داوای 1000دۆلار لە هەر ئاوارەیەكی عەفرین دەكرێت بۆ دەربازبوون لە مەترسی

09-04-2018 07:32
ئاوارەبوونی خەڵكی عەفرین بەهۆی هێرشەكانی توركیاوە، 18-3-2018. وێنە؛ ئەی ئێف پی.

 

پەرەگراف

 

هێزەكانی سوریا ڕێگەنادەن ئاوارەكانی عەفرین‌و دەوروبەری، بچنە ناوچە ئارامەكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەت‌و داوای پارەیان لێدەكات، ئەوەش خەڵكەكەی ڕوبەڕوی مەترسی كردووەتەوەو نان‌و ئاو و پێداویستی پزیشكییان نییە.

 

هیومان ڕایتس ۆوچ كە ڕێكخراوێكی نێودەوڵەتییەو چاودێری ڕەوشی مافەكانی مرۆڤ دەكات لە سەرانسەری دونیا، ڕاپۆرتێكی دەربارەی ڕەوشی عەفرین‌و خراپیی دۆخی ئاوارەكان‌و پێشێلكاریی‌و تاڵانكاریی توركیاو گروپە چەكدارەكانی سەربەو وڵاتە بڵاوكردەوە.

 

ئەو ڕێكخراوە نێودەوڵەتییە باسلەوەدەكات، هێزەكانی سەربە حكومەتی توركیا ڕێگاكانیان بەڕووی ئاوارەكانی عەفریندا داخستووەو بە پارە ڕێگایان پێدەدەن بچنە ناوچە ئارامەكان.

 

سێ كەس بەو ڕێكخراوەیان وتووە، سەرەتای هێرشەكانی توركیا بەهەزاران كەس هەوڵیانداوە خۆیان بگەیەننە حەلەب‌و شارەكانی نوبول‌و زەهرا كە لەژێر كۆنتڕۆڵی حكومەتدان، بەڵام ئەو كەسانەی لە خاڵەكانی پشكنینی چوون بەرەو حەلەب‌و نوبول كاردەكەن داوای 500 هەزار لیرەی سورییان كردووە كە دەكاتە هەزار دۆلار.

 

"من نەمتوانی بچمە نوبول" پیاوێك كە دوو ڕۆژ بەرلە داگیركردنی عەفرین لە شارەكە ڕایكردووە وا دەڵێت، "لە خاڵەكانی پشكنین سەربازەكان بۆهەر كەسێك لانیكەم داوای 150 هەزار لیرەی سورییان دەكرد(291 دۆلار)."

 

ئەوانەی نەیانتوانیوە پارەی دەربازبوون بدەن گەڕاونەتەوەو لە گوندەكانی دەوروبەری عەفرین یاخود لە ناوچە گوندییەكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی سوریا ماونەتەوە كە بێ خزمەتگوزاریین.

 

هیومان ڕایتس ۆوچ خراپی ڕەوشی مەدەنییەكانی عەفرین دەخاتەڕوو كە بێ خواردن‌و ئاوی پاك‌و پێداویستی پزیشكین، داواشدەكات حكومەتی سوریا هاوكارییان بكات‌و ئازادیی هاتووچۆیان بۆ فەراهەم بكات.

 

ئەو ڕێكخراوە نێودەوڵەتییە ئەوەش پشتڕاست دەكاتەوە كە توركیاو گروپە چەكدارەكانی سەربەو وڵاتە، عەفرین‌و گوندەكانی دەوروبەری وێران دەكەن‌و ماڵەكان تاڵان دەكەن، داواشدەكات ئەو هێزانە تاڵانیی بوەستێنن‌و ئەوكەسانەی ئەو كارەیان كردووە ڕوبەڕوی لێپرسینەوە بكرێنەوە.

 

لەما فەقیە، جێگری بەڕێوەبەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هیومان ڕایتس ۆوچ دەڵێت"دۆخی مرۆیی هەموو ئەو مەدەنییانەی لە شەڕی عەفرین ڕایانكردووە دژوارە، ئەوانەی ڕێگەیان پێنادرێت بچنە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەت‌و ئەوانەشی ماڵ‌و موڵكیان تاڵان دەكرێت، بە تایبەتیی مەترسیدارە."

 

ئاوارەكان كە بۆ هیومان ڕایتس ۆوچ قەسیانكردووە باسلە نەبوونی نان‌و ئاو و پێداویستی پزیشكیی دەكەن، لەیلا كە لەبەر سەلامەتیی خۆی نەیویستووە ناوی تەواوی ئاشكرا بكرێت دەڵێت"نان نییە، ئێمە ساوەر دەخۆین." لەیلا دەشڵێت"من دووگیانم، دەرمان نییەو نەخۆشخانەش لەم ناوچەیە نییە."

