"سانتلیگۆی هەمواركراو" شایی‌و لۆغانە بۆ قەوارە گەورەكان‌و لێقەوماوییە بۆ بچووكەكان

21-04-2018 06:23
وێنەی جیاكردنەوەی دەنگەكان لە هەڵبژاردنی 2010، هەڵبژاردنی مانگی داهاتوو جیاكردنەوە بە ئەلیكترۆنی دەبێت دوور لە دەستی مرۆڤ.

 

پەرەگراف - ئارام جەمال، بەڕێوەبەری پەیمانگەی كوردی بۆ هەڵبژاردن(KIE)

 

لەهەڵبژاردنەكاندا ئەگەر شێوازی سانتلیگۆ لەبەرژەوەندی حزبە تاك كورسییەكاندا بێت ئەوا شێوازی سانتلیگۆی هەمواركراو، بەهەموو جۆرو ڤێرژنەكانەوە، لەبەرژەوەندی حزبە گەورەكاندایە!

 

پێشەكی

بڕیارە ڕۆژی 12ی ئایاری ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجامبدرێت، لەم سەروبەندەدا قسەو باس‌و پرسیارێكی زۆر لەلای دەنگدەران‌و پاڵێوراوو قەوارە سیاسییەكان لەسەر شێوازی كاركردنی سانتلیگۆی هەمواركراو دروستبووە، پێویستی بە ڕوونكردنەوە هەیە، من لێرەدا هەوڵدەدەم ئەم شێوازە بە نموونەوە ڕوونبكەمەوەو ئەوەت بۆ بسەلمێنم كە چۆن‌و لەبەرچی شێوازی سانتلیگۆی هەمواركراو، لەبەرژەوەندی ئەو قەوارە سیاسیانەدا نییە كە لەدەوری یەك كورسی دەسوڕێنەوە، بەڵكو دەكەوێتە خزمەت قەوارە سیاسییە مامناوەندو گەورەكان.

 

گرنگە ئەوەش بزانین كە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەپێی یاسای ژمارە (45)ی هەمواركراوی ساڵی 2013 رێكخراوەو یاساكە سیستمی هەڵبژاردنی ئەو ئەنجومەنەی بە "لیستی نوێنەرایەتی ڕێژەیی" دیاریكردووە، كە گۆڕینی دەنگ بۆ كورسی تێیدا بە شێوازی سانتلیگۆی هەمواركراوە.

 

دیارە هەر سیستمێكی هەڵبژاردن شێوازو كردەی حسابی تایبەت بەخۆی هەیە لە گۆڕینی دەنگەكان بۆ كورسییەكانی ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەكان، بۆ نموونە لە لیستی نوێنەرایەتی ڕێژەییدا، شەش شێوازی حسابی هەیە بۆئەوەی دەنگەكان بگۆڕدرێن بۆ كورسی نوێنەرایەتی، كە ئەمانەن:

 

• شێوازی زۆرترین ماوە (الباقی الاقوی)
• شێوازی بەهێزترین تێكڕا (المعدل الاقوی)
• شێوازی هۆندت (D‌Hondt Quota)
• شێوازی سانت لیگۆ (Sainte- Lague‌ Quota)
• شێوازی سانت لیگۆی هەمواركراو (Modified Sainte- Lague‌ Quota)
• شێوازی هارا- نیمایەر (Hare- Niemeyer Quota)

 

خاڵی جیاكەرەوەی نێوان ئەو شێوازانەی سەرەوە ئەوەیە هەندێكیان دەكەونە خزمەت حزبە تاك كورسییە كەم دەنگەكانەوە، بەمەش فرەییەكی زۆرو زەبەند لەژێر سەقفی پەرلەماندا دەهێننەئاراوە(وەك شێوازی زۆرترین ماوە "الباقی الاقوی"، شێوازی سانت لیگۆ، شێوازی هارا- نیمایەر)، لەبەرامبەردا ئەوانەی تر لەبەرژەوەندی حزبە گەورەكانەو بەمەش فرەیی لەژێر سەقفی پەرلەماندا كەمدەكاتەوە (وەك شێوازەكانی بەهێزترین تێكڕا، شێوازی هۆندت، شێوازی سانت لیگۆی هەمواركراو).

