هەڵبژاردنی داهاتوو بۆ بەرهەم ساڵح سەنگی مەحەكە

07-04-2018 07:52
هەڵبژاردنی داهاتوو بۆ بەرهەم ساڵح كارتێكە بۆ خۆسەلماندن. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

هەڵبژاردنی مانگی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، بۆ بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەری جیاوازە، بەدەر لە ژمارەی دەنگ‌و بەدەستهێنانی كورسیی پەرلەمان، وێستگەیەكە بۆ خۆسەلماندن‌و پیشاندانی قەبارەی كەسیی خۆی كە كاریگەریی لەسەر پێگەی سیاسیی دەبێت لە ئایندەدا.

 

هەربۆیە بەرهەم ساڵح بەردەوامە لە هێرشی تووند بۆسەر دەسەڵاتداران‌و دەیەوێت بە پەیام‌و وتەكانی هێڵێكی تۆخ لە نێوان خۆی‌و دەسەڵات‌و بەتایبەت یەكێتی نیشتمانیدا بكێشێت كە پێشتر كەسی دووەمی ئەو حزبە بووەو بەرپرسیارێتی باڵای لە حكومەتی هەرێم‌و عێراق هەبووە.

 

بەوتەی كەسە نزیكەكانی كە پەرەگراف قسەی لەگەڵدا كردوون، بەرهەم ساڵح بڕوای بەوەنییە تەنها یەك حزب بتوانێت گۆڕانگاریی بكات، بەڵام هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق "كارتێكە بۆ خۆسەلماندن"، لەو چوارچێوەیەشدا ناوبراو بەردەوامە لە گەڕان‌و كۆبوونەوە لە ناوچە جیاجیاكان‌و گەیاندنی پەیامی حزبە نوێیەكەی.

 

بەرهەم ساڵح كە پەیامی ئۆپۆزسیۆن بوونی هەڵگرتووە، ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەیەكیدا لەگەڵ خەڵكی كفری، ڕووەو دەسەڵات، وتی"سەرباری ئەوەی لەسەدا 50ی خاك‌و زەویی ئەم نیشتمانەیان هەرزانفرۆش كردو لە شەو و ڕۆژێكدا لە دەستیاندا دەیانەوێت كەرامەتی ئینسانی ئەم وڵاتە پێشێل بكەن‌و خەڵكی ئەم وڵاتە زەلیل بكەن."

 

بەرهەم ساڵح لە وتەكانیدا خۆی بەدوور دەگرێت لە ناوهێنانی حزب‌و بەرپرسان‌و تەنها بە "دەسەڵات" ناویان دەبات.

 

سەرۆكی هاوپەیمانی كە چاوەڕواندەكرێت بەشێكی دەنگەكانی یەكێتی بۆخۆی ببات لە هەڵبژاردندا، داوای بە گەرمیی بەدەمەوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردن‌و دەنگدانی خەڵك دەكات، وتی"هەركەس بەشدار نەبێت كەسێكی دیكە دەنگی بۆ دەدات، ئەم دەسەڵاتە فێری ساختەكاری‌و تاڵانی بووە."

 

حزبەكەی بەرهەم ساڵح لە سێ پارێزگاكەی هەرێم لیستی سەربەخۆی هەیەو لە ناوچە دابڕاوەكانیش پێكەوە لەگەڵ گۆڕان‌و كۆمەڵ لە یەك لیستدان‌و بەرهەم ساڵح سەرۆكایەتی قەوارەی ئەو لیستە سێ حزبییە دەكات.

 

هەرچەندە لە حزبە نوێیەكەیدا بەدەر لە ئەندام‌و بەرپرسانی پێشووی یەكێتی، هاوكات ئەندام‌و بەرپرسانی پێشووی هەریەكە لە كۆمەڵی ئیسلامی‌و یەكگرتووش هەن، بەڵام بەرپرسانی حزبەكە كۆكن لەسەرئەوەی، ئەو دەنگانەی بەدەستی دەهێنن زۆربەی دەنگی خودی بەرهەم ساڵح دەبن، بەو واتایەی؛ خەڵك لەبەر بەرهەم ساڵح دەنگ بە لیستەكەیان دەدات.

