كاندیدەكان ڕێگای نوێ دادەهێنن بۆ گەیشتن بە پەرلەمان

20-04-2018 04:12
بانگەشەی هەڵبژاردن لە بەغداد، 91-4-2018. وێنە؛ ئەسۆشیەیتد پرێس.

 

پەرەگراف- كەركوك ناو

 

ڕەنگە شێوازی دابەشكردنی بەتانی و دیاری تایبەتی لە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن كۆن بووبێت و وەك جاران بەهای ئەوتۆی نەمابێت بۆ هەڵبژارد‌نە پەرلەمانییەكەی 12ی ئایاری داهاتوو، ئەمەش بوەتە پاڵنەر تا كاندیدەكان ڕێگای نوێ و نا تەقلیدی بدۆزنەوە بۆ گەیشتن بە هۆڵی پەرلەمان كە بەپێی ئەزموونی سێ خولی ڕابردوو (2005 _ 2018) سەرچاوەی خێر و بێرێكی زۆرە بۆ پەرلەمانتاران و خێزان و بنەماڵە و حزبەكانیان.

 

پێش چەند هەفتەیەك لە هاتنی وەرزی هەڵبژاردن داوەتی چەوری عەشایەری لە هەندێك پارێزگا بە ڕێژەیەكی بەرچاو زیادیانكردووە، لە پێش هەمویانەوە پارێزگای دیالە كە زۆری سەربڕینی ئاژەڵ تێیدا بوەتە مایەی نیگەرانی دۆستانی ژینگە و چاودێرانی تەندروستی، ئەویش بەهۆی ئەو مەترسیانەی لەسەر قەڵاچۆكردنی سامانی ئاژەڵ لەم پارێزگایەدا هەن و مەترسی بەكارهێنانی ئەو گۆشتە زۆرەی دوور لە چاودێری تەندروستی بەكاردەهێنرێت و بەڕێگای لاكۆڵان دابیندەكرێت.

 

دوور لە پارێزگای دیالەش كە مۆركی عەشایەری بەسەریدا زاڵە وەك زۆربەی پارێزگاكانی عێراق، پۆستەكانی فەیسبوك دەریدەخەن بەمدواییانە خواست لەسەر تێكەڵەی لم و چەو لە عێڕاقدا لەهەڵكشاندایە، چونكە پاڵێوراوانی لیستەكان هەموو ڕویانكردۆتە غەسالەكان بۆ ئەوەی ڕێگا خراپەكانی گوندو شارۆچكەكان بەشێوەی كاتیی چەوڕێژ بكەن، بەڵكو ڕێگای پەرلەمانیان بۆ ئاسان بكات. بەم دواییانەش لە عێراق تەنزێك زۆر بڵاوە كە دەڵێت، ڕێگای پەرلەمان پڕە لە كێبەڕكێ و مەترسی و پێویستی بە چەوڕێژكردن هەیە لەبەر سەختییەكەی و زۆری ڕێبوارە ڕكابەرەكانی كە ژمارەیان نزیكەی حەوت هەزار كاندیدە بۆ 329 كورسی پەرلەمانی.

 

ئەو كاندیدانەی سپۆنسەری هەڵمەتەكانی چەوڕێژكردن دەكەن سەر بە لیستی جیاجیان و لە زیاتر لە یەك پارێزگادان و خۆیان كردوە بە ئەڵتەرناتیڤ و جێگرەوەی شارەوانی، پاش چەندین ساڵ لە فەرامۆشكردنی ڕێگاوبانەكان و دوای خەموژانێكی زۆری خەڵك لە هاتووچۆكردن بە سەریاندا بە ناچاری.

 

هەندێك لەو پاڵێواراوانەی ئەم خزمەتە پێشكەش دەكەن لە نزیك بارهەڵگرەكانی تێكەڵەی چەوو لم وێنە دەگرن و هەیانە تەنها لافیتەیەك دەنوسێت لەبارەی چالاكییەكەی، پاش هۆشداریدانی حكومەتیش لە تێپەڕاندنی ڕۆڵی شارەوانی و دەزگا پەیوەندیدارەكان لە پێشكەشكردنی پڕۆژە، هەندێك لەو پەرلەمانتارانە پەنا بۆ هاوئاهەنگی لەگەڵ شارەوانییەكان دەبەن بۆ چاككردنی جادەكان، بەڵام ڕێبەری ڕەوتی سەدر بە دوری دەزانێت چەوڕێژكردنی جادەكان ببنە هۆی گۆڕینی بژاردەی دەنگدەر چونكە بە قسەی ئەو "دەنگی ئەوان لە تێكەڵەی چەو و خۆڵ بە نرخترە."

 

نرخی گەڵابەیەك تێكەڵەی چەو لە عێراق لە نێوان 100-200 هەزار دیناردایە، هەندێ بەڵێندەریش پێیانوایە لەمساڵدا بایی سەدان ملیۆن دینار لەم مادەیە كڕدراون، هەر ئەو لیستە سیاسیانەشی كە لە دەسەڵاتدان و ناتوانن خزمەتگوزاری پێشكەش بكەن بە پاساوی قەیرانی دارایی و نەبوونی پارەی تەرخانكراو‌، هەر ئەوانە لەسەروبەندی هەڵبژاردندا خزمەتگوزاریی بێسنوور پێشكەش دەكەن لە سەرچاوەی نادیارەوە پێش ئەوەی پۆست وەرگرن یان لە كۆتایی ماوەی كاركردنیان لە پۆستە فەرمییەكان.

