یەكێتی ئەزموونی هەڤاڵ ئەبوبەكر لەگەڵ بەرهەم ساڵح دووبارە دەكاتەوە؟

28-04-2018 06:32
بافڵ تاڵەبانی سێڵفی دەگرێت لەگەڵ قوبادی برای‌و بەرهەم ساڵح/ مانگی3ی 2016. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

لەگەڵ نزیكبوونەوە لە ڕۆژی هەڵبژاردن، بانگەشەی لایەنە ڕكابەرەكان تووند دەبێتەوەو ئەمڕۆ بۆ یەكەمجار قوباد تاڵەبانی هێرشی كردەسەر بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەری كە چاوەڕوان دەكرێت حیزبەكەی زۆرینەی ئەو دەنگانەی بەدەستی دەهێنێت دەنگی یەكێتی بن.

 

هێرشی لایەنەكان بۆسەر یەكتر‌و تەنانەت هەڵدانەوەی "مەلەف"ی یەكتر شتێكی نوێ نییە، حیزبە ڕكابەرەكانی كوردستان لە هەڵمەتی بانگەشە بۆ كۆكردنەوەی دەنگ پەنا بۆ زۆر ڕێگای جیاواز دەبەن، پەرەگراف لەزاری كەسانی ئاگادارەوە زانیویەتی یەكێتی‌و هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح "چەندین بەڵگەنامە"یان بۆئەو مەبەستە لەبەردەستدایە.

 

بەپێی ئەزموونی هەڵبژاردنەكانی ڕابردوو، هێرشی حیزبە دەسەڵاتدارەكان(یەكێتی‌و پارتی) بۆسەر ڕكابەرەكانیان زۆرجار ئەنجامی پێچەوانەی هەبووە، ئێستاش زۆر كەس لە سلێمانی ئەو  فلێکسە گەورەیەیان لەبەرچاوە كە یەكێتی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان(2014) لە بەردەركی سەرای سلێمانی دژی هەڤاڵ ئەبوبەكر سەرۆكی لیستی گۆڕان هەڵیواسیبوو.

 

یەكێتی لەو هەڵبژاردنەدا زۆر بەتووندی هێرشی كردەسەر هەڤاڵ ئەبوبەكر، بە "هەڵەوەڕ" و "كۆنە بەعسی" ناوی برد، بەڵام ئەنجامی هەڵمەتەكەی پێچەوانەبوو.

 

هەڤاڵ ئەبوبەكر تەنها خۆی 241 هەزارو 241 دەنگی بەدەستهێنا لە كۆی 359 هەزارو 600 دەنگی بەدەستهاتووی گۆڕان، ڕكابەرەكەی ئاسۆ فەرەیدون سەرۆكی لیستی یەكێتی 104 هەزارو 424 دەنگی بەدەستهێنا لەكۆی 318 هەزارو 723 دەنگی بەدەستهاتووی حیزبەكەی، گۆڕان 12 كورسی‌و یەكێتی 11 كورسی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی-یان بردەوە لەكۆی 32 كورسی.

 

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەكی باڵای ناو یەكێتی دەست پەرەگراف كەوتووە، ئەو حیزبە دابەشی دووبەرە بووە لەسەر هێرشكردنەسەر بەرهەم ساڵح لەم هەڵمەتی هەڵبژاردنەدا بۆ پەرلەمانی عێراق(12-5)، بەرەیەكیان دژ، بەرەیەكیان لەگەڵ هێرش كردندان.

 

 

پۆستەری یەكێتی كە لە بەردەركی سەرای سلێمانی هەڵواسرا دژی هەڤاڵ ئەبوبەكر لە هەڵبژاردنی 2014. وێنە؛ زمناكۆ ئیسماعیل.

 

ئەوانەی لەناو یەكێتی دژی هێرشكردنەسەر بەرهەم ساڵحن دوو جۆرن، جۆرێكیان ئەوانەن كە هاوڕێ‌و هاوسۆزی ناوبراون‌و لە ڕابردوودا ئەوەیان بە ئاشكرا دەرخستووە كە پشتیوانی دەكەن، بەڵام لەناو یەكێتیشدا دەمێننەوە، جۆرەكەی دیكەشیان لەوە تێگەیشتوون ئەگەر هێرشی بكەنەسەر ئەوا بەرهەم ساڵح زیاتر پێی گەورە دەبێت‌و خەڵك لەدەوری كۆدەبنەوە.

 

وادیارە قوباد تاڵەبانی لەو بەرەیەبێت كە لەگەڵ هێرشكردنەسەر بەرهەم ساڵحن، بەوپێیەی ئەمڕۆ بۆ یەكەمجار ئەوكارەی كرد، ئەو بەرەیە دیارترینیان مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتییە كە چەند جارێك هێرشی تووندی كردووەتەسەر بەرهەم ساڵح.

 

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت كە هیچ پۆستێكی حیزبی لەناو یەكێتیدا نییە، بە چڕی بەشدارە لە هەڵمەتی بانگەشەی ئەو حیزبەو هەندێكجار وەك كەسی یەكەم دەردەكەوێت.

 

قوباد تاڵەبانی لە بانگەشەی هەڵبژاردنی حیزبەكەی لە هەڵەبجە، ڕووەو بەرهەم ساڵح وتی"زۆر زۆر بەداخەوە تا بارودۆخ باش بوو، تا پارەهەبوو، لەناو یەكێتی بوو سەركردایەتی یەكێتی دەكرد، بەڵام كە بارودۆخ خراپ بوو و تێكچوو، كە پارەكە وای لێهات، جیابووەوە لە یەكێتی‌و ئەمڕۆ ئەو باسی حوكمڕانیمان بۆدەكات، ئەو باسی كەموكورتییەكانی حكومەتمان بۆ دەكات ئەو باسی نەهامەتییەكانی حكومەتمان بۆدەكات."

