پەرەگراف ناوەڕۆكی ڕێككەوتنێكی گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و هاوپەیمانی ئاشكرا دەكات

02-04-2018 06:38
بەرهەم ساڵح، عومەری سەید عەلی‌و عەلی باپیر كەسانی یەكەمی هاوپەیمانی، گۆڕان‌و كۆمەڵ.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و هاوپەیمانی ڕێككەوتنێكیان واژۆ كردووە بۆ كاركردنی هاوبەش‌و پێكەوەیی دەربارەی هەڵبژاردن‌و هەماهەنگیی لە بانگەشەو دژایەتیی یەكتر نەكردن.

 

ڕێككەوتنەكە دوای گفتوگۆیەكی زۆری نێوان ئەو سێ حزبە هاتووەتە ئاراوەو زیاتر لە هەفتەیەكە لەلایەن هەریەكە لە عومەری سەید عەلی ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی‌و بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەری واژۆ كراوە.

 

پەرەگراف لە زاری سەرچاوە ئاگادارەكانیەوە ناوەڕۆكی ڕێككەوتنەكەی دەستكەوتووە كە لە سێ بڕگە پێكهاتووەو هەر بڕگەیەك ژمارەیەك خاڵ لەخۆ دەگرێت.

 

"ڕێككەوتنی كاری هاوبەش" ناوی ڕێككەوتنەكەی نێوان ئەو سێ حزبەیە، تێیدا ڕێككەوتوون لەسەر؛ هەماهەنگیی میدیا، چاودێریی هەڵبژاردن، دروستكردنی ناوەندێكی دیبلۆماسیی هاوبەش بۆ كاری پێكەوەیی‌و یەكخستنی هەڵوێستیان لەسەر پرسە نەتەوەیی‌و نیشتمانییەكان لای ئەو شاندە بیانییانەی سەردانیان دەكەن.

 

بەپێی ئەو ڕێككەوتنە كە هێشتا وادەی ئاشكرا كردنی بۆ ڕایگشتی دیاریی نەكراوە، ئەوسێ حزبە نابێت لە ژێر هیچ پاساوێكدا بكەونە دژایەتیی یەكترو دەبێت ڕێگریی بكەن لە بەریەككەوتنیان، بەتایبەت لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بۆ پەرلەمانی عێراق كە ناوەڕاستی ئەم مانگە دەستپێدەكات.

 

دەربارەی كاتی ئاشكرا كردنی ڕێككەوتنەكە، پەرەگراف زانیویەتی بۆچوونی جیاواز هەیە لە نێوان بەرپرسانی ئەو سێ حزبە، هەندێك پێیان باشە بەرلە دەستپێكردنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن ئاشكرای بكەن تا سەرجەم دامەزراوەكانی سێ حزبەكە ئاگاداری بن‌و جێبەجێی بكەن، هەندێكی دیكە پێیان باشە لەكاتی هەڵمەتی بانگەشە ڕایبگەیەنن‌و وەك بەشێك لە هەڵمەتەكە مامەڵەی لەگەڵدا بكەن.

 

بنەمای ئەو ڕێككەوتنەی نێوان گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و هاوپەیمانی، لیستی نیشتمانە كە پێكەوە لە ناوچە دابڕاوەكان دروستیان كردووە، بەڵام ئەم ڕێككەوتنە فراوانترەو تەواوی كوردستان‌و سەرجەم پڕۆسەی هەڵبژاردن دەگرێتەوە.

 

ئەو سێ حزبە لە ماوەی ڕابردوودا لەسەر چەند پرسێك هەڵوێستی هاوبەشیان هەبووەو گەیشتنە ئەوەی بە یەك لیست بەشداریی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق بكەن(12-5) لە ناوچە جێناكۆكەكان.

 

پەرەگراف پێشتر ئەوەی ئاشكرا كردبوو كۆبوونەوەی چڕ لە نێوان ئەو سێ حزبەدا هەیە بۆ دروستكردنی "سەركردایەتییەكی هاوبەش"، بۆئەو مەبەستەش هەریەكە لە عومەری سەید عەلی‌و عەلی باپیرو بەرهەم ساڵح، مانگی 2ی ئەمساڵ دوور لە چاوی میدیاكان كۆبوونەوەیان ئەنجامدا، ڕۆژێك دوای كۆبوونەوەكە پەرەگراف ناوەڕۆكی ئەو كۆبوونەوەیەشی ئاشكرا كرد

 

ئەوكات سەرچاوەیەكی ئاگادار وتی"لێكتێگەیشتنی تەواو هەیە لە نێوانیاندا بۆ دروستكردنی ئەو سەركردایەتییە كە نوێنەری كەسی یەكەمی هەرسێ حزبەكە ئەندام بن تێیداو ناوەندێك بێت بۆ هەماهەنگیی‌و كاری هاوبەشیان لەسەر زۆربەی پرسەكان."

