100 كاندید كێبڕكێ دە‌كەن بۆ 9 كورسی كۆتا

29-04-2018 08:19
موسڵ/هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق له‌7ی ئازاری 2010/ ده‌نگده‌رێكی به‌ته‌مه‌ن ده‌نگه‌كه‌ی ده‌خاته‌ ناو سندوقی ده‌نگدان. وێنە؛ ئاژانسی میترۆگرافی.

 

پەرەگراف- كەركوك ناو

 

زیاتر لە 20 هاوپەیمانێتی و لیستی تاكەكەسی بە نزیكەی 100 كاندیدەوە كێبڕكێ لەسەر 9 كورسی كۆتاكان دەكەن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە بڕیارە لە 12ی ئایاری ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت.

 

بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، كورسییەكانی پەرلەمانی داهاتوو لە 329 كورسی پێكدێن كە 320 یان بەسەر پارێزگاكاندا دابەشكراون، 9 كورسییەكەی دیكەش بۆ كۆتاكان دیاریكراوە، كە پێنجیان بۆ مەسیحییەكان‌و سەرو كورسییەك بۆ سابئەی مەندائییەكان، ئێزدییەكان، شەبەك و فەیلییەكان تەرخانكراوە.

 

مەسیحییەكان؛ حەوت قەوارە بە 68 كاندیدەوە

 

مەسیحییەكان كە زۆرترین كورسی كۆتایان بۆ دیاریكراوە، بە سێ هاوپەیمانێتی و چوار قەوارەی سیاسییەوە كێبڕكێ لەسەر ئەو كورسیانە دەكەن كە بەپێی سیستمی كۆتا بۆیان دیاریكراوە و بۆ ئەو مەبەستەش 68 كاندیدیان دیاریكردووە.

 

هاوپەیمانێتییەكان پێكهاتون لە ئەنجومەنی گەلی كلدانی و سریانی و ئاشوری، بزوتنەوەی گردبونەوەی سریانی، بزوتنەوەی بابلیۆن.

 

هەروەها چوار قەوارە سیاسییەكەش پێكهاتون لە ڕۆڵەكانی نەهرەین كە هەریەكە لە یەكێتی بەیت نەهرەینی نیشتیمانی، ڕێكخراوی كلد و ئاشوری حزبی شیوعی، لیستی وەركا و حزبی بەیت نەهرەینی دیموكراتی لە خۆدەگرێت.

 

هاوپەیمانێتی كلدان، كە پێكهاتووە لە ئەنجومەنی نیشتیمانی كلدانی، یەكێتی دیموكراتی كلدانی و رابیتەی كلدانی.

 

هەروەها هاوپەیمانێتی بزوتنەوەی دیموكراتی ئاشوری و حزبی نیشتیمانی ئاشوری.

 

ئەو پێنج كورسییەی بۆ مەسحییەكان تەرخانكراوە، دەكەونە پارێزگاكانی (هەولێر، دهۆك، كەركوك، نەینەوا، بەغداد.)

 

سابئەی مەندائییەكان؛ شەش كاندید بۆ كورسییەك

 

سابئەی مەندائییەكان بەپێی سیستمی كۆتای یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق كورسییەكەیان لە پارێزگای بەغدا بۆ تەرخانكراوە.

 

هیچ هاوپەیمانێتی و قەوارەیەكی سیاسی خۆی تۆمارنەكردوە بۆ كێبڕكێ لەسەر ئەو كورسییە، بەڵكو شەش كەس بە قەوارەی تاكەكەسی خۆیان كاندید كردوەو كێبڕكێ لەسەر ئەو كورسییە دەكەن.

 

كاندیدەكان كە تەواویان لە پارێزگای بەغداد خۆیان كاندید كردوە پێكهاتون لە (سەلام نەعیم عەتیە، نوفل ناشی، ڕەحیم لوعێبی، ڕەعد جەبار، لەمیائـ شاوی و حارس شنشل.)