 

قوباد تاڵەبانی لە وتەكانیدا خۆی بەدوور گرت لە ناوهێنانی بەرهەم ساڵح، بەڵام وتی"بەڵام خەڵك لە بیری نەچووە كە ئەم بەڕێزە دووجار سەرۆكی حكومەتی كوردستان بووەو جارێك جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بووە، چەندین ساڵ جێگری هەڤاڵ مام جەلال بووە لە حیزبداو چەندین ساڵ گەورەترین پلەو پۆستی حكومی‌و حیزبی هەبووە، بۆ كە ئەو لەو پلەو پۆستانە بووەو لە حكومەتێك بووە كە پارەی لێدەباری بۆ نەیتوانی ئەو چاكسازییانە بكات كە ئەمڕۆ باسی دەكات؟"

 

جێگری سەرۆكی حكومەت ئەوەشی خستەڕوو، نەیارەكانیان "گەلەكۆمەكی" لە یەكێتی دەكەن، بەبێ ئەوەی ناوی كەس بهێنێت وتیشی"خەڵكانێك هەن بۆ داپۆشینی كەتنە گەورەكانیان‌و بۆ داپۆشینی هەڵە ستراتیژییەكانیان بۆ داپۆشینی هەڵەكانیان كە كوردستانیان توشی نەهامەتی كرد، دێن ئەمڕۆ قسە بە یەكێتی نیشتمانی دەڵێن، داواتان لێدەكەم بە دەنگەكانتان وەڵامی ئەو كەسانە بدەنەوە."

 

هەروەها قوباد تاڵەبانی هێرشی كردەسەر شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، ڕووەو شاسوار وتی"دەڵێت دەمەوێت خەڵك وەكو خۆم لێبكەم، خەڵك نازانێت كە ئەم بەڕێزە خۆی 50 ملیۆن دۆلار قەرزارە، ئایا ئێوە دەتانەوێت 50 ملیۆن دۆلار قەرزاربن وەكو ئەم كەسە؟."

 

هاوپەیمانیەكەی بەرهەم ساڵح كە یەكەمجارە بەشداریی هەڵبژاردن دەكات پەیامی ئۆپۆزسیۆنی هەڵگرتووەو هێرشی تووند دەكاتەسەر دەسەڵاتداران، سەرۆكی لیستەكەیان لە سلێمانی هیوادارە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن مەدەنییانە بێت‌و ڕێزی تیابمێنێت.

 

د.ڕێبوار كەریم، سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی لە سلێمانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، سەرەتای دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ پەرەگراف وتی"هەركەسێك ڕەخنەی گرت دەبێت لە ڕووی بێت ڕەخنەبگرێت، ڕووهاتن زۆر گرنگە، د.بەرهەم‌و هەریەك لە ئێمە زۆر بێمنەتین لەمە، ئێمە دەزانین تەزویرچییەكان دەتوانن شتی تەزویرو چەواشەكاریی دروست بكەن، بەڵام زۆر دڵنیاین ئەمانە هیچیان بەدەستەوە نییە بەرامبەر ئێمە بەكاری بهێنن، ئەسڵەن هیچیان نەماوە تا خەڵك گوێیان لێبگرێت."

 

ڕێبوار كەریم كە هاوكات وتەبێژی فەرمیی هاوپەیمانییەكەیە، لە وەڵامی ئەوەی ئەوان وەك هاوپەیمانی شتیان لەلایە لەسەر گەندەڵیی لایەنەكانی دیكە؟ وتی"ئێمە خەڵكین خەڵكیش هەزاران شتی هەیە بەرامبەر فەشەل‌و حوكمڕانیی شكستخواردوی ئەمانە."

 

بەوپێیەی بەرهەم ساڵح پۆستی باڵای حزبی‌و حكومی هەبووە، پێدەچێت زۆر مەلەف‌و بەڵگەنامەی لەبەردەستدا بێت، ئایا هیچ ئامادەكراوە بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن بەرامبەر لایەنەكان بەكاربهێنرێت ئەگەر ئەوان بەرامبەر هاوپەیمانی ئەوكارەیان كرد؟.

 

ڕێبوار كەریم لە وەڵامدا وتی"ئێمە هیچمان لەسەر نییە، یەك چەواشەكاریی بكەن، لە بەرامبەر ئەوەدا بە بەڵگە عەرشی گەندەڵكاران دەهەژێنین."

 

تەنها دوو هەفتەی ماوە بۆ ڕۆژی دەنگدان، ئایا ڕۆژانی داهاتوو حیزبەكان بەتایبەت یەكێتی‌و هاوپەیمانیەكەی بەرهەم ساڵح دەكەونە هەڵدانەوەی "مەلەف"‌و خستنەڕووی "بەڵگەنامە" لەسەر یەكتری؟ ئەگەر ئەوە ڕووبدات بەرهەم ساڵح‌و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان سوودمەند دەبن‌و هەمان ئەزموونی هەڤاڵ ئەبوبەكر دووبارە دەبێتەوە یاخود ئەمجارە پێچەوانە دەبێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە لە داهاتوویەكی نزیكدا ڕوون دەبنەوە.