لە یەكەم هەڵبژاردندا بەبێ نەوشیروان مستەفا گۆڕان تەنها "یەك ترس"ی هەیە

15-04-2018 03:57
نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری كۆچكردووی گۆڕان. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

بانگەشەی هەڵبژاردن دەستیپێكردو بزووتنەوەی گۆڕان یەكەمجارە دەچێتە ئەو پڕۆسەیەوە بەبێ نەوشیروان مستەفا، بەرپرسانی بزووتنەوەكە دەڵێن، تەنها ترسیان ئەوەیە خەڵك كەم بچێت بۆ دەنگدان‌و ڕێژەی بەشداریكردن كەم بێت.

 

جیاوازیی ئەم هەڵبژاردنە بۆ گۆڕانخوازان تەنها ئەوەنییە نەوشیروان مستەفایان لە ناودا نییە، دروستبوونی چەند هێزێكی نوێ كە پێگەی جەماوەرییان لە سلێمانییەو گۆڕان لەو پارێزگایە دەنگی یەكەمی هەیە، یەكێكی دیكەیە لە جیاوازییە دیارەكانی ئەم هەڵبژاردنە بۆ گۆڕان.

 

ئەوەش وایكردووە، بەرپرسانی بزووتنەوەكە هەرلەسەرەتاوە بە جۆش‌و خرۆشێكی زۆرەوە هەڵمەتی بانگەشە دەستپێبكەن‌و هەوڵی تەواو بدەن دەنگ‌و قورساییان كەم نەكات، ڕۆژانی ڕابردووش كۆبوونەوەی جەماوەرییان ئەنجامدا لە سەرتاسەری كوردستان.

 

بەرپرسانی باڵای گۆڕان كە پەرەگراف قسەی لەگەڵدا كردوون، پێگەی جەماوەریی خۆیان بە "زۆر باش" دادەنێن، لەگەڵ ئەوەشدا باسلەوە دەكەن لە نیگەرانییەكانی خەڵك بەگشتیی‌و توڕەییان لە حزب‌و حكومەت تێدەگەن.

 

لیستە نوێیەكانی هەرێم بۆ ئەم هەڵبژاردنە كە بەهەمانشێوەی گۆڕان پێگەی جەماوەرییان لە سلێمانی هەیە، دیارترینیان هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەریی بە سەرۆكایەتی بەرهەم ساڵح‌و نەوەی نوێ-یە بە سەرۆكایەتی شاسوار عەبدولواحید، بەڵام گۆڕان ترسی لەم دوو لیستە نوێیە نییە.

 

"بەرهەم‌و شاسوار دەنگی ئێمە نابەن، دەنگدەری گۆڕان ئەگەر نیگەران بێت بەشداریی ناكات نەك دەنگ بە لایەنی دیكە بدات، چونكە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی شەخسیی نەبووە بە گۆڕان، ئێمەش لە بەرنامەی خۆمان لامان نەداوە" بەرپرسە باڵاكەی گۆڕان وای وت.

 

وتیشی"تاكە ترسی ئێمە ئەوەیە خەڵك كەم بچێت بۆ دەنگدان‌و ڕێژەی بەشداریی كەم بێت، بەشێكی باشی هەڵمەتەكەشمان بۆ هاندانی خەڵك دەبێت، چونكە پێمانوایە زۆربەی زۆری ئەوانەی ناچن دەنگدەری گۆڕانن پاشان یەكێتی."

 

لە ناو لیستە نوێیەكاندا، گۆڕان نزیكە لە هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح‌و پێكەوە لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامیی لیستی هاوبەشیان هەیە لەناوچە دابڕاوەكان‌و ڕێككەوتنیان هەیە لەسەر ئاستی كوردستان بۆ كاری هاوبەش‌و هێرش نەكردنەسەر یەكتر، بەڵام نەوەی نوێ كە پەیام‌و وتارەكانی نزیكە لە گۆڕان، هێرشی تووند دەكاتەسەر ئەو بزووتنەوەیە لە ڕاگەیاندنەكانیەوە.

 

بەرپرسێكی دیكەی گۆڕان ئەوەدەخاتەڕوو، پلانی جیاواز لە هەڵبژاردنەكانی پێشوویان داڕشتووەو كاریان بۆئەوە كردووە ئەو بۆشاییە پڕبكەنەوە كە نەوشیروان مستەفا، ڕێكخەری كۆچكردوی بزووتنەوەكە دروستی كردووە.

