-ی سەر بە ناوچەی بلبلێ لە عەفرین‌و ژیانێكی ئاساییان هەبووە، بەڵام بە هۆی هێرشەكانی توركیاوە لەوێش ئاوارەبوون بەرەو كانتۆنی شەهبا.

 

 

وەك پەیامنێری فورات نیوز دەیگێڕێتەوە، نازلێ هێشتا ئومێدی لەدەست نەداوەو كاتێك چاوی بەوان كەوتووە ئاماژەی سەركەوتنی كردووە بەدەستی.

 

"لە ژوورێكی خانووەكەدا كە لە لایەن داعشەوە تێكدراوە، تەنیا ڕاخەر و چەند بەتانییەك هەن؛ كەلوپەلی خێزانێكی 10 نەفەری كە 6یان منداڵن هەر ئەوەندەیە."

 

 

نازلێ دەڵێت، خانووەكەیان لە شێخورزێ لەكاتی هێرشی توركیادا ڕووخاوە‌و چەكدارە هێرشكەرەكان دەستیان گرتووە بەسەر ئاژەڵەكانیاندا، وتی"كەس سەری خۆی شۆڕ نەكردووە لە بەرانبەر داگیركەر و بۆ ئەوەی سەربەرزانە بژین هەتا كۆتایی بەرخۆدانیان كردووە."

 

لە قوتابخانەی ئووم ئەلخۆش-ی شەهبا ژمارەیەك خێزانی كوردو عەرەب هەن كە لە ناوچەكانی ڕاجۆ و جندرێس-ی سەر بە عەفرینەوە ئاوارەبوون، لە هەر پۆلێكدا، چەند خێزانێك جێگیربوون، دۆخی ئەوانیش لە شوێنەكانی دیكە جیاواز نییە؛ تەنها چەند نوێنێك‌و تەباخێك بۆ خواردن دروستكردن هەیە.

 

 

شەعبان حەسەن، هاوڵاتییەكی عەرەبەو تەمەنی 60 ساڵە، لەناو ئەو قوتابخانەیەدا دەژی‌و ئاوارەی عەفرینە، باسلەوەدەكات بە ناچاریی كۆچیان كردووە، وتی"ئەردۆغان چاوی بڕیوەتە خاكی ئێمە، بەڵام ئێمە ئەوە قبووڵ ناكەین" وتیشی"دەوڵەتی توركیا بەردەوام هەڕەشە دەكات‌و ئێمە داوا دەكەین شەهبا وەك ناوچەی ئارام ڕابگەیەنرێت."

 

گوندی ئووم ئەلخۆش لە بەرانبەر شارۆچكەی مارێ-یە كە لەژێر داگیركاریی دەوڵەتی توركیاو چەكدارانی سەربەو وڵاتەدایە، دووریی نێوان گوندی ئووم ئەلخۆش‌و چەكدارانی سەربە توركیادا، تەنیا 500-600 مەترە.

 

 

18ی ئەم مانگە سوپای توركیاو گروپە چەكدارە توندڕەوەكانی سەربەو وڵاتە كە لەناویاندا پاشماوەكانی داعش هەن، چوونە ناو عەفرین، ئەوەش دوای بۆردومانێكی چڕی ئاسمانیی‌و زەمینیی بۆ ماوەی 2 مانگ.

 

دانیشتووانی عەفرین بۆ ڕزگاربوون لە كۆمەڵكوژیی لەسەر دەستی سوپای توركیاو گروپە چەكدارەكانی سەربەو وڵاتە شارەكەیان جێهێشت‌و ئاوارە بوون.

 

شەڕڤانانی یەپەگە ئەوكات ڕایانگەیاند، بە داگیركردنی عەفرین، خەباتیان دەچێتەن قۆناغێكی نوێ‌و تا سەركەوتن بەردەوام دەبن‌و شێوازی شەڕكردن دەگۆڕن‌، دوای دورخستنەوەی هاوڵاتیانی مەدەنی لە ناوچەكانی شەڕ، شەڕڤانان هێرشیان دەستپێكرد.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوێكی یەپەگە، چالاكیی شەڕڤانان لەناو عەفرین‌و دەوروبەری بەردەوامەو "ئەمڕۆ لەناو شاری عەفرین سەربازێكی توركیا كوژراوەو سەربازێكی دیكەش بریندار كراوە، دوێنێش لەسەر ڕێگای جندرێس-عەفرین شەڕ ڕوویداوەو ئەفسەرێكی توركیا‌و دوو سەرباز كوژراون‌و 7 سەربازی دیكەش برینداركراون."

 

بەپێی ئامارەكان لە ماوەی 2 مانگی هێرش‌و بۆردومانەكانی توركیا بۆسەر عەفرین، بەرلەوەی ئەو شارە داگیر بكرێت 500 كەسی مەدەنی لە عەفرین شەهیدبوون كە چەندین ژن‌و منداڵیان لەناودایە‌و زیاتر لە هەزاری دیكەش برینداربوون، هەروەها 820 شەڕڤانی هێزەكانی سوریای دیموكرات شەهیدبوون كە یەپەگە پێكهێنەری سەرەكییەتی.

 

لەگەڵ چوونەناو عەفرین، چەكدارە جیهادییەكان كە توركیا پشتیوانییان دەكات دەستیانكرد بە دزیی‌و تاڵانكردنی ماڵ‌و دوكانەكانی شارەكە، ئەوەش بووە جێی بایەخی ڕاگەیاندنەكانی جیهان. میدیاكانی یەپەگە دەڵێن، تائێستاش دزیی‌و تاڵانیی بەردەوامە.

