لە سێ پارچەی كوردستان توركیا لە شەڕی چەكداریدایە لەگەڵ كورد

25-04-2018 09:18
سێ گەریلای پەكەكە لە قەندیل. وێنە؛ ڕێبەر نەجم.

 

پەرەگراف

 

لە باشور، باكورو ڕۆژئاوای كوردستان سوپای توركیا لە شەڕی چەكداریدایە لەگەڵ هێزە كوردییەكان، گەریلاو شەڕڤانان دەڵێن، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەهەرسێ پارچەكەی كوردستان چەندین سەربازی توركیا كوژراون.

 

ئەوە لەكاتێكدایە بڕیارە لە 24ی حوزەیرانی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پێشوەختەی توركیا بەڕێوەبچێت، پارتی دیموكراتیی گەلان(هەدەپە) كە بەهێزترین حزبی كوردییە، دەستی خۆئامادەكردن كردووە بۆ هەڵبژاردنەكەو ئەگەری كاندیدكردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری توركیا، بووەبە پرسی گەرمی ڕۆژ لە باكوری كوردستان‌و توركیا.

 

لە باشوری كوردستان ئەمڕۆو دوێنێ فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بەردەوام بوون لە بۆردومانی ناوچە سنورییەكان لە پشدەرو ئاڤاشین‌و زاپ.

 

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەكانی پاراستنی گەل(هەپەگە- باڵی سەربازیی پەكەكە) لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت"24ی نیسان كاتژمێر 18:30، هێزەكانی ئێمە (یەژا ستار) لە گردی لێلیكان-ی باشووری كوردستان لە دژی سوپای كۆماری توركیای داگیركەر چالاكییەكیان ئەنجامدا. لە چالاكییەكەدا سەربازێكی دوژمن كوژرا."

 

هەپەگە ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە باكوری كوردستانیش لە شرناخ‌و قەرس شەڕو پێكدادان ڕوویداوەو چەند سەربازێكی توركیا كوژراون‌و برینداربوون، دەڵێت، لە چالاكییەكی قەرسدا"3 سەربازی دوژمن كوژران و یەكێكی دیكەشیان بریندار بوو."

 

دەربارەی شەڕی شرناخ هەپەگە دەڵێت"لە چالاكییەكەدا سەربازێك كوژرا و 3 سەربازی دیكەش بریندار بوون."

 

لەلایەكی دیكەوە بەپێی ڕاگەیەنراوێكی سەرۆكایەتیی ئەركانی سوپای توركیا، دوێنێ ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی دژی پەكەكە لە ناوچەی ئاڤاشین-باسیان لە هەرێمی كوردستان ئەنجامدراوە.

 

توركیا دەڵێت، لەو ئۆپەراسیۆنەدا 10 گەریلای پەكەكە "لە چالاكی خراون" كە ئەو بە "تیرۆریست" ناویان دەبات.

 

بۆردومانی توركیا بۆ خاكی هەرێمی كوردستان شتێكی نوێ نییە، بەتایبەت بناری قەندیل بەردەوام لە ژێر بۆردوماندایە، بۆردومانەكان زیانێكی زۆریان بە گوندەكانی ئەو ناوچانە گەیاندووەو تائێستا چەندین هاوڵاتی مەدەنیی بەوهۆیەوە شەهید بوون، ئەوە سەرباری خاپووربوونی خانو و ڕەزو باخەكانیان.

 

توركیا لە 1995وە بنكەی سەربازیی لە هەرێمی كوردستان دامەزراندو ساڵی ڕابردوو ژمارەی بنكەكانی زیادكردو ئەمساڵیش هێزێكی زۆری زەمینیی هێنایە ناو خاكی هەرێم.

 

لەگەڵ بەردەوامیی شەڕ لە باشورو باكوری كوردستان، لە شاری عەفرینی ڕۆژئاوای كوردستانیش چالاكیی شەڕڤانانی یەپەگەو یەپەژە دژی سوپای توركیا بەردەوامە.

 

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەكینەكانی پاراستنی گەل(یەپەگە) لە  بەیاننامەیەكدا ئاماری شەڕو پێكدادانی هەفتەیەكی لە عەفرین بڵاوكردەوەو ئەوەی خستووەتەڕوو، لەو ماوەیەدا "12 سەرباز و چەتەی دەوڵەتی توركیای داگیركەر كوژراون."

 

دەربارەی زیانی شەڕڤانان لەو چالاكییانەدا، یەپەگە دەڵێت"لە هەموو چالاكییەكاندا بێ ئەوەی هیچ زیانێك بە شەڕڤانانی ئێمە بگات، شەڕڤانان گەڕاونەتەوە ناوەندەكانی خۆیان."

 

18ی مانگی ڕابردوو، سوپای توركیاو گروپە چەكدارە توندڕەوەكانی سەربەو وڵاتە كە لەناویاندا پاشماوەكانی داعش هەن، چوونە ناو عەفرین، ئەوەش دوای بۆردومانێكی چڕی ئاسمانیی‌و زەمینیی بۆ ماوەی 2 مانگ.

 

بەپێی ئامارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، بەهۆی شەڕی عەفرینەوە 137 هەزار كەس 137 ئاوارە بوون‌و لە نێوان 50 بۆ 70 هەزار كەس لە شارەكەدا ماون.

 

لەگەڵ چوونەناو عەفرین، چەكدارە جیهادییەكان كە توركیا پشتیوانییان دەكات دەستیانكرد بە دزیی‌و تاڵانكردنی ماڵ‌و دوكانەكانی شارەكە، ئەوەش بووە جێی بایەخی ڕاگەیاندنەكانی جیهان.