بارزانی بۆ دەرناكەوێت‌و بەشداریی هەڵمەتی هەڵبژاردن ناكات؟

18-04-2018 06:44
مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

مەسعود بارزانی بڕیاریداوە بەشداریی نەكات لە هەڵمەتی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق‌و بانگەشەكردن بۆ حزبەكەی، ئەوەش بەهۆی ڕیفراندۆم‌و لێكەوتەكانی ئەو پڕۆسەیەوە.

 

پارتی دیموكراتی كوردستان بەسەرۆكایەتی بارزانی بەشدارە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە كوردستان‌و ناوچە دابڕاوەكان جگە لە پارێزگای كەركوك، 160 كاندیدی لەسەرجەم ناوچەكان هەیە.

 

ئەو حزبە، دوو ڕۆژ لەمەوبەر لە هەولێرەوە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی دەستپێكرد‌و مەسعود بارزانی بەشداریی هەڵمەتەكەی نەكرد، ئەمڕۆش كۆبوونەوەی سەركردایەتی پارتی بۆهەمان پرس بەڕێوەچوو بەبێ بەشداریی بارزانی، بۆئەم پرسە هەریەكە لە نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆك‌و مەسرور بارزانی ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی، وەك كەسی یەكەم‌و دووەمی حزبەكە دەردەكەون.

 

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە ناوەندی بڕیاری پارتی بۆ پەرەگراف ئەوەی خستەڕوو، مەسعود بارزانی بەباشی نازانێت بەشداربێت لە هەڵمەتی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق، وتی"بارزانی بەشداریی هەڵمەتی بانگەشە ناكات، ئەوەش بەهۆی ڕیفراندۆم‌و دەرئەنجامەكانییەوە، ئەگەرێك هەیە لە كۆتا ڕۆژەكانی هەڵمەتەكەدا پەیامێك ئاڕاستەی پارتییەكان بكات."

 

سەرچاوەكە وتیشی"بارزانی هەڵمەتی هەڵبژاردن‌و بانگەشەی سپاردووە بە نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانیش هاوكاریی دەكات‌و یەك دەستن."

 

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، پارتی بۆ چۆنیەتی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن‌و بانگەشەكردن بۆ كاندیدەكانی زیاتر لە 15 خاڵی بە نوسراو ئاڕاستەی ئۆرگانەكانی حزبەكەی كردووەو لەسەر ئەو ڕێنماییانە كاردەكەن، وتی"پارتی لە هەڵمەتەكەدا بەهیچ شێوەیەك ڕوبەڕوی یەكێتی نابێتەوەو بەركەوتنی نابێت لەگەڵ ئەو حزبەدا، دەیەوێت یەكێتی لەسەردەستی كۆسرەت ڕەسوڵ هەڵبستێتەوە."

 

 

كۆبونەوەی ئەمڕۆی سەركردایەتی پارتی بەبێ بەشداریی بارزانی. وێنە؛ كوردستان 24.

 

بارزانی ئاڵا هەڵگری سەرەكیی پرسی ڕیفراندۆم بوو كە هەنگاوی یەكەم بوو بۆ جیابوونەوە لە عێراق، بەڵام دوای لێكەوتەكانی ڕیفراندۆم‌و ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرو دەستبەرداربوون لە پۆستەكەی لە مانگی 11ی ساڵی ڕابردوو، لە گۆڕەپانی سیاسی دوركەوتەوەو كەمترین دەركەوتنی هەیە.

 

ڕیفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی ساڵی ڕابردووی هەرێم، هەرچەندە دەنگی بەڵێ بۆ جیابوونەوە لە عێراق زیاتر لە سەدا 92ی بەدەستهێناو ناوچە دابڕاوەكان لە ناویاندا كەركوك بەشدارییان تێداكرد، بەڵام مانگێكی تێنەپەڕاند كاتێك لە 16ی ئۆكتۆبەردا ناوچە دابڕاوەكان لەدەستدران‌و دەسەڵاتی حكومەتی عێراق گەڕایەوە.

 

هەرچەندە دادگای فیدڕاڵی عێراق، ڕیفراندۆمی بە نادەستوریی لەقەڵەمداو بڕیاری هەڵوەشانەوەیدا، بەڵام هەرێمی كوردستان تائێستا بە ڕوونی دانی بە هەڵوەشانەوەكەدا نەناوەو سەرۆكی حكومەتی هەرێم تەنها ئەوەندەی وتووە، ڕێز لە بڕیارەكەی دادگا دەگرن، بەڵام مەسعود بارزانی سوورە لەسەرئەوەی هیچ دەسەڵاتێك ناتوانێت ڕیفراندۆم هەڵبوەشێنێتەوە.

