مەسرور بارزانی: ئەم هەڵبژاردنە بۆ ئێمە تەحەدایە بەهۆی بەشداریمان لە ڕیفراندۆم

26-04-2018 02:20
مەسرور بارزانی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ ئەوان تەحەدایە بەهۆی بەشدارییان لە ڕیفراندۆم، تەئكیدی لەوەشكردەوە كاردەكەن بۆ بەدیهێنانی مافی چارەنووس، ڕەخنەی توندیشی لەو لایەنانە گرت كە دژایەتی ڕیفراندۆم دەكەن.

 

پڕۆسەی ڕیفراندۆم‌و دەرئەنجامەكانی بووەتە كارتێكی گرنگ بۆ گەرمكردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی حیزبە كوردییەكان، لایەنگران‌و دژانی پڕۆسەكە، ڕیفراندۆم بەكاردەهێنن بۆ ڕاكێشانی خەڵك‌و هێرشكردنەسەر ڕكابەرەكانیان.

 

وەك چۆن سەرەتا بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم حزب‌و كۆمەڵگای كوردیی دابەشی دوو بەرە كرد، دەرئەنجامەكانیشی بەهەمان شێوە ئەو دابەشكارییەی دروست كرد، نەیارانی پڕۆسەكە دەڵێن، شكستیهێناوەو زیانی بە كوردستان گەیاندووە، بەڵام پارتی كە ئاڵا هەڵگری سەرەكی پڕۆسەكە بوو، دەڵێت، بەهۆی "خیانەت"ی چەند كەسێكەوە دەرئەنجامەكەی تائێستا نەهاتووەتەدی‌و خەباتیان بەردەوام دەبێت لەو پێناوەدا.

 

ئەمڕۆش مەسرور بارزانی بەشداریكرد لە كۆبوونەوەیەك بۆ بانگەشەی لیستەكەیان لە هەولێر، وتارێكی پێشكەشكرد كە بەشێكی زۆری تەرخانكرد بۆ باسكردن لە پرسی ڕیفراندۆم‌و دەرئەنجامەكانی‌و هەڵوێستەكانی حیزبەكەی‌و لایەنەكانی دیكە لەسەر ئەو پرسە.

 

مەسرور بارزانی، وتی"بۆئێمە ئەم هەڵبژاردنە تەحەدایەكە، تەحەدایە، چونكە ئێمە بەشداریمان لە ڕیفراندۆم كرد، بەشداریمانكرد لە ڕیفراندۆمێك بۆ دەستنیشانكردنی مافی چارەنوسی نەتەوەكەمان، بەڵام زۆر بەداخەوە بەهۆی خیانەتی چەند كەسێك ئەو ئەنجامەی چاوەڕێی بووین تائێستا نەهاتووەتەدی."

 

پارتی بەسەرۆكایەتی مەسعود بارزانی بەشدارە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق(12-5) لە كوردستان‌و ناوچە دابڕاوەكان جگە لە پارێزگای كەركوك، 160 كاندیدی لەسەرجەم ناوچەكان هەیە.

 

ئەو حیزبە، هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی دەستپێكرد‌ووەو مەسعود بارزانی بەشداریی هەڵمەتەكە ناكات بەهۆی ڕیفراندۆم‌و لێكەوتەكانیەوە، بۆئەم پرسە هەریەكە لە نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆك‌و مەسرور بارزانی ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی، وەك كەسی یەكەم‌و دووەمی هەڵمەتەكە دەردەكەون.

 

مەسرور بارزانی، لە وتارەكەی ئەمڕۆیدا باسیلەوەكرد، نەیانویستووە شەڕو ناخۆشی لەگەڵ عێراق ڕووبدات، وتی"بەڵام زۆر لایەن هەبوو كە ویستیان نیەتی میللەتی ئێمە بەشێوەیەكی دیكە لێكبدەنەوەو هێرشێكی ناڕەوایان كردەسەر كوردستان‌و بەداخەوە بەهاوكاری چەند لایەنێكی خۆفرۆش‌و خاكفرۆش توانییان كێشەی گەورە بۆ وڵاتەكەمان دروست بكەن."