 

جگە لە تێكەڵەی چەوو لم كە بۆتە بابەتێكی گاڵتە ئامێز لە شەقامی عێراقیدا، هەندێك كاندیدی تر پەنا دەبەنەبەر كۆكردنەوەی فایلی دامەزراندن لەژێر ناوی حەشدی عەشایەری یان خۆبەخشی ئەمنی، هەندێك لەوانەش پارە دەدەن بە خەڵك وەك مووچە لەو بڕە پارەیەی تایبەتیان كردوە بۆ با‌نگەشەی هەڵبژاردن، لایخۆشیەوە سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەكرد، هاوڵاتیان ئاساییە با پارەی كاندیدەكان وەربگرن، بەڵام دەنگیشیان بۆ نەدەن وەك سزایەك لەسەر بەكارهێنانی ماڵ و دارایی گشتی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی.

 

سەرباری سەرقاڵی هەندێ كاندیدیش بەخەرجكردنی پارە بۆ پڕۆژەی ڕیكلام و هەڵبژاردن، هەندێك پەرلەمانتار پاڵێوراون و ئەزمونیان زیاترە وێنەی خۆیان لەگەڵ ئەو یارمەتیانەدا بڵاودەكەنەوە كە بەشێوەیەكی بەردەوام لەلایەن وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانەوە دابەشدەكرێن و لەتەنیشتی وێنەكاندا دەنوسن بەهەوڵی "فڵانی كوڕی فڵان دابینكرا" بەبێ ئەوەی باسی ئەوەبكەن ئەو یارمەتییانە حكومین یان هی ڕێكخراوە خێرخوازییەكانن، لەسەر ئەم حاڵەتەش هەندێكجار لایەنە پەیوەندیدارەكانی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران سكاڵایان بەرزكردۆتەوە، چونكە پەرلەمانتارەكان تەنانەت ئەركی ئەوەش ناخەنە بەرخۆیان كە بچن وێنەیەكی تازەی یارمەتییەكان بگرن بەڵكە هەر ئەوەی وەزارەت خۆی بەكاردەهێننەوە.

 

تا لەهەڵبژاردنیش نزیك ببینەوە هۆكارەكانی ڕیكلام و پڕوپاگەندەش زیاترو جۆراوجۆرتر دەبن وەك ئەوەی لەچەند ڕۆژی ڕابردوو هەندێك پەرلەمانتاری ژن بەگریان و هاوار هاواركردنەوە لەبەردەم كامێراكان دەركەوتن وەك هاوسۆزییەك لەگەڵ دۆخی خراپی عێراقییەكان بەهیوای ئەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆییانە ببێتە هۆی پەڕینەوەیان بۆ پەرلەمان، هەندێكیتر لەو ژنانە پەنا بۆ جوانترین ستایلەكانی مەیكەپ و جوانكاری دەبەن لەكاتی وێنەگرتنی پۆستەرەكان بۆ ئەوەی ببنە جێگەی سەرنجی ئەو گەنج و توێژە فزولییانەی لەماوەی ڕابردوودا تیروتوانجیان لە نەبوونی شیكپۆشی و ڕوخساری ژنە پەرلەمانتارەكانی خولەكانی ڕابردوو هەبووە.

 

هەندێ كاندیدیش كە پۆستی حكومییان هەیە خۆیان پێ نەگیراوە و ڕویانكردۆتە ناوەندەكانی خوێندن بۆ بەخشینەوەی یارمەتی یان بەسەركردنەوەی خوێندكاران، بۆیە لەگەڵ بەڕێوەبەرو ستافی كارگێڕی ئەو ناوەندانە بەشەڕ هاتوون و ڕەنگە بەوهۆیەشەوە لەبری قازانج زیانی گەورە بكەن، چونكە خۆپیشاندان لەدژیان ڕێكخراوە وەك ئەوەی لەگەڵ ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا ڕویدا لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا.

 

ڕێگا نوێیەكانی ڕیكلامی هەڵبژاردن بووەتە هۆی دروستكردنی سەرسوڕمان لای چاودێرانی سیاسی لەعێراق، چونكە كاندیدەكان چەند قاتی ئەو بڕە موچەیەی بڕیارە وەریبگرن پارە لە ڕیكلام و هەڵمەتی هەڵبژاردندا خەرجدەكەن بەتایبەت پاش كەمكردنەوەی مووچەكانیان لەلایەن حكومەتەوە بەهۆی قەیرانی داراییەوە، بەڵام ڕەنگە وەڵامەكە ئاسان بێت ئەگەر بزانین بوونە ئەندام لەئەنجومەنی نوێنەران دەرگا دەكاتەوە بۆ خێروبێرێكی زۆر و چەندین تۆمەتیش لەمبارەیەوە لەئارادان، كە باس لە وەرگرتنی بەرتیل و دیاری و پێشەكی و پشكی گرانبەها دەكەن لەلایەن ئەندامانی ئەو لیژنانەی پەیوەندییان بە بەخشینی مۆڵەت و ڕەزامەندییەوە هەیە بۆ پڕۆژە گەورەكانی حكومەت یان وەبەرهێنان.