هیچ بڕیارو گفتوگۆیەك نییە بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە جێناكۆكەكان

05-04-2018 05:42
كوردانی ناوچە جێناكۆكەكان چاویان لە گەڕانەوەی پێشمەرگەیە بۆ ناوچەكانیان.

 

پەرەگراف

 

هیچ بڕیارێك نییە بۆ گەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ ناوچە جێناكۆكەكان‌و تائێستا گفتوگۆشی لەبارەوە نەكراوە لە نێوان حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی عێراق.

 

چەند ڕۆژێكە دەزگاكانی ڕاگەیاندن‌و هەندێك لە پەرلەمانتارو بەرپرسانی كورد باسلە گەڕانەوەی پێشمەرگە دەكەن بۆ ئەو ناوچانەو زانیاریی جیاواز لەوبارەیەوە بڵاودەكەنەوە، جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، هەڵە تێگەیشتن‌و هەڵە گواستنەوەی زانیاریی هەبووە لەلایەن هەندێك دەزگای ڕاگەیاندن‌و هەندێك كەس.

 

جەبار یاوەر ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئەوەی خستەڕوو، هیچ دانیشتنێكی فەرمیی نییە لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگەو وەزارەتی بەرگری عێراق، یاخود حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی عێراق بۆ چۆنیەتی بڵاوەپێكردنی هێزی پێشمەرگە لە ناوچەكانی جێناكۆك.

 

"گەڕانەوەی پێشمەرگە پەیوەندی بەوەوە هەیە دانیشتن بكرێت لە نێوان هەرێم‌و بەغداد بۆ بڕیاردان لەسەر ئەم بابەتە. تائێستا هیچ بڕیارێك نییە" جەبار یاوەر وای وت، باسیلەوەشكرد تەنها لە كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانان گفتوگۆكراوە لەبارەی ڕەوشی ئەمنیی لە عێراق‌و هێڵی دابەشبوونی پێشمەرگە لە خانەقینەوە تا شەنگال‌و ڕەوشی ئەمنیی ناوچەكانی جێناكۆك.

 

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، ئاماژەی بە خراپیی دۆخی ئەمنیی ئەو ناوچانەو چالاكیی تیرۆریستیی كرد، ئەوەشی خستەڕوو، لەو گفتوگۆیانەی لەگەڵ هاوپەیمانان كراون، باسلەوەكراوە بەرلە ساڵی 2014 پڕۆسەیەكی هەماهەنگیی هەبووە لە نێوان هێزەكانی هەرێم‌و هێزەكانی فیدراڵی عێراق، ئێستا ئەگەر عێراق ڕەزامەندی پیشان بدات لەسەر ئەو هەماهەنگییە، ئەوكات دانیشتن لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگەو بەرگریی دەكرێت‌و ڕێوشوێنی بۆ دادەنرێت.

 

پێشمەرگە‌و هێزە ئەمنییەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو لەسەرجەم ناوچە جێناكۆكەكان كشانەوە، ئەوەش دوای ئەوەی حەشدی شەعبی‌و هێزە عێراقییەكان لە 16ی ئۆكتۆبەردا بەرەو كەركوك پێشڕەوییان كرد.

 

هەرچەندە سەرەتا چەند ڕوبەڕوبوونەوەیەك ڕوویداو پێشمەرگە بەرگریی كردو ژمارەیەكیان شەهیدو بریندار بوون، بەڵام لەپڕ هێزەكانی پێشمەرگە كشانەوەو تەواوی شاری كەركوك كەوتە دەست هێزە عێراقییەكان، ڕۆژانی دواتریش پێشمەرگە لە سەرتاسەری ناوچە جێناكۆكەكان كشایەوە كە بە نیوەی خاكی كوردستان دادەنرێن.

 

لە دوای ئەو ڕووداوانە هەزاران خێزانی كورد لەو ناوچانە ئاوارەبوون‌و تائێستاش دۆخەكە ئاسایی نەكراوەتەوە، كوردانی ئەو ناوچانە كە نیگەران بوون‌و ڕەخنەی تووندیان لە دەسەڵاتدارانی كورد گرت بەهۆی ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە، ئێستا چاویان لە گەڕانەوەی پێشمەرگەو دەزگا ئەمنییە كوردییەكانە بۆئەو ناوچانە.

 

حكومەتی عێراق دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی كوردستان چەندین ڕێكاری دژی هەرێم گرتەبەر، یەكێك لەوانە سەپاندنەوەی دەسەڵات بوو بەسەر ناوچە جێناكۆكەكان لەڕێی هێزی سەربازییەوە.

 

16ی ئۆكتۆبەرو لە دەستدانی كەركوك ناكۆكی قوڵی خستەناو بەرپرسە كوردییەكان، پارتی‌و بەشێك لە یەكێتی لە ناویاندا كۆسرەت ڕەسوڵ جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی ئەو حزبە، ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەریان بە "خیانەت‌و پیلانگێڕیی"ی هەندێك لە بەرپرسانی یەكێتی لە قەڵەمدا كە مەبەستیان كوڕو برازاكانی مام جەلال بوو بەبێ ئەوەی ناویان بهێنن.