 

پارتی‌و لایەنگرانی دیكەی ڕیفراندۆم، پێیانوایە ئەنجامدانی ئەو پڕۆسەیە پیادەكردنی مافێكی گرنگ‌و دەستكەوتێكی مێژووییەو گروپێكی ناو لایەنێك "خیانەت"یان لە دەرئەنجامەكانی كردووە(مەبەستیان یەكێتییە)، نەیارانی پڕۆسەكەش پێیانوایە ڕیفراندۆم بۆخۆی "خیانەت"بووە، بەو پێیەی دوای پڕۆسەكە نیوەی خاكی كوردستان لەدەستدراو حكومەتی ناوەندیی سزای قورسی بەسەر هەرێمدا سەپاند.

 

مەسعود بارزانی، تەمەن 72 ساڵ، 12 ساڵ سەرۆكی هەرێم بوو(2005-2017)، 39 ساڵیشە سەرۆكی پارتییەو دووەم سەرۆكە لە مێژووی ئەو حزبەدا لە دوای مستەفا بارزانی باوكی، بەوتەی سەرچاوەكەی پەرەگراف هۆكارێكی دیكەی دەرنەكەوتنی بارزانی لە گۆڕەپانی سیاسی پەیوەندی بە "دانانی بناغەیەكی پتەو" هەیە بۆ دوای خۆی.

 

حزبە كوردییەكان بەدەگمەن كەسی یەكەمیان دەگۆڕن، مەگەر نەخۆشیی یاخود مردن ببێتەهۆی گۆڕانكاریی لە لوتكەی دەسەڵاتی حزبدا، هەربۆیە نەمان‌و دووركەوتنەوەی كەسی یەكەم كاریگەریی زۆری دەبێت، بەڕادەیەك زۆركەس مانەوەی حزبی كوردی‌و بەهێزییەكەی بە كەسی یەكەمەوە گرێ دەدەن.

 

"خاڵێكی دیكە ئەوەیە بارزانی تاخۆی لە ژیاندا ماوە بناغەیەكی پتەوی سەركردایەتیكردنی پارتی دابڕێژێت، ئەوەشی لە شەش مانگی ڕابردوودا سەلماندووە كە پارتی بەبێ بارزانیش لەسەر پێی خۆی دەوەستێت، لەو ماوەیەدا چەندین دیداری لەگەڵ وەفدە بیانییەكانیش ڕەتكردووەتەوەو ناردوونی بۆلای نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانی" سەرچاوەكە وای وت.

 

 

دەستپێكردنی هەڵمەتی هەڵبژاردنی پارتی بەبێ بەشداریی بارزانی، هەولێر 16-4-2018. وێنە؛ ماڵپەڕی پارتی.

 

لەدوای كۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەركردایەتی پارتی، مەحمود محەمەد وتەبێژی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كە تەنها میدیاكانی حزبەكەی ئامادەبوون، ئاماژەی بە ئامادەبوونی مەسعود بارزانی لە كۆبوونەوەكە نەكرد.

 

وتەبێژەكەی پارتی ئەوەی خستەڕوو، كۆبوونەوەكەیان بۆ باسكردن بووە لە پرسی بانگەشەكردن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە 12-5 بەڕێوەدەچێت.

 

لەگەڵئەوەی چەند ڕۆژێكە هەڵمەتی هەڵبژاردن دەستیپێكردووە، بەڵام پارتی كەمترین چالاكی‌و دەركەوتنی هەیە لەسەر شەقامەكان، مەحمود محەمەد ئاماژەی بەوەكرد، ئەوانیش دەستپێدەكەن، وتی"بەڵام بەوشێوازە نا كە لایەنەكانی دیكە ئەنجامی دەدەن‌و دەبێتە مایەی بێزاربوونی خەڵك."

 

بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر پەرەگراف پەیوەندیكرد بە خەسرەو گۆران بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی، ناوبراو هیچ زانیارییەكی لەبارەی بەشدارینەكردنی بارزانی لە هەڵمەتی هەڵبژاردن ئاشكرا نەكرد، وتی، پەیوەندی بە وتەبێژ یاخود مەكتەبی سیاسییەوە بكەن.

 

پەرەگراف پەیوەندیكرد بە مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی‌و كاكەمین نەجار ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە، بەڵام وەڵامیان نەدایەوە.