یەكەم ڕۆژی بانگەشەیان چۆن دەستپێكردو چییان وت؟

15-04-2018 07:08
قادری حاجی عەلی - بەرهەم ساڵح - شاسوار عەبدولواحید

 

پەرەگراف

 

گۆڕان‌و هاوپەیمانی‌و نەوەی نوێ بە ئاهەنگی جەماوەریی‌و كەرنەڤاڵ یەكەم ڕۆژی بانگەشەی هەڵبژاردنیان دەستپێكردو پەیامی خۆیان ڕاگەیاند.

 

پارتی‌و یەكێتی‌و كۆمەڵ‌و یەكگرتوو، هەرچەندە پۆستەری لیست‌و كاندیدەكانیان بە شوێنە گشتییەكانەوە هەڵواسراون، بەڵام ئەمڕۆ لە یەكەم ڕۆژی پڕۆسەكەدا ئاهەنگ‌و كۆبوونەوەی جەماوەرییان ڕێكنەخست.

 

بزووتنەوەی گۆڕان لە شاری هەولێر كەرنەڤاڵی دەستپێكی بانگەشەی ئەنجامداو تێیدا سەرجەم كاندیدەكانی بزووتنەوەكە ئامادە بوون، بۆیەكەمجاریش دوای 2 ساڵ‌و شەش مانگ لە ڕێگریی بۆ چوونە ناو هەولێر، یوسف محەمەد سەرۆكی دەستلەكاركێشاوەی پەرلەمان كە ئێستا سەرۆكی لیستی گۆڕانە لە سلێمانی، چووە ناو هەولێرو ئامادەی كەرنەڤاڵەكەبوو.

 

قادر حاجی عەلی، سەرۆكی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی گۆڕان، لە وتارێكدا داوای لە هاوڵاتیان كرد لەكاتی چونەسەر سندوقەكانی دەنگدان لە هەڵبژاردندا، "ئەو ڕاستییانە لەبیر نەكەن كە حكومەتی هەرێم بە كردەوە لەوە كەوتوە كە حكومەت بێت و ئەركە سەرەتاییەكانی حوكمڕانی پیادە بكات."

 

سەرۆكی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی گۆڕان وتیشی"حوكمڕانان ساڵانێكە سزای دەستەجەمعی خەڵكی كوردستان دەدەن، بەهەمانشێوە پێویستە دەنگدەرانی ناڕازیش لەسەر سندوقەكانی دەنگدان بۆ چوار ساڵی ئایندە سزای ئەم حوكمڕانە بێدەربەست و نابەرپرسیار و گەندەڵانە بدەن."

 

قادری حاجی عەلی ئەوەشی خستەڕوو، لە چەندساڵی ڕابردوودا بزوتنەوەكەیان ئیرادەیەكی بەردەوام‌و بەهێزی بە خەڵكی كوردستان نیشانداوە، "بۆ هەموانیشی سەلماند كە تەسلیمی ئیرادەی خۆسەپێنی هیچ هێزێكی سیاسیی نابێت‌و تەنانەت پڕۆژەی ''سەرۆكی هەتا مردن" لەسەر دەستی بزوتنەوەی گۆڕان شكستی هێنا."

 

گۆڕان بە لیستی ژمارە 142 لە هەرێمی كوردستان بەشدارە لە پەرلەمانی عێراق، لە ناوچە دابڕاوەكانیش لەگەڵ كۆمەڵ‌و هاوپەیمانیی لە یەك لیستدان بەناوی نیشتیمان بە ژمارە 183.

 

هەر ئەمڕۆ لە شاری هەولێر، كەرنەڤاڵی لیستی هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری(ژمارە 153) بە ئامادەبوونی كاندیدان‌و بەرپرسانی لیستەكەو بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانیی بەڕێوەچوو.