 

تاڵانكردنی عەفرین. 18-3-2018.

 

سەربازانی توركیاو چەكدارانی میلیشیای سوپای سوریای ئازاد، دەیانەوێت یەكینەكانی پاراستنی گەل(یەپەگە) لە عەفرین دەربكەن، توركیا سەرباری هێرشی چڕی ئاسمانیی، لە هێرشی زەمینیشدا پەنای بۆ پاشماوەی چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش بردووەو بەكاریان دەهێنێت، بۆئەو مەبەستە ڕاهێنانی بە داعشەكان كردووەو داوای لێكردوون تاكتیكی هێرشەكانیان بگۆڕن‌و خۆیان نەتەقێننەوە بۆئەوەی دەرنەكەوێت كە داعشن.

 

یەپەگە بەهێزترین هێزی شەڕكەر بووە لە چەند ساڵی ڕابردوودا دژی تیرۆریستان‌، داعش لەسەر دەستی شەڕڤانان گورزی كوشندەی بەركەوتووەو چەندین ناوچەی لە دەستداوە.

 

بەرپرسانی كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان ڕەخنەی تووندیان لە ڕوسیا گرت بەوەی گڵۆپی سەوزی بۆ هێرشەكانی توركیا هەڵكرد، لە كاتێكدا عەفرین ناوچەی پاراستنی ئەو وڵاتەیەو دەبوو ڕێگەی نەدایە فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا ئاسمانی ئەو ناوچەیە ببەزێنن.

 

ڕوسەكان مێژووی كۆماری كوردستان لە مەهاباد لە عەفرین دووبارە دەكەنەوە

 

"ڕوسیا لە شۆڕشی قازی محەمەدو كۆماری مەهابادیش بە هەندێك ڕێككەوتن‌و بازاڕكردن پەیوەندیی بە حكومەتی شاوە كردو پشتی كردە كورد، ئێستاش ئەوپرسە دووبارە دەبێتەوە" ئەمە وتەی عەبدولكەریم عومەر، وەزیری دەرەوەی كانتۆنی جەزیرەیە لە چاوپێكەوتنەكەیدا لەگەڵ پەرەگراف.

 

یەكێتی سۆڤیەت(ڕوسیا) بە ڕابەرایەتی جۆزێف ستالین، لە 1946 پشتیوان‌و پاڵنەری سەرەكیی كوردانی ڕۆژهەڵات بوو بۆ دامەزراندنی كۆماری كوردستان لە مەهاباد بە سەرۆكایەتی قازی محەمەد، كۆمار كەمتر لە ساڵێك مایەوەو سۆڤیەت پشتی تێكردو گۆڕییەوە بە نەوت لەگەڵ ڕژێمی شای ئێران.

 

دوای 72 ساڵ لەو ڕێكەوتە، ڕوسیا بە سەرۆكایەتی ڤلادیمێر پۆتین مێژووی وڵاتەكەی لە پشتكردنە كورد لە پارچەیەكی دیكەی كوردستان دووبارە دەكاتەوە، بەڵام ئەمجارە كوردانی ڕۆژئاوای كوردستان لە عەفرین، وادیارە پەندیان لە مێژوو وەرگرتووەو دوای دەستبەردانی ڕوسیا، توانییان بەرگریی بكەن‌و پشت بەخۆیان ببەستن.

 

د.عەبدولكەریم عومەر باسیلەوەكرد، ئیرادەی خۆیان لە دەستی خۆیاندایە‌و كاتێك پەیوەندییان لەگەڵ ئەمەریكا لە ئاستێكی بەرزدابووە، لەو شوێنانەی ڕۆژئاواش كە ڕوسیای تێدابووە پەیوەندییان لەگەڵ ئەو دەوڵەتەشدا هەبووە.

 

لە عەفرین‌و دەوروبەری، بنكەیەكی سەربازیی ڕوسیا هەبوو، بەڵام لەگەڵ هێرشەكانی توركیادا ڕوسیا سەربازەكانی لەو ناوچەیە كشاندەوەو ئەوەش وەك هەڵكردنی گڵۆپی سەوز بۆ ئەنقەرە خوێندنەوەی بۆكراو بەشێك لە بەرپرسانی كورد ڕوسیایان بە "خیانەت"كردن تۆمەتبار كرد.

 

وەزیری دەرەوەی كانتۆنی جەزیرە، پێیوایە ڕوسیا خیانەتی لە كورد نەكردووە، بەوپێیەی دەوڵەتێكی گەورەیەو خاوەن بەرژەوەندییەو بەرژەوەندیی ئەو وڵاتە ئەوەی خواستووە، وتیشی"مومكینە لە پاشەڕۆژدا ئەمەریكاش پشتبكاتە ئێمە، ئەوانە دەوڵەتی گەورەن‌و بەرەژەوەندیی خۆیان هەیە، ئێمەش بەرژەوەندیی خۆمان هەیە."

 

بۆ خوێندنەوەی وردەكاریی زیاتر دەربارەی هەڵوێستی ڕوسیا لە كۆماری كوردستان لە مەهاباد‌و هەڵوێستی ئەو وڵاتە لە عەفرین‌و دۆخی ئەوكاتی ئێران‌و ئێستای سوریا كلیك لێرە بكە.