ڕیفراندۆم بۆچی ئەنجامدرا؟ نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانی وەڵامی جیاوازیان هەیە

01-05-2018 09:51
نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانی.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

لە كاتێكدا پڕۆسەی ڕیفراندۆم‌و دەرئەنجامەكانی بووەتە كارتێكی گرنگ بۆ گەرمكردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی حیزبە كوردییەكان، هێشتا جیاوازیی ڕوون هەیە لە نێوان مەسرور بارزانی‌و نێچیرڤان بارزانی لەبارەی ئەو پڕۆسەیەو هۆكاری ئەنجامدانی‌و پرسی هەڵوەشانەوەو هەڵنەوەشانەوەی.

 

نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دەڵێت، ڕیفراندۆم بۆ "جێبەجێ كردنی مافە دەستورییەكان"ی هەرێم بووە، لەكاتێكدا بەپێی دەستور جیابوونەوەو دروستكردنی دەوڵەت "مافی هیچ پێكهاتەیەك نییە"، بەڵام مەسرور بارزانی دەڵێت، ڕیفراندۆم بۆ "دەستنیشانكردنی مافی چارەنوس بووە" كە هەنگاوی یەكەمی دروستكردنی دەوڵەتە.

 

جێگری سەرۆكی پارتی، بێدەنگترین بەرپرسی باڵای ئەو حیزبە بوو لە هەڵمەتەكانی ڕیفراندۆمداو بەشداریی بانگەشەی بۆئەو پڕۆسەیە نەكرد، بەڵام مەسعود بارزانی سەرۆكی حیزبەكە ئاڵا هەڵگری سەرەكی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بوو، لە هەڵمەتەكانی بانگەشە بۆ ڕیفراندۆم چەندینجار ڕایگەیاند، دەیانەوێت لەگەڵ عێراق "ببنە دوو دراوسێی باش" وەك ئاماژەیەك بۆ جیابوونەوەو دەوڵەتی سەربەخۆ.

 

نێچیرڤان بارزانی ئەمڕۆ لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی حیزبەكەی بۆ پەرلەمانی عێراق، وەڵامی ئەو پرسیارەی دایەوە كە دەوترێت، پارتی كە ڕیفراندۆمی كرد بۆ دەچێتەوە بەغدا؟.

 

وتی"ئێمە كە بەرەو ڕیفراندۆم چووین دەمانویست بە بەغدا بڵێین كە ئیدی بەسە دەمانەوێت پێیان بڵێین كە دەبێ مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكرێن و دەبێ ئەوەی كە ئەم گەلە خەباتی بۆ كردووە، قوربانی بۆ داوە و شەهیدی بۆ داوە بپارێزرێت و ئەو دەستكەوتانەش زیاتر بكرێن، پارتی بۆ ئەوە دەچێتە بەغدا."

 

لە وتەكانی نێچیرڤان بارزانی ئەوە دەردەكەوێت كە ڕیفراندۆم بۆ جێبەجێ كردنی مافە دەستورییەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجامدراوە، بەڵام بەپێی ڕاڤەیەكی دادگای فیدراڵی بۆ ماددەی 1ی دەستوور كە حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی ڕێزی لە ڕاڤەكردنەكە گرتووە، دەستوور ڕێگە بە جیابوونەوەی هیچ پێكهاتەیەك نادات.

 

ئەمەش بەو واتایە دێت كە بەپێی دەستووری عێراق دروستكردنی دەوڵەت مافی كورد نییە، نێچیرڤان بارزانیش دەڵێت، ڕیفراندۆم بۆ مافە دەستورییەكان بووە، واتە بۆ پرسی دەوڵەت نەبووە.

 

بە پێچەوانەوە، مەسرور بارزانی هەفتەی ڕابردوو بە ڕوونی وتی"بۆئێمە ئەم هەڵبژاردنە تەحەدایەكە، تەحەدایە، چونكە ئێمە بەشداریمان لە ڕیفراندۆم كرد، بەشداریمانكرد لە ڕیفراندۆمێك بۆ دەستنیشانكردنی مافی چارەنوسی نەتەوەكەمان، بەڵام زۆر بەداخەوە بەهۆی خیانەتی چەند كەسێك ئەو ئەنجامەی چاوەڕێی بووین تائێستا نەهاتووەتەدی."