 

كەواتە لەهەڵبژاردنەكاندا ئەگەر شێوازی سانتلیگۆ لەبەرژەوەندی حزبە تاك كورسییەكاندا بێت ئەوا شێوازی سانتلیگۆی هەمواركراو، بەهەموو ڤێرژنەكانیەوە، لەبەرژەوەندی حزبە گەورەكاندایە!، بەڵام بۆئەوەی لەشێوازی سانتلیگۆی هەمواركراو تێبگەین، باشتروایە پێشتر شێوازی سانتلیگۆ بناسین تا بزانین شێوازە حسابییەكەی چۆنە لەڕووی گۆڕینی دەنگ بۆ كورسی، لەوێوە ئاسانترە ئەو جیاوازیانە نیشانبدەین كە لەنێوان هەردوو شێوازەكەدا هەیە.

 

سانتلیگۆ و هەڵگرتنی نازی حزبە بچوكەكان

 

شێوازی سانتلیگۆ لەڕووی مێژووییەوە بۆ یەكەمجار لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 1951ی نەرویج‌و سویددا بەكارهات‌و بۆ یەكەمجاریش لەهەڵبژاردنی 20ی نیسانی ساڵی 2012ی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراقدا تاقیكرایەوەو بەهۆیەوە ئەنجامەكان لەبەرژەوەندی قەوارە سیاسییە بچوكەكان شكایەوە.

 

ئەم شێوازە ژمارەی دەنگەكانی هەر قەوارەیەكی سیاسی بەسەر ژمارە تاكەكانی (9،7،5،3،1، ..)دا دابەشدەكات. با مەبەستەكەمان بە نموونەیەك روونبكەینەوە.

 

نموونە لەسەر شێوازی سانتلیگۆ:
- قەبارەی بازنەی هەڵبژاردن: پێنج نوێنەر/ كورسی
- كۆی ژمارەی دەنگدەران: 75000 دەنگدەر
 

 

خانە زەردەكانی ناو خشتەكە 5 كورسییە براوەكەی ناو بازنەی هەڵبژاردنەكە دیاریدەكات، كە لەزۆرترین ژمارەی دەنگی قەوارەكانەوە دەستپێدەكات بۆ كەمترین ژمارەی دەنگ.

 

ئەگەر سەیری ئەنجامەكانی خشتەی ژمارە -1- بكەین، كە شێوازی سانتلیگۆی تێدا بەكارهێنراوە، دەبینین قەوارەی (D) بە (8000) دەنگەوە كورسییەكی بردۆتەوە یاخود قەوارەی (C) بە (11000) دەنگەوە كورسییەكی بردۆتەوە، لەكاتێكدا قەوارەی (B)، وەك قەوارەیەكی مامناوەند، بە (21000) دەنگەوە ئەویش تەنها یەك كورسی بردۆتەوە یاخود قەوارەیەكی گەورەو براوەی یەكەمی بازنەكە (قەوارەی A ) بە (35000) دەنگەوە تەنها 2 كورسی بردۆتەوە.

 

ئەنجامەكانی شێوازی سانتلیگۆ زۆر لەئەنجامی هەردوو شێوازی (زۆرترین دەنگی ماوە، شێوازی هارا- نیمایەر)ەوە نزیكەو دەرفەتی بردنەوەی كورسییەك دەداتە قەوارە سیاسییە بچوكەكان.

 

لەپێناو كەمكردنەوەی ئەو دەرفەت‌و نازە زۆرەی كە شێوازی (سانت لیگۆ) بە پارتە بچووكەكانی دەدات، لەبەرئەوەی بە چەند دەنگێكی كەمەوە كورسییەك بەدەستدەهێنن، ئەو وڵاتانەی ئەم شێوازەیان پیادەدەكرد دەستكاری ئەم شێوازەیان كردو شێوازێكی تریان بەناوی (سانت لیگۆی هەمواركراو) داهێنا.