 

ئەوە وایكردووە بەرهەم ساڵح "شكستی لیستەكەی بەهی خۆی بزانێت نەك كاندیدەكان."

 

حزبەكەی بەرهەم ساڵح هەرلە سەرەتاوە ئەوەی ڕاگەیاندووە، بڕوای بە پێكهێنانی بەرەیەكی فراوان هەیە لەو حزب‌و كەسایەتییانەی ئامانجیان چاكسازی‌و گۆڕانكارییە، بۆئەو مەبەستەش لەگەڵ هەریەكە لە گۆڕان‌و كۆمەڵ‌ لە گفتوگۆی چڕدابوو، تادواجار یەك لیستییان ڕاگەیاند لەناوچە جێناكۆكەكان‌و لەسەر ئاستی فراوانتریش ڕێككەوتوون لە چەند ئاستێكدا هەماهەنگییان هەبێت.

 

بەرهەم ساڵح لە پەیام‌و لێدوانەكانیدا ئاماژە بەوەدەكات، پارتی‌و یەكێتی كە دەسەڵاتی هەرێمیان بەدەستەوەیە لەسەر پرسە گرنگەكانی وەك؛ نەوت‌و پارەو پشكەكانیان ڕێكن‌و لە ڕووكەشدا كێشەیان هەیە ئەوەش بۆ هێشتنەوەی جەماوەرەكانیانە.

 

ڕاگەیاندنی حزب‌و لیستی نوێ لەكاتێكدایە خەڵكی كوردستان لە حزبەكان‌و حكومەت نیگەران‌و تووڕەن، كەسە نزیكەكانی باسلەوەدەكەن، بەرهەم ساڵح دەیەوێت"نیگەرانییەكانی خەڵك لە ناڕەزایی‌و گلەییەوە بگوازێتەوە بۆ گۆڕینی سیستم. پێیوایە ئەوەش تەنها بە یەك حزب‌و دوو حزب ناكرێت‌و ئەوەی بڵێت بە تەنها دەیكەم ڕاست ناكات‌و خەڵك فریودەدات، هەربۆیە كارلەسەر دروستكردنی بەرەیەك دەكات بەرامبەر بەرەی دەسەڵات."

 

ئەو هەوڵانەی بەرهەم ساڵح لە كاتێكدان نەیارەكانی ڕەخنەی تووندی ئاڕاستە دەكەن بەوەی خۆی لە ڕابردوودا بەشێكی سەرەكی بووە لەو سیستم‌و حوكمڕانییەی لە هەرێمی كوردستان بنیاتنراوە.

 

تەنها بەرهەم ساڵح نییە بڕوای بەوەهەبێت گۆڕانكاریی بە تەنها یەك حزب ناكرێت، بەڵكو هەریەكە لە گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی‌و هەندێك لە بەرپرسانی ناو حزبەكانی دیكەو كەسانی ڕۆشنبیرو سەربەخۆش هەمان بڕوایان هەیە.

 

هاوكات لێكنزیك بوونەوەی نێوان گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و هاوپەیمانی لەسەر داواكاریی‌و دەستپێشخەریی ژمارەیەك ڕۆشنبیرو نوسەرو كەسایەتیی سەربەخۆیە لە ناوخۆی هەرێم، ئەو كەسایەتییانە زیاتر لە 2 مانگە پڕۆژەیەكیان بۆئەو مەبەستە ئاڕاستەی ئەو سێ حزبە كردووە.

 

ڕۆژنامەنوس كەمال ڕەئوف، كە لە نزیكەوە ئاگاداری گۆڕانكارییەكان‌و كارەكانی بەرهەم ساڵحەو ڕۆڵی لە نزیكبوونەوەی سێ حزبەكەدا هەیەو یەكێكە لەو كەسایەتییانەی پڕۆژەكەیان ئاڕاستە كردوون، بۆ پەرەگراف وتی"خەڵك لەناو كۆمەڵگادا قورسە باوەڕ بە پڕۆژەی یەك حزب بكات، بەڵام ئاسانە باوەڕهێنان بە پڕۆژەی كۆمەڵێك حزب پێكەوە، ئەوەش گرنگیی دروستكردنی بەرەیەكی هاوبەشە."