 

مەسرور بارزانی كە بۆچوونەكانی هاوشێوەی مەسعود بارزانی باوكیەتی لەسەر پرسی ڕیفراندۆم، لە وتەكانیدا بەڕوونی دەڵێت، ڕیفراندۆم بۆ دەستنیشانكردنی مافی چارەنوس بووە كە هەنگاوی یەكەمی دروستكردنی دەوڵەتە.

 

هەروەها مەسرور بارزانی تەئكیدی لەوەكردەوە، ڕیفراندۆم شكستی نەهێناوەو وتی، ئەنجامی چاوەڕوانكراوی ڕیفراندۆم بەهۆی "خیانەت"ی چەند كەسێكەوە تائێستا نەهاتووەتەدی، ئەمەش بەو واتایەدێت كە ئەنجامی ڕیفراندۆم هەڵنەوەشاوەتەوەو دەكرێت لە داهاتوودا كاری لەسەر بكرێت.

 

بە پێچەوانەوە، تائێستا نێچیرڤان بارزانی بە ڕوونی وەڵامی ئەوە ناداتەوە كە ئایا ئەنجامی ڕیفراندۆم هەڵوەشاوەیە وەك ئەوەی دادگای فیدراڵی بە نادەستوریی لەقەڵەمیداو بڕیاری هەڵوەشانەوەیدا یاخود نا؟.

 

نێچیرڤان بارزانی هەرلە سەرەتاوە تەنها ئەوەندەی وتووە، ڕێز لە بڕیارەكەی دادگا دەگرن، وەك ڕازیبوون بە جێبەجێكردنی بڕیارەكەش داوایكردووە عێراق سەرجەم ئەو بڕیارو هەنگاوانە هەڵبوەشێنێتەوە كە دژی هەرێم جێبەجێی كردوون لە كاردانەوەی ئەو پڕۆسەیەدا. بەڵام مەسعود بارزانی‌و بەرپرسانی دیكەی پارتی چەند جارێك بەڕوونی بڕیارەكەیان ڕەتكردووەتەوەو سوورن لەسەرئەوەی هیچ دەسەڵاتێك ناتوانێت ڕیفراندۆم هەڵبوەشێنێتەوە.

 

ڕیفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی ساڵی ڕابردووی هەرێم، هەرچەندە دەنگی بەڵێ بۆ جیابوونەوە لە عێراق زیاتر لە سەدا 92ی بەدەستهێناو ناوچە دابڕاوەكان لە ناویاندا كەركوك بەشدارییان تێداكرد، بەڵام مانگێكی تێنەپەڕاند كاتێك لە 16ی ئۆكتۆبەردا ناوچە دابڕاوەكان لەدەستدران‌و دەسەڵاتی حكومەتی عێراق گەڕایەوە.

 

وەك چۆن سەرەتا بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم حزب‌و كۆمەڵگای كوردیی دابەشی دوو بەرە كرد، دەرئەنجامەكانیشی بەهەمان شێوە ئەو دابەشكارییەی دروست كرد، نەیارانی پڕۆسەكە دەڵێن، شكستیهێناوەو زیانی بە كوردستان گەیاندووە، بەڵام ئەوانەی لەگەڵ پڕۆسەكەدان دەڵێن، سەركەوتوو بووەو خەباتیان بەردەوام دەبێت بۆ جێبەجێ كردنی ئەنجامەكەی.

 

ئێستا لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق(12ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت) لایەنگران‌و دژانی ڕیفراندۆم، ئەو پڕۆسەیە بەكاردەهێنن بۆ ڕاكێشانی خەڵك‌و هێرشكردنەسەر ڕكابەرەكانیان.

 

هەرچەندە پارتی بەشدارە لە هەڵبژاردنەكە‌و تەنها لە كەركوك بایكۆتی كردووە، بەڵام مەسعود بارزانی بەشداریی هەڵمەتی بانگەشە ناكات، پێشتر پەرەگراف ئەوەی ئاشكرا كرد كە بەشداری نەكردنی بارزانی بەهۆی ڕیفراندۆم‌و لێكەوتەكانیەوەیەتی، بۆئەم پرسە هەریەكە لە نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانی وەك كەسی یەكەم‌و دووەمی هەڵمەتەكە دەردەكەون.