 

د.بەرهەم، لە كەرنەڤاڵەكەدا پەیامێكی ئاڕاستەی دەسەڵاتداران‌و خەڵكی كوردستان كرد‌و وتی"ئیتر بەس زوڵم و ستەمكاری و پاوانكاری. هاوپەیمانی حزبێكی تەقلیدی تر نییە، ئەم گەلە لەساڵی 1964 ەوە تاڵاوی دووبەرەكی و دابەشكاری دەچێژێت، كاتی ئەوەیە هەمووان هاوپەیمان بین بۆ كۆتایی هێنان بەم دۆخە".

 

بەرهەم ساڵح، سەبارەت بە كارنامەی هاوپەیمانیی، ئەوەی خستەڕوو، وەك ڕەوتێكی سیاسی مەدەنیی كاردەكات بۆ كۆكردنەوەی چاكەخوازان‌و توانا نیشتیمانییەكان بە ئامانجی بەدیهێنانی چاكسازییەكی ڕیشەیی و گشتگیر لە سیستمی حوكمڕانیدا.

 

سەرۆكی هاوپەیمانی ڕەخنەی تووندی لە دەسەڵاتدارانی هەرێم گرت، وتیشی"بەدەنگی بەرزو بەڕوونی و ئاشكرایی دەڵێین دەبێت زوڵمی پاشەكەوت كۆتایی پێبێت، لەگەڵ سەركەوتنمان تەواوی مافەكانی خەڵك دەگەڕێنیینەوە، ئەوە مافی ڕەوای خۆتانەو بە ناحەق لێتان زەوتكراوە."

 

لە هەرێمی كوردستان 503 كاندید لە چوارچێوەی 25 قەوارەدا كێبڕكێ دەكەن بۆ 46 كورسی پەرلەمانی عێراق كە بەمجۆرە دابەشبوون بەسەر پارێزگاكاندا؛ سلێمانی 18 كورسی، هەولێر 16‌و دهۆك 12 كورسی.

 

هاوكات حزبە كوردییەكان لە كەركوك بە چەند لیستێك بەشداری هەڵبژاردنن‌و لەگەڵ لیستی پێكهاتەكانی توركمان‌و عەرەب لە ململانێدان بۆ 12 كورسی پارێزگاكە.

 

هەر لەچوارێوەی دەستپێكردنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن، جوڵانەوەی نەوەی نوێ(ژمارە 120) لە ڕانیەوە بە ئاهەنگێك بانگەشەی دەستپێكرد.

 

شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەكە ڕایگەیاند، لە ئەمڕۆوە ئاهەنگی سەركەوتن دەگێڕن نەك بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق، وتیشی"ئەمساڵ، ڕاپەڕینێكی تری مەزن لەم جێیەوە دەستپێدەكات، لە سلێمانییەوە دەڕوات‌و لە هەولێر و دهۆك و بادینان كۆتاییدێت."

 

سەرۆكی جوڵانەوەكە بە پێویستی زانی خەڵك خۆیان یەكلایی بكەنەوە لەنێوان نەوەی نوێ‌و حزبەكانی دیكە، وتی"بۆ یەكەمجارە لە چەند ساڵی ڕابردوودا هێزێكی نوێی ئازا لەناو خەڵكەوە دروستدەبێت بێئەوەی لە حزبێكی دیكەی سیاسی جیابووبێتەوە. ناكرێت هاوڵاتیان جارێكی دیكە داهاتوویان بخەنەوە دەستی ئەو هێزانە و دەبێت خەڵكی كوردستان خۆی یەكلایی بكاتەوە لە نێوان ژیانی ڕابردووی و ژیانی داهاتووی."

 

وەك خۆی دەڵێت، شاسوار خەونی گرتنەدەستی دەسەڵاتی هەیەو بۆئەوەش لە بازرگانییەوە بەرەو سیاسەت هەنگاوی ناوە، یەكەم دەركەوتنی سیاسییانەی شاسوار ڕاگەیاندنی جوڵانەوەی "نەخێر لە ئێستادا" بوو كە داوای دواخستن یاخود دەنگدانی بە نەخێر دەكرد بۆ ڕیفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی كوردستان.