هەڵوێستی هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح لە بەرامبەر هێرش‌و ڕێكارەكانی یەكێتی

11-04-2018 03:33
مەلا بەختیار - بەرهەم ساڵح

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

یەكێتی ڕیزەكانی لە هاودیدانی هاوپەیمانیی پاكدەكاتەوەو چەندین بەرپرس دەردەكات‌و ڕێكاری تووند دەگرێتەبەر، هاوكات مەلا بەختیار بەردەوامە لە هێرشی تووند بۆسەر بەرهەم ساڵح.

 

لە كاردانەوەی هێرش‌و ڕێكارەكانی یەكێتی، وتەبێژی هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح باسلەوەدەكات، یەكێتی بیتاقەتە بەوەی پڕۆژەكەی بەرهەم ساڵح جدییە، دەڵێت"هیوادارین خاوەنە ڕاستەقینەكانی یەكێتی ئاگایان لەدۆخی حزبەكەیان بێت‌و تەسلیمی حزبی دیكەی نەكەن."

 

تووندبوونەوەی ململانێی نێوان حزبەكان هاوكاتە لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق كە یەكشەممەی ئایندە دەستپێدەكات، چاوەڕوان دەكرێت حزبەكان هێرشكردنەسەر یەكتر تووند بكەنەوەو مەلەفی گەندەڵیی‌و خراپەكاریی ڕابردوو هەڵبدەنەوە.

 

"بڕیارماندا بەرهەم یەكێتی نیشتمانی كوردستان نیە، وە هەموو ئەو كەسانەی لەناو یەكێتین لە هەر پلە و پایەیەكدا بن، بەڵام لە لیستەكەی بەرهەمن دەردەكرێن، هەموو ماڵ و موڵكی یەكێتیان لێدەسەنرێتەوە و موچەیان لە یەكێتی دەبڕێت" ئەمە نوێترین وتەی مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتییە دەربارەی چارەنوسی بەرهەم ساڵح‌و هاودیدانی لەناو یەكێتی.

 

مەلا بەختیار بە دەنگی ئەمەریكا وتووە"قسە هەیە كە كۆمەڵێك بەرپرسی یەكێتی لەناو یەكێتیدا كارو بانگەشە بۆ لیستەكەی بەرهەم دەكەن، وە جموجۆڵی گوماناویش هەیە كە لە ناو یەكێتیدا خەڵكانێك هەن كە كار بۆ بەرهەم دەكەن، بۆیە لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە پێكهاتووە لەسەر ئەو كەسانە دوای دڵنیابوونەوە ئەگەر ئەندامی مەكتەبی سیاسی بن ئەوا ئەندامێتیان تا كۆنگرە هەڵدەپەسێردرێت بۆ ئەوەی كۆنگرە بڕیاریان لەسەر بدات، بەڵام ئەگەر خوار مەكتەبی سیاسی بن ئەوا دەردەكرێن لە ناو یەكێتی."

 

لەدوای دامەزراندنی هاوپەیمانی، چەندین بەرپرسی باڵای یەكێتی كە نزیكن لە بەرهەم ساڵح بە ئاشكرا پشتیوانییان دەكرد، بەڵام ئەو بەرپرسانە یەكێتی-یان بەجێنەهێشت‌و نەچوونە ناو هاوپەیمانی، دوێنێش یەكێتی ناوی چەند بەرپرسێكی بڵاوكردەوە كە "دەركراون" لە ڕیزەكانی حزبەكە بەوهۆیەی پەیوەندییان بە لایەنی دیكەوە كردووە، كە مەبەست هاوپەیمانییە.

 

د.ڕێبوار كەریم، وتەبێژی هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح لە كاردانەوەی بڕیارەكەی یەكێتیدا باسلەوەدەكات، دەرگای هاوپەیمانییەكەیان بۆ كەسە چاكەكان كراوەیەو تەداخولی ڕێكاری ئیداریی ناو حزبی دیكە ناكەن.

