لە هەولێر خێزانێك خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كاندید دەكەن

19-04-2018 08:09
سێ براو خوشكێك‌و براژنێك كە پێكەوەی خۆیان كاندیدكردووە بۆ پەرلەمانی عێراق.

 

پەرەگراف

 

لە هەولێر پێنج كەسی سەر بە خێزانێك خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كاندید كردووە لەسەر لیستێكی عەرەبی، وەك خۆیان دەڵێن، ئەم كارەیان ڕوبەڕوی هەندێك بەربەستیان دەكاتەوە، بەڵام ئەوان بەردەوام دەبن‌و پێشبینی ئەوەشدەكەن كە هەموویان دەنگی پێویست بەدەستبهێنن‌و بڕۆنە پەرلەمان.

 

لە ژوورێكدا، خەریكی ڕاوێژكردن بوون لەبارەی دەستنیشانكردنی وتەبێژێك بۆ لیستی خێزانەكەیان، بەڵام بۆچوونە جیاوازەكان نەیتوانی بیانگەیەنێتە خاڵێكی هاوبەش.

 

زانا شێروانی خەڵكی شاری هەولێرەو هەڵگری ڕەگەزنامەی بەریتانیایەو لە هەڵبژاردنەكانی خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان لەسەر لیستێكی سەربەخۆ خۆی تاقیكردووەتەوەو دەنگی پێویستی بەدەست نەهێناوە.

 

ئەمجارەیان لەگەڵ دوو برا و خوشكێك و براژنێكی، خۆیان لەسەر لیستێكی عەرەبی بەناوی لیستی ڕەوتی نیشتمانی عەشایری لە عێراق كاندید كردووە، وەك خۆیان دەڵێن، ئەوان لە داهاتوودا دەیانەوێت لە سێكتەرە جیاوازەكان كار بكەن بۆ ئایندەی وڵات.

 

زانا شێروانی تەمەن 37 ساڵ كە هەڵگری بڕوانامەیە لە بواری سینەمادا بە ئاژانسی ئانادۆڵوی وتووە"لەساڵی 2013 خۆم كاندید كرد بە شێوەیەكی سەربەخۆ و ئەمجارەش پێنج كەس خۆمان كاندید كردووە و هۆكارەكەش ئەوەیە كە ئێمە سێ برا خۆمان كاندید كرد و پێویست بوو ڕێژەی بەشداربووی ئافرەت لە لیستەكەدا هەبێت، بەم هۆیەشەوە خوشكم و براژنەكەم خۆیان كاندید كردووە."

 

لەبارەی بەدەستهێنانی دەنگ لە خولی پێشوی پەرلەمانی كوردستان، زانا شێروانی وتی"لە هەڵبژاردنەكانی 2013ی پەرلەمانی كوردستان، 30 هەزار دەنگم هێنابوو، بەڵام دواتر پێیان ڕاگەیاندم كە تەنها 30 دەنگم هێناوەو بەم هۆیەشەوە نەمتوانی كورسی پەرلەمان بەدەستبهێنم."

 

زانا شێروانی ئاماژە بەوەدەكات كە لەم ماوەیەدا بەهۆی ئەوەی پێنج كەس لە خێزانێك خۆیان كاندید كردووە، ڕوبەڕوی شتی جۆراوجۆر دەبنەوەو هەندێك خەڵك بە گاڵتەوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەكەن‌و هەندێكیش ڕێز لە كارەكەیان دەگرن.

 

زانا وتی"دەمانەوێت بگەینە دەسەڵات و گۆڕانكاری لە سیستمی حوكمڕانیدا بكەین."

 

ئەو خێزانە بەهۆی خراپیی باری داراییان، هیچ پڕوپاگەندەو پۆستەرێكیان هەڵنەواسیوە، تەنها لە ڕێگای پەیوەندییەكانی خۆیانەوە هەوڵی بەدەستهێنانی دەنگی پێویست دەدەن.

 

یەكێكی دیكە لە كاندیدەكانی ئەم خێزانە، بەناوی فازڵ كەریم عەزیز، تەمەن 39 ساڵ، دەڵێت"من پێشووتریش لە ڕێگای ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی هەوڵی بە دیموكراتیزەكردنی خێزانم داوە و هەوڵم داوە كۆمەڵگایەكی مەدەنی دروست ببێت بۆیە لە ئایندەشدا كارلەسەر ئەوە دەكەم."

 

كوڕێكی دیكەی ئەو خێزانە بەناوی دانا عەزیز كەریم كە ئەندازیاری بواری تەكنەلۆجیایەو كاندیدی لیستەكەیە وتی"هەر كاندیدێك بیرۆكە و پڕۆژەی خۆی هەیەو منیش كار لەسەر ئەوە دەكەم كە سیستمی ئەلیكترۆنی دروست ببێت كە ئەمەش دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی ڕۆتین لە فەرمانگەكانی حكومەت."

 

كچێكی ئەو خێزانە، لەسەرەتای چاوپێكەوتنەكەدا، ئاماژەی بەوەكرد كە خەڵك گلەیی دەكەن بەهۆی خۆكاندیدكردنیان لەسەر لیستێكی عەرەبی، بەڵام ئەم پێیوایە كە نابێت جیاوازی نەتەوەیی هەبێت.

 

مژدە كەریم عەزیز بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت"ئێمە هەریەكە دەتوانین بە بیرۆكەی جیاواز بگەینە ئامانجێك و ئەمەش كارێكی ئاسان نییە و پڕۆسەیەكی گرنگە بۆیە هەوڵدانی پێویستە، لەم چوارچێوەیەشدا دەبێت بگەینە ناو ئەنجومەنی نوێنەران و لەوێ ئەوەی پێویستیكرد، پلانی بۆ دابنێین."

 

بڕیارە لە 12ی مانگی داهاتوو، پڕۆسەی هەڵبژاردنی بۆ پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، لە هەرێمی كوردستان 503 كاندید لە چوارچێوەی 25 قەوارەدا كێبڕكێ دەكەن بۆ 46 كورسی پەرلەمانی عێراق كە بەمجۆرە دابەشبوون بەسەر پارێزگاكاندا؛ سلێمانی 18 كورسی، هەولێر 16‌و دهۆك 12 كورسی.