سیستانی چەند مەرجێكی دەربارەی هەڵبژاردن بڵاوكردەوە

04-05-2018 02:42
وێنەی عەلی سیستانی، لە شەقامێكی بەغداد، مانگی 5ی 2014. وێنە؛ ئەی پی.

 

پەرەگراف- كەركوك ناو

 

عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای ئاینيی شیعە لە عێراق بە پێویستی دەزانێت بانگەشەی لیستەكان لەسەر بنەمای بەرنامەی خزمەتكردنی خەڵك بێت نەك هاندانی دژایەتی نەتەوەیی، داواشدەكات هاوڵاتیان هۆشیاربكرێنەوە لە بەكارهێنانی مافی دەنگدان و دیاریكردنی نوێنەری خۆیان لە دەسەڵاتدا.

 

ئەمڕۆ هەینی 4-5 نوسینگەی سیستانی لە بەیاننامەیەكدا، هەڵوێستی مەرجەعیەتی دەربارەی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 12ی ئایاری ئەمساڵ لە سێ خاڵ و چەند مەرجێكدا بڵاوكردەوە، تێیدا جەختیكردۆتەوە، ئەوان بەیەك دوری لە هەموو كاندید و لیستەكان دەوەستن، پشتگیری هیچ لایەنێكی دیاریكراو ناكەن.

 

لەو بەیاننامەیەدا جەخت لە پڕۆسەی هەڵبژاردن كراوەتەوە وەكو مافێكی دیموكراسی هاوڵاتیان بە ئامانجی دیاریكردنی دەسەڵات و داهاتووی خۆیان، بۆ ئەوەش باس لە هەوڵەكانی مەرجەعیەت دەكات لە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسەوە لە ساڵی 2003وە بۆ هەڵبژاردن، تا فرەیی سیاسی و دەستاودەستكردنی دەسەڵات بێتە ئاراوە.

 

سیستانی بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی هەڵبژاردن چەند مەرجێكی خستۆتەڕوو لە نێویاندا فەراهەمكردنی بەشداری هەموان لە پڕۆسەكە، هەڵمەتی بانگەشە لەسەر بنەمای بەرنامەی ئابوری و زانستی و خزمەتگوزاری دوور لە شەخسەنەكردن و هاندانی نەتەوەیی و موزایەداتی میدیایی.

 

هەروەها جەختیكردۆتەوە لە ڕێگری دەستتێوەردانی دەرەكی لە هەڵبژاردنەكاندا لە ڕوی دارایی و هۆكارەكانەی ترەوەو سزاكان بۆ ئەو دەستتێوەردانە توند بكرێنەوە.

 

داوای ئەوەشیكردووە، دەنگدەران لە بەهای دەنگەكانیان هۆشیاربكرێنەوە لە دیاریكردنی داهاتوی وڵاتەكەیاندا تا دەنگ نەدەن بە كەسانی نەشیاو لەبەرانبەر نرخێكی كەمدا یان بەهۆی سۆز و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی تایبەتی.

 

سیستانی باسی لە هەڵبژاردنەكانی ڕابردوی عێراق كردووە، ڕەخنەی گرتووە لەو كەسانەی لە خولەكانی پێشوی پەرلەمان و دەسەڵاتدارێتیدا بەشداربون لە بەهەدەردانی سامانی گشتی و گەندەڵی و كاركردن بۆ بەرژەوەندی خۆیان، ئەوەش بەهۆی لەبەرچاونەگرتنی مەرجە پێویستەكان لەكاتی دەنگداندا.

 

بەپێی بەیاننامەكەی مەرجەعیەت دەنگدان مافی هەموو هاوڵاتییەكە كە مەرجە یاساییەكاتی تێدابێت، بەڵام هیچ شتێك نییە ناچاری بكات بۆ بەكارهێنانی ئەو مافەی جگە لە بڕوا و متمانەی خۆی نەبێت، بۆیە دەبێت خەڵك ئاگاداربكرێنەوە لەوەی ئەگەر مافەكەی بەكارنەهێنێت دەبێتە دەرفەت بۆ خەڵكی تر تا كورسییەكانیان زیاد بكەن كە ڕەنگە لە بیركردنەوە و خواستی ئەوەوە دوربن.

 

دەربارەی هەڵوێستی مەرجەعیەتیش لە عێراق، بەیاننامەكەی سیستانی جەختیكردۆتەوە لایەنداری هیچ لایەنێكی دیاریكراو ناكەن و هەڵبژاردن بەجێدەهێڵن بۆ دەنگدەران، ڕێگەنادەن هیچ لایەكیش ناوی مەرجەعیەت بۆخۆی بەكاربهێنێت.