 

لێكنزیك بوونەوەی نێوان گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و هاوپەیمانی لەسەر داواكاریی‌و دەستپێشخەریی ژمارەیەك ڕۆشنبیرو نوسەرو كەسایەتیی سەربەخۆیە لە ناوخۆی هەرێم، ئەو كەسایەتییانە پڕۆژەیەكی نوسراویان ئاڕاستەی ئەو سێ حزبە كردووە، بۆ ئەو مەبەستەش كەسانی یەكەمی ئەو سێ حزبە بە ئامادەبوونی چەند ڕۆشنبیرێك لە ماڵی جەلالی سام ئاغا كەسایەتیی دیاری سلێمانی كۆبوونەوە(مانگی 2ی ئەمساڵ).

 

لە پڕۆژەكەیاندا كە پەرەگراف وێنەیەكی دەستكەوتووەو پێشتر ناوەڕۆكەكەی بڵاوكردەوە، ئەو كەسایەتییانە باسیانلەوەكردووە پێشنیارەكانیان بەرهەمی زیاتر لە ساڵێك گفتوگۆی داخراوی نێوان خۆیانەو بۆ دۆزینەوەی دەریچەی قوتاربوونە لەم هەلومەرجە سەختەی هەرێمی كوردستانی تێكەوتووە.

 

ئەو كەسایەتییانە لە پڕۆژەكەیاندا پێیانوایە، دۆخەكە پێویستی بەكاری هەماهەنگی‌و پێكەوەیی هەیە، "لەهەمبەر ئەم دۆخە كە كۆمەڵگا توشی دابەشبوون بووە، ئەم پەرت بوونە كە بەقازانجی درێژەكێشانی ئەو دەسەڵاتە شكسخواردوەیە، بەشێكی بەرنامەی دەسەڵاتەو بەشەكی تریشی بەهۆی نەبوونی چەترێكەوە بووە بۆ كاری هاوبەش."

 

هەربۆیە پێشنیاریانكردووە، بزووتنەوەی گۆڕان، هاوپەیمانیی دیموكراسی‌و داپەروەری‌و كۆمەڵی ئیسلامی، بەهەماهەنگی كەسایەتی‌و ئەو لایەنانەی كە بەشیاوی ئەوكارەی دەزانن، بە بەرنامەیەكی دیارو ڕۆشن پێكەوە كاری هەماهەنگی دەستپێبكەن‌و ببنە چەتری كۆكردنەوەی هەموو ئەو دەنگ‌و ڕەنگانەی دەیانەوێت فۆڕمی حوكمڕانێتی كوردستان بەرەو ئاڕاستەیەكی سەركەوتووانەتر بەرن.

 

پڕۆژەكەی ئەو كەسایەتییانە، ناوەڕۆكەكەی لە 3 خاڵدا خراوەتەڕوو، هەروەها لایەنە باشەكانی كاری پێكەوەیی‌و دروستكردنی بەرەیەكی نێوان ئەو سێ حزبە لە 8 خاڵی دیكەدا باسكراوە.

 

كەسایەتییەكان كە زیاتر لە 2 مانگە پڕۆژەكەیان ئاڕاستەی ئەو سێ حزبە كردووە، تێیدا باسیان لەوەكردووە، دەكرێت ئەو هاوپەیمانییەی سێ حزبەكە بۆ ناوچە جێناكۆكەكان كردوویانە فراوانتری بكەن‌و شوێنەكانی دیكەش بگرێتەوە، باسیانلەوەشكردووە ئەگەر ئەوكارە ناكرێت لەبەر هەر هۆكارێك، "ئەوا پێویستە پێكەوە بەرەی هەماهەنگی ڕاگەیەنن كە دوای هەڵبژاردنەكان پێكەوە وەك فراكسیۆنێك لەبەغداد و كوردستان بەهاوبەشی كاردەكەن‌و پێكەوە دەبن."

 

گۆڕان‌ (24 كورسی)‌و كۆمەڵ(6 كورسی) هەیە لە پەرلەمانی كوردستان‌و پێكەوە ئۆپۆزسیۆنن، هاوپەیمانی بەهەمانشێوە پەیامی ئۆپۆزسیۆنی هەڵگرتووەو یەكەمجارە بەشداریی هەڵبژاردن دەكات، ئەو سێ حزبە لە زۆر پرسی سیاسیدا هاوهەڵوێستن‌و پێكەوە سەردانی بەغدادیان كرد‌و پێكیشەوە داوای هەڵوەشانەوەی حكومەتی هەرێم‌و پێكهێنانی حكومەتی كاتییان كرد.