عومەری سەید عەلی بۆ گۆڕانخوازان: كارلەسەر فەیسبوك و دەنگە خۆڵەمێشییەكان بكەن

12-04-2018 06:25
عومەری سەید عەلی، ڕێكخەری گشتی گۆڕان. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

ڕێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان داوا لە گۆڕانخوازان دەكات بایەخ بە فەیسبوك بدەن بۆ ڕاكێشانی دەنگی گەنجان‌، كارلەسەر ئەو كەسانە بكەن كە هێشتا خۆیان یەكلایی نەكردووەتەوە دەنگ بەكێ دەدەن‌و بە دەنگە خۆڵەمێشییەكان ناسراون.

 

لەچوارچێوەی ئامادەكاریی بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردن، بەرپرسانی باڵای گۆڕان بەردەوامن لە كۆبوونەوەو بەسەركردنەوەی بارەگاكانیان لە ناوچە جیاوازەكانی كوردستان، ئەمڕۆ عومەری سەید عەلی‌و چەند بەرپرسێكیان لە قەزای چۆمان، قادری حاجی عەلی‌و ژمارەیەك بەرپرسی دیكەیان لە كەلار لەگەڵ ئەندام‌و هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەكە كۆبوونەوە.

 

ڕێكخەری گشتی گۆڕان داوای لە گۆڕانخوازانی چۆمان كرد، گروپ دروست بكەن‌و بە كۆڵان‌و گەڕەكەكاندا بگەڕێن‌و لەدەرگای هەموو كەسێك بدەن بۆئەوەی دەنگ بە گۆڕان بدات، وتی"گەنجەكان لە فەیسبوك دەدۆزرێنەوە چەند دەتوانیت لەوێوە بیاندۆزەرەوەو بیانكە بە هاوڕێی خۆت‌و داوایان لێبكە دەنگ بدات بە ڕێبازی بزووتنەوەكەو بەرنامەی سیاسیی بۆ گۆڕین."

 

عومەری سەید عەلی بۆ ئامادەبووانی كۆبوونەوەكەی ڕوونكردەوە، پێویستە كاتەكانیان بە فیڕۆ نەدەن‌و بزانن چۆن كار لەسەر دەنگدەران دەكەن.

 

"ئەوەی لێرە دانیشتووە هەمووی دەنگ دەدات بە گۆڕان، لەبەرئەوە خۆتی پێوە خەریك مەكە، ئەوەی لایەنگری ئێمەیە بەڵێ دەبێت بچیت قسەی لەگەڵدا بكەیت، بەڵام دەنگێك هەیە خۆڵەمێشییە، هێشتا بڕیاری خۆی نەداوە دەنگ دەدات بەكێ؟ دەنگ دەدات بە ئێمە یان لایەنی دیكە؟ دەبێت بچیت لەسەرئەوە كاربكەیت كە زۆربەی زۆری كۆمەڵانی خەڵكن" عومەری سەید عەلی وای وت.

 

ڕێكخەری گشتی گۆڕان وتیشی"بەرامبەرەكەشمان ئۆپۆزسیۆنێكی سەرسەخت هەیە بۆنمونە، حەزدەكات هەتا ماوە یەكێتی‌و پارتی بێت، ئیتر پارتی‌و یەكێتی خراپن یان نا؟ ئەو هەروای حەزلێیە، خۆم بەمەوە خەریك ناكەم، ناچم بڵێم ئەوە پارتییەك یان یەكێتییەكم هەڵگێڕایەوە، دەگەڕێم بۆئەوەی كە خۆڵەمێشییەكەیە. هێزێكی دیكە هەیە لایەنگری ئەوانە، دەتوانیت بچیت قسە لەگەڵ لایەنگرەكانی پارتی‌و یەكێتی بكەیت‌و بڕوای پێبهێنیت، بەڵام گرنگترین شت ئەوەیە لەسەر خۆڵەمێشییەكە كاربكەیت."

 

قەزای چۆمان سەربە هەولێرەو گۆڕان دوو پەرلەمانتاری هەیە لەو پارێزگایە، عومەری سەید عەلی هیوای خواست كورسییەكانیان لەو پارێزگایە زیاد بكەن لە هەڵبژاردنی مانگی 5ی ئەمساڵ.

 

هاوكات هەرئەمڕۆ لە قەزای كەلار كۆبوونەوەی فراوانی گۆڕان بەڕێوەچوو، قادری حاجی عەلی سەرۆكی لیژنەی هەڵبژاردنی گۆڕان‌و چەند بەرپرسێكی دیكەی ئەو بزووتنەوەیە ئامادەی بوون.

 

سەرۆكی لیژنەی هەڵبژاردنی گۆڕان لە وتارێكدا تەئكیدی لەوە كردەوە، گۆڕان لەو بنەمایانە لای نەداوە كە لەسەری دامەزراوەو هەڵەی ستراتیژییان نەكردووە تاوەكو لەسەریان بكەوێت.

 

قادری حاجی عەلی وتیشی"بە پێچەوانەی لایەنی دیكەوە كە خیانەتی كردووە، لایەنی دیكە گەندەڵی كردووە، دەیەوێت سیستمی میرنشینی‌و دیكتاتۆری دروستبكات‌و گیرفانی میللەت بەتاڵ‌و هی خۆی قایم بكات. گۆڕان دژی ئەمانە بووە."

 

بزووتنەوەی گۆڕان حزبی یەكەمە لە ڕووی ژمارەی دەنگەوە لە پارێزگای سلێمانی، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2014ی پەرلەمانی عێراق، گۆڕان 347 هەزارو 799 دەنگی بەدەستهێنا لەكۆی 893 هەزارو 226 دەنگدەر كە دەكاتە لەسەدا 39ی دەنگدەران، بەوەش 7 كورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا لە كۆی 18 كورسی.

 

هەڵبژاردنی مانگی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بۆ گۆڕان جیاوازە، ئەو بزووتنەوەیە یەكەمجارە دەچێتە پڕۆسەی هەڵبژاردنەوە بەبێ نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری كۆچكردو و دامەزرێنەری بزووتنەوەكە.

 

هاوكات لیستی نوێ دروست بوون كە پێگەیان لە سلێمانی هەیەو یەكەمجارە بەشداریی پڕۆسەكە دەكەن، دیارترینیان هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەریی بە سەرۆكایەتی بەرهەم ساڵح‌و نەوەی نوێ-یە بە سەرۆكایەتی شاسوار عەبدولواحید كە هێرشی تووندو بەردەوام دەكاتەسەر گۆڕان.