 

لە بەشێكی دیكە وتەكانیدا ئەو بەرپرسە باڵایەی پارتی تەئكیدی لەوەكردەوە، ڕیفراندۆم شكستی نەهێناوەو حیزبەكەی بەردەوام دەبێت لەسەر بەدیهێنانی مافی چارەی خۆنوسین‌و پارێزگاری لەو مافە دەكەن، ڕەخنەی توندیشی لەو لایەنانەگرت كە دژایەتی ڕیفراندۆم دەكەن، وتی"ئەوانەی دژایەتی ڕیفراندۆم دەكەن لە بەغداش بەرگری لە مافەكانتان ناكەن."

 

مەسرور بارزانی، داوایكرد دەنگ بە حیزبەكەی‌و كاندیدەكانیان بدرێت، ئەو كە هاوكات ڕاوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمە باسیلە شەڕی پێشمەرگەو تیرۆریستانی داعش كرد، وتی"لایەن هەبووە ئەندامەكانی هانداوە پەیوەندی بەداعشەوە بكەن، ئێستاش داوای دەنگی ئێوە دەكەن، بەڵگەش هەیە خەڵكیان هانداوە و پشتگیریان كردوون بۆ دژایەتیكردنی خەڵكی كوردستان پەیوەندی بە داعش بكەن، ئێستاش كاتی ئەوەیە وەڵامیان بدەنەوەو پێیان بڵێن ناتوانن یەك دەنگی ئێمەش ببەن."

 

ڕیفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی ساڵی ڕابردووی هەرێم، هەرچەندە دەنگی بەڵێ بۆ جیابوونەوە لە عێراق زیاتر لە سەدا 92ی بەدەستهێناو ناوچە دابڕاوەكان لە ناویاندا كەركوك بەشدارییان تێداكرد، بەڵام مانگێكی تێنەپەڕاند كاتێك لە 16ی ئۆكتۆبەردا ناوچە دابڕاوەكان لەدەستدران‌و دەسەڵاتی حكومەتی عێراق گەڕایەوە.

 

دواتر دادگای فیدڕاڵی عێراق، ڕیفراندۆمی بە نادەستوریی لەقەڵەمداو بڕیاری هەڵوەشانەوەیدا، بەڵام هەرێمی كوردستان تائێستا بە ڕوونی دانی بە هەڵوەشانەوەكەدا نەناوەو سەرۆكی حكومەتی هەرێم تەنها ئەوەندەی وتووە، ڕێز لە بڕیارەكەی دادگا دەگرن، بەڵام مەسعود بارزانی‌و حیزبەكەی سوورن لەسەرئەوەی هیچ دەسەڵاتێك ناتوانێت ڕیفراندۆم هەڵبوەشێنێتەوە.

 

پارتی‌و لایەنگرانی دیكەی ڕیفراندۆم، پێیانوایە ئەنجامدانی ئەو پڕۆسەیە پیادەكردنی مافێكی گرنگ‌و دەستكەوتێكی مێژووییەو گروپێكی ناو لایەنێك(مەبەستیان یەكێتییە) "خیانەت"یان لە دەرئەنجامەكانی كردووە، نەیارانی پڕۆسەكەش پێیانوایە ڕیفراندۆم بۆخۆی "خیانەت"بووە، بەو پێیەی دوای پڕۆسەكە نیوەی خاكی كوردستان لەدەستدراو حكومەتی ناوەندیی سزای قورسی بەسەر هەرێمدا سەپاند.

 

مەسعود بارزانی، تەمەن 72 ساڵ، 12 ساڵ سەرۆكی هەرێم بوو(2005-2017)، 39 ساڵیشە سەرۆكی پارتییەو دووەم سەرۆكە لە مێژووی ئەو حیزبەدا لە دوای مستەفا بارزانی باوكی، ئەو ئاڵا هەڵگری سەرەكی پرسی ڕیفراندۆم بوو كە هەنگاوی یەكەم بوو بۆ جیابوونەوە لە عێراق، بەڵام دوای لێكەوتەكانی ڕیفراندۆم‌و ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرو دەستبەرداربوون لە پۆستەكەی لە مانگی 11ی ساڵی ڕابردوو، لە گۆڕەپانی سیاسی دوركەوتەوەو كەمترین دەركەوتنی هەیە.