 

مەندائی بە كۆنترین ئاین دادەنرێت كە لەسەر خاكی دۆڵی ڕافیدەین و بە دیاریكراوی لە شاری ئوری باشوری عێراق و ناوچەكانی دەوروبەری هۆڕ و ڕوبارەكان گەشەی كردوە و پەیڕەوكارانی خاوەنی چەندین ڕێوڕەسم و تایبەتمەندی تایبەت بە خۆیانن.

 

فەیلییەكان؛ 12 كاندید كێبڕكێ لەسەر كورسییەك

 

فەیلییەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەمساڵی پەرلەمانی عێراق كورسییەكی كۆتایان لە پارێزگای واست بۆ دیاریكرا، لەكاتێكدا پێشتر خاوەنی كورسی كۆتا نەبون.

 

سێ هاوپەیمانی و قەوارەی سیاسی كە پێكهاتون لە جەبهەی فەیلی، گردبونەوەی یەكێتی فەیلی، هاوپەیمانی فەیلی عێراقی، لەگەڵ شەش كەسایەتی سەربەخۆ كێبڕكێ لەسەر كورسی كۆتای فەیلییەكان دەكەن.

 

كۆی گشتی ئەو كاندیدانەی كێبڕكێ لەسەر ئەو كورسییە دەكەن لە 12 كاندید پێكهاتون كە تەواویان لە پارێزگای واست خۆیان كاندیدكردوە.

 

شەبەك؛ پێنج كاندید بۆ كورسییەك

 

پێكهاتەی شەبەكەكان كورسییەكی كۆتایان لە پارێزگای نەینەوا بۆ دیاریكراوە، كە چەند قەوارە و كەسایەتییەك كێبڕكێی لەسەر دەكەن.

 

ئەو قەوارە و كەسایەتییانە پێكهاتون لە ڕەوتی ئەحراری شەبەك، قوسەی عەباس، سالم محەمەد، سەعد سالم سوڵتان، كە پێنج كاندیدیان دیاریكردوە بۆ كێبڕكێ لەسەر كورسییەكی كۆتا.

 

جگە لەوە گردبونەوەی شەبەكی دیموكراتی چۆتە ناو هاوپەیمانی فەتحەوە و دوو كاندیدی لە پارێزگای نەینەوا دیاریكردوە و دەیەوێت لە دەرەوەی كورسی كۆتای شەبەكەكان، كورسی پەرلەمانی بەدەستبهێنن.

 

شەبەكەكان كە بە یەكێك لە پێكهاتەكانی عێراق دادەنرێن، لە ناوچەكانی دەوروبەری نەینەوا لەنێوان هەرێمی كوردستان و شاری موسڵدا دەژین.

 

ئێزدییەكان؛ شەش كاندید كێبڕكێی كورسییەكی كۆتا دەكەن

 

ئێزدییەكان كە زۆرینەیان لە پارێزگای نەینەوا نیشتەجێن كورسییەكی كۆتایان لەو پارێزگایە بۆ دیاریكراوە و چەند لیست و قەوارەیەك كێبڕكێی بەدەستهێنانی دەكەن.

 

ئەو قەوارە و لیستانە پێكهاتوون لە بزوتنەوەی ئێزدی لەپێناو چاكسازی و پێشكەوتن، پارتی پێشكەوتنی ئێزدی، پارتی ئازادی و دیموكراتی ئێزدی كە سەرجەمیان شەش كاندیدیان دیاریكردووەو كێبڕكێ لەسەر ئەو تاكە كورسییە دەكەن.

 

لەدەرەوەی كێبڕكێ لەسەر ئەو كورسییە كۆتایە، حزبی ئێزدی دیموكراتی بە لیستێكی جیا خۆی تۆماركردووە و 16 كاندیدی لە پارێزگای نەینەوا دیاریكردووە بۆ كێبڕكێ لەسەر كورسییەكانی پارێزگاكە كە ژمارەیان 31 كورسییە.