ئەنفال برینێكی ساڕێژ نەبووە

30 ساڵ لە چاوەڕوانی هاوژینەكەیدا
14-04-2018 01:40
گوندی تۆپزاوا لە كەركوك/نیسانی 2015/ لە ساڵیادی ئەنفالدا كەسوكاری قوربانیان داوای گۆڕی كەسوكاریان دەكەن. وێنە؛ كەركوك ناو.

 

پەرەگراف- كەركوك ناو

 

"پێنج مانگ بوو شومكردبوو، هاوسەرەكەمیان ئەنفال كردوو نەمبینیەوە"، ئەمە وتەی ئەو ژنەیە كە بەئاواتی هاتنەوەی هاوسەرەكەیەوە چاوانی لێك دەنێت.

 

ئاوات عەلی ژنێكی تەمەن (53) ساڵە‌و دانیشتوی گەڕەكی ئیسكانی شاری كەركوكە، باسیلەوەكرد كە حەمیدی هاوسەریان ئەنفال كردووە، لەوكاتەی تەنیا پێنج مانگ بوو هاوسەرگیریان كردبوو.

 

پاش چەند مانگێك لەبێسەرو شوێنیبونی حەمید، كچەكەی لەدایك دەبێت‌و هەرگیز سۆزی باوكی نابینێت، "لەپاش باوكی، بەقوڕ بەسەریی‌و بەپارەی گسك فرۆشتن‌و نانكردن بۆ ماڵان كچەكەمم پێگەیاند."

 

ئاوات تاساڵی (2003) متمانەی هەبووە ڕۆژێك هاوسەرەكەی بگەڕێتەوە، بەڵام وەك خۆی دەڵێت، "ئێستا دەزانم كە ئەویش وەكو ئەو هەزاران كەسەی تر ئەنفال كراوە، بەڵام هەر بەئاواتی گەڕانەوەی ئەوەوە شەوان چاولێك دەنێم."

 

حەمید پێشمەرگە بوەو لەگەڵ هاوسەرەكەیدا لەگوندی (ناسرومیسر) ژیاون، كاتێك بەسەردان لە ساڵی 1988 گەڕاونەتەوە كەركوك، هاوسەرەكەی دەستگیر كراوە، ئەوەش دواجار بووە یەكترببینن.

 

ئاوات فرمێسكی چاوەكانی نەیدەهێشت چیرۆكەكەی تەواوبكات، جارجار چاوەكانی دەسڕیی‌و دەستی بە قسەكردن دەكردەوە، "تەنیا خەم بۆ كچەكەم دەخۆم كە باوكی نەبینیوە و نازانێ سۆزی باوك چۆنە بۆ منداڵەكانی."

 

ئەو (24) ساڵە جلوبەرگی ڕەش دەپۆشێت ‌و بەخەیاڵی ئەوە ڕۆژی بەڕێكردووە كە ڕۆژێك حەمید بگەڕێتەوەو كچەكەی ببینێت چۆن گەورەبووە، "یەكێك بوو لەو هاوڵاتیانەی دەڵێن لە گوندەكانی شوان -باكوری كەركوك- كردویانەتە ژێر گڵەوە."

 

پڕۆسەی ئەنفال‌ لە 14ی نیسانی 1988 لە شارە كوردییەكانی هەرێمی كوردستان دەستیپێكرد، بە ‌بڕیاری راستەوخۆی سەدام حسێن، سەرۆك كۆماری ئەوكاتی عێراق، دژ بە پێكهاتەی كورد، بەپێی ئامارەكانی حكومەتی هەرێم 182 هەزار منداڵ، گەنج و ژن‌و پیاو ئەنفالكران‌و بەزیندویی كران بەژێر خۆڵەوە. ئەنفال هەزاران هاوسەری لەیەك كرد‌و منداڵی بێ باوك كرد.