 

"كاك قادر كراوەتە بەرپرسی هەڵبژاردن‌و بانگەشە، كاندیدەكانمان زۆربەیان بەتایبەت لە سلێمانی ناسراون‌و خۆشەویستی ناو خەڵكن، لە ڕووی هەڵمەتی میدیایی‌و ڕێگریكردن لە فشارو ساختەكاریی‌و پیلانی جۆراوجۆری دەسەڵات، بەرنامەی تایبەتمان هەیە" ئەو بەرپرسەی گۆڕان كە داوایكرد ناوی نەهێنرێت وای وت.

 

قادری حاجی عەلی كە سەرۆكایەتیی لیژنەی هەڵبژاردنی گۆڕان دەكات‌ یەكێكە لە كەسایەتییە ڕەخنەگرە ناوخۆییەكانی گۆڕان، بەڵام بەرپرسانی بزووتنەوەكە تەواوی ڕەخنەو كێشەو ململانێ ناوخۆییەكانیان وەلاناوەو سەرجەمیان چوونەتە خزمەتی پڕۆسەی هەڵبژاردنەوە.

 

پێگەی جەماوەریی فراوانی گۆڕان لە سلێمانییە، ئەو بزووتنەوەیە یوسف محەمەد، سەرۆكی دەستلەكاركێشاوەی پەرلەمانی كوردستانی كردووە بە سەرۆكی لیستەكەی لەو پارێزگایە، یوسف محەمەد كەسایەتییەكی ناسراوی ناو خەڵكەو گۆڕانخوازان بە كەسێكی بوێر و "ڕەمزی بەگژداچوونەوەی حوكمی تاكەكەسی" ناوی دەبەن، ئەوەش بەهۆی هەڵوێستەكانی لەسەر یاسای سەرۆكایەتی هەرێم لەساڵی 2015.

 

چاوەڕوان دەكرێت سلێمانی كە یەك ملیۆن‌و 380 هەزارو 924 دەنگدەری هەیە، ناوەندی سەرەكیی ململانێی لیستەكان بێت، 211 كاندید لە چوارچێوەی 12 لیستدا ڕكابەریی دەكەن بۆ بەدەستهێنانی 18 كورسی پارێزگاكە.

 

گۆڕان لە هەڵبژاردنی ساڵی 2014ی پەرلەمانی عێراق، 347 هەزارو 799 دەنگی بەدەستهێنا لەكۆی 893 هەزارو 226 دەنگدەر كە دەكاتە لەسەدا 39ی دەنگدەران، بەوەش 7 كورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا لە كۆی 18 كورسی‌و بووە براوەی یەكەمی پارێزگاكە، لە هەولێریش 2 كورسیی بەدەستهێناو لە دهۆك‌و كەركوك كورسیی بەدەست نەهێنا.

 

گۆڕان بۆیەكەمجار لەساڵی 2009 بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كردو 25 كورسیی بەدەستهێنا لەكۆی 111 كورسیی پەرلەمان كە 11یان بۆ كەمینەكان تەرخانكراوە.

 

ئەو بزووتنەوەیە چوار ساڵی یەكەمی لە پەرلەمان وەك ئۆپۆزسیۆن بردەسەر، بەڵام دوای هەڵبژاردنی 2013 بەشداریی لەحكومەتدا كردو بەپێی ڕێككەوتنی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان سەرۆكی پەرلەمان‌و چوار وەزارەت‌و سەرۆكی دەستەیەكی بەركەوت، بەڵام لەمانگی 10ی 2015 ڕێگریی لەسەرۆكی پەرلەمان كرا بچێتە هەولێرو وەزیرو بەرپرسانی باڵای گۆڕان لەحكومەت دورخرانەوە، ئەوەش بەبڕیاری مەكتەبی سیاسی پارتی بەهۆی كێشەكانی نێوانیانەوە.

 

دوای دوو ساڵ‌و 6 مانگ لە ڕێگریی لێكردنی، دوێنێ بۆیەكەم جار یوسف محەمەد بۆ بەشداریی لە دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی گۆڕان چووە شاری هەولێرو ئەمڕۆ وتارێكی لە دەستپێكی بانگەشەدا پێشكەشكرد.

 

هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق(12-5) لەكاتێكدایە خەڵك لە هەرێمی كوردستان لەڕەوشێكی ناهەمواری ئابوریدان‌و ناڕەزاییەكی فراوان لە حزب‌و حكومەت، هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە، چاوەڕوان دەكرێت هەڵمەتی بانگەشەی حزبەكان گەرموگوڕی بداتە پڕۆسەكەو بەشداریی خەڵك لە دەنگدان.