 

ئەو كەسایەتییانە لە پڕۆژەكەیاندا(پێشتر پەرەگراف ناوەڕۆكەكەی بڵاوكردووەتەوە) پێشنیاریانكردووە، گۆڕان، هاوپەیمانیی دیموكراسی‌و داپەروەری‌و كۆمەڵی ئیسلامی، بەهەماهەنگی كەسایەتی‌و ئەو لایەنانەی كە بەشیاوی ئەوكارەی دەزانن، بە بەرنامەیەكی دیارو ڕۆشن پێكەوە كاری هەماهەنگی دەستپێبكەن‌و ببنە چەتری كۆكردنەوەی هەموو ئەو دەنگ‌و ڕەنگانەی دەیانەوێت فۆڕمی حوكمڕانێتی كوردستان بەرەو ئاڕاستەیەكی سەركەوتووانەتر بەرن.

 

لە ڕاگەیەندراوێكیشدا كە ئەمڕۆ وێنەیەكی بۆ پەرەگراف نێردراوەو ناوی ژمارەیەك كەسایەتیی لەسەرە(هەندێكیان لەوانەن كە پڕۆژەكەیان ئاڕاستەی سێ حزبەكە كردووە) بوونی پڕۆژەی هاوبەش لە نێوان هێزە ناڕازییەكان لەسەر ئاستی عێراق‌و كوردستان، بە پرسێكی "ژیانیی‌و نیشتمانی‌و ستراتیجی" دەبینن‌و پشتیوانیی لە ڕێككەوتنی نێوان گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و هاوپەیمانی دەكەن.

 

ئەو كەسایەتییانە باسلەوەشدەكەن، كۆنفرانسێك لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان سازدەكەن تاوەكو بەشێوەیەكی فەرمیی تواناو وزە بۆ پشتیوانیی ئەو لایەنانە كۆبكرێتەوە كە دەیانەوێت گۆڕانكاری لە نەخشەی سیاسی‌و فۆڕمی حوكمڕانی بكەن.

 

چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ دروستكردنی بەرەیەكی فراوانی چاكسازیی خواز، هاوكاتە لەگەڵ نزیكبوونەوە لە دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن(14-4)، بۆئەو مەبەستەش، گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و هاوپەیمانی لە ژێر ناوی "ڕێككەوتنی كاری هاوبەش" ڕێككەوتوون لەسەر؛ هەماهەنگیی میدیا، چاودێریی هەڵبژاردن، دروستكردنی ناوەندێكی دیبلۆماسیی هاوبەش بۆ كاری پێكەوەیی‌و یەكخستنی هەڵوێستیان لەسەر پرسە نەتەوەیی‌و نیشتمانییەكان لای ئەو شاندە بیانییانەی سەردانیان دەكەن.

 

بەپێی ئەو ڕێككەوتنە كە هێشتا وادەی ئاشكرا كردنی بۆ ڕایگشتی دیاریی نەكراوەو پەرەگراف ناوەڕۆكەكەی بڵاوكردووەتەوە، ئەوسێ حزبە نابێت لە ژێر هیچ پاساوێكدا بكەونە دژایەتیی یەكترو دەبێت ڕێگریی بكەن لە بەریەككەوتنیان.

 

ئەنجامی بەدەستهاتووی هەڵبژاردن بۆ بەرهەم ساڵح‌و حزبەكەی سەنگی مەحەكە‌و ئاشكرا كردنی قەبارەیانە، ئەوەش وەڵامدەرەوەی بەشێك لە بەرپرسانی گۆڕان‌و كۆمەڵ دەبێت كە ڕاڕاییان لەسەر قەبارەی ئەو حزبە هەیەو دەیانەوێت پێوەرێكیان هەبێت بۆ ئاست‌و چۆنێتی كاركردنی پێكەوەیی لە داهاتوودا.