 

"سانتلیگۆی هەمواركراو" لێقەوماوی حزبە بچوكەكان

 

جیاوازی نێوان شێوازی (سانت لیگۆ) ‌و شێوازی (سانت لیگۆی هەمواركراو) لەوەدایە لەبری ئەوەی دەنگەكانی هەر قەوارەیەكی سیاسی بەسەر ژمارە (1) دا دابەش بكرێت، بەسەر ژمارە (1)ی تەواو ‌و كەرتێكدا دابەشدەكرێت، وەك (1,4) ، (1,6) یان (1,7).
بۆ نموونە ئەو كەرتە لەوڵاتی سویدو نەرویجدا (1,4)ە، لەهەڵبژاردنی خولی سێهەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا(نیسانی 2014) ئەو كەرتە (1,6) بوو، بەڵام لەهەڵبژاردنی ئەمساڵی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا بۆتە (1,7).

 

كەواتە وەختێك لەهەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا بمانەوێت دەنگە دروستەكانی ناو هەر بازنەیەكی هەڵبژاردن بگۆڕین بۆ كورسی، پێویستە لەسەرەتاوە دەنگە دروستەكانی هەر قەوارەیەكی سیاسی دابەشی (1,7) بكەین، ئەوسا دوای ئەوە دابەشی هەریەك لەژمارەكانی (3، 5، 7، 9، 11)یان بكەین. بۆ تێگەیشتنی زیاتر، با هەمان نموونەكەی پێشتر بەسەر سانتلیگۆی هەمواركراودا تاقیبكەینەوە تا بزانین ئەنجامەكە چی لێدێت؟!

 

نموونە لەسەر شێوازی سانتلیگۆی هەمواركراو:
- قەبارەی بازنەی هەڵبژاردن: پێنج نوێنەر/ كورسی
- كۆی ژمارەی دەنگدەران: 75000 دەنگدەر
 

 

خانە زەردەكانی ناو خشتەكە 5 كورسییە براوەكەی ناو بازنەی هەڵبژاردنەكە دیاریدەكات، كە لەزۆرترین ژمارەی دەنگی قەوارەكانەوە دەستپێدەكات بۆ كەمترین ژمارەی دەنگ.

 

ئەگەر سەیری ئەنجامەكانی خشتەی ژمارە -2- بكەین ، كە شێوازی سانتلیگۆی هەمواركراوی تێدا گیراوەتەبەر، دەبینین ئەنجامی ئەو كورسیانەی بەر قەوارە سیاسییەكان دەكەون گۆڕانی بەرچاویان بەركەوتووە. قەوارەی (D) بە (8000) دەنگەوە هیچ كورسییەكی نەبردۆتەوە یاخود قەوارەی (C) بە (11000) دەنگەوە هیچ كورسییەكی نەبردۆتەوە، بەڵام قەوارەی (B)، وەك قەوارەیەكی مامناوەند، بە (21000) دەنگ دوو كورسی بردۆتەوەو قەوارەی (A) بە (35000) دەنگ 3 كورسی بردۆتەوە. كەواتە ئەو 2 كورسییەی لەشێوازی (سانتلیگۆ)دا بەر قەوارە بچووكەكانی (C) و (D) كەوتبوون، لەشێوازی (سانت لیگۆی هەمواركراو) دا لێیانسەندرایەوەو بەر قەوارە مامناوەندییەكە (B)‌و قەوارە گەورەكە (A) كەوتن. لێرەوەیە دەگەینە ئەو ئەنجامەی بڵێین، بەڵێ شێوازی (سانت لیگۆی هەمواركراو) شایی‌و لۆغانە بۆ قەوارە سیاسییە گەورەكان‌و لێقەوماوییە بۆ قەوارە سیاسییە بچووكەكان.

 

ئارام جەمال، بەڕێوەبەری پەیمانگەی كوردی بۆ هەڵبژاردن(KIE)