 

 

كەركوك/مانگی ئەیلولی 2013/ وەزارەتی شەهیدان‌و كاروباری ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێم ڕوفاتی (81) ئەنفالكراوی لە ناوچەی تۆپزاوا لە كەركوك بەخاكسپارد. وێنە؛ كەركوك ناو.

 

ناهیدە فایەق دانیشتوی ناحیەی قەرەهەنجیرە لە خۆرهەڵاتی كەركوك و یەكێكە لەو كەسانەی لەشاڵاوی ئەنفال ڕزگار بووە، بەڵام هاوسەرەكەیی‌و سێ برای ئەنفالكراون‌و كوڕو كچێكی لەزینداندا گیانیانلەدەستداوە.

 

كاتێك شاڵاوی ئەنفال دەستیپێكردووە، ئەوان نیشتەجێی گوندی (بان گۆلی) جەباریی بون، "من‌و هاوسەرەكەم‌ و منداڵەكانم دەستگیركراین ‌و گوێزراینەوە بۆ زیندانی دوبز ‌و لەوێوە هاوسەرەكەمم نەبینییەوە"، ناهیدە وای وت.

 

ئەو باسی لەچۆنیەتی گیانلەدەستدانی كوڕو كچەكەی كردو وتی"شارۆ، كچەكەم بەسكی برسییەوە لەباوەشمدا گیانی لەدەستدا‌و كوڕەكەشم نەخۆش كەوت‌ و لەناو زینداندا ئەویشم لەدەستچوو."

 

حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دوای پێكهێنانی كابینەی 2005 – 2010 دەستیكرد بە هێنانەوەی ڕوفاتی ئەنفالكراوان و دروستكردنی مۆنۆمێنتێك لە قەزای چەمچەماڵ، لە 17ی نیسانی 2010 ڕوفاتی 107 ئەنفالكراوی گەڕاندەوە بۆ ئەو مۆنۆمێنتەو لە نێویاندا ڕوفاتی دوو منداڵەكەی ناهیدەی تێدابوو، ئەو وتی "ئێستا لەو مۆنۆمێنتە بەخاكسپێردراون."

 

ئەمڕۆ 30 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر تاوانی ئەنفالدا، بەڵام كەسوكاری ئەنفالكراوان ناڕازین لە قەرەنەبوكردنەوەیان و ئاوەداننەكردنەوەی گوند و شارۆچكەكانیان، هێشتا سیمای ئەنفال بەناوچە ئەنفالكراوەكانەوە دیارە.

 

هەرچەندە حكومەتی هەرێمی كوردستان موچەی مانگانەی بۆ ئەو خێزانانە بڕیوەتەوە كە كەسوكارین ئەنفالكراون، ‌بەڵام ماوەی چوار ساڵە موچەكانیان لەگەڵ كەمكردنەوەی لەكاتی خۆیدا نادرێت، هێشتا موچەی چەند مانگێكی ساڵانی ڕابردویان وەرنەگرتوە.

 

"دایكم تاگیانی لەدەستدا، چاوەڕوانی گەڕانەوەی باوكم بوو"، ئەمە وتەی یەكێكە لەو گەنجانەی تەمەنی دوو ساڵ بووە كە باوكی ئەنفال كراوە.

 

توانا ڕیاز كورێكی تەمەن (32) ساڵە‌و دانیشتوی گەڕەكی پەنجاعەلی شاری كەركوكە، ئەو دەڵێت "بەئاواتەوەبووم گۆڕی باوكم یان هەر پێنج مامەكانم بزانیایە، چونكە دڵنیام ئەوان گیانیانلەدەستداوە."

 

ئەو گەنجە باسی لەوەكرد كە هەموو ساڵێك لە 14ی نیسان ئەوان زامەكانیان دەكولێتەوە، "ئەوكەسانەی دان بەمافەكانی كورددا نانێن بابێن سەیری گۆڕە بەكۆمەڵەكانمان بكەن ‌و بزانن ئەنفال چی كردووە بە كورد."