 

لەبارەی هەڵوێستیان لەسەر "دەركردن"ی چەند بەرپرسێك لەلایەن یەكێتییەوە، وتەبێژەكەی هاوپەیمانی بۆ پەرەگراف ئەوەی خستەڕوو، ئەو كەسانە خۆیان دەمێكە دەستیان لەكار كێشاوەتەوە نەوەك دەربكرێن، وتیشی"هاوپەیمانی هی هەموو خەڵكێكی ستەملێكراوەو دڵنیاین ئەوكەسانە ستەمیان لێدەكرێت، هیوادارین خاوەنە ڕاستەقینەكانی یەكێتی ئاگایان لە دۆخی حزبەكەیان بێت‌و تەسلیمی حزبی دیكەی نەكەن."

 

ڕێبوار كەریم، لەبارەی بڕینی مووچەو ئیمتیازاتی ئەو كەسانەی لە یەكێتی دەردەكرێن، وتی"پارەی خەڵك‌و هی خەڵكە نەك هی حزب تابێت ئاوا ئیمتیازات ببەخشێتەوەو دوایی لێی بسەنێتەوە، ئەمە ئیعترافكردنە بەوەی ئێمە دەیڵێین كە حزب پارەی خەڵكی بردووە، ئێمە دەمانەوێت ئەو پارەو ئیمتیازاتانەی بە تاڵان براون بگەڕێندرێنەوە بۆ خەزێنەی حكومەت، گرفتەكەی ئەوان لەگەڵ د.بەرهەم هەرئەوەیە كە پارەكەی بڕین‌و گەڕاندیەوە بۆ حكومەت."

 

بەرهەم ساڵح جێگری پێشووی سكرتێری گشتیی یەكێتی، دوای بێئومێد بوونی لە چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی، هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەری دامەزراندو لیستی سەربەخۆی هەیە بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنەكان.

 

لە دوای ڕاگەیاندنی هاوپەیمانییەكەی‌و لیستی سەربەخۆ، دیارترین بەرپرسی باڵای یەكێتی مەلا بەختیارە كە چەند جارێك هێرشی تووندی كردووەتەسەر بەرهەم ساڵح.

 

مەلا بەختیار ئەمڕۆش بۆ دەنگی ئەمەریكا ئۆباڵی شكستی حكومەتی هەرێمی كوردستانی خستووەتە ئەستۆی بەرهەم ساڵح‌و دەڵێت"بناغەی شكستی حكومەت دەگەڕێتەوە بۆ بەرهەم، ئەوكاتەی ئەو سەرۆكی حكومەت بوو قەرزێكی زۆری هێنایە سەر ئەم حكومەتە، لە سەردەمی حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی بەرهەم سەرمایەدار هەبووە نەك 100% بەڵكو 800% قازانجی كردووە، مەگەر ئەوە تەنها بازرگانانی مادەی هۆشبەر و قاچاغچی فرۆشتنی هێرۆین قازانج بەو ڕێژەیە بكات."

 

هاوپەیمانیی لەگەڵ گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی پەیامی ئۆپۆزسیۆن بوونی هەڵگرتووەو بەرهەم ساڵح چەندینجار هێرشی تووندی كردووەتەسەر حكومەت‌و حزبە دەسەڵاتدارەكان.

 

لە وەڵامی هێرشەكانی مەلا بەختیاردا، وتەبێژەكەی هاوپەیمانی وتی"بێتاقەتن لەوەی پڕۆژەكەی د.بەرهەم جدییەو ئێمە پێیان دەڵێین، نەخێر بۆ گەندەڵی‌و دزی‌و ڕاو ڕووت‌و بردنی پارەی خەڵك بۆ تاقم‌و گروپ‌و حزب، نەخێر بۆ چەوساندنەوەی خەڵك لەژێر ناوی حزبایەتی‌و كادرەكانی خۆیان."

 

بڕیارەكەی یەكێتی بۆ دەركردنی چەند بەرپرسێك