 

پزیشكێك كە بۆ ڕێكخراوەكە قسەیكردووە، باسلەوەدەكات خۆی‌و هاوكارەكانی كاتێك لە عەفرین بەرەو كانتۆنی شەهبا ڕایانكردووە ناچاربوون لە ڕێگادا دەرمان‌و كەرەستە پزیشكییەكان بە جێبهێڵن، ئەوان هەرچەندە نەخۆشخانەیەكی مەیدانییان بۆ ئاوارەكان كردووەتەوە، بەڵام پێداویستییان نییە، پزیشكەكە دەڵێت"لەم دەشتەدا ئێمە نە ئاومان هەیە‌و نە خواردن‌و نە هیچ كەرەستەیەك."

 

18ی مانگی ڕابردوو، سوپای توركیاو گروپە چەكدارە توندڕەوەكانی سەربەو وڵاتە كە لەناویاندا پاشماوەكانی داعش هەن، چوونە ناو عەفرین، ئەوەش دوای بۆردومانێكی چڕی ئاسمانیی‌و زەمینیی بۆ ماوەی 2 مانگ.

 

بەپێی ئامارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، بەهۆی شەڕی عەفرینەوە 137 هەزار كەس 137 ئاوارە بوون‌و لە نێوان 50 بۆ 70 هەزار كەس لە شارەكەدا ماون.

 

لەگەڵ چوونەناو عەفرین، چەكدارە جیهادییەكان كە توركیا پشتیوانییان دەكات دەستیانكرد بە دزیی‌و تاڵانكردنی ماڵ‌و دوكانەكانی شارەكە، ئەوەش بووە جێی بایەخی ڕاگەیاندنەكانی جیهان، ئاوارەكان دزیی‌و تاڵانییەكانیان بۆ هیومان ڕایتس ۆوچ پشتڕاست كردووەتەوە.

 

 

تاڵانكردنی عەفرین. 18-3-2018.

 

"من بە چاوەكانی خۆم بینیم ئەوان ئۆتۆمبێلێك‌و تراكتۆرێك دەبەن" لەیلا بۆ هیومان رایتس ۆوچ وای وتووە، "بە ئێمەیان وت تەنها بۆ كارێكی پێویستە، بەڵام ئێمە جارێكی دیكە ئەوانمان نەبینییەوە."

 

لەیلا باسلەوەشدەكات، خانووەكەی ئەو تاڵان كراوەو كەلوپەلی ناو ماڵەكەی شكێندراوەو پارەكانیشیان دزراوە، "هیچمان نەما."

 

لەیلا چەكدارانی جەیش ئەلشەرقیەو لیوای ئەلفەتحی ناسیوەتەوە كە خەریكی تاڵانیی‌و وێرانكاریی ماڵ‌و موڵكی خەڵك بوون، دەشڵێت، چەكدارانی ئەو گروپانە ناوی خۆیان لەو شوێنانەدا نوسیوە كە تێیدا چالاكییان كردووە.

 

تویتەكانی جەیش ئەلشەرقییە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر پشتڕاستی دەكەنەوە كە چەكدارەكانیان لەو كاتەدا لە ناوچەی عەفرین بوون. هیومان ڕایتس ۆوچ ئەوەدەخاتەڕوو، ئەو وێنەو گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاوكراونەتەوە وتەی شایەتحاڵەكان پشتڕاست دەكەنەوە كە چەكداران مەڕوماڵات، خواردن‌و ئۆتۆمبێلی خەڵك لە عەفرین دەدزن‌و جلوبەرگیشیان بەو جۆرەیە كە شایەتحاڵەكان وەسفیان كردوون.

 

ئاوارەكانی عەفرین كە زۆربەیان ڕوویان لە كانتۆنی شەهبا كردووە، ئێستا لەناو قوتابخانەو ئەو بینایانەدا دەژین كە بەهۆی شەڕی داعشەوە وێران بوون، ئەوان لە ڕەوشێكی سەختدان‌و داواكارییان ئەوەیە، شەهبا بكرێتە ناوچەیەكی ئارام تا جارێكی دیكە هێرشەكانی توركیا لەو ناوچەیەش ئاوارەیان نەكاتەوە.

 

خۆبەڕێوەبەریی دیموكراتیی عەفرین، هەفتەی ڕابردوو لە بانگەوازێكدا بۆ گەلی سوریا پیلان‌و ئامانجەكانی ئەردۆغانی ڕوونكردەوەو ڕایگەیاند، گۆڕینی دیمۆگرافیاو سەرلەنوێ گەڕانەوەی سەردەمی عوسمانییەكانە.

 

لە بانگەوازەكەدا ئەوەخراوەتەڕوو، بۆئەوەی توركیا ئەو ئامانجەی بهێنێتەدی، "دەیەوێت شەڕ لە نێوان گەلی سوریادا بئافرێنێت‌و بە ئاسانی سیاسەتی خۆی لە هەرێمەكە